کۆماری مەهاباد

له‌لایه‌ن: - شێرزاد ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2021-05-14-16:55:00 - کۆدی بابەت: 21
کۆماری مەهاباد

ناوه‌ڕۆك

کۆماری مەھاباد 

کۆماری مەھاباد یا کۆماری کوردستان لە 2ی رێبەندانی 2646ی کوردی، بەرامبەر بە 22ی ژانویەی 1946 لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنرا و پێشەوا قازی محەمەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد، دەوڵەتێکی کوردی کەم تەمەن بوو کە لە سەدەی بیست دا‌ و لە دوای کۆماری ئاگری-لە تورکیا، دامەزرا. پایتەختەکەی شاری‌ مەھاباد بووە کە ئەکەوێتە باکووری‌ خۆراوای‌ ئێران. دامەزران‌ و لەناوچوونی کۆمار راستە بەشێک بوو لەو قەیرانەی ئێرانی تێکەوتبوو، ئەو ململانێیەی‌ لە نێوان ئەمریکا‌ و سۆڤیه‌ت دا ھەبوو کە جەنگی ساردی لێکەوتەوە، بەڵام خواستی لەمێژینە و ئاواتی گەلی کورد بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و وڵاتێک بە ناوی کوردستان، پێشینە لە مانگی ئابی 1941، راپەڕینێکی جەماوەریی کۆنترۆڵی‌ ناوچە کوردییەکانی لە دەستی حکومەتی ناوەنديی ئێران ده‌رهێنا. لە شاری‌ مەھاباد، کۆمیتەیەکی لە کەسانی چینی ناوەند بە پشتگیری سەرۆک خێڵەکان دەسەڵاتی ناوچەكەيان گرتە دەست. پارتێکی سیاسی بەناوی کۆمەڵەی‌ ژیانەوەی کوردستان (ژێ کاف) دامەزرێنرا. قازی محەمەد، سەرۆکی بنەماڵەی‌ قازی، بە سکرتێريی پارتەکە ھەڵبژێردرا. کۆمیتەکە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد ناوچەکەیان بە لێھاتوویی‌ و سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ تا رووخانی کۆمار بەڕێوەبرد.

بۆچوونی سۆڤیەت

ھێزەکانی سۆڤیەت و بەریتانیا لە کۆتاییەکانی ئابی 1941 ئێرانیان داگیر کرد، دیارە سۆڤیه‌ت لە باکوورەوە. سۆڤێت بە گشتی دوودڵ بوون لە ئیدارەی‌ کوردی. ھێزیان لە نزیک مەھاباد دانەنا‌و تەنانەت نێردراوێکی مەدەنی ئەوتۆیان نەنارد بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورە دروست بکات. لە رێگەی‌ چالاکیی (دۆستانە)وە، وەک دابینکردنی کەرەسەی‌ گواستنەوە، دەرکردنی سوپای‌ ئێرانی، و کڕینەوەی‌ تەواوی بەرھەمی تووتنەکەیان، پاڵپشتیی ئیدارەکەی‌ قازی‌یان دەکرد. لە لایەکی ترەوە، کوردەکان زۆر ئیدارەی کوردیان ئەبێزاند لەبەر ئەوەی رەتیان کردەوە ببنە بەشێک لە کۆماری دیموکراتی (فارس) ئازربایجان. ھەروەھا دژی‌ راگەیاندنی کۆماری‌ سەربەخۆی کوردی بوون.

دامەزراندنی کۆمار

لە ئەیلولی‌ 1945، قازی محەمەد‌ و سەرکردە کوردەکانی تر سەردانی تەبرێزیان کرد بۆ ئەوەی‌ چاویان بە کونسوڵی‌ سۆڤیه‌ت بکەوێت بۆ دەرباری‌ پشتگیریکردنی کۆمارێکی نوێ، لەوێشەوە رەوانەی باکۆ، ئازربایجانی سۆڤیه‌ت، کران. لەوێ، ئاگادار بوونەوە لەوەی پارتی دیموکراتی ئازربایجان لە ھەوڵی‌ ئەوەدایە کە دەست بەسەر ئازربایجانی ئێراندا بگرێت. لە 10ی‌ کانوونی یەکەمدا، پارتی دیموکراتی ئازربایجان دەستی بەسەر پارێزگای‌ ئازربایجانی رۆژهه‌ڵات دا گرت کە پێشتر بەدەست سوپای‌ ئێرانەوە بوو. قازی محەمەد بڕیاری‌ دا ھاوچەشنی ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، لە 15ی‌ کانوونی یەکەمدا، کۆماری مەھابادی کوردیی دامەزرێنرا.

لە 22ی‌ کانوونی دووەمی 1946، قازی محەمەد دامەزراندنی کۆماری کوردستانی راگەیاند.

ھەندێک لە ئامانجەکانیان لە مانیفێستۆکەدا بڵاوکرایەوە ئەمانەن:

  • زمانی کوردیی بکرێتە زمانی راگەیاندن‌ و خوێندن‌ و ئیدارە.
  • ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت‌ و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
  • ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.
  • یەکێتی‌ و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازربایجان.
  • یاسایەک ھەبێت کە بە یەکچەشن مامەڵە لەگەڵ کرێکار‌ و کەسایەتییە باڵاکان دا بکات.

 

وەزیری وەزارەت ناوی وەزیر
سەرۆک وەزیران حاجی بابە شێخ
وەزیری جەنگ سەیفی قازی
وەزیری ناوخۆ محەمەد ئەمین موعینی
وەزیری ئابووری ئەحمەد ئیلاهی
وەزیری پۆست و تەلەگراف کەریمی ئەحمەدیان
وەزیری فەرهەنگ مەنافی کەریمی
وەزیری (تەبلیغات) سەدیقی حەیدەری
وەزیری کار خەلیلی خوسرەو
وەزیری بازرگانی (تیجارەت) حاجی مەستەفای داودی
وەزیری وەرزێڕی (کشتوکاڵ) مەحموودی وەلی زادە
وەزیری ڕێگاوبان ئیسماعیلی ئیلخانی زادە
وەزیری (بیهداری) سەیید محەمەدی ئەیوبیان
وەزیری (موشاویر) عەبدولرەحمانی ئیلخانی زادە
وەزیری داد مەلا حوسێنی مەجدی

کۆتایی کۆمارەکە

لە 26ی ئازاری‌ 1947، بەھۆی‌ فشاری‌ ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نمونە ئەمریکا، سۆڤیه‌ت پەیمانی بە حکومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران ئەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیران دا، ئێران دەستی گرتەوە لەسەر ئازربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی‌ دابڕانی کۆماری‌ مەھاباد لە سۆڤیه‌ت و دواجار بووە ھۆی‌ داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بەتایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێدەکرد. بەرھەم‌ و سەرچاوەی‌ داراییان نەما‌و شێوازی ژیانیان بەھۆی‌ دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتی دارایی‌ و سەربازی لە سۆڤێتەوە نەما‌و خێڵەکان هیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەئەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازی‌یان بەجێ‌ دەھێشت. لە 5 ی‌ کانوونی یەکەم، ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند کە ڕێ لە ھەر پەلامارێکی سوپای‌ ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە 15ی کانوونی یەکەم، سوپای‌ ئێران ھاتە ناوچەکە‌ و دەستی بەسەر مەھاباد دا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردی‌یان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردی‌یان بدۆزیایەتەوە ئەیانسوتاند. دواجار لە 31ی‌ ئازاری‌ 1947، قازی‌ محەمەد بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، لە مەھاباد لە سێدارە درا.

دواھات

مستەفا بارزانی، لەگەڵ پێشمەرگەکانی کە لە کوردستانی عێراقەوە ھێنابوونی، به‌شێکی سوپای‌ کۆماریان پێکھێنا. دوای‌ رووخانی کۆمارەکە، زوربەی‌ سەربازەکان‌ و چوار ئەفسەر (سه‌رهه‌نگ عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز، سه‌رهه‌نگ مسته‌فا خۆشناو، سه‌روان محه‌ممه‌د مه‌حموود قودسی‌‌ و سه‌رگورد خه‌یروڵڵا عه‌بدولکه‌ریم) بڕیاری‌ گەڕانەوەیان دا بۆ عێراق. دواي ھاتنەوەیان بۆ عێراق، ئەو چوار ئەفسەرە سزای‌ کوشتنیان بەسەردا سەپێنرا‌ و تا ئێستاش وەک شەھیدی قارەمانی‌ شەرەفمەندی کوردستان ناودەبرێن. چەندسەد سەربازێک لەگەڵ بارزانیدا مانەوە‌ و لە ماوەی‌ ئەو رێڕۆیشتنە پێنج ھەفتەییەیاندا کە بەرەو ئارزبایجانی سۆڤیه‌ت گرتیانە بەر، ھەموو ھەوڵەکانی سوپای‌ ئێرانیان بۆ رێلێگرتنیان تێکشکاند. لە تشرینی یەکەمی 1958، مستەفا بارزانی گەڕایەوە بۆ کوردستانی عێراق، و خەباتی دەستپێکردەوە. مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و ئێستای‌ پارتی دیموکراتی کودستان، لە مھاباد لەدایک بووە.

ھۆکارەکانی سەرنەکەوتن

ئارچیبالد بولۆچ رۆزڤڵت، کوڕەزای‌ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، تیۆدۆر رۆزڤڵت، لە کتێبەکەیدا "کۆماری کوردیی مھاباد" دەڵێت کێشەی‌ سەرەکی کۆماری کوردستان ئەوەبوو کە کوردەکان پێویستیان بە سۆڤێت بوو، تەنھا چانسیان، ھێزی سوپای‌ سوور بوو. بەڵام ئەم پەیوەندییە نزیکەیان لەگەڵ ستالین‌ و سۆڤیه‌ت وایکرد زوربەی‌ ھێزە رۆژاواییەکان پشتی ئێران بگرن. قازی محەمەد، ھەرچەندە نكۆڵی لەو راستییە نەدەکرد کە لە رووی داراییەوە پشتیان بە سۆڤیه‌ت بەستووە، بەڵام ئەوەی رەتئەکردەوە کە حیزبی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کۆمۆنیست بێت، رایگەیاند ئەوە درۆیەکە کە دەسەڵاتدارانی سوپای‌ ئێران دروستیان کردووە، جگە لەوەی ئامانجەکانی خۆی‌ بە زۆر جیاواز لەوانەی سۆڤیه‌ت لەقەڵەمدا. ھەروەھا، کۆمارەکە بەدەست چەند کێشەیەکی ناوخۆییەوە ئەیناڵاند. جیاوازییەکی گەورە لەنێوان خەڵکی شار‌ و خێڵەکییەکاندا ھەبوو، و ھاوپەیمانێتییەکەیان بۆ مھاباد لە داڕماندا بوو. وەک چۆن پێشتریش رایگەیاندبوو، خێڵەکان‌ و سەرۆکەکانیان تەنیا لەبەر ئەو ھاوکاريی‌ دارایی‌ و سەربازییانە پشتی قازی محەمەدیان ئەگرت کە لە یەکێتی سۆڤیه‌تەوە وەریدەگرت. ھەندێکی تر لە خێڵەکان دڵیان بە بارزانییەکان نەئەکرایەوە لەبەر ئەوەی نەیان ئەویست سەرچاوە‌ و داھاتەکانیان لەگەڵی بەش بکەن. لە رووی داراییەوە مھاباد شکستی ھێنا و ئەوە وەک مەحاڵ وابوو کە مھاباد لە رووی داراییەوە ھاوتابێتەوە لەگەڵ ئێران.


سەرچاوەکان



9883 بینین