هەڵەبجەی شەهید

له‌لایه‌ن: - کارا کوردستانی - به‌روار: 2021-04-18-20:00:00 - کۆدی بابەت: 4
هەڵەبجەی شەهید

ناوه‌ڕۆك

ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ناسینی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید

دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی باشووری کوردستان. و شارێکی ھەرێمی کوردستانە، ھاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێراندا، دوایین پارێزگای ھەرێمی کوردستانە و لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە کرا بە پارێزگا، دواجار حکومەتی عێراقی دانی نا بە پارێزگابوونیدا.
سەرچاوە مێژوویییەکان سەرەتای بونیادی شاری ھەڵەبجە دەگێڕنەوە بۆ ساڵانی (1700)ی زاینی لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، ھەر ئەو سەرچاوانەش عەشیرەتی جاف بە بونیادنەری شاری ھەڵەبجە دەزانن. ھەندێک لە ڕیشسپی و پیاوە دێرینەکان دەڵێن ھەڵەبجە لەلایەن بەگەکانی (شیوە کەڵ)ەوە بونیاد نراوە کە لە دواییدا لەناو ھەڵەبجەیییەکاندا بە (13) ماڵە ناسراون، بە گشتی سەرچاوە مێژوویییەکان دەڵێن ساڵی (1889) بەفەرمانی دەسەڵاتی تورک, ھەڵەبجە کراوە بە شارۆچکە.

لە بواری ڕۆشنبیرییەوە،‌ مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری گەورە بووە و دەیان شاعیر و ڕووناکبیر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیری لە ئامێز گرتووە.

لە ڕووی شۆڕگێڕی و نیشتمانپەروەرییەوە، ھەمیشە مەڵبەندی بە گژداچوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بووە و یەکەمین شارە لە کوردستاندا کە خاوەنی سێ کارەساتی گەورەی وەک بۆردومانەکەی ساڵی (1974) و جینۆسایدەکەی ساڵی (1987) و کیمیابارانەکەی ساڵی (1988) بووە.

لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا خەڵکی ئەم ناوچەیە گەلێک جار دووچاری پەلامار و ھێرشی دڕندانە و بێ بەزەیییانە بوونەتەوە و بەسەدان و ھەزاران شەھید و قوربانییان داوە، دیارترینیان ڕەشبگیرییەکەی ساڵی 1974 وە ساڵی 1987 کە تیایدا بەسەدان کەس زیندەبەچاڵ کراون و سەروەت و ماڵیان بەتاڵان براوە.

لە ھێرشێکی دڕندانەدا کە بە کارەساتی کیمیابارانکردنی شارەکە ناسراوە لە 16/3/1988، لەلایەن ڕژێمی عێراقی داگیرکەرەوە, بەچەکی کیمیایی ئەم شارە کیمیاباران کراو، زیاتر لە پێنج ھەزار ژن و منداڵ و خەڵکی بێ گوناە شەھید کراو بەدەیان ھەزار ھاووڵاتی بریندار بوون. ڕزگاربووەکانیش ئاوارە بوون. تا ئێستاش شوێنەواری ئەو چەکە بەسەر خەڵکی ناوچەکە و دانیشتوانەکەیەوە ماوە، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، خەڵکی ناوچەکە گەڕاونەتەوە شارەکە، لەم ساڵانەی دواییشدا لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە, بە فەرمی بە شاری شەھیدان ناسێنرا.

ناوی ھەڵەبجە

ئەڵێن كەسێك لەو شوێنەدا لەکۆنەوە بێچووە (ھەڵۆ)یەکی گرتووە, بۆیە ناوی لێنراوە (ھەڵۆ بەچە). یان ئەو شوێنە زۆر دڵگیر بووە, بەھۆی باخ و بێستان و ئاو و شیناییەوە پێیان وتووە (عەجەب جا) واتە جێیەکی سەرسوڕھێنەر، پێشتر كەسێكی دیكە پێش ھەموو کەس ھاتووە و ئاوەدانی کردۆتەوە و ناوی (ھەڵۆ بەگ) بووە، وردە وردە ئەو ناوە بەھۆی گەشەکردن لە زمانی کوردیدا بوو بە (ھەڵۆ جا) واتە شوێنی ھەڵۆ بەگ، پێدەچێ ئەو ناوچەیە باخ و بێستانی ھەبووە و درەختی (ھەڵوژەی) زۆر بووە کە بە زاراوەی ھەورامی پێی دەڵێن (ھەڵوچە).

