نەخۆشی شەکرە و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - مورید كه‌ریم - به‌روار: 2021-05-19-17:09:00 - کۆدی بابەت: 32
نەخۆشی شەکرە و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی شەکرە

نەخۆشییەکی درێژخایەنە کاریگەری دروست دەکات لە سەر توانای سوود وەرگرتنی جەستە لە وزەی بەدەستهاتووی ناو خۆراک، کە دەبێتە هۆکاری بەرز بوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا ، نەخۆشی شەکرە سێ جۆری سەرەکی هەیە جۆری یەکەم (type 1 diabetes mellitus) بە زۆری تووشی منداڵ و هەرزەکار دەبێت لە ئەنجامی سستی پەنکریاس لە دەردانی ئەنسۆلین ، جۆری دووەم (type 2 diabetes mellitus) بەزۆری تووشی پێگەیشتووان دەبێت لە ئەنجامی کەمدەردانی ئەنسۆلین لەلایەن پەنکریاس یان لە ئەنجامی سوود وەرنەگرتنی خانەکان لە ئەنسۆلینی ناو خوێن با بڕەکەشی زۆر بێت ، جۆری سێیەم شەکرەی سکپڕییە ، خانەکان پێویستییان بە ئەنسۆلینە بۆ ئەوەی شەکرەکان بچنە ناو خانەکان و بەکاریان بهێنن وەکو سەرچاوەی وزە، جەستە هەڵدەستێت بە تێکشکاندنی کاربۆهیدرات بۆ شەکری سادە وەک گلوکۆز کە بە سەرچاوەی وزەی خانەکان هەژمار دەکرێت، مەترسی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێن بۆ ماوەیەکی زۆر بە بێ چارەسەر چەند ئاکامێکی هەیە وەک لەکارکەوتنی گورچیلە، نەخۆشی دڵ، تێکچوونی تۆڕی چاو، گیروگرفت لە دەمار کە هەستەکان تێکدەدات،  خوران (مێرولە کردن)، سڕبوون .

چارەسەری نەخۆشی شەکرە 

چارەسەر بە دەرمان

چارەسەری شەکرە لە جۆری یەکەمدا پشتدەبەستێت بە ئەنسۆلین بە شێوەیەکی سەرەکی ، بەڵام لە جۆری دووەمدا بڕی شەکر کۆنترۆڵ دەکرێت لە ڕێگەی ڕژێمی خۆراکی تەندروست و ڕاهێنانی وەرزشی گونجاو ، هەندێ جار بارودۆخەکە سەخت دەبێت و پێویست دەکات کە دەرمان بەکاربهێنێت لە ڕێگەی دەمەوە ، یان ئەنسۆلین بەکاربهێنێت یان هەم دەرمان و هەم ئەنسۆلین ، 

ڕوونکردنەوە لەسەر دەرمانەکانی نەخۆشی شەکرە 

ئەنسۆلین: بە زۆری ئەنسۆلین لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت، وە هەروەها دەکرێت بە پەمپ بەکاربهێنرێت (insulin pumps)  هەروەها لە ڕێگەی قەڵەمی ئەنسۆلینەوە، ئەنسۆلین چەند جۆرێکی هەیە ، یەکەم ئەنسۆلینی خێرا  (rapid-acting insuin) دوای پازدە خولەک لە خستنە ژێر پێست  دەکەوێتەکار و کاریگەرییەکەی بەردەوام دەبێت لە دوو کاتژمێرەوە تا چوار کاتژمێر، نموونەی ئەم ئەنسۆلینی گلولیسین (insulin glulisine) و ئەنسۆلینی لیسپرۆ (insulin lispro) و ئەنسۆلینی ئەسپارت (insulin aspart) ، دووەم ئەنسۆلینی ماوە کورت دوای نیوکاتژمێر لە خستنەژێر پێست دەکەوێتە کار و بۆ ماوەی سێ بۆ شەش سەعات بەردەوام دەبێت، نمونەی ئەم جۆرەش ئەنسۆلینی مرۆڤ (human insulin)، سێیەم ئەنسۆلینی ماوەدرێژ (long-acting insulin) دوای چەند کاتژمێرێک لە خستنەژێر پێستەوە دەکەوێتە کار و بۆ ماوەی 24 کاتژمێر کاردەکات، نموونەی ئەم جۆرەش ئەنسۆلینی جلارجین (insulin glargine) و ئەنسۆلینی دێتیمیر (insulin detemir).

