غەزاى ئوحود

له‌لایه‌ن: - نیهاد جه‌لال - به‌روار: 2019-09-13-20:45:00 - کۆدی بابەت: 44
غەزاى ئوحود

ناوه‌ڕۆك

کاتى غەزاکە

ئەم غەزایە لە سەرەتاى وەرزی بەهار و لە نیوەڕۆی رۆژی شەممە لە پانزەى شەووالى ساڵی سێیەمی کۆچیدا روویدا.

هۆکاری غەزاکە

هۆکارەکەی بریتی بوو لە شکستی بێباوەڕانى قوڕەیش لە غەزاى بەدردا، بەو شکستەیان هەم لە رووی دەروونیەوە هەستیان بە شکست دەکرد و دەبوو قەرەبووی ئەو شکستە دەروونیە بکەنەوە، هەم لە ئاستی ناوخۆییدا لەناو مەککەدا شکۆی سەرانى قوڕەیش وەک جاران نەمابوو، هەم لە رووی ناوبانگی دەرەکیەوە ناوبانگیان رووشابوو و دەنگۆی شکستیان بڵاوبووبوویەوە.

ئامادەکاریەکانى بێباوەڕان

قوڕەیشیەکان هەر کە لە بەدر گەڕانەوە، بڕیاریان دا ئەو کاروانە بازرگانیەی ئەبووسوفیان سەرکردایەتی دەکرد، هەمووی ببەخشرێ بۆ خەرجی جەنگێ کە تیایدا تۆڵەی بەدر لە موسڵمانان بکەنەوە، ئینجا کەوتنە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی، سەرکردەکانیان بڕیاریان دا ئافرەتانیش لەگەڵ خۆیان ببەن، بۆ ئەوەی هیچ پیاوێک دڵی لاى خێزانەکەى نەبێت.

ئەبووسوفیان سەرکردایەتی گشتی و خالیدی کوڕی وەلید سەرکردایەتی بەرەی لای راستی سوارەکان و عیکریمەی کوڕی ئەبووجەهلیش سەرکردایەتی بەرەی لای چەپی سوارەکانى گرتەدەست.

ئامادەکاریەکانى موسڵمانان

عەبباسى مامى پێغەمبەر  هەموو وردەکاریەکانى ئامادەسازیی قوڕەیشی نارد بۆ پێغەمبەری خوا .

پێغەمبەری خوا لە ڵایەکەوە هێزێکی پاسەوانى خێرای ئامادە کرد بۆ چاودێری و پاسەوانى مەدینە، لەلایەکی تریشەوە راوێژی بە خەڵکەکە کرد، دواجار جیا لە حەزى پێغەمبەر، بڕیار درا جەنگەکە ببرێتە دەرەوەى مەدینە.

مەیدانى جەنگ

جەنگێکی سەخت لە نێوان هەردوو سوپادا روویدا، هەتا نیوەڕۆ بێباوەڕان تووشی شکستێکی سەخت بوون و هەڵهاتن، موسڵمانانیش کەوتنە کۆکردنەوەی دەستکەوتەکان، تیرهاوێژەکانیش کە ئەرکیان بەرگرتن بوو بە سوپاى سوارەى بێباوەڕان رێنماییەکانیان پشتگوێ خستن و دابەزین بۆ کۆکردنەوەی دەستکەوت، بێباوەڕان ئەم هەلەیان قۆستەوەو لە پشتەوە هێرشیان هێنا و گورزێکی سەختیان لە موسڵمانان وەشاند.

دەرەنجامى جەنگەکە

جەنگەکە بە سەرکەوتنى بێباوەڕان کۆتایی هات و تیایدا حەفتا هاوەڵ شەهیدبوون، شەست و چوار پشتیوانی و شەش کۆچەری، کوژراوانى بێباوەڕانیش بیست و دوو کوژراو بوون.

تایبەتمەندیەکانى غەزاکە

  • دەرکەوتنى رای جیاواز لە کاتى راوێژدا و پشتگوێ نەخستنی پێشنیارەکان هەرچەندە بە دڵی سەرکردایەتیش نەبن.
  • دەرکەوتنى ناپاکى گەورە لە دووڕووەکانەوەو چارەسەرکردنی لە کات و شوێنی خۆیدا.
  • ڵادان لە فەرمانى پێغەمبەری خوا و زیان گەیشتن بە موسڵمانان و پەند لێ وەرگرتنى.
  • بێباوەڕان تەرمی موسڵمانانیان شێواند و سەرکردەکەشیان بە رەسمی رایگەیاند.


سەرچاوەکان



3241 بینین