بزن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-21-13:12:00 - کۆدی بابەت: 336
بزن

ناوه‌ڕۆك

زانیاری گشتی دەربارەی بزنەکان

بزنەکان سەر بە کۆمەڵەی مەڕەکانن، ئاژەڵی مەمکداری گیاخۆری کاوێژکەرن شێوە و پێکهاتەیان زۆر نزیکە لە مەڕەکانەوە، لە بنەڕەتدا نشینگەکەی لە هەندێک چیا و شاخەکانی کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا بووە، بەڵام لە هەزاران ساڵ بە لە ئێستاوە مرۆڤ ماڵی کردووە و لە دەشتەکاندا دەژین، بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و شیرەکەی، پێست و فەرووەکەشی بۆ دروستکردنی جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵ بەکاردێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی لە سروشتدا  لە نێوان ١٠-١٥ ساڵدایە ، بەڵام کاتێ مرۆڤ ماڵی دەکات تەمەنی دەگاتە زیاتر لە ١٥ ساڵ.    

شێوەی دەرەوەی

زۆرینەی خرتەکان یان بزنە نێرەکان دوو شاخیان هەیە، لە ماددەی کیراتین دروستبووە هەمان ماددەیە کە لە پێکهاتەی نینۆکی مرۆڤدا هەیە، بەرزی بزن لە نێوان ٤٠-٨٠ سم دایە، و کێشی لەنێوان ٤٥-٧٧ کگم دایە، خێراییەکەی لە کاتژمێرێکدا دەگاتە ١٧ کم، ئەو فەرووەی جەستەی دادەپۆشێ هاوشێوەی داوە، ڕەنگەکەشی دەکرێت سپی یان ڕەش یاخود قاوەیی بێت، و ئەو دەنگەی کە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتر و دەوروبەریان بەکاریدەهێنن پێی دەوترێت قاڕاندن.

جۆرە بەناوبانگەکانی

بزنەکان زیاد لە سێسەد جۆری جیاوازیان هەیە لە جیهاندا، بەڵام ئەم پێنجە بەناوبانگترینن:

- بزنی شامی: هەروەها پێی دەوترێت بزنی دیمەشق، بە گشتی لە سوریا و لوبنان و قوبروس بەخێودەکرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرهەم هێنانی شیر ڕادەگیرێت، بە ڕەنگە قاوەییە تۆخەکەی و مل و قژە درێژەکەی و قەبارە گەورەکەی تایبەتمەندە، کە قەبارەکەی لە زۆرینەی جۆری بزنەکان گەورەترە، کێشی لە نێوان ٥٠-٦٠ کگم دایە.

- بزنی بورجواری: گەورەترین کێشی هەیە لە نێو هەموو بزنەکاندا، دەکرێت کێشی بگاتە ١٥٥ کگم، تایبەتمەندە بە خێرا گەشەکردنی و بەرهەمێکی زۆری هەیە، ڕەنگی سەری قاوەییە بەڵام جەستەی سپییە.

- بزنی زرایبی: لە بنەڕەتدا بەناوبانگترین توخمی بزنی میسڕییە، تایبەتمەندە بە بەرهەم هێنانی بڕێکی زۆری شیر، هەروەها بە درێژایی ساڵەکە توانای زۆربوونی هەیە.

- بزنی کێوی: شێوەیان زیاتر لە ئاسک دەچێت، هەردوو نێرینە و مێینەکان دوو شاخی درێژ و بەهێزییان هەیە، درێژییەکەی لە نێوان ٢٠-٣٠ سم دایە، بزنی کێوی دەتوانێت بە یەک باز مەودایەکی سێ مەتر و نیوی ببڕێت، ئەمەش هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی بە نێو بەرد و تاشە لێکدووەرەکانی چیا و شاخەکاندا بپەڕێتەوە.

- بزنی حیجازی: ئەم جۆرە لە توخمی بزنە نوێیەکانە، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا لە وڵاتی دورگە عەرەبییەکاندا هەیە و ناوەکەشی لە ئەم جێگانەوە وەرگرتووە، بەڵام لە بنەڕەتدا پاکستانییە.

یەکگرتن و زۆربوون

تەمەنی پێگەیشتن لە بزنەکاندا بە گوێرەی جۆر و تەندروستی و وەرزی لەدایکبوونی دەگۆڕیت، بەگشتی لە تەمەنی ٦-٨ مانگی پێدەگەن، بەڵام هەندێک جۆریان هەیە کە لە سێ مانگییەوە دەگاتە تەمەنی پێگەیشتن، هەروەها بە گوێرەی جۆری بزنەکان کاتی زۆربوون و یەکگرتنیش دەگۆڕێت، بەڵام بە زۆری بزنەکان لە دوو مانگی کۆتایی ساڵدا یەکگرتن ئەنجام دەدەن، ماوەی سکپڕییەکەشی ٥-٦ مانگ دەخایەنێت، بە دواییدا یەک یان دوو بێچووی دەبێت.

پێویستییەکانی بزنە ماڵییەکان

پێش ئەوەی بزن ماڵی بکرێت دەبێت پێویستییەکانی ئامادە بکرێت، کە بریتین لە:

  • دابینکردنی جێگەیەکی سەلامەت، بزنەکە تیایدا خواردن و خواردنەوە و خەوتن ئەنجام بدات، ئاژەڵی دڕندە نەتوانێت هێرشبکاتە سەری و کەش و هەوای نالەباریش پێی نەگات، جێگەکەی وشک و گەرم بێت، و بە دار و دەوەنی بچووک ڕوپۆش کرابێت.
  • دابینکردنی جێگەیەکی جیاواز و تایبەت، بۆ ئەو بزنانەی کە بێچوویان دەبێت یاخود نەخۆشبێت.
  • ناوچەیەکی کراوەی گونجاوی هەبێ بۆ هەواهەڵمژین ڕۆژانە.
  • خۆراکی بۆ دابین بکرێت ، کە بریتییە لە گەڵای درەخت و گژ و گیا و دەوەن و سەوزەوات، وا باشترە دوای ماوەیەک بزنەکان ببرێنە لەوەڕگاکان، و دەبێت شوانێکیان لەگەڵدا بێت.
  • ئاوی سازگاری بۆ دابین بکرێت، لە کاتی زۆربووندا دەبێت ڕێژەکەی زیاتر بێت، و جێگەی ئاوەکەش هەفتانە پاکبکرێتەوە، بۆ ڕێگری کردن لە توشبونیان بە نەخۆشی گوازراوە.
  • گرنگیدان بە تەندروستی و چارەسەرکردنی لە کاتی توشبونی بە کرمەکان، کە ٣٠ ڕۆژ پێش سکپڕبوونی دەبێت کرمەکان لەناوببرێن، هەروەها کۆمەڵێک دەرزی دیکەی بۆ دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە توشبوونی بە نەخۆشیە باوەکانی نێو بزنەکان.


سەرچاوەکان



4931 بینین