ڕێکخراوى چەکدارى جەنجەوید

له‌لایه‌ن: - شێرزاد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2020-06-17-14:02:00 - کۆدی بابەت: 163
ڕێکخراوى چەکدارى جەنجەوید

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی ڕێکخراوى چەکدارى جەنجەوید

ڕێکخراوێکى چەکدارییە لە هەرێمى دارفۆرى ڕۆژئاواى سۆدان، چەندین لایەن بەرپرسیارێتى کردە چەکدارییەکان و توندوتیژییەکانى دەخەنە ئەستۆ، دواتر ئەم رێکخراوە ناوەکەى گۆڕا بۆ هێزى پاڵپشتى خێرا، هەندێک لە بزووتنەوە سۆدانییەکان بە باڵى سەربازى حکومەتى سۆدانى ئەژماردەکەن لە هەرێمى دارفۆر، ئەو بابەتەى کە بەردەوام لە لایەن حکومەتى سۆدانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

دامەزرانن

شرۆڤەکاران ڕێکنەکەوتوون لەسەر دیاریکردنى ماناى وشەى "جەنجەوید" هەندێک پێیان وایە کە کورتکراوەى "جن على الجواد" بێت، ژمارەیەکى دیکە پێیان وایە کە کورتکراوەى هەرسێ وشەى " جن و جواد و پیتى سەرەتاى چەکى بە ناوبانگى G3O" یە، ئەمە لە کاتێکدا هەندێکى دیکە دەیگەڕێنەوە بۆ ناوى " حامید جەنجەویت" کە شەڕانگێزێک بووە لە عەرەبەکانى دارفۆر، لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا توندوتیژى زۆرى بەرامبەر بە گوندە ئەفەریقییەکانى دارفۆر ئەنجامدا وئەوەش بوو بەهۆى ترس و دڵەراوکێ لە ناوچەکەدا.

 

هەموو ئەو بۆچوونانە ئەوە ناشاریتەوە کە ئەم ڕێکخراوە سەرەتا لە ساڵى 1987 دروست بووە، کە گروپێک بوون، سەرەتا 27 هۆزى عەرەبی هەرێمى دارفۆرى کۆکردەوە، ناوى خۆیان نا " کۆمەڵەى عەرەبی"، دواتر هۆزەکانى کردفان کەبەڕەچەڵەک عەرب بوون چوونە ناو ئەو گروپەوە، هەروەها دواتر ناوەکەى گۆرا بە "قورەیش".

 

ژمارەک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە جەنجەوید باڵى سەربازى هۆزە عەرەبەکانە، بەڵام ئەم تۆمەتە لەلایەن هۆزەکانەوە رەتدەکرێتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکى دیکە پێیان وایە کە ئەم ڕێکخراوە چەکدارییە لە کاتى شەڕى ناوخۆى "چاد"دا دروست بوون لەو کاتەدا کە هەریەک لە سەرۆکى چاد "ئیدریس دەبی" و نەیارەکەى "حسین حەربی" هەڵسان بە پڕچەککردنى هۆزە عەرەبەکانى ڕۆژهەلاتى چاد ولە ئەنجامدا جەنجەوید دروست بوو.

 ئایدۆلۆژیا

جەنجەوید هەڵگری هیچ ئاڕاستەیەکى ئایدۆلۆژى نییە، ئەوان تەنیا بریتین لە کۆمەلە چەکداریک کە ئەرکیان بریتییە لە بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانى هۆزە عەرەبییەکان و حکومەتى سۆدان.

ئاڕاستە

جەنجەوید دەکرێن بە دوو بەشەوە: بەشی هەرە بچووکیان لە باکورى دارفۆر نیشتەجێن و سەرقالى بەخێوکردنى "وشترن" ئەمانە لە ئۆگستى 2013 شارى "کتم" یان تالان کرد.


بەشە گەورەکەیان دەکەوێتە باشورى دارفۆرەوە، ئەمانە سەرقالى بەخێوکردنى "مانگا" ن وژمارەى چەکدارەکانى بە 5000 چەکدار مەزەندە دەکرێت.

پەناگەى سەرەکى ئەمان چیاى "کرفوا" یە کە دەکەوێتە باشورى ڕۆژئاواى دارفۆرەوە، هەروەها ئەمان تاوانباردەکرین بە یارمەتیدانى سوپاى سۆدان بۆ لێدانى ڕاپەڕینى ئەندازیار "داود یەحیا بولاد" کە سەر بە هۆزى "فۆر" بوو لە ساڵى 1991، لەگەڵ "جۆن گەرەنگ" ى ڕابەرى بزووتنەوەى گەلى باشورى سۆدان ڕاپەڕین ولە بەرەى ئیسلامیی بەسەرۆکایەتى "حەسەن توراب" جیابویەوە، بەڵام دواتر ناوبراو ڕاپەڕینەکەى سەرکوتکراو خۆیشى بەدیلگیرا ودواتر کوژرا.

 
حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى سۆدان بەوە تاوان بار دەکرین کە یارمەتى ئەم ڕێکخراوە دەدەن، لەلایەکى دیکەوە بزووتنەوەى ڕزگارى میللی سۆدانى تاوانباردەکرێت کە هەوڵى داوە بۆ پڕچەککردنى هۆزى "فۆر" کە ئەمەش بووە بەهۆى ئەوەى کە ململانێکە لە دارفۆر ڕەهەندێکى عەرەبی – ئەفریقی وەربگریت لە کاتێکدا کە ململانێکە لە نیوان شوانەکان وجوتیارەکاندا بووە.

 
ئەنجومەنى ئاسایش لە ئابی 2004 داواى لە حکومەتى سۆدان کرد کە چەک لە ڕێکخراوى جەنجەوید دابماڵیت و هەروەها سزاى ئەو کەسانە بدات کە تێوەگلاون لە کوشتن و تاڵانکردن و دەست درێژى کردن.


لەو کاتەدا ناوى "شێخ موسا هیلال" وەک سەرۆکى ڕێکخراوى جەنجەوید دەرکەوت و وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەو هەواڵەى پشتڕاست کردەوە، دواتر دادگاى تاوانى نێودەولەتى لە لاهاى لە ساڵى 2005 "على کوشیب" کە یەکێک بوو لەسەرکردەکانى ئەو ڕێکخراوە، تاوانبارى کرد بە ئەنجام دانى تاوانى کۆکوژى، لە سالى 2006 حکومەتى سۆدان دەستى کرد بە داماڵینى چەک لە ڕێکخراوى جەنجەوید بەمەبەستى جێبەجێکردنى ڕیککەوتننامە "ئەبوجا".


لەسالى 2014 سەرچاوە هەواڵییەکانى ڕۆژئاوا بەتایبەتى "نیویۆرک تایمز" ڕایگەیاند کە لە کاتى ئێستادا رێکخراوى جەنجەوید خەریکە چالاک دەبێتەوە، ئەوەش پاش ئەوەى کە حکومەتى سۆدان دەستى کردووە بە یارمەتیدانەوەیان.


سەرچاوەکان



4290 بینین