چۆن تورکیا ناونرا؟

له‌لایه‌ن: - محمد حیكمه‌ت - به‌روار: 2020-06-16-14:03:00 - کۆدی بابەت: 143
چۆن تورکیا ناونرا؟

ناوه‌ڕۆك

تورکیا 

تورکیا یاخود کۆماری تورکیا لە دەوڵەتێکی ستراتیجی پێکهاتووە کە هەردوو کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە . ئەم وڵاتە لە ناوچەی ئەنادۆڵەوە لە باشوری ڕۆژئاواوە درێژدەبێتەوە تاوەکو ناوچەی بەڵقان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.ڕوباری مەڕمەڕە بەشە ئەوروپی و ئاسیاییەکەی تورکیا لەیەک جیا دەکاتەوە ، لەبەر ئەم تایبەتماندیانە تورکیا بە پردی پێکەوەنانی ئەم دوو شارستانییەی جیهان ناودەبرێت و تێکەڵەیەکی تایبەتی  لە کلتوری ئەم دوو شارستانیەتەی جیهانی پێکهێناوە.


هۆکاری ناونانی تورکیا بەم ناوەوە


وشەی تورکیا ( Türkiye ) لەزمانی تورکیدا دابەشدەبێت بۆ دوو بڕگەی سەرەکی ( Türk )کە ئاماژەیە بە دانیشتوانی تورکیا و بەواتای بەهێز دێت لە زمانی کۆنی تورکیدا ، بنەڕەتی ئەم وشەش دەگەڕێتەوە بۆ وشەی ( tu-kin ) کە چینییەکان لە ڕابردوودا لە دەوروبەری ساڵانی 177 پێش زاین بۆ دانشتوانی چیاکانی ئاڵتای لە ئاسییای ناوەڕاست بەکاریان دەهێنا ، بەڵام بڕگەی دووەم (   iye ) بەواتای خاوەندار یاخود پەیوەندیدار دێت. 
یەکەمین بەکارهێنانی وشەی (   Türk ) یاخود ( Türük ) کە دەلالەت دەکات لەسەر زمانی تورکی دەگەڕێتەوە بۆ گۆکتورکەکان لە نوسینەکانی ئۆرخون لە سەدەی هەشتەمی زاینیدا، بەڵام ناوی ( turkey  ) لەزمانی ئینگلیزیدا دەگەڕێتەوە بۆ وشەی لاتینی (  turchia   ) کە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا بەکارهاتووە.

پایتەختی تورکیا 

لە ئێستادا شاری ئەنقەرە ( دووەم گەورەترین شار لە دوای شاری ئیستەنبوڵ ) پایتەختی تورکیایە ، لە ڕووی جوگرافییەوە ئەم شارە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ لە دووری 200 کم لە باشوری دەریای ڕەشەوە ، ئەم لایەنە جوگرافیاییەی تایبەتمەندیەکی ستراتیجی پێبەخشییوە کە وای لێکردووە بکەوێتە ناوەڕاستی ڕێگەی خێرا و هێڵی ئاسنینی تورکیاوە.
لەڕوی کەشوهەواوە ئەم شارە کەشوهەوایەکی کیشوەری باڵی بەسەردا کێشاوە کە ئەویش لە هاویناندا کەشێکی وشک و گەرم و لە زستانانیشدا کەشێکی زۆر سارد و بەفراوی هەیە ، لەوەرزەکانی بەهار و پایزیشدا کەشێکی فێنک و هەندێکجار باراناوی هەیە .
ئەم شآرە چەند تایبەتمەندییەکی تایبەت بە خۆی هەیە ، وەک بونی گشت باڵوێزخانەی وڵاتانی دەرەوە لەوێدا ، شارێکی بازرگانییە و بازارێکی باشە بۆ ساق کردنەوەی بەروبومە کشتوکاڵیەکانی چواردەوری ، هەروەها ئەم شارە پیشەسازی سەربازی  و بەناوبانگترین کۆمپایاکانی بواری بیناسازی تێدایە.


بەشێوەیەکی گشتی بەم شتانەی خوارەوە بەناوبانگە

   
1-بزنی ئەنگۆرا کە بە مووە درێژەکەی بەناوبانگە و لە دروستکردنی خوری موهیردا بەکاردێت .
2- پشیلەی ئەنگورا کە بە رەچەڵەکێکی گرنگی پشیلە ناودەبرێت.
3-کەروێشکی سپی.
4-ورچ.
5- میوەکانی عەنبە و ترێ.
6-شوێنی مێژوی کە مێژوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەکانی ( حیسی ، فریجی ، یۆنانی ، ڕۆمانی ، بیزەنتی ، عوسمانی ).

