پێغەمبەر(د.خ) كاری بازرگانی فێر دەبێت

له‌لایه‌ن: نھاد جلال - به‌روار: 2019-08-26-14:01:00 - کۆدی بابەت: 90
پێغەمبەر(د.خ) كاری بازرگانی فێر دەبێت

ناوه‌ڕۆك

پێغەمبەر و فێربوونی بازرگانی

كاتێك محمد سەرقاڵی شوانی بوو ئەبو طالیبی مامی حەزی كرد محمد فێری ئیشێكی باشتر بكات كە بریتیە لە بازرگانی.

 

سوودەکانی بازرگانی

لە كاری بازرگانیدا ئەم سوودانە دەست دەكەوێت

1- كاری بازرگانی پارە و دەستكەوتێكی زیاتری تێدایە و زۆرتر دەوڵەمەند دەبیت.
2- لە بازرگانیدا دەچیت بۆ شوێنەكانی تر و خەڵكی تر دەبینیت شارەزایان دەبیت و دەتوانیت چ قسەیەكی باشت پێیە بیكەیت بۆیان.
3- ئەوشتومەك و پێویستیانەی لە وڵات و شارەكەتدا نین تۆ لە ڕێگەی بازرگانیەوە دەیهێنیت بۆیان چی شتی زیادەش هەیە دەیبەی بۆ شوێنەكانی تر كە ئەو شتەیان نیە، بەوە هەردوو لا یارمەتی یەكتر دەدەن، ئەبو گالیب دەستی پێغەمبەری گرت و لەگەڵ كاروانێكی بازرگانی مەككەدا چوو بەرەو بازرگانی كردن، ئەبو طالیب لە مەككەدا قسەی دەكرد بۆ پێغەمبەر و هەندێ‌ شتی فێر دەكرد و هەمیشە لەگەڵیدا بوو و لێی دوور نەدەكەوتەوە.
كاتێك چوون بۆ لای پیاوێكی مەسیحی كە ناسراو بە بوحەیرا، سەرقاڵی پەرستنی خوای گەورە بوو، بوحەیرا ئەو كاروانە بازرگانیەی بینی بڕیاریدا هەموویان دەعوەت بكات و لای ئەو نان بخۆن و قسەیان لەگەڵدا بكات. 

بۆچی بوحەیرا بڕیاریدا دەعوەتیان بكات

چونكە كاتێك سەیری كاروانەكەی دەكرد هەر لە دوورەوە بینی كە پەڵە هەورێك بە سەریانەوە سێبەریان بۆ دەكات و لەگەڵیاندا دێت، بوحەیرا سەری لەمە سوڕما و وتی ئەمە ڕووداوێكی سەرسووڕهێنەرە و دەبێت بزانم بۆچی وایە؟ كاتێك كاروانەكە هاتن بوحەیرا هەموویانی دەعوەت كردن نانی بۆ ئامادە كردن بەڵام ئەو بە دوای كەسێكدا دەگەڕا كە لە ناو ئەواندا نەبوو ئەو كەسەیش پێغەمبەر بوو بوحەیرا پرسیاری كرد: كەستان ماوە نەهاتبێت بۆ نان خواردن؟ ئەوانیش وتیان كەسمان نەماوە جگە لە منداڵێكی بچووك كە دامان ناوە لەلای ئاژەڵ و شتومەكەكانمان بێت.
بوحەیرا بە پەلە بڕیاریدا ئەو كوڕە ببینێت، كاتێك پێغەمبەری بینی یەكسەر زانی كە ئەو پێغەمبەرە ئەو پێغەمبەرەیە كە خوای گەورە باسی دەكات بۆیە ئەبو طالیبی بانگ كرد و لە پەنایەكدا و بە نهێنی پێی وت: ئەو منداڵە جوان بپارێزە، ئەو لە داهاتوودا دەبێتە گەورەی مرۆڤایەتی، لەگەڵ خۆشتدا مەیبە بۆ ئەم بازرگانیە، چونكە لەوێ‌ ڕۆمەكان دەیناسنەوە و دەیكوژن، بەڵكو بیبەوە بۆ ماڵەوە و بە جوانی ئاگاداری بكە و وریای بە.
ئەبو طالیبیش بە گوێی بوحەیرای كرد و پێغەمبەری بردەوە بۆ ماڵەوە و زیاتر وریای دەبوو،

 

بازرگانیی پێغەمبەر(د.خ) بۆ خەدیجە

پێغەمبەر كوڕێكی گەنج و ڕێك و پێك بوو، ئەو ڕاستگۆ و دەستپاك بوو، خەڵكی بە (صادق الامین) ڕاستگۆی دەستپاك بانگیان دەكرد، هەرچی خەڵك بوو خۆشیان دەویست و متمانەیان پێی بوو، خەدیجە كە كچی خوەیلید بوو، خزمی پێغەمبەر بوو ئەو ژنە پێشتر شووی كردبوو، بەڵام ئێستا بێ‌ مێردە و ماڵ و سامانێكی زۆری بۆ ماوەتەوە، خەدیجە كە بیستبووی پێغەمبەر بەو جۆرە دەست پاك و ڕاستگۆیە و خەڵكی متمانەیان پێی هەیە، داوای لە پێغەمبەر كرد تا كاری بازرگانی بۆ بكات و لە بەرامبەردا بڕێك پارە بدات بە پێغەمبەر.
پێغەمبەریش بەمە ڕازی بوو كە ئەو كاتە كاری بازرگانی دەكرد بۆ خەدیجە ئەو هەر دەم دەست پاك بوو لە كارەكەیدا بۆ خەدیجە و هەوڵی دەدا زیانمەند نەبێت لە كارەكەیدا، بەم جۆرە بەردەوام لە قازانج كردندا بوو. 

 


سەرچاوەکان

423 بینین