ژیانی ئیبن قەیم بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2020-06-16-12:13:00 - کۆدی بابەت: 147
ژیانی ئیبن قەیم بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن

یەكێكی تر لەزانا ناودارو گەورەكانی جیهانی ئیسلامی (ئیبن قەییمی جەوزی)یە كە تا ئەمڕۆش نووسینەكانی لەبەردەستی موسوڵماناندان و سوودیان لێدەبینرێت، بەڵكو یەكێكە لەو زانایانەی تا ئەمڕۆش نووسینەكانی زۆر بایەخییان پێدەدرێت و وەردەگێردرێن بۆ زمانە جۆراوجۆرەكان لەوانەش هەندێ‌ك كتێبی وەرگێردراون بۆ سەر زمانی پاراوی كوردی.
ئیبن قەییم لەشاری دیمەشق لەدایك بوو، دیمەشق پایتەختی ئەمڕۆی سوریایە، هەر لەزووەوە ئەو شارە مەڵبەندو لانەی زانایان و كەسە گەورەكان بووە، وەك بینیمان ئیبن تەیمیەش كەزانایەكی گەورەی ئیسلام بوو لەدیمەشق ژیا و هەر لەوێش كۆچی دوایی كرد.
ئیبن قەیم ناوی موحەممەد بووەو باوكیشی ناوی قەیم بووە، ئەو بنەماڵەیە ناسرابوون بەجەوزی، هەر بۆیە موحەممەدی زاناش لەبری ئەوەی بەناوی خۆیەوە ناو دەربكات زیاتر ناسراوە بەئیبن قەیمی جەوزی، قەیمی باوكی یەكێك بووە لە زانا ناسراوەكانی ناو دیمەشق و لەخوێندنگەی جەوزی لەدیمەشق سەرقاڵ بوو، بۆیە هەم خۆیشی و هەم نەوەكانیشی ناسران بەجەوزی لەبەر بوونی باوكیان لەو قوتابخانەیەدا.
ئیبن قەیم لەساڵی 691 كۆچی لە شاری دیمەشق لەدایك بوو، هەر لە سەرەتای ژیانیەوە لەناو خاك و ناوچەی زانایاندا گەورە بوو.

 

فێربوون و پێگەشتنی

ئیبن قەیم كەسێكی زۆر لەخواترس و باوەڕدار بوو، ئەو هەمیشە سەرقاڵ بوو بە پەرستشی خوای گەورە و خۆی دەپاراست لە هەموو تاوانێك، هەوڵی دەدا خوای گەورە رازی بكات، چونكە دەیزانی رەزامەندی خوای گەورە لەهەموو شتێك گرنگترە، زۆربەی كاتی خۆی سەرقاڵ دەكرد بە زانستەوەو لە خزمەت مامۆستایاندا دەبوو یان وانەی دەوتەوە یان خۆی سەرقاڵ دەكرد بەنووسینی كتێبەوە تا موسوڵمانان لێی سوودمەند بن.
كاتێك نوێژی دەكرد حەزی دەكرد ماوەیەكی زۆری پێبچێت، ئیتر قورئانێكی زۆر زۆری دەخوێندو زۆر لەكڕنووش و سوجدەدا دەمایەوە، پاش نوێژەكەشی زۆر بەهێمنی و بەبێ پەلەكردن دادەنیشت و زیكری خوای گەورەی دەكرد، بەتایبەت كە نوێژی بەیانی دەكرد نەدەخەوتەوە، بەڵكو دادەنیشت یادی خوای دەكرد تا تەواو دونیا رۆشن دەبوو و خۆر هەڵدەهات.
ئیبن قەیم ماوەی رۆژانەی خۆی بەچەند كارێك دەبردە سەر، لەوانە: خۆی سەرقاڵ  دەكرد بەنوێژ و پەرستشەكانەوەو لەوەشدا نموونەیەكی باڵا بوو، هەروەها لەقوتابخانەی جەوزی پێشەوایەتی دەكردو وانەی دەوتەوە، هەروەها لە چەند شوێنێكی تری وەك صەدریە و شوێنانی تر وانەی دەوتەوە، ماوەیەكی دانابوو تایبەت بەكێشەكانی خەڵك و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانیان تابەپێی بڕیاری شەریعەت كێشەكانیان بۆروون بكاتەوەو چارەسەری دروستیان بخاتە بەردەست، كاتێكی تایبەتیشی دانابوو بۆ نووسینی كتێب و بابەتی گرنگ بۆ موسوڵمانان، ئیتر نووسینەكانی هێندە زۆرن كە لەسەروو 30 كتێبەوە دەبوون، كتێبەكانیشی هێندە بەهێزن كە بۆ هەموو كاتێك دەبن، ئێستاش لە كوردستاندا هەندێ‌ لە كتێبەكانی كراون بە كوردی و چاپ كراون.

