کارەساتی ئەنفال

له‌لایه‌ن: - ئه‌حمه‌د تاڵه‌بانی - به‌روار: 2020-06-16-20:59:00 - کۆدی بابەت: 146
کارەساتی ئەنفال

ناوه‌ڕۆك

کارەساتى ئەنفال

یەکێکە لەهەرە دڕندانەترین پڕۆسە سەربازییەکان کە لە ساڵى 1988 دا ڕژێمى پێشوى بەعس ئەنجامى دا بەرامبەر بە کوردەکان، ئەنفال پڕۆسەیەکى سەربازى بوو، بەشەش قۆناغ تەواو بوو، لەو پڕۆسەیەدا هێزە سەبازى و فەرمییەکانى سەردەمى بەعسی سەددامى "فەیلەقی یەکەم کە بارەگاکەى لە کەرکوک بوو، فەیلەقی پێنجەم کەبارەگاکەى لە هەولێر بوو" ، هێزى ئاسمانى، هێزى تایبەت، مەغاویر، گاردى کۆمارى، بەڕیوەبەرایەتییەکانى ئاسایش و هەواڵگیرى و هەواڵگیرى سەربازى، یەکە تایبەتەکان بەچەکە کیمیاوى و بایۆلۆجییەکان، سەرجەم دامەزراوەکانى دیکە، بەشدارییان تیایدا کرد.

 

پڕۆسەى ئەنفال

پڕۆسەى ئەنفال، پڕۆسەیەکى کۆمەڵکوژى بوو، کە حکومەتى پێشوى عێراق بەسەرۆکایەتى سەددام حوسەین، لەسالى 1988دا بەرامبەر بەکوردەکانى هەرێمى ئێستاى کوردستان ئەنجامى دا، سەرکردایەتی کردنى ئەو پڕۆسەیە ڕاسپێردرابوو بە "عەلى حەسەن ئەلمەجید" کەلەو کاتەدا ئەمین سڕى نوسینگەى باکورى حیزبى بەعسی عەرەبی ئیشتراکى بوو، هەروەها وەک فەرماندەى سەربازى کارى دەکرد، لەو کاتەدا "سوڵتان هاشم" ى وەزیرى بەرگرى سەرۆکایەتى هەڵمەتە سەربازییەکانى کرد.

 

قۆناغەکانى ئەنفال

ئەو پڕۆسەیە لەلایەن هەریەک لە فەیلەقی یەکەم و پێنجەمەوە ئەنجام درا کە بارەگاى سەرەکییان لە کەرکوک و هەولێر بوو، هەروەها چەند یەکەیەکى تایبەتى گاردى کۆمارى و جەیشی شەعبی و ئەفواجى خەفیفە بەشدارییان تیادا کرد و بە هەشت قۆناغ تەواو بوو:

قۆناغى یەکەم: لەناوچەى سلێمانى بەڕێوە چوو کە سی هەفتەى خایاند و تیایادا ناوچەکانى سەرگەڵو، بەرگەڵو کرانە ئامانج، ئەم قۆناغە لە 23ى شوباتى 1988 دەستى پیکرد و لە 19ى مارتى 1988 کۆتایی پێهات.

قۆناغى دووەم: لەناوچەکانى قەرەداغ و بازیان و دەربەندیخان جێبەجێکرا و لە 22ى مارتەوە دەستى پێکرد و لە 1ى نیسانى 1988 تەواو بوو.

قۆناغى سێیەم: ناوچەکانى گەرمیان و کەلار، کفرى، باوەنور، دوز، سەنگاو، قادرکەرەمى گرتەوە، ئەم قۆناغەش لە 20ى نیسانى 1988 دەست کرا بەجێبەجێکردنى.

قۆناغى چوارەم: لەناوچەکانى زێی بچوکى گرتەوە، واتە کۆیە، تەقتەق، ئاغجەلەر، ناوشوان، ئەم قۆناغە لە 3 تا 8ى مایسی 1988 جێبەجیکرا.

قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەم : ناوچەکانى شەقڵاوە و ڕەواندوز کەوتنە بەر شاڵاوەکانى ئەنفال، لەم قۆناغە لە 15ى مایسەوە تا26 ى ئابی 1988 بەردەوام بوو.

قۆناغى هەشتەم: کۆتا قۆناغ بوو، ناوچەکانى بادینان وئامیدى وئاکرێ و زاخۆ، شێخان ودهۆکى گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 25ى ئابەوە تا 6ى ئەیلولى 1988 بەردەوام بوو.

 

ئەنجامەکانى ئەنفال

لەئەنجامى ئەو پڕۆسە سەربازییەى حکومەتى عێراق، زیاتر لە 182000 هەزار کورد بونە قوربانى، هەروەها سەرجەم گوندەکانى ئەو ناوچانەى کەپڕۆسەى ئەنفالى تیادا جیبەجێکرا خاپور بوون، ئەمە بیجگە لەوەى کەژمارەیکى دیکە لەکوردانى باشورى کوردستان لەمۆلگە سەربازییەکان – بە نمونە مۆلگەى سەربازى نوگرە سەلمان – گیانیان لەدەستدا، هەروەها بەمەبەستى دەستگرتن بەسەر کوردەکاندا، حکومەتى بەعس چەندین کۆمەڵگاى زۆرە ملێی دروست کرد، ئەمەش بوو بەهۆى سەرهەڵدانى چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى و ئابورى.

 

لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى

پڕۆسەى ئەنفال، بەپێی پیوەرە جیهانییەکان، تاوانێکى نێودەوڵەتییە، هەروەها بەتاوانى کۆمەڵکوژى ئەژمار دەکرێت، لەیەکێک لەکاردانەوەکاندا، لە 5ى کانونى یەکەمى سالى 2012، پەرلەمانى سویدى، پڕۆسەى ئەنفالى بەپڕۆسەیەکى کۆمەڵکوژى بەرامبەر بەکوردەکانى باشورى کوردستان ناساند.


سەرچاوەکان



9145 بینین