بەشداری پێغەمبەر (د.خ) لە بنیادنانەوەی کەعبەدا

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-08-29-22:47:00 - کۆدی بابەت: 75
بەشداری پێغەمبەر (د.خ) لە بنیادنانەوەی کەعبەدا

ناوه‌ڕۆك

کورتەیەک دەربارەی کەعبە

كەعبە ئەو ماڵەیە لە شاری مەككەدا كە ئێمەی موسڵمان لە هەموو لایەكی جیهانەوە ڕووی تێ‌ دەكەین و كڕنووش دەبەین بۆ خوا بەرەو ڕووی ئەو ماڵە، ئەو ماڵە ماڵی خوای گەورەیە، بەڵام وا تێنەگەین خوا لەو ماڵەیە، بەڵكو خوای گەورە لە هەموو شوێنێكیدا ئاگای لە ئێمەیە.

ڕووداوەکە

كاتێك پێغەمبەر گەیشتە تەمەنی 35 ساڵ، خەڵكی مەككە ویستیان كەعبە بڕوخێنن و هەمتر بە جوانی و سەر لە نوێ‌ دروستی بكەنەوە، بەڵام خەڵكەكە ترسیان هەبوو لەوەی بیڕوخێنن و دەیانوت ئەگەر بێتوو ئێمە كەعبە بڕوخێنین ئەوا خوای گەورە لە ناومان دەبات و ڕوومان ڕەش دەكات، یەكێك لەوانە ناوی (وەلیدی كوڕی موغیرە) بوو، وتی من دەست دەكەم بە ڕووخاندنی كەعبە، خۆ ئێمە دەمانەوێت هەمتر بە تازەیی دروستی بكەینەوە، نامانەوێت بیڕوخێنین و وازی لێ‌ بێنین، ئینجا وەلید كەوتە ڕووخانی كەعبە و هەمووان چاوەڕێ‌ بوون، ئەگەر خوا وەلید لە ناو ببات ئەوا دەستكاری كەعبە ناكەن، بەڵام ئەگەر خوا هیچی لێ‌ نەكرد، ئەوا ئەوانیش دەست دەكەن بە ڕووخاندنی كەعبە و دوایی پێكەوە دروستی دەكەنەوە، خوای گەورە هیچی نەكرد بە وەلید و خەڵكەكەش خۆشی دایگرتن و كەوتنە ڕووخانی كەعبە و سەر لە نوێ‌ دروستیان كردەوە، هەموو هۆزو خێڵەكان لەم كارەدا بەشداریان كرد، ئەو كات هاتە سەر بەردە ڕەشەكە، هەموو هۆزێك دەیوت دەبێت من بەردە ڕەشەكە بخەمەوە شوێنی خۆی خەریك بوو لەسەر ئەمە جەنگ بەرپا دەبوو لە نێوانیاندا، دواتر كەوتنە قسەكردن و ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی هەر كەس بێت بۆ لایان بیكەن بە دەمڕاست و دادوەری ئەو كێشەیە تا ئەو چارەسەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە، هەموو سەیریان دەكرد تا بزانن كێ‌ یەكەم كەس دێت بۆ لایان، كاتێك سەیریان كرد لە دوورەوە كەسێك دێت، كە لێی ورد بوونەوە دیتیان(محمد)ە، هەموویان ڕازی بوون و وتیان(محمد) ڕاستگۆ و دەست پاكە و ئێمە ڕازین ئەو ببێتە دادوەر لە نێوانماندا تا ئەم كێشەیەمان چارەسەر بكات، كاتێك باسی كێشەكەیان كرد بۆ (محمد) و داوایان كرد قسەی لەسەر بكات، پێغەمبەر عەباكەی خۆی هێنا و ڕای خست و بەردەكەی خستە سەر عەباكە، پاشان داوای كرد هەر هۆزێك لایەكی عەباكە بگرن و بەرزی بكەنەوە و خۆیشی لە سەرەوە بەردە ڕەشەكەی گرت و خستیەوە شوێنی خۆی و كێشەكەی چارەسەر كرد. 

گرنگی بەردە ڕەشەكە چی بوو

چونكە ئەو بەردە ڕەشە بەردی بەهەشت بووە و پێغەمبەر ئادەم (علیە السلام) كاتێك هاتۆتە سەر زەوی ئەو بەردەی هێناوە لەگەڵ خۆیدا، بەردەكە یەكەمجار زۆر سپی بووە، بەڵام دوایی بە هۆی گوناه و تاوانی خەڵكەوە ڕەش بووەتەوە، كاتێ‌ دەچیت بۆ حەجی ماڵی خوا، دەبێت ئەو بەردە ڕەشە ماچ بكەیت.

پەند و وانە

- ئەگەر ویستمان ئیشێكی چاك بكەین با نەترسین، چونكە خوای گەورە پێی خۆشە ئێمەی بەندەی خوا ئیشی باش بكەین و حەز ناكات خراپەكاری بكەین.

- ئێمە دەبێت هەموو شتێكمان لەبەر خاتری خوا خۆش بوێت، ئەو بەردە ڕەشە ئەگەر لەبەر خاتری خوا و پێغەمبەرەكەی(د.خ) نەبێت ئێمە وەك بەردی تر سەیری دەكەین، بەڵام لەبەر ئەوەی پێغەمبەر(د.خ) خۆشی ویستووە و ماچی كردووە، بۆیە ئێمەیش خۆشمان دەوێت و ماچی دەكەین، دوای ئەم ڕووداوە جۆربەجۆرانە، بەرەبەرە پەیامی خوایی خۆی دەنواند بۆ پێغەمبەر و هەواڵیان پێ‌ دەدا كە تۆی ئەی پێغەمبەر بەم زووانە دەبیتە پێغەمبەری هەموو مرۆڤایەتی و دەبێت پەیام و فەرمایشی خوای گەورەیان پێ‌ بگەیەنیت، لەم كارەیشدا نابێت واز بهێنین و خوا ئاگاداری تۆیە و بەڵێن بێت سەرت بخەین، بەڵێ‌ لەمەودوا دەچینە سەر ژیانی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر و لە جیاتی ناوی (محمد) دەڵێین: پێغەمبەری ئازیزمان محمد(د.خ).


سەرچاوەکان



1562 بینین