پێنتاگۆن

له‌لایه‌ن: - ئه‌حه‌مه‌د تاڵه‌بانی - به‌روار: 2019-08-07-18:03:00 - کۆدی بابەت: 114
پێنتاگۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی پێنتاگۆن

بارەگاى وەزارەتى بەرگری ئەمریکایە، دەکەوێتە شارى ئەرلینگتۆن لەویلایەتى ڤێرجینیا، نزیک بەڕووبارى "بوتوماک" لەبەرى شارى واشنتۆن، 29 فەددانى داگیر کردووە، بەیەکێک لەبارەگا گەورەکانى جیهان ئەژمار دەکرێت.

دامه‌زراندن

پەنتاگۆن لەپێنج باڵی یەکگرتوو پێک دێت کەچواردەورى گۆڕەپانێکى فراوانیان داوە، نەخشەکەى لەلایەن ئەندازیارى تەلارسازى ئەمریکى بەناوى "جۆرج ئیدوین برجسترۆم" ەوە دانراوە، پاشان ئەندازیارەکانى سوپاى ئەمریکا لەماوەى ساڵانى 1941 تاساڵی 1943، تەلارەکەیان دروست کردووە، ئەو تەلارە بەمەبەستى کۆکردنەوەى سەرجەم نوسینگەکانى "وەزارەتى جەنگ" دروست کراوە.

پێنتاگۆن له‌ ئێستادا

لەکاتى ئێستادا پەنتاگۆن نوسینگەى هەرسێ هێزەسەربازییەکانى: سوپا، دەریاوانى، هێزى ئاسمانى ونوسینگەى وەزیرى بەرگرى لەخۆى دەگرێت، لە پەنتاگۆندا نزیکەى 23000 هەزار فەرمانبەر بەهەردوو جۆرى سەربازى وشارستانى کاری تیادا دەکەن، هەروەها لەو تەلارەدا، سەنتەرێکى بازاڕکردن وچێشتخانەیەکى گەورە و پارکى وەستانى ئوتؤمبێلی کرێ وسەکۆى فڕۆکەى هیلیکۆپتەرى تیادایە.

 

پەنتاگۆن، یان وەزارەتى بەرگرى ئەمریکى، بەیەکەى جێبەجێکردنى حکومەتى ئەمریکا دادەنرێت، هەڵدەستێت بە ئاڕاستەکردن وچاودێریکردنى کارى هێزە چەکدارەکان ویارمەتیدانى سەرۆکى وڵات لەکاروبارەکانى ئاسایشى نەتەوەیدا.

بەپێی یاسای ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیی لەساڵی 1947، دامەزراوەى سەربازى نیشتمانى لە 18 ى ئەیلولى1947 دامەزرا، یەکەمین ئەرکى وەزیرى بەرگرى بریتى بوو لەهەماهەنگیکردن وبەرەوپێشبردنى سیاسەتى گشتى بەڕێوەبردنى جێبەجێکردنى هەرسێ هێزەکە بوو: هێزى دەریاوانى، سوپا، هێزى ئاسمانى. دواتر یاساکە لەساڵى 1949 گۆڕانکارى بەسەردا کراو دامەزراوەکە ناونرا وەزارەتى بەرگرى، پاشان چەندین گۆڕانکارى دیکە ئەنجامدرا، بەوەش ئەرکەکانى وەزیرى بەرگرى زیادى کرد، هەروەها ڕیزبەندییەکى سەرکردایەتى کردارى دامەزرا بۆ هەرسێ سەرکردایەتیەکە، هەروەها دەسەڵاتەکانى وەزیر تاکو ویستە سەربازییەکانى لەبابەتە پەیوەندیدارەکانى تایبەت بەپڕۆسەکان تێپەڕاند.

پەنتاگۆن دابەش دەبێت بەسەر چەند بەشێکى سەرەکیدا کەبریتین لە: نوسینگەى وەزیر، سەرۆکایەتى ئەرکانى هاوبەش، بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەربازى، سەرکردایەتى تایبەتمەندى یەکگرتوو، ئەنجومەنى سەربازى هێزە چەکدارەکان و بریکارەکان، نوسینگەى وەزیر لە کەسانى مەدەنى پێکهاتوون کەیارمەتى وەزیر دەدەن بەمەبەستى جێبەجێکردنى باشترین سیاسەت وبەڕێوەبردن لەبەرزترین ئاستدا.

