دابەزینی سروش بۆ پێغەمبەر بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-08-31-15:28:00 - کۆدی بابەت: 95
دابەزینی سروش بۆ پێغەمبەر بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

دابەزینی وەحی

پێغەمبەر (د.خ) ماوەیەك پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر، چەند جۆرە گۆڕانێكی بینی لە ژیانی خۆیدا، كە ئەوانە ئاماژەی پێشتر بوون بۆ پێغەمبەرایەتی محمد(د.خ).
یەكەمجار خەو بینین بوو، پێغەمبەر(د.خ) خەوی دەبینی و خەوەكەی بەڕاست و دروست دەهاتە دی و هیچ جۆرە ناڕاستیەكی تیێدا نەبوو، دواتر پێغەمبەر حەزی دەكرد ماوەیەك بە تەنها بێت و لە چۆڵەوانیدا بژیت، بۆ ئەوەش لە ساڵێكدا مانگێك دەچوو بۆ ئەشكەوتێكی دەوروبەری مەككە پێی دەوترا ئەشكەوتی (حرا‌ء)،  پێغەمبەر(د.خ) لەوێدا بیری لەوە دەكردەوە كە ناكرێت ئەم دنیا و ژیانە هەر وا بڕوات بە ڕێوە و گەورە و دروستكەر و سەرپەرشتكارێكی نەبێت، بەڵێ‌ پێغەمبەر بە دوای خوادا دەگەڕا، كاتێك پێغەمبەر تەمەنی چل ساڵان بوو، لە مانگی ڕەمەزاندا چوو بۆ ئەشكەوتی حرا‌و.
لەوێ‌ كەوتە ڕاز و نیاز و بیر كردنەوە، ئەشكەوتێك دوور لە شار بوو، چۆڵ بوو كەسی تێدا نەبوو، ئەشكەوتەكە تاریك بوو چونكە شەو داهاتبوو دنیا تاریكی كردبوو.
لەو كاتەدا فریشتەیەكی خوا هات و بە توندی باوەشی كرد بە پێغەمبەردا و پێغەمبەری گوشی، خەریك بوو پێغەمبەر ئێسكەكانی بشكێت هێندە توند فریشتەكە گرتبوویە خۆ، پێغەمبەر(د.خ) تەواو ترس و بیم دایگرت و نەیدەزانی چی بكات و دەستەوسان وەستابوو. 
فریشتەكە پێی وت بخوێنە (إقرأ)، پێغەمبەر فەرمووی: من خوێندەوار نیم و نازانم بخوێنم، ئاخۆ پێغەمبەر فێری خوێندن نەكرابوو، فریشتەكە دووبارەی كردەوە (بخوێنە) و پێغەمبەریش(د.خ) هەمان وەڵامی دانەوە، تا سێ‌ جار ئەم شتە دووبارە بوویەوە ئەو كات فریشتەكە ئەم ئایەتەی قورئانی بەسەردا خوێندەوە و فێری كرد [اقرأ باسم ربك الذی خلق].  واتا: بە ناوی ئەو پەروەردگارەوە بخوێنە كە دروستی كردووی و خوڵقێنەرە.
ئینجا فریشتەكە بە پێغەمبەری ڕاگەیاند كە خوای گەورە تۆی كردووە بە پێغەمبەر و دەبێت پەیامی خوا بگەیەنیت بە مرۆڤایەتی. 
ئەو فریشتەی هات بۆ لای پێغەمبەر (د.خ) ناوی (جوبرەئیل) بوو كە چووە بۆ لای هەموو پێغەمبەرانی تر و پەیامی خوای گەورەی گەیاندووە پێیان. 
یەكەم ئایەتی قورئانی كە دابەزی بۆ سەر پێغەمبەر (د.خ) ئایەتی [اقرأ باسم ربك الذی خلق] بوو.

پەند و ئامۆژگاری

- پێویستە موسڵمان هەمیشە بیری خوای گەورە بكاتەوە و جارجارێك بە تەنها دابنیشێت و سوپاسی خوا بكات و لە خوای گەورە بپاڕێتەوە.
- ئەركی سەر شانمانە وەك چۆن نوێژ دەكەین، بەو جۆرەیش زانست فێر بین، چونكە خوای گەورە فەرمانی پێ‌ كردووین فێری زانست ببین، بۆیە هەر كەس خۆی فێری زانست نەكات ئەوا بە گوێڕایەڵی خوای نەكردووە.
- خوای گەورە هەمیشە ئاگاداری ئێمەیە و قسەی خۆی دەنێرێت بۆمان(قورئانی پیرۆز).
- پێویستە هەرچی زانستێكمان وەرگرت، فێری خەڵكی تری بكەین، تا بە گوێی فەرمایشتی خوا بكەن و نەهێڵین خەڵك نەزان و نەخوێندەوار بن.
- هەر كەس فێری زانست ببێت، ئەوا فەرمانی خوای گەورەی بە جێهێناوەو، بەهەشت شوێنیەتی، بەڵام بە مەرجێك زانستێكی چاك وەربگرێت و لە قسەی خوا لانەدات.


سەرچاوەکان



1846 بینین