ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین

له‌لایه‌ن: - محمد سمیع - به‌روار: 2020-06-18-21:06:00 - کۆدی بابەت: 168
ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین

ڕێکخراوێکى فەلەستینییە، ژیلەمۆى بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانى فەلەستینە، سەرەتا ڕێکخراوێکى شۆڕشگێڕ بوو دواتر بووە ڕێکخراوێکى میانڕەو، لە ماوەى ژیانیدا دووچارى چەندین شکست بۆتەوە، هەر لەو ماوەیەشدا سازشى لەسەر پرنسیپ و بیروباوەڕەکانى کردووە.

دامەزراندن و ئامانجەکانى

دوابەدواى بڕیارى سەرانى وڵاتانى عەرەبی لە قاهیرەى پایتەختى میسر و لە ساڵى 1964دا، ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین دامەزرا، لەساڵى 1945 ەوە دواى دامەزراندنى کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی، فەلەستین تەنیا نوێنەرایەتییەکى لاوەکى هەبوو لەو کۆمکاردا، بەڵام دواى شەڕى 1948 و دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل نوینەرایەتى فەلەستین گرنگى زیاترى پێدرا.

ڕاگەیاندنى دامەزراندنى ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین

لە کۆبوونەوەى سەرانى وڵاتانى عەرەبیدا بڕیاردرا کە دوا لە ئەحمەد ئەلشوقەرى نوێنەرى فەلەستین بکرێت کە بۆچوونى خۆى پێشکەش بە کۆبوونەوەى داهاتووى سەرانى وڵاتانى عەرەب بکات سەبارەت بە دامەزراندنى یەکەیەک کە بە ناوى گەلى فەلەستینەوە قسەبکات، ناوبرا و پڕۆژە و پەیماننامەکەى ئامادەکرد و، سەردانى بۆلاى ڕێکخراوە فەلەستینییەکان لە چەند وڵاتێکى عەرەبی، بوو بەهۆى دامەزراندنى ئەنجومەنى نیشتمانى فەلەستینى کە نمایندەى دەسەڵاتى یاسادانانى ڕێکخراوەکە دەکات.

 

لە 28 ى ئابی 1964دا، لە یەکەم کۆنگرەى عەرەبی فەلەستییدا ڕێکخراوى ئازادیخوازى فەلەستین راگەیەنرا، هەر لەو کۆنگرەیەدا پەیماننامەى نەتەوەیی ڕێکخراوەکە و پەیرەو پرۆگرامەکەى پەسەندکرا و ئەحمەد ئەلشوقەرى کرا بە سەرۆکى لیژنەى جێبەجیکردن و داواى لێکرا ئەندامانى لیژنەکە دەست نیشان بکات.

دەوڵەت لە تێڕوانینى ڕێکخراوەکەدا

ڕێکخراوەکە داواى دامەزراندنى دەوڵەتێکى دیموکراسی عەلمانى دەکرد بە بیانوى ئەوەى کە خەباتى چەکدارى ڕێکخراوەکە خەباتێک نییە لە دژى ئایین یان ڕەگەزى یەهود.

 

ڕێکخراوەکە لە ساڵى 1972دا، پڕۆژەیەکى پاشاى ئوردونى بە ناوى شانشینى عەرەبی یەکگرتوو ڕەتکردەوە، کە بریتی بوو لە لکاندنى کەنارى خۆرئاوا بە شانشینى ئوردونەوە و لەبەرامبەردا کەنارى خۆرئاوا ئەنجومەنێکى تایبەتى دەبێت بەو مەرجەى کە کاروبارى بەرگرى و دەرەکى لەلایەن ئوردونەوە بەڕێوە ببرێت.

لیژنەکانى ڕێکخراوەکە

لیژنەى جێبەجیکردن

ئەم لیژنەیە بریتییە لە لیژنەى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى ڕێکخراوەکە هەریەک لە شوقەرى و حەمودە و عەرەفات دوابەدواى یەک سەرۆکایەتى ئەم لیژنەیەیان گرتۆتە دەست و ئەرکەکانى بریتین لە:

- نوێنەرایەتیکردنى گەلى فەلەستین

- سەرپەرشتیکردنى پەیکەرییەتى ڕێکخراوەکە

- دەرکردنى ڕێنمایی و بڕیارى تایبەت بە ڕێکخراوەکە بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئامانجەکان و پەیڕەوى ڕێکخراوەکەدا.

- جێبەجیکردنى سیاسەتى دارایی ڕێکخراوەکە و ئامادەکردنى پڕۆژەى بودجە.

فەرمانگەکانى ڕێکخراوەکە

ڕێکخراوەکە چەند فەرمانگەیەکى دروست کرد بەمەبەستى جێبەجیکردنى بڕیارەکان و سەرپەرشتى کردنى ڕێکخراوەکە، هەندێک لەو فەرمانگانە لەکاتى ئێستادا نەماون و هەندێکى دیکەیان لەکاردان لە بوارەکانى ئابورى و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەردەوام کاردەکەن کە بریتین لە:

- نهێنى پارێز

- فەرمانگەى سیاسی

- فەرمانگەى سەربازى

- فەرمانگەى سندوقی نەتەوەیی فەلەستینى

- فەرمانگەى کاروبارى وڵاتى داگیرکراو

- فەرمانگەى پەیوەندییە نەتەوەییەکان

- فەرمانگەى ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى

- فەرمانگەى ڕێکخستنى میللی

- فەرمانگەى کاروبارى کۆمەڵایەتى

- فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕی


سەرچاوەکان



4526 بینین