جوگرافیای تورکیا 


سنور


کۆی سنوری تورکیا دەگاتە 6440کم کە %75 ئەم سنورە سنوری ئاوییە ، کە پێکهاتون لە سنوری ئاوی ( دەریای ڕەش ، دەریای ئیجە ، دەریای سپی نێوەڕاست ، دەریای مەڕمەڕە، گەروی بۆسفۆڕ ، گەروی دەردەنیل ). هەروەها ئەو سنوریە وشکانیانەشی چواردەوی تورکیایان داوە بریتین لە ( ئازەرباینجان و ئێران  لە ڕۆژهەڵاتەوە ، جۆرجیا و ئەرمینیا لە باکوری ڕۆژهەڵاتەوە ، سوریا و عێراق لە باشوری ڕۆژهەڵاتەوە ، یۆنان و بولگاریا لە باکوری ڕۆژئاواوە ) .

ڕووبەر 


ڕوبەری گشتی کۆماری تورکیا پێکهاتووە لە 779452کم2 کە 23764کم2 لە ئەوروپا و 755688کم2 لە ئاسیادایە.
بەم ڕووبەرە پلەی سی و حەوتەم دەگرێت لە سنوری گەورەترین وڵاتانی جیهاندا . ئەم ڕووبەرە دابەشدەبێت بۆ حەوت ناوچەی سەرەکی ئەوانیش ناوچەکانی : ( مەڕمەڕە ، دەریای ئیجە ، دەریای سپی ناوەڕاست ، ناوەڕاستی ئەنادۆڵ ، ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ، باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ) . لەگەڵ بوونی ئەو سنوورە ئاویانەش ، تورکیا سەرچاوەی هەریەک لە ڕوبارەکانی دیجلە و فوڕات و ئاراسیشە . بەرزترین لوتکەی وڵاتەکەش بریتییە لە کێوی ئارارات کە بەرزیەکەی دەگاتە 5165 م لە ئاستی دەریاوە.

کەش و هەوا 


کەش و هەوای تورکیا بە کەشێکی وشک و گەرم لە هاویندا و سارد و شێدار لە زستاندا ناسراوە ، تێکڕای باران بارینی ساڵانەشی دەگاتە 400ملم ، ڕێژەی زۆری ئەم بارانە دەکەوێتە مانگی ئایار ( 5 ) کە بە مانگی باران بارین ناسراوە ، بەڵام مانگەکانی تەموز و ئاب ( 7 و 8 )  بە گەرمترین مانگەکانی ساڵ ناسراوە .
تورکیا وەک وڵاتانی ناوچەکە زەمین لەرزەی بەخۆوە بینیوە بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکور ، بەتایبەتیتر لەو ناوچانە ڕودەدات کە دەکەونە ئەو کەوانەیەی کە لەدەریای مەڕمەڕەوە تاوەکو دەریاچەی وان درێژدەبێتەوە.
نمونەی یەکێک لەو زەمین لەرزانەش ئەو زەمین لەرزە بوو کە لە باکوری ڕۆژئاوای تورکیا لە بەرواری 17 ی ئابی 1999 بە پلەی 7.4 ڕێختەر ڕویدا و بووە هۆی کوشتنی 17000کەس و بریندار بوونی 44000کەس.

ئاین  

بەپێی دەستوری تورکیا ، تورکیا بە وڵاتێکی سیکۆلار ( عیلمانی ) دادەنرێت و دەوڵەتی تورکیا ئاینێکی ڕەسمی نییە ، بەڵام ئازادی پەیڕەوکردنی ئاینەکانی زەود نەکردووە و هەموو کەسێک ئازادە لە پەیڕەوکردنی بیروباوەڕی خۆی .
بەپێی ئامارەکان زۆرینەی دانشتوانی تورکیا پەیڕەوی ئاینی ئیسلام دەکەن بە ڕێژەی %99 و زۆرینەی ئەم ڕێژەیەش سەر بە مەزهەبی سونین و ڕێژەیەکی کەمیشیان سەر بە مەزهەبی عەلەوین . 
ئەو ڕێژە کەمەشی کە دەکاتە %1 دەمێنێتەوە ، پەیڕەوی لە ئاینی جولەکە و یەزیدی و مەسیحی بە هەموو مەزهەبەکانی ( ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی ، ئۆرسۆدۆکسی ئەرمەنی ، ئۆرسۆدۆکسی سریانی ) دەکەن .

