یاسای مووچەی فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی

له‌لایه‌ن: - فتحی مستەفا کاخدر - به‌روار: 2020-08-10-15:17:00 - کۆدی بابەت: 345
یاسای مووچەی فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی

ناوه‌ڕۆك

ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو

 

مەبەستی دەرچوواندنی ئەم یاسایە

مادەى یەکەم

مەبەست لەم یاسایە هەموار کردنی مووچەى ئەوانەى حوکمەکانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە بۆ مسۆگەر کردنی ئاستی بژێوی باشتر بە لەبەر چاو گرتنی توانای زانستی و پایەى وەزیفی و شوێنی جوگرافی و ترسناکی و ساڵانی خزمەت و باری کۆمەڵایەتی.

 

ئەوانەى ئەم یاسایەیان لە سەر جێبەجێ دەکرێت

مادەى دووەم

حوکمەکانی ئەم یاسایە پەیڕەو دەکرێت لە سەر فەرمانبەرانی پلە یەکی وەزیفی بەرەو خوار بە پێی خشتەى مووچەکان و خشتەى سەرمووچەکان کە پاشکۆی ئەم یاسایەیە.

 

پلەو سەرمووچەى ساڵانە و ماوەى پلە بەرز کردنەوە

مادەى سێیەم

یەکەم

پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەى ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرز کردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەى مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە کە پاشکۆی ئەم یاسایەیە.

دووەم

 بۆ ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بڕە پارەى مووچەکانی کە هاتووە لە خشتەى مووچەکان، کە پاشکۆی ئەم یاسایەیە ، هەموار بکاتەوە لەبەر رۆشنایی بەرز بوونەوەى رێژەى هەڵاوسان بۆ کەم کردنەوەى کاریگەرییەکانی لە سەر ئاستی بژێوی گشتی فەرمانبەران.([1])

سێیەم

 هەموار کردنەوەى بڕە پارەکانى هاتوو لە بڕگە دووەمی سەرەوە لەم مادەیە بە بنەمادانانی ساڵی بنەڕەتی و رۆژی جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە دەبێت ