حوکمی قەرەقوش چییە؟

له‌لایه‌ن: - نه‌ریمان هه‌ڵه‌بجه‌ی - به‌روار: 2020-06-20-15:37:00 - کۆدی بابەت: 282
حوکمی قەرەقوش چییە؟

ناوه‌ڕۆك

حوكمی قه‌ره‌قوش چییه‌ 

(قەرەقوش) ناوی تەواوی (أبو سعيد قراقوش بن عبد الله الأسدي)یە و بە (بهاءالدين قرقوش) ناسراوە. کاربەدەستێکی دەوڵەتی ئەیوبیەکان بووە لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبی، سەرەتا کۆیلەیەکی تورک بوو، بەڵام دواتر ئازاد کراو بووەتە سەرکردەیەکی سەربازی و دواتر قازی لە میسر و ووڵاتی شام، ئەگەر چی حاكمێكی بەهێزی سەردەمی خۆی بووە و سەڵاحەدینی ئەیوبی و ئەسەدەدین شێركۆ پشتیان پێبەستووە ، بەڵام كەسایەتی مجازی ئەو لە مێژودا بەكەسێكی توند و خاوەن بڕیاری سەیروسەمەرە ناسراوەو تەنانەت بوەتە ڕەمز بۆ توندیی و پەڕگیریی، مێژوونوس (الأسعد بن مماتي) کە هاوسەردەمی بووە, کتێبێکی لەبارەوە داناوە بە ناوی (الفاشوش في أحكام قراقوش) وژیان وچیرۆکەکانی ناوبراوی تێدا تۆمار کردووە ، دەڵێن ابن مماتی لەگەڵ قەرەقوش ناكۆكی هەبووەو ئەمەش كاردانەوەی لەسەر نوسینی كتێبەكە هەبووە .

چەند چیرۆکێکی قەرەقووش كە لەو كتێبەدا تۆمار كراون

چیرۆكی یه‌كه‌م 

دەڵێن بازرگانێک شەکوای بۆ لای قەرەقوش هێنا وسکاڵای لە پیاوێک کرد کە پارەی لای ئەو بە قەرز بردووەو نایداتەوە، دواتر قەرەقوش قەرزارەکەی بانگکرد وپێی وت بۆ قەرزەکەی نادەیتەوە؟ ئەوێش وەڵامی دایەوە کە هەموو جار قەرزەکەی بۆ دەباتەوە بەڵام ئەو نابینێت. قەرەقوشیش کابرای بازرگانی بانگکردو بەندیکرد وپێی وت لە بەندینخانە بە تا ئەوکاتەی قەرزارەکە دێت وقەرزەکەت بۆ دێتەوە!

چیرۆكی دووه‌م

جارێک هەڵۆکەی قەرەقووش لە قەفەز دەردەچێت، ئەویش فەرمان دەردەکات کە هەموو دەروازەکانی شاری قاهیرە دابخەن تاوەکو هەڵۆکە هەڵنەیەت.

چیرۆكی سێهه‌م

جوتیارێک هات بۆ لای قەرەقوش سکاڵای لە سەربازێک کرد کە زلەیەکی لە ژنەکەی داوەو منداڵێکی حەوت مانگی لەبارچووە، قەرەقوشیش فەرمانی دەرکرد کە سەربازەکە ژنی جوتیارەکە ببات بۆ ماوەی حەوت مانگ و هەمو مەسرەفێکی بکات، دوای حەوت مانگ بۆی بێنیتەوە.. جوتیارەکە نەیهێشت فەرمانەکەی تەواو بکات دەستی ژنەکەی گرتو هەڵهات...

چیرۆكی چواره‌م

دەڵێن کوڕی بازرگانێکی دەوڵەمەند بەهاوکاری هاوڕێکانی لەبەر دەستبەسەراگرتنی سەروەتی باوکی، دەیەوێت باوکی بە زیندویی بنێژێت، بۆیە دەیبەن بۆ گۆرستان. لەوکاتەیا قەرەقوش تیدەپەڕێت و مەراسیمەکە دەبینێت، کابرای بازرگانیش لەناو تابوتەکە هەڵدەستێتەوەەو رودەکاتە قەرەقوش و دەڵێ من زیندووم ئەوانە دەیانەوێت بە زیندویی بمنێژن تکایە فریامکەوە، قەرەقوشیش بە پیاوەکە دەڵێ یانی ئەم هەمووە درۆدەکەن تەنیا تۆ راست دەکەیت؟ فەرمان دەردەکات بە جێبەجێکردنی مەراسیمی ناشتنەکە!

چیرۆكی پێنجه‌م

دەگێرنەوە کۆمەڵێک جوتیار لە میسر سکاڵای خۆیان دێنن بۆ لای قەرەقوش داوای کەمکردنەوەی باج دەکەن لەسەریان، لەبەرئەوەی بەهۆی سەرماوسۆڵەوە بەرهەمی پەمووی ئەو ساڵەیان لەناودەچێت، قەرەقوش تورە دەبێتو دەڵێ ئەدەم لەملتان ئەگەر کەمتەرخەم بن، برۆن خوری لەتەنیشت پەموو بچێنن تاوەکو پەموەکەتان نەفەوتێت!


سەرچاوەکان



3614 بینین