چەند دەرمانێک جیا لە ئەنسۆلین کە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت

چەند دەرمانێکی تازە هەیە کە لە ڕێگەی دەرزییەوە دەدرێت ، لەوانە پراملینتاید (pramlintide) کە ڕێژەی شەکر ڕێکدەخات لەدوای ژەمەکان، هەندێ جار لەگەڵ ئەنسۆلین بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکر، لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی هێڵنجدان و دابەزینی ڕێژەی شەکر. 
مێتفۆرمین (metformin): ناسراو بە یاریدەدەر یان ڕێکخەری شەکرە کاردەکات لەسەر جگەر بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گلوکۆز، لەبەر ئەوەی کاریگەری ئەم دەرمانە کەمترە لە ئەنسۆلین نابێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی شەکر لە خوێندا ، هەندێ جار دەبێتە هۆی دابەزینی ئارەزووی خواردن لای هەندێ نەخۆش کە ئەوەش هەندێ جار دەبێتە هۆکاری چارەسەری شەکرە و دابەزاندنی کێشی زیادە، دەکرێت مێتفۆرمین بە تەنها بدرێت بۆ چارەسەری شەکرە و دەکرێت لەگەڵ ئەنسۆلین و لەگەڵ دەرمانی تر بدرێت. 

سەڵفۆنێڵیوریا (sulfonylurea): ئەم دەرمانە وا لە پەنکریاس دەکات ئەنسۆلینی زیاتر دەربدات ، هەندێ جاریش دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی شەکر نموونەی ئەم دەرمانە گڵایبیوراید (glyburide) و گلیپیزاید (glipizide) و گڵایمیپێراید (glymepiride) و چەند دەرمانێکی تر لەوانە پیۆگلیتازۆن (pioglitazone) و ڕۆزیگلیتازۆن (rosiglitazone) و ڕیپاگلیناید (repaglinide) ئەمانە لە ڕێگەی دەمەوە دەدرێت.

ئەوگیایانەی بەکاردەهێنرێت بۆ نەخۆشی شەکرە

زۆربەی خەڵک لەو باوەڕەدان کە بەرهەمە سرووشتییەکان بێ زیانن و دەکرێت بەکاربهێنرێن بە بێ دوودڵی، بەڵام لە ڕاستیدا کاریگەری لاوەکی زۆریان هەیە، هەندێ جار بەکارهێنانی دەرمانە گیاییەکان ناگونجێت لەگەڵ دەرمانەکانی نەخۆشی شەکرە و کارلێک دەکەن، لەو گیایانەی کە زۆر کەس بەکاری دەهێنێت دارچینییە ئەویش لەبەر ئەوەی مادەیەکی تێدایە ڕێژەی شەکر کەمدەکاتەوە لە خوێندا، بەڵام بەڵگەی تەواو نییە لەسەر ئەمە ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بڕی دارچینی دیاریکراو بۆ دابەزاندنی ڕێژەی شەکر دیارینەکراوە، بۆیە پێشنیار دەکرێت کە تەنها ڕێنماییەکانی پزیشک جێبەجێبکرێت و ئەو دەرمانانە بەکاربهێنرێت کە پزیشک دایدەنێت 

