سلێمانی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2021-04-20-16:04:00 - کۆدی بابەت: 105
سلێمانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سلێمانی (بە کرمانجی: Silêmanî، بە عەرەبی: السلیمانیة‎، بە ئینگلیزی: Sulaymaniyah، Slemani) شارێکی باشووری کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە و بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە. شارەکە لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ دروست کراوە، هاوکات پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستەوە بۆ سلێمانی.

زانیاری گشتی

وڵات عێراق
هەرێم هەرێمی کوردستان
ناوەند سلێمانی
دامەزرێنەر ئیبراهیم پاشای بابان
پارێزگاری سلێمانی هەڤال ئەبووبەکر
ڕووبەر ٣،٤٠٤ کیلۆمەتری دووجا
دانیشتووان ٢،٥٤٦،١٦٢
زمان کوردی (سۆرانی)
ئایینی زۆرینە ئیسلام

مێژووی شاری سلێمانی

شاری سلێمانی له‌ ساڵی ١٧٨٤ له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای بابانه‌وه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌. ئیبراهیم پاشا شاره‌كه‌ی به‌ناوی باوكی‌یه‌وه سلێمان پاشا‌ ناوناوه. سلێمانی جگه‌ له‌‌وه‌ی ده‌بێته‌ پایته‌ختی میرنشینی بابان له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێته‌ مه‌ڵبه‌ندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچه‌كه. پاشان شێوەزاری سۆرانی له‌ناوچه‌كه‌دا په‌ره‌ ده‌ستێنێ و ده‌بێته‌ زمانی خوێندن و نووسین به‌ جورێك كه‌ شێوەزاری گۆران له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ره‌و كه‌مبون و نه‌مان ده‌چێت. پاش ڕووخاندنی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ.

بەردەرکی سەرا

میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جێگەیەکیان تەرخان کردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکوومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦ بۆ ١٩٢٨ لە ناوەندی شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازیی تیادا کراوە بۆ سوودوەرگرتن لە نیشتەجێبوون و بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخان کراوە بۆ پێگەی ئیداریی پۆلیس و قایمقامیەت ئێستا لەلایەن شاری سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازە ڕەسەنەکەی نۆژەن کراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازییەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.

دەربارەی شارەکە

شاری سلێمانی لە پاش ڕاپەرینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ـەوە فراوانبوون و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و وەک یەکێک لە شارە سەقامگیرەکان لە عێراقدا بەناوبانگە. بەو ھۆیەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی تری عێراقەوە خەڵکێکی زۆر ڕوویان تێکردووە و بووە بە پەناگەی ئەو ھاوڵاتییانەی کە لە خوارووی عێراق و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە ڕوو دەکەنە شارەکە.

ناسناوی شارەکە شاری ڕۆشنبیرییە. یەکەمین زانکۆ لە شاری سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٨ کرایەوە. مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتە کوردییەکەی شێخ مەحموودی نەمر بووە پێکھاتەی ئیسلام و جوولەکە و کلدانی و ئەرمەنی تێدا بووە.

ناوی سلێمانی

مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینی بابان مەحموود پاشای بابان ساڵی ١٧٨١ بیری کردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی ديكه‌، بۆیە سەرای حکوومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی ١٧٨٣ فەرمانڕەوایی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی ١٧٨٤ دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختەکەیان گواستەوە سلێمانی، ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە سلێمان پاشا ناوناوە و بەردەرکی سەرای کردە ناوەندی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکە کە یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی شاری سلێمانی و دەکەوێتە ناوەندی شارەکەوە.

ھەڵکەوتەی جوگرافی

شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی ٣٤ بۆ ٣٦ پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی ٤٥ بۆ ٤٦ پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە، سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمه‌ڕ بە بەرزی ١٧٠٠ مەتر، گۆیژە ١٥٢٥ مەتر و قەیوان دەورە دراوە، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان ١٣٧٣ مەتر، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥ کیلۆمەتر و پانییەکەی ١٥ کیلۆمەترە لە ڕۆژاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە، شاری سلێمانی ٨٥٣ مەتر یان ٨٨٢ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

کەشوھەوا

لە ڕابردوودا پلەی گەرمای هاوین لە شارەکە ٣٥ پلەی سەدی بووە، بەڵام ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و نزیکەی ٤٥ پلەی سەدییە، لە زستاندا تێکڕا ٣ بۆ ٥ پلەی سەدییە بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستاندا چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە، ئاو و هەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە.

شاری ڕۆشنبیری 

شاری سلێمانی بە ڕای زۆرێک لە خەڵکی کوردستان بە شاری ڕۆشنبیری کوردستان دەناسرێت. ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە هەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوت و حوجرە کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، نالی و سالم و کوردی قوتابخانەی شیعری بابان دروست دەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی کوردی ئەمڕۆ هەر بەرەوپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت هەر ئەو زارەیە.

میدیا و ڕۆژنامەگەری

لە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی تێدا پەخش دەکرێت، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و هونەرمەندی شێوەکار هەیە و جگە لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سلێمانی چەندین زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە هۆڵی چالاکی و بەردەوام بەرنامەی هەمەجۆری هونەری و ڕۆشنبیری تێدایە. چەندین گەڕیدەی بەریتانی و بیانی لە کتێب و بیرەوەرییەکانیاندا ئاماژەیان بەم شارە داوە. سلێمانی بەهۆی شوێنی جوگرافییەوە بە شارێکی پاک و خاوێنی عێراق دەناسرێت.

ڕووبەر

  • لە ساڵی ١٩٥٥ ڕووبەری شاری سلێمانی بە ٣،٤٠٤ کیلۆمەتری دووجا خەمڵێنراوە.
  • سلێمانی بە سەرجەم سنوورەکانییەوە ١٧،٠٢٣ کیلۆمەتری دووجایە.

دانیشتووان

  • لە ساڵی ١٨٣٠ و ٢٦ ساڵ پاش دروستکردنی شارەکە ژمارەی دانیشتووان بە ١٠،٠٠٠ کەس خەمڵێندراوە.
  • لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەی دانیشتووان بە ١،٩١٧،٩٣٦ کەس خەمڵێندراوە
  • کۆی ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٢،٥٤٦،١٦٢ کەسە.

کەرتی خوێندن 

شاری سلێمانی خاوەنی چەندین زانکۆ و ناوەندی خوێندنە، گرنگترین و دیارترین زانکۆکان:

زانکۆی سلێمانی 

زانکۆی سلێمانی یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە، سەرەتا لە سێ کۆلێژ پێکهاتبوو بەڵام دواتر ژمارەی کۆلێژەکان زیادی کرد بەهۆی ویستی خوێندنی زیاتر لە زانکۆکە، لە دوو کەمپی سەرەکی پێکدێت یەکێکیان دەکەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە ئەوەی تر دەکەوێتە گەڕەکی قلیاسان. 

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی 

زانکۆیەکی ئەھلی قازانج نەویستە کە خوێندنێکی فراوانی ھونەرە لیبراڵییەکان لەسەر شێوازی ئەمریکی پێشکەش دەکات بۆ ھەموو خوێندکارە شایستەکان بێ گوێدانە لایەنگری و بنەچەیان. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی کە دەکەوێتە سلێمانییەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێکرد و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ دەرگاکانی بە ڕووی فێرخوازاندا کردەوە. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی چوار بواری پسپۆڕی زانکۆیی و یەک پرۆگرامی ماستەری بەڕێوەبردنی کار و کۆرسە ئینگلیزییەکان و پیشەییەکان لە ڕێی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەییەوە پێشکەش دەکات. ھەروەھا زانکۆکە پرۆگرامێکی زمانی ئینگلیزی بەردەوامی ھەیە بۆ خوێندکارە وەرگیراوەکان کە پێویستیان بە ڕاھێنانی زیاتر ھەیە لە ئینگلیزی دا پێش دەستپێکردنی کۆرسە ئەکادیمییەکان.

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی 

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یەکێکە لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و لەناو شاردایە، لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە، خاوەنی هەشت پەیمانگا و پێنج کۆلێج و پێنج سەنتەرە، سەرۆکایەتی زانکۆ دەکەوێتە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی، کۆلێجە سەرەکییەکانی دەکەونە گەڕەکی چوارچرا.

شوێنە گەشتیارییەکان

شارەکە بە ھاوینەھەوارەکانی وەکوو ھاوینەھەواری ئەحمەدئاوا، سەرچنار، بەنداوی دووکان، سەرتەکی بەمۆ، کونەماسی، ئەزمەڕ و قەرەداغ و چەندین ھاوینەھەواری دڵڕفێنی تر بەناوبانگە. شاری سلێمانی خاوەنی چەندین باخ و شوێنی گەشتیارییە کە ڕۆژانە سەردانکەریان لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەشێک لە گرنگترینیان:

هاوینەهەواری سەرچنار

سەرچنار بەیەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی ھەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی تێدەکەن. سەرچنار چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکە دەستکاری کراوە.

ھاوینەھەواری دوکان 

یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی عێراق و کوردستان، بەنداوی دوکان لە خۆرئاوای شاری سلێمانی بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر و لەسەر زێی بچووک دروست کراوە، ئەم دەریاچەیە بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنج ڕاکێش و گەشتیاران لە زۆر ناوچەوە ڕووی تێ دەکەن، کۆمەڵێک کابینەی جۆراوجۆری لێ بنیادنراوە، گەشتیاران لە ھەر چوار وەرزی ساڵدا سەردانی دەکەن.

باخەکان 

لە سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروستکرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە، سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن. باخی گشتی یەکێکە لە دیارترین باخەکانی شارە، هاوکات چەندین باخی تر دروستکراون. هەندێک لە باخە دیارەکان وەکوو پارکی ئازادی، پارکی هەواری شار و پارکی دایک.

کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی

ئەم شارە لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێداچەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتوەتەوە. لەوانە:

گەڕەکەکانی شاری سلێمانی

  • ھەوارەبەرزە
  •  لوبنان سیتی
  • ئەزمڕ
  • گۆیژەی نوێ 
  • خەبات 
  • ئازادی
  • ئیبراھیم ئەحمەد (سلێمانی)
  • بەختیاری
  • کارێزەوشک
  • سەروەری
  • فەرمانبەران
  • ھاوکاری
  • دەباشان
  • ھەواری تازە
  • مەجید بەگ
  • تووی مەلیک
  • عەلی کەمال
  • شەھیدان
  • دارۆغا
  • گۆیژە
  • مامۆستایان (سلێمانی)
  • قازی محەممەد (سلێمانی)
  • ئیسکان (سلێمانی)
  • سلێمانی نوێ
  • گردی جۆگە
  • مەڵکەندی
  • شێخان
  • بەکرەجۆ
  • قەرەتۆغان
  • کانی ئاسکان
  • گردە خڕە
  • کانی کوردە
  • ھەواری شار
  • سارداو
  • کەلەکن
  • حاجی سوورە
  • دەردە دێ
  • زانکۆ
  • کانی با
  • ڕاپەڕین
  • شۆڕش
  • سەلیم بەگ
  • دەباشان
  • سورێن
  • عەلی ناجی
  • ئاشتی
  • ھەواری شار
  • تاڤگە
  • عەواڵ
  • ڕۆژ سیتی
  • دیلان سیتی
  • بەرانان
  • قولە ڕەیسی
  • مەلا داود
  • بادینان
  • باخان
  • بێسەرانی
  • ئەندازیاران
  • بەرانان
  • زەرگەتە
  • کانی سپیکە
  • سەرچنار
  • چوارچرا
  • کەنەسوورە
  • کانی گۆمە
  • بەختیاری
  • ھەندرێن
  • شێروانە
  • ھەکاری


سەرچاوەکان



11575 بینین