عەبدولکەریم مودەریس

له‌لایه‌ن: - بژار یوسوف - به‌روار: 2019-08-29-16:36:00 - کۆدی بابەت: 100
عەبدولکەریم مودەریس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مەلا عەبدولکەریمی مودەریس نووسەر، زانای ئایینی، شاعیر و موفتیی کوردی سەدەی بیستەمە. ئەو زیاتر لە 60 پەرتووکی ئایینی، مێژوویی و وێژەیی بڵاو کردووەتەوە. ھەروەھا تەفسیری قورئانی بە زمانی کوردی و عەرەبی ھەیە. ساغکردنەوە و شیکردنەوەی چەندین شاکاری شیعری کلاسیکی کوردی لە کارە گرنگەکانی تری ئەم کەسایەتییەیە. نموونەی ئەو شاعیرانە بریتین لە مەولەوی، نالی، مەحوی، فەقێ قادری ھەمەوەندی.

ژیاننامە

ئەگەرچی زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن لە دێی تەکیەی ناوچەی خورماڵ لەدایکبووە،[1] بەڵام لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵانی 1899 تا 1901 دا لە گوندیگوێزەکوێرەی سەر بەشاری مەریوان ھاتووەتە دنیاوە[2][3] ‌و ناوی تەواویشی عەبدولکەریم محەمەد فەتاحە و سەرەتا خوێندنیشی بە قورئان و پەرتووکە ئایینییەکان دەست پێکردووە و گوندەکانی بەیەڵە و بالک و کانی سانان و دەرەتفێ و دووڕۆ گەڕاوە. لەسەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھانیشدا لە مزگەوتی مەڵکەندی شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و دواتر چووەتە مزگەوتی مەلا محەمەد ئەمین بالیکەدەری و لە ساڵی 1924 یشدا لە ئاھەنگێکی فراواندا لە شاری سلێمانی مۆڵەی مەلایەتی لەسەر دەستی زانای ئایینی شێخ عومەری ئیبن قەرەداغی وەرگرتووە. دواتر بووە بە مەلای گوندی نێرگسەجار تا لەسەر داوای حەزرەتی شێخ عەلائەددین نەقشبەندی دێتە بیارە کە بە ئەزهەری کوردستان ناسراوە و ڕۆژانە سەدان کەس سەردانیان کردووە. لە ڕاستیدا نازناوی مودەڕڕیس بۆ مامۆستا دەگەڕێتەوە بۆ وانەبێژی خانەقای بیارە کە لەوێ بە ماوەی 25 ساڵ خزمەتی زانست و فەرهەنگی کوردی کردووە.

مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لەساڵی 1960 لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا بەناونیشانی " مودەریس" دامەزراوە، زیاتر لە 50 فەقێ لەسەردەستی مۆڵەتی زانستییان وەرگرتووە، ھەر لەو کاتەوە بەبێ پشوودان خەریکی وانەوتنەوە بووە لە زانستە شەرعی و وێژەی و عەرەبییەکاندا. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس چەندین پەرتووک و بەرھەمی وەک نووسینەوەی ژیان و بەسەرھات و شیعری چەندین شاعیری وەک مەولانا خالید و "شێخ عوسمان و سەراجەدین"ی بڵاوکردووتەوە، ھەروەھا چەندین شیعریشی لەژێر نازناوی " نامی" دا بڵاوکردۆ‌تەوە، ھەروەھا ڕۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە بەکوردی کردنی فیقھی ئیسلامی و تەفیسری قورئانی پیرۆز و تەجویدەکەیدا.

خەمڵاندن

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی عێراقیشدا بە زانایەکی گەورە ناسرابووە و خاوەنی توانای فتوای ئایینی بووە، بۆیە چەندین ساڵ پۆستی سەرۆکایەتی "رابطة علما‌ء العراق" ی بەدەستەوە گرتبوو، لەوەش گرنگتر لەم ساڵانەی دوایی 3 ھەزار زانای ئایینی سوننی ڕێڕە و کە لە ھەموو پارێزگا‌کانی عێراق ھاتبوون و لە بەغدا کۆبوونەوە، بەبێ بەشداریکردن و ئاگاداری خۆی جەنابی مەلا عەبدولکەریمی مود‌ەریس بە سەرۆکی (الامانە العلیا للافتا‌و و التدریس و البحوپ و التێوف) ھەڵبژێردرا، بەڵام لەبەر ئەوەی باری تەندروستی نالەباربووە ئەو پۆستەی ڕەتیکردبۆوە. و‌ڕای ئەوەی ماوەیەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری عێراق — د‌ەستەی کورد — بووە، ھەروەھا باو‌ەڕپێکراوی کۆڕی زانیاری وڵاتی ئوردونیش بوو. مەلا عەبدولکەریمی مودەریس لەتەمەنی 104 ساڵیداو لە کاتژمێر 12ی شەوی 29 لەسەر 2005/08/30 لە شاری بەغدا کۆچی داویی کرد.

بەرھەمەکانی

مەلا عەبدولکەریم ژمارەیەک زۆر بەرھەمی بە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی ھەیە. بڕێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە.[1]

بەرھەمەکان بەزمانی کوردی

  1. باخچەی گوڵان
  2. بارانی ڕەحمەت
  3. بەھار و گوڵزار
  4. بنەماڵەی زانیاران
  5. تەرجەمەی بەھارستانی جامی(چاپ نەکراوە)
  6. شەرحی تەسریفی زنجانی
  7. تەفسیری نامی (لە چەند بەرگێکدا)
  8. سەناو سکاڵا
  9. حەج نامە
  10. خۆلاسەی تەفسیری نامی
  11. دوو ڕشتە
  12. دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند
  13. دیوانی مەحوی
  14. دیوانی مەولەوی
  15. دیوانی نالی
  16. ڕۆژگاری ژیانم
  17. ڕۆژگای بەھەشت
  18. ڕێگای پێغەمبەر
  19. سەرچاوەی ئایین
  20. سۆسەنی کۆسار
  21. شەریعەتی ئیسلام - لە 4 بەرگدا
  22. شەمامەی بۆندار
  23. شەوچەرەی دڵدار
  24. عەقیدەی مرضیةی مەولەوی
  25. کەراماتی حەزرەتی ضیاء الدین "قدس سرە"
  26. لیمۆی مەزەدار
  27. مەولودنامە و میعراجنامە
  28. مەکتووبات کاک ئەحمەدی شێخ
  29. نامەی بەختیار
  30. نامەی ھۆشیار
  31. شەمامەی بۆندار
  32. نووری ئیسلام
  33. نووری قورئان
  34. وەنەوەشەی نازدار
  35. وتاری ئایینی بۆ ڕۆژانی هەینی
  36. یادی مەردان (دوو بەرگ)

بەرھەمەکان بە زمانی فارسی

  1. فوائدالفوائح
  2. رسالە شمشیرکاری

بەرھەمەکان بە زمانی عەرەبی

  1. علماءنا فی خدمة علم و الدین
  2. الصرف الواضخ للمبتدئین
  3. الإسلام


سەرچاوەکان



5119 بینین