زمانی ڕەسمی


لەگەڵ ئەوەی تورکیا لەچەند نەتەوە و ڕەنگێکی جیاواز پێکدێت و بەشێکی زۆری ناوچەکانی کوردنشینن و زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە ، بەڵام لە تورکیادا تەنها زمانی تورکی بە تاکە زمانی رەسمی دەوڵەت دادەنرێت و کاری پێدەکرێت . ئەم زمانە تورکیەشی ئێستا کاری پێدەکرێت ، بە ڕێژەیەکی زۆر جیاوازە لەو زمانە تورکیەی کە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی کاری پێدەکرا ، بەڕادەیەکە کە کەسێکی ئەم سەردەمە ناتوانێت دەست نووسەکانی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی بخوێنێتەوە ، بەهۆی ئەوەی لە چەند لایەنێکی وەکو ئەلف و بێ  و  زمانەوانیەوە جیاوازن.
زمانی تورکی لە چەند زاوەیەکی جیاواز پێکهاتووە ، لەم نێوەندەدا زمانی تورکی زاروەی ئیستەنبوڵی وەکو زاراوەی رەسمی لە زمانی تورکیدا بەکاردێنێت . ناوچ

مێژووی تورکیا

 
ناوچەی ئەنادۆڵ کە دوڵەتی تورکیای ئێستا پێکدێنێت بە یەکێک لە کۆنترین ناوچەکان دادەنرێت کە هەر لە مێژەوە لانکەی مرۆڤایەتی بووە و لە چاخی بەردینەوە مرۆڤ تێیدا ژیاوە و دانشتووانەکەی بە زمانەکانی هیندۆئەوروپی ، سامی و زمانە کارتفیلیەکان ( زمانی دانشتوانی باشوری قەوقاز ) قسەیان کردووە.
حیسیەکان یەکەم کەس بوون کە ئیمپراتۆرێکیان لەم ناوچەدا دامەزراندووە و لە نێوان سەدەکانی هەژدە تاوەکو سێزدەی پێش زاین حوکمی ناوچەکەیان کردووە ، دوای حیسیەکان فریجیەکان ( کۆمەڵە کەسانێکن رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ گەلە هیندۆئەوروپیەکان ) تاوەکو سەدەی حەوتەمی پێش زاین حوکمی ناوچەی ئەنادۆڵیان گرتە دەست بێجگە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ کە بەدەستی یەکێک لە گەلە یۆنانیە کۆنەکانی  ئەو سەردەمەوە بوو ، دواتر بەهۆی شاڵاوی دەوڵەتی ئەخمینی فارسی بۆ ناوچەکە، هەموو ئەم ناوچانە دەکەوێتە ژێر ڕکێفیان .
دەسەڵاتی ئەخمینیەکان لە ناوچەکە بەردەوام بوو تاوەکو شاڵاوی ئەسکەندەری مەقدۆنی لە ساڵی 334پێش زاین بۆ ناوچەکە و گرتنی ناوچيکە لەلایەن ئەسکەندەری مەقدۆنیەوە و دابەشبونی ناوچەکە بۆ چەند هەرێمێکی هێڵنستی ، دواتر ئەم هەرێمانە چوونە ژێردەستی کۆماری ڕۆمانی لە نیوەی سەدەی یەکەمی پێش زاین و لەسەردەمی ئیمپڕاتۆر قوستەنتین لە ساڵی 324 ز شاری ئیستەنبوڵی ئێستای وەک پایتەختی ئیمپراتۆریەکە هەڵبژارد و بە ( ڕۆمای نوێ ) ناوی برد ، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ قوستەنتین و بەم ناوەوە ناوبانگی دەرکرد. ئەم شآرە دواتر لە گەڵ دامەزراندنی ئیمپڕارۆریەتی بیزەنتی(ڕۆمانی ڕۆژئاوا) وەکو پایتەختی ئیمپڕاتۆریەکە دیاری دەکرێت و تاوەکو هاتنی دەوڵەتی عوسمانی و گرتنی شارەکە لەلایەن سوڵتان موحەمەد فاتیح لە ساڵی 1453 وەکو پایتەختی ئیمپڕاتۆریەکە دەمێنێتەوە.

 

سەرەتای هاتنی نەتەوەی تورک بۆناوچەی ئەنادۆڵ بە هاتنی دەوڵەتی سەلجوقی دەستپێدەکات بۆ ناوچەکە و نیشتەجێبونیان تێیدا ئەویش دوای ئەوەی لە جەنگی مانزیکریت بەسەر ئیمپڕاتۆریەتی بیزەنتیدا سەردەکەون و لەناوچەکە بەدەریان دەنێن. دەسەڵاتی دەوڵەتی سەلجوقی لەناوچەکە بەردەوامدەبێت تاوەکو شاڵاوی مە‌و‌غۆلەکان بۆ ناوچەکە ، بەم هۆکارە دەسەڵاتی سەلجوقیەکان بەرەو لاوازی دەچێت و عوسمانیەکان وەکو دەسەڵاتێکی ناوچەکە جێگەیان دەگەرنەوە تاوەکو دەبنە بەهێزترین دەسەڵاتی ناوچەکە بەتایبەت لە سەدەکانی 16 و 17 دا . دەسەڵاتی عوسمانیەکان لەناوچەکە تاوەکو ساڵی 1923 بەردەوام دەبێت ، ئەویش بەهۆی لاوازبوونی ئیمپڕاتۆریەکە لە ساڵانی کۆتایدا و دامەزراندنی کۆماری تورکیا لەلایەن موستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لەو ساڵەدا.ه


سەرچاوەکان



4978 بینین