سەرۆکایەتى ئەرکانى هاوبەش پێک دێت لە: سەرۆک، سەرۆک ئەرکانى سوپا وهێزى ئاسمانى، سەرۆکى پڕۆسە دەریاوانییەکان، سەرکردەى هێزى مارێنز، ئەمانەش بەرپرسن لەداڕشتنى پلانە ستراتیژى و لۆجیستییەکانى هێزە چەکدارەکان، هەر بەڕێوەبەرایەتییەکى سەربازى لەڕووى ڕێکخستنى ناوخۆوە جیاوازە لەوانى دیکە، بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵى وەزیرى بەرگریدان. بەم شێوەیە پلەبەندى سەرکردایەتى ڕاستەخۆ بۆ خوارەوە شۆڕ دەبێتەوە لە سەرۆکەوە بۆ وەزیرى بەرگرى ودواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتییە سەربازییەکان، بێجگە لەکاروبارە کردارییەکان. پلە بەندى سەرکردایەتى لەکاروبارى شەڕ وبابەتە هاوشێوەکانى لە سەرۆکەوە بۆ وەزیرى بەرگرى ولەڕێگاى سەرکۆکایەتى ئەرکانى هاوبەشەوە بۆ سەرکردایەتى تایبەتمەندى یەکگرتوو بەبێ تێپەڕبوونى بەبەڕێوەبەرایەتى سەربازیدا، دەگوێزرێتەوە.

 

سەرکردایەتى یەکگرتوو بریتییە لە هێزە شەڕکەرە زەمینى وئاسمانى ودەریاوانییەکان، کە لەئاستێکى بەرزدا مەشقیان پێکراوە وپێک دێت لەدوو بەڕێوەبەرایەتى یان زیاتر، ئەمانیش دەکەونە ژێر دەسەڵاتى سەرۆک، ئەوەش لەڕێگاى وەزیرى بەرگرییەوە یان لە ڕێگاى سەرۆکایەتى ئەرکانى هاوبەشەوە. سەرکردایەتى یەکگرتوو ڕادەسپێردرێت بەئەنجامدانى چەند پڕۆسەیەک تایبەت بەپارێزگاریکردن لە ئاسایشى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وهاوپەیمانەکانى، بەڵام هێزە تایبەتەکان بەشێوەیەکى گشتى لەیەک جۆر هێز پێک دێت، بەڵام چەندین کارى گرنگ ئەنجام دەدات، هەروەها دەکەونە ژێر دەسەڵاتى سەرۆکەوە. ئەو سەرکردایەتیانەش بریتین لە: سەرکردایەتى ئەتلەنتى وبارەگاى لە ویلایەتى ڤێرجینیایە، سەرکردایەتى باسفیک لە هاواى، سەرکردایەتى ئەورووپا لەشارى شتوتگارتى ئەڵمانیا، سەرکردایەتى باشور لە پەنەما، سەرکردایەتى ناوەند وسەرکردایەتى پڕۆسە تایبەتەکان لە ویلایەتى فلۆریدا، سەرکردایەتى گواستنەوە لە ویلایەتى ئیلینۆى، سەرکردایەتى بوارى ئاسمانى لە ویلایەتى کولورادۆ، هەروەها دوو سەرکردایتى دیکەى تایبەت کە بریتین لە سەرکردایەتى جەنگ وسەرکردایەتى هێزەکان.

لەگەڵئەمانەشدا، چەند نوسینگەیەکى دیکە هەیە کە هاریکارى وەزارەتى بەرگرى دەکەن کەبریتین لە: نوسینگەى ئاسایشی نەتەوەیی / هێزەکانى ئاسایشی ناوەند کە ئەرکە هونەرى وهەماهەنگى تایبەت ئەنجام دەدەن کە تایبەتن بەئاسایشی نەتەوەییەوە. هەروەها نوسینگەى بەرگرى ئەتۆمى کەپاڵپشتى سەرجەم هێزە چەکدارەکان دەکات، لەو بوارانەى پەیوەندیان بەچەکى ئەتۆمى وتاقیکردنەوەکان وکاریگەرییەکانیەوە هەیە. نوسینگەى بەرگرى بۆسیستەمى زانیارى کە بەرپرسە لە ئاڕاستە کردن وبەڕێوەبردنى پڕۆسەى گەیاندنى سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەسەر ئاستى جیهان، نوسینگەى هەواڵگرى بەرگرى، نوسینگەى لۆجستى وچەندین نوسینگەى دیکە کەهاریکارى وەزارەتى بەرگرى دەکەن.


سەرچاوەکان



2285 بینین