ئۆپیک

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2019-08-15-21:00:00 - کۆدی بابەت: 115
ئۆپیک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆپێک یاخود ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (بە ئینگلیزی: OPEC کورتکراوەی Organization of the Petroleum Exporting Countries، بە عەرەبی: أوبك کورتکراوەی منظمة الدول المصدرة للنفط) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە لە ١٣ وڵات پێکهاتووە. لە ڕێکەوتی ١٤ـی ئەیلوولی ١٩٦٠ لە بەغداد دامەزراوە لەلایەن پێنج ئەندامی یەکەمەوە (ئێران، عێراق، کووەیت، عەرەبستانی سعودی و ڤەنزوێلا)، کە پێیان دەوترێت وڵاتە دامەزرێنەرەکانی ئۆپێک. لە ساڵی ١٩٦٥ـەوە بارەگای سەرەکیی لە ڤیەننای نەمسایە، هەرچەندە نەمسا ئەندامێکی ڕێکخراوی ئۆپیک نییە. لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٨دا، ٪٤ـی بەرهەمە نەوتییەکانی جیهان لەلایەن ١٣ ئەندامەکەی ئۆپێکەوە بەرهەمهێنراون و ٪٨١.٥ـی یەدەگە نەوتییە دۆزراوەکانی جیهان لەم وڵاتانەن، کە ئەمەش وای کردووە کاریگەری سەرەکی لەسەر نرخی نەوتی جیهان هەبێت، کە پێشتر نرخی نەوت لەلایەن گرووپی (حەوت خوشک) دیاریدەکرا کە کۆمەڵە کۆمپانیایەکی نەوتیی فرە نەتەوەین. لەئێستادا ئۆپێک دەسەڵاتی نێودەوڵەتی هەیە بەسەر سامانە سروشتییەکاندا هەروەها بڕیارەکانی کاردەکاتە سەر مارکێتی نەوتی جیهان و پەیوەندییە گشتییەکان، بەتایبەتی کاتێک سەرچاوە و سامانەکان کەم دەکەن لەکاتی جەنگ یاخود نەخۆشییە جیهانییەکان. 

ئەندامەکانی

ئەندامەکانی ئۆپێک لە ئێستادا لە ١٣ وڵات پێکهاتوون، پێنج وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بریتین لە عێراق، ئێران، کووەیت، ئیمارات، عەرەبستانی سعوودییه، حەوت وڵاتی ئەفریقا کە بریتین لە لیبیا، نەیجیریا، ئەنگۆلا، گابۆن، ئەلجیریا، گوێنا، کۆنگۆ و ڤەنزوێلا لە ئەمریکای باشوور. گرنگترین ئەندامی ئۆپێک عەرەبستانی سعوودییهیە کە ٪١٠ـی بەرهەمی نەوتی جیهان دابین دەکات. پەسەندکردنی وڵاتێک وەک ئەندامی نوێی ئۆپێک پێویستی بە ڕەزامەندی هەیە لەلایەن سێ چارەکی ئەندامەکانی ئۆپێک کە دەبێت ئەندامە دامەزرێنەرەکانیشی تێدابێت. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، سوودان بەشێوەیەکی فەرمی داوای چوونە نێو ڕێکخراوەکەی کرد بەڵام هێشتا پەسەند نەکراوە. ئیکوادۆر لە ئەمریکای باشوور، قەتەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەندەنوسیا لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیا پێشتر هەریەکیان یەکێک بوون لە ئەندامانی ئۆپێک  کە بە هۆکاری جیا جیا لە ڕێکخراوەکە جیابوونەتەوە. لە هەندێک لە لێدوانەکاندا وتراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەندامێکی ئۆپێک بووە لە کاتی داگیرکردنی عێراقدا لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٤ بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ نوێنەرێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک نەبووە.

ئۆپێک پڵەس

جگە لە ئەندامانی ئۆپێک هەندێک وڵاتی تریش هەن لە دەرەوەی ڕێکخراوەکە کە نەوتێکی زۆر بەرهەمدەهێنن و هەندێک جار بەشداری بڕیاردان و پلانەکان و کۆبوونەوە دەکەن، لەپێناو هێشتنەوەی پەیوەندی سیاسی لەنێوان وڵاتە ئۆپێکەکان و وڵاتانی تر، ئەم وڵاتانەش پێیان دەوترێت ئۆپێک پڵەس، کە (ئازەربایجان، بەحرەین، بڕۆنای دارولسەلام، کازاخستان، مالیزیا، مەکسیک، عومان، فلیپین، ڕووسیا، سوودان و باشووری سوودان) دەگرێتەوە. سەرەکیترین وڵاتی ئەم گرووپە ڕووسیایە کە وەکوو سعودیە ٪١٠ـی بەرهەمی جیهان دابین دەکات.