لە ساڵەکانی 1600 تا 1615 ھەڵۆخانی ئەردەڵان ھەڵەبجەی ئاوەدان کردۆتەوە و ھەر بەناوی خۆیەوە ناوی ناوە (ھەڵۆچە). ھەندێکی تر دەڵێن، کاتێک خەڵکی ناوچەی کرماشان, لەڕێگەی بازرگانییەوە ڕۆیشتوون بەرەو (حەڵەب) ی سوریا, بینیویانە کەوا ئاو و ھەوای ئەو ناوچەیە لە ھی ناوچەی ھەڵەبجە ئەچێت، بۆیە ناویان لێناوە (حەلەبجە)، واتە (حەلەبی پچوک). ھەندێکیش پێیان وایە کە (ئەڵەبجە) لە (ئەڵەب ئەرسەلان)ـەوە ھاتووە، کە میرێکی دەوڵەتی سەلجوقیەکان بووە، لەکاتی سەردانیدا بۆ کوردستان، بە ھەڵەبجەدا گوزەری کردووە و ناوی لێناوە (ئەڵەب جا)، واتە شوێنی (ئەڵەب ئەرسەلان).

ھەڵکەوتەی جوگرافی

دەکەوێتە نێوان ھێڵی درێژی 46ی پلەی ڕۆژھەڵات و ھەر دوو بازنەی پانی 35-36 پلەی باکوور و 83 کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە. لە باکووری ڕۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاکانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورە دراوە. بەدرێژایی 75 کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا. دەشتی شارەزوور کە بە یەکێک لە دەشتە بەپیت و ناودارەکانی جیھان دەناسرێت، بەشێکی گەورە لە ڕووبەری ئەم پارێزگایەی پێکھێناوە.

کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی ھەڵەبجە 

لە 16ی ئازاری 1988 ڕوویدا لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران-عێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە کە شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرد، زیاد لە 5000 ھاوڵاتی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھیدکران و 10٬000یش بریندارکران ئەمە جگە لە ونبوونی چەندەھا منداڵ. لە ئێستادا کیمیابارانکردنی شارەكە بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت بە گازی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

لە دوای دوو دەیە لە کیمابارانی ھەڵەبجە، ئاسەواری کیمیاباران بەسەر بریندارانی ھاوڵاتیانی ھەڵەبجەوە ماوە.

لە درێژەی ھەوڵەکانی ڕێکخراوی چاک لەماوەی دوو ساڵدا، گەورە بازرگانی چەکی کیمیایی، فرانس ڤان ئەنرات ڕاکێشی دادگا کرا و بە تاوانی تاوانکاری جەنگ و کۆمەڵکوژی بەماوەی زیندانی 15 ساڵ سزا کرا.

لە دوای کارەساتەکە، دەوڵەتە زلھێزەکانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا ھەڵوێستیان ناڕوون یان ھەستان بە تۆمەتبارکردنی ئێران بە کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە. بۆ نمونە، پەرلەمانتاری بەریتانی تۆنی بێن لە لە 2003 ئەڵێ: «ئێمە چەکەکانمان دابین کرد بۆ سەددام، ئێمە پڕچەکمان کرد. من لە پەرلەمان بووم کە بۆردومانی ھەڵەبجە ڕوویدا، باسمان کرد بەڵام پێیان وتین کە ناتوانین ھیچ بکەین چونکە ھاوپەیمانە».

ڕۆڵی ژنان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌

ڕۆڵی ژن, دیار و بەرچاو بووە و یەکەمین شارە کە لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو, خانمێکی وەک (عادیلە خانم) کە دایکی ئەحمەد موختار جافە، تێیدا دەست ڕۆشتوو و بڕیاردەر بووە و ڕۆڵی قایمقامی لە ڕووی کارگێڕییەوە لەم شارەدا بینیووە. ڕۆڵی ژنان له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت له‌ كوردستان به‌تایبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌نگاوی باشی بڕیووه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ سه‌رده‌می عادیله‌خانه‌وه‌ ژن پێگه‌ى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بووه‌، ئێستا‌یش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانی قایمقام و سه‌رۆكی شاره‌وانی و سه‌رۆكی زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی مافی مرۆڤ لای ژنانن، به‌بڕوای پارێزگاری شاره‌كه‌ تاڕاده‌یه‌كی باش به‌رپرسه‌كان توانیویانه‌ كاره‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.

کەشوھەوا

726 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

ئاو و ھەوای مام ناوەندە، تەنیا چلەی زستانی ساردە و چلەی ھاوینی گەرمە ئیتر ڕۆژەکانی تری ساڵ, کەش و ھەوای خۆش و لە باری ھەیە و ناوچەیەکی باراناوییە. لە ساڵدا (550)ملم بارانی لێ دەبارێت, واتە بە ناوچەی مسۆگەری باران ناودەبرێ. لە چلەی زستاندا چەند جارێک بەفری لێ دەبارێت بەڵام ئەوەندە نامێنێتەوە.

ڕووبەر

ڕووبەرەکەی 1599کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و ئەو سەردەمەی کە لە سەر پارێزگای سلێمانی بوو, %39.9 ڕووبەری ھەموو ئەو پارێزگایەی پێک دەھێنا.

دانیشتوان

تا کاتی کیمیابارانەکە ژمارەی دانیشتوانی پتر لە 70000 کەس ئەبوو، ئێستا 186,000 کەسه‌ بەپێی ئاماری ساڵی 2013


سەرچاوەکان



22773 بینین