شمڵی: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە شمڵی هەندێجار ڕێژەی شەکر کەمدەکاتەوە لە خوێن، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی 5 بۆ 50 گرام لە شمڵی ڕۆژانە جارێک یان دووجار کاردەکات لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، شمڵی بە چارەسەرێکی تەندروست دادەنرێت ئەگەر بە بڕی پێشنیارکراو بەکاربهێنرێت وە ماوەی بەکارهێنانەکەی لە شەش مانگ لانەدات، لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی شمڵی سکچوون، غازات، لەگەڵ ئەو بۆنە جیاوازەی لە ئارەق و لە میزدا دەردەکەوێت، هەندێ جار شمڵی دەبێتە هۆی مەیینی خوێن کە ئەگەری خوێن بەربوون زیاد دەکات لەکاتی بەکارهێنانی توێنەری خوێن وەک ئەسپرین (aspirin) و وارفارین (warfarin) بۆیە پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت پێش بەکارهێنانی لەگەڵ ئەم دەرمانانە. 

ڕێژەی شەکری خوازراو بۆ نەخۆشەکان

پێویستە لەسەر نەخۆش پابەند بێت بەو دەرمانانەی پزیشک بۆیداناوە و پەیوەست بێت بەو ڕێنماییانەی پزیشک یاخود دەرمانساز بۆی داناوە بۆ زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەکە، ڕێژەی شەکری خوازراو پشتدەبەستێت بە جۆری پشکنینەکە، بۆ نموونە پشکنینی شەکرەی کەڵەکەبوو  دەخوازرێت کە ٪7 کەمتر بێت، هەموو سێ بۆ شەش مانگێک ئەنجام دەدرێت، بەڵام بۆ ئەو نەخۆشانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆرە بەهۆی شەکرەوە دەناڵێنن، یان بەهۆی ئاکامەکانی (موزاعەفاتەکانی) شەکرەوە، یان بە بارودۆخی مەترسیدار تێپەڕیون لەگەڵ نەخۆشی شەکرەدا، بێویستە پشکنینی شەکری کەڵەکەبوو ٪8 کەمتر بێت.

چەند ڕێنماییەک بۆ نەخۆشی شەکرە

لەگەڵ بەکارهێنانی ڕژێمی دەرمانی بەو شێوەیەی پزیشک دایدەنێت پێویستە نەخۆش پابەند بێت بەم ڕێنماییانە لەوانە پابەندبوون بە ڕژێمێکی خۆراکی کە بڕی کاربۆهیدرات و  جۆرەکەی سنوورداربکات، گرنگیدان بە ژمارەی ژەمە خۆراکییەکان ڕۆژانە، ڕاهێنانی وەرزشی زیاد لە نیوکاتژمێر پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، ئەویش بەمەبەستی بەکاربردنی شەکری ناو جەستە، خۆڕزگارکردن لە کێشی زیادە، بەم شێوەیە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕێژەی شەکر بکات لە خوێندا، شوێنکەوتنی ڕژێمێکی خۆراکی گونجاو. 

نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە

چەند نیشانەیەک لە نەخۆشی شەکرەدا دەردەکەوێت بەتایبەتی جۆری یەکەم، کە ئەم نیشانانە لە جۆری دووەمدا بەڕێژەیەکی کەم دەرەکەون و هەندێجاریش هەستیان پێناکرێت، لەوانەیە هەر ئەوەش بێت کە جۆری دووەم دیاریدەکات دوای دەرکەوتنی موزاعەفات، لە نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە تینوبوونی لە ڕادەبەدەر بەدێژایی ڕۆژ، هەستکردن بە برسێتی سەرەڕای وەرگرتنی خواردنی پێویست، میزکردنێکی زۆر و زوو زوو، دابەزینی کێش بە بڕێکی زۆر کە بە زۆری لە جۆری دووەمدا ڕوودەدات سەرەڕای وەرگرتنی خواردنی زۆر، ماندووبوونی زۆر لە ڕۆژدا، دابەزینی چاو ، درەنگ ساڕێژبوونەوەی برین، ئازار، مێروولەکردن (خوران)، سڕبوونی دەست و قاچەکان بەتایبەتی لە جۆری دووەم.


سەرچاوەکان



28640 بینین