مێژوو

لە ساڵانی ١٩٥٠کاندا، یەکێتی سۆڤیەت بەشێوەیەکی گەورە بەرهەمی نەوتی خاوی بۆ بازاڕ زیاد کرد و لە ئەنجامدا ئەندامانی حەوت خوشکەکە کە گەورەترین گرووپی کۆمپانیاکانی ئەو سەردەمە بوون ناچار بوون نرخەکەیان دابەزێنن بۆ کێبەرکێکردن لەگەڵ نەوتی سۆڤیەت لە بازاڕدا. بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت، وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە و بڕیاریان دا ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن کە نرخەکە زیاتر دانابەزێت.
ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت یان ڕێکخراوی ئۆپێک کە لە کۆنفرانسێکدا لە ١٠-١٤ـی ئەیلوولی ١٩٦٠، لە بەغدادی عێراق دروست کرا. پێنج ئەندامە دامەزرێنەرەکان ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی ڕێکخراوێک کە بتوانێت سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوتی جیهان بهێنێت. ئۆپیک ڕازی بوو کە سیاسەتی وزە ڕێکبخەن بۆ دڵنیابوون لە نرخێکی دادپەروەرانە بۆ هەناردەکردنی نەوت و دابینکردنی بڕێکی جێگیر بۆ ناو بازاڕ. سەرەتا ڕێکخراوەکە لاواز و بێ دەسەڵات بوو. بەڵام بەیاننامەکەی ساڵی ١٩٦٨ـی ئۆپیک کە دەربارەی سیاسەتی نەوت بوو بڵاوکرایەوە، بە ئامانجی ئەوەی مافی هەموو نەتەوەیەک بسەپێنن کە سەروەری تەواویان بەسەر سەرچاوەسروشتییەکانی خۆیاندا هەبێت بۆ مەبەستی دەوڵەمەندکردن و گەشەپێدانی نەتەوەیی، ئەم ڕاگەیاندنە گۆڕانکارییەکی گەورەی دروست کرد و بووە هۆی ئەوەی چەندین وڵات بەشداری ڕێکخراوەکە بکەن.

بەرز و نزمی نرخی نەوت 

ئۆپیک کاردەکاتە سەر نرخی نەوت بە ڕێکخستنی کەمکردنەوەی دابینکردن و بەرهەمهێنانی کاتێک نرخەکە زۆر نزم دەبێتەوە بەمەش نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان کەم دەکات و نرخەکەی دووبارە بەرز دەبێتەوە و هاوسەنگییەک ڕادەگرێت بۆ نرخی نەوت. بەرزترین نرخی تۆمارکراوی نەوت تا ساڵی ٢٠٢٢، گەیشتووەتە ١٤٧.٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک  کە ئەوەش لە ڕێکەوتی ١١ـی تەممووزی ٢٠٠٨ بوو. لە ساڵی ١٩٩٠ـەکانەوە نرخی نەوت بە ڕێژەی ٪٤٠ زیادی کرد، بەهۆی جەنگی ئێران-عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨). ململانێکانی وڵاتانی ئۆپیک وەک ناکۆکی لە لیبیا (٢٠١١-٢٠٢٢)، هێرشەکانی سەر ژێرخانی نەوتی نێجیری (ئێستا)، شەڕو پێکدادانی بەردەوامی عێراق و سوریا، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و چەندین جەنگی تر بوون بەهۆی تێکچوونی کەمی دابینکردنی نەوت و بەرز و نزمی بەردەوامی نرخی نەوت. نەخۆشییە جیهانیەکانیش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی گۆڕانی نرخی نەوت. لە سەردەمی کۆرۆنا نرخی نەوت دابەزی بەهۆی کەمی بەرهەمهێنان و کەمی داواکاری لەسەر نەوت. ماوەیەک لە ساڵانی ١٩٩٠ـەکان بەهۆی دەنگۆی نەمان و دەگمەنی نەوت نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدا بوو بەهۆی ئەوەی نەوت سەرچاوەیەکی سنووردارە و نوێ نابێتەوە و لە ئێستادا زۆرترین هەوڵ دەدرێت بۆ بەکارهێنان و دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی وزەی نوێبووەوە وەکوو جێگرەوەی نەوت.


سەرچاوەکان



7713 بینین