ژیانی ئەبووداود بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-03-23:27:00 - کۆدی بابەت: 57
ژیانی ئەبووداود بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن

ئەم كەسایەتیە گەورەی ئێستا باسی دەكەین یەكێكە لەزاناكانی بواری فەرموودە، واتە كەسێك كەژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ كۆكردنەوەو نووسینەوەی فەرموودەكانی پێغەمبری خوا(د.خ)، ئەوەش بەخششێكی خوایی بوو بۆ ئەو تا خزمەتی فەرموودە بكات، خەڵاتێكی خواییش بوو بۆ ئێمە تا فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) بگەنە دەستمان.
ئەم زانا خۆشەویستە ناوی سولەیمانی كوڕی ئەشعەسە، بەڵام بەئەبوداوود ناسراوەو خەڵكی ناوچەی سەجستانە.
ئەبوداوود لەساڵی دووسەد و دووی كۆچیدا لەدایك بوو، سەرەتای ژیانی منداڵی خۆی لەبەصرە بەسەربرد، دواتریش چوو بۆ بەغداد و ماوەیەك لەوێ مایەوە، ئیتر جارجارە دەچوو بۆ بەغدادو دەگەڕایەوە بۆ بەصرە.
ئەبوداوود هەر لەسەرەتاوە تامەزرۆی زانستی فەرموودە بوو تابچێتە خزمەت فەرموودەكانی سەروەری مرۆڤایەتی، لەوكاتەی ئەویشدا زانای بواری فەرموودە زۆر بوون، بۆیە ئەوە دەرفەتێكی چاك بوو بۆی، لەو پێناوەشدا ماندوێتی نەدەزانی، كەوتە گەڕان بەدوای فەرموودەكانداو وڵاتەو وڵات دەگەڕا، بۆ وەرگرتنی فەرموودەكان چووە خوراسان و میصر و شام و حیجاز و چەندین شوێنی تر و لەوێ دەچوویە خزمەت زاناكان و فەرموودەی لەوان وەردەگرت و دەینووسیەوە، توانی بچێتە خزمەتی دەیان مامۆستا و زانستی هەموویان كۆبكاتەوەو تۆماری بكات تا بوو بە زانایەكی ناودار و لە هەموو ناوچەكانی جیهانی ئیسلامییەوە خوێندكاران دەهاتنە خزمەتی و دەرسیان لادەخوێند، خوێندكارەكانی ئەبوداوود هەزاران كەس دەبوون.
ئەبوداوود هێندە زانا و جێمتمانە بوو تەنانەت مامۆستاكانی خۆیشی گوێیان لێدەگرت، بۆنموونە یەكێك لەمامۆستاكانی كەئیمامی ئەحمەدە فەرموودەی لە ئەبوداوودەوە دەبیست و دەینووسیەوە، هەروەها دوو زانای تری بواری فەرموودە خوێندكاری ئەبوداوود بوون كە ئەوانیش بریتین لەنەسائی و ترمزی.
جارێك یەكێك لەخواناسەكان بە ناوی سەهلی كوڕی عەبدوڵا هات بۆ لای ئەبوداوود، داوای مۆڵەتی كردو ئەو كەسەی دەرگاكەی كردەوە وتی ئەی ئەبوداوود سەهل هاتووە بۆ لات، ئەویش چوو بەدەمیەوەو پێشوازیەكی گەرمی كردو داینیشاند، دوایی سەهل وتی ئەی ئەبوداوود داواكاریەكم لێت هەیە، ئەویش وتی چییە؟ سەهل وتی دەبێت بەڵێنم پێبدەیت ئەگەر توانیت بیكەیت، وتی باشە، سەهل وتی ئەو زمانەت كە فەرموودەی پێغەمبەری خوات (د.خ) پێگێڕاوەتەوە بیهێنە با ماچی بكەم، ئەبوداوودیش تازە بەڵێنی دابوو، بۆیە زمانی هێنایە دەرەوەو سەهلیش ماچی كرد.


پەندو وانە

دەبێت لەم دوو زانا خواناسەوە فێر بین رێز لە فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) بگرین‌و رێزی ئەو كەسانەش بگرین كە لەخزمەتی فەرموودەی پێغەمبەردان (د.خ)، چونكە پێغەمبەر (د.خ) هەرچی فەرمووە خوای گەورە فێری كردووە، هەروەها هەركەس لەخزمەتی فەرموودەدا بێت خوای گەورە رێزداری دەكات و لای موسوڵمانان خۆشەویستی دەكات.
پیاوێكی خواناس هەبوو ناوی ئەبوبەكر بوو، ژیانی خۆی تەرخان كردبوو بۆ خزمەتكردنی ئەبوداوود، جارێك لەگەڵ ئەبوداوود لەبەغداد بوون و نوێژی ئێوارەیان كرد، كەسێك لتەقەی دەرگایدا، كەسێك بوو وتی یەكێك ل سەركردەكان داوای مۆڵەت دەكات تا بێتە ژوورەوە، ئەبوبەكریش هەواڵەكەی دا بە ئەبوداوود، ئەویش مۆڵەتیدا و سەركردەكە هاتە ژوورەوەو دانیشت، ئەبوداوود هات بۆ لای و وتی ئەی سەركردە خێرە لەم كاتەدا هاتویت؟ ئەویش وتی لەبەر سێ شت هاتوم، یەكەمیان ئەوەیە بچیت بۆ بەصرە بۆئەوەی خوێندكارانی هەموو جیهان بێن بۆ لات، دووەمیش ئەوەیە وانە بەكوڕەكەم بڵێیتەوە، سێیەمیش بەجیاو بەتایبەت وانە بە كوڕەكەم بڵێیتەوە نەوەك لەگەڵ خوێندكارەكانی تر، ئەبوداوود وتی بۆ سێیەمیان رازی نیم، چونكە هەموو خەڵك لەوەرگرتنی زانستدا وەك یەك وان، بۆیە لەو رۆژە بەدواوە كوڕەكانی سەركردەكانیش دەچوون لەگەڵ خوێندكارەكانی تردا لای ئەبووداوود وانەیان دەخوێند.

 

کۆچی دوایی

دواجار ئیمامی ئەبوداوود هەر لەشاری بەصرەو لە ساڵی دووسەد و حەفتاو پێنجی كۆچیدا وەفاتی كرد و لای گۆڕەكەی سوفیانی سەوریدا ئەسپەردە كرا.


سەرچاوەکان



1296 بینین