 

 پەیوەندی نێوان ئیبن قەیم و ئیبن تەیمیە

 ئیبن قەیم خوێندكارێكی زۆر زیرەك و گوێڕایەڵی ئیبن تەیمیە بوو، بەڵكو لەسەر ئەوەی زۆر گوێی دەگرت لەئیبن تەیمیە لەسەر ئەوە ئازارو نارەحەتی زۆری تووش بوو چونكە كەسانێك هەبوون حەزیان نەدەكرد ئیبن تەیمیە كەسی لە دەور بێت و پێیان خۆش نەبوو ئەو هێندە زیرەك بێت، بۆیە دژایەتی خۆیشی و خوێندكارەكانی ئەویشیان دەكرد، ئەوەبوو كاتێك ئیبن تەیمیە بەند كرا ئیبن قەیمیش بەند كرا، بەڵام دوای ئەوەی ئیبن تەیمیە مرد ئیتر ئیبن قەیمیان ئازاد كرد.
ئیبن قەیم منداڵێكی زیرەكی هەبوو كە ناوی ئیبراهیم بوو، ئەو منداڵەی لەلای ئیبن قەیمی باوكی وانەی دەخوێند‌و هەوڵیدەدا شوێن پێی باوكی هەڵبگرێت، هەموو خوێندكارەكانی ئیبن قەیم بوون بە زانای گەورە و دیاری ناو موسوڵمانان وەك ئیمامی ئیبن كەسیر و ئیمامی ئیبن رەجەب و ئیمامی زەهەبی و چەندینی تر كە هەموویان خوێندكاری ئیمامی ئیبن قەیم بوون.
جارێكیان شەوی پێنج شەممە بوو، دەنگی بانگی عیشا لە مزگەوتەوە بەرز دەبوویەوە، لەو كاتەدا ئیبن قەیمی زانای خواناس كۆچی دوایی كرد، ئەمەش لە ساڵی 751 كۆچیدا بوو، ئیتر تەرمەكەی مایەوە تا موسوڵمانان هەموویان بتوانن نوێژی لەسەر بكەن، ئەوەبوو بۆ بەیانیەكەی لەكاتی نوێژی نیوەڕۆدا لەمزگەوتی ئومەوی نوێژی لەسەر كرا، دواتر خەڵكەكە هێندە زۆر بوون كەدەیانویست نوێژی لەسەر بكەن لەمزگەوتی (جەراح) یش نوێژیان لەسەر كرد، ئینجا برا بۆ گۆڕستان و بەدەم فرمێسك و گریانەوە لەناو قەرەباڵغیەكی زۆر و كەم وێنەدا تەرمی ئەو زانایەی ئیسلام خرایە ژێر خاك، خوای گەورە بەهەشتی بەرین بكاتە شوێنی و لەدۆزەخ بیپارێزێت و لەرۆژی دواییدا بەبینینی لەبەهەشتدا خۆشحاڵمان بكات.

 

پەندو وانە

هەمیشە پێویستە بگەڕێین بەدوای زانستدا و هەوڵ بدەین زانایانی دەوروبەرمان بكەین بەمامۆستای خۆمان و زانستیان لێوەربگرین تا بتوانین شوێن پێی زانایان هەڵبگرین و ببینە مایەی خێرو سوود بۆ دەوروبەرمان.
پێویستە هەوڵ بدەین كە گەورە بووین كتێبەكانی ئەم زانا گەورەیە بخوێنینەوە، هەروەها لەئێستاشدا بەدایك و باوك یان مامۆستاكانمان بڵێین كتێبەكانی ئەو زانایە بخوێننەوەو بۆمان باسیان بكەن تا سوود وەربگرین لەزانستی هەرچەندە ئەو مردووە بەڵام كتێبەكانی بەزیندوویی ماونەتەوە.
پێویستە ئێمەی موسوڵمان  زۆر گرنگی بدەین بەیاد و زیكری خواو نوێژەكانمان بەجوانی بكەین و پەلە نەكەین لە نوێژەكانماندا، چونكە نوێژكردن قسەكردنە لەگەڵ خوای گەورە، هەروەها گرنگی زۆر زیاتر بدەین بەنوێژی بەیانی و یادكردنی خوا لەدوای ئەو نوێژە و ئەگەر بتوانین دوای ئەو نوێژە سەرقاڵی زیكر بین تا رۆژ دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



2296 بینین