شیعری بۆ ئەمساڵیش

له‌لایه‌ن: - ڕه‌نج سه‌نگاوی - به‌روار: 2020-01-05-19:45:00 - کۆدی بابەت: 173
شیعری بۆ ئەمساڵیش

ناوه‌ڕۆك

بۆ ئەمساڵیش

پێش ھەموو پایتەختەکانی ئەم دنیایە...
لە کووچەکانی ئێمەدا ئاگر باری
شارەکانمان پێش گشت شارێ
گۆریان بۆ شاری یاری
پێش ئەوەی بابا نوئێل بێت
ئێمە کرابووین بە دیاری

بۆ ئەم ساڵیش ھیچ ڕووبارێ
نەیتوانی شان بات لە شانمان
دڵۆپەی ھیچ بارانێکیش
نەگەشتەوە بە نمەی فرمێسکەکانمان

ھیچ شەختەیەکی ئەم دنیا
نەتەزیبوو وەک منداڵەكانی ئێمە
ھیچ گەلێکی ئەم دنیایە ، ئەوەندەی ئێمەی بەرنەکەو
لە درۆکانی یوئێن و
لە بەتانی تەنک و خێمە.

ھیچ فۆتۆیەکی ئەم دنیا
ڤیوی نەبوو ...
ئەوەندەی پشتی سوتاوی محەمەد و
ھیچ ھاوارێکی ئەم دنیا کوڵی نەبوو....
ئەوەندەی گریانی سارا.
ھیچ کیژێکی بەژن زراڤی ئەم دنیا
وەکو کچەکانی ئێمە
کفنیان بۆ نەکرا بەتارا.

ھیچ باخێکی ئەم دنیایە
باخەوانی لێ نەکوژرا، بێ لە باخی عەفرینی من
ھیچ ئاسمانێ ھەوری نەدرایە بەر گوللە
بێ لە (ھەڤال ھەڤرین)ی من.

بەڵام ئەمساڵ وەكو ساڵان
نە نۆبلی فرمێسک درا بە کچێکمان
نە تیشێرتێکی ئەمریکی
سیمای مناڵێکی ئێمەی خرایە سەر
ھەر خۆمان سەرماکەی خۆمان ئەکەینەبەر
ھەر خۆمان بە دەستی خۆمان
تاجی ئەم بێکەسیەمان ئەکەینە سەر.

نووسینی : ڕەنج سەنگاوی


سەرچاوەکان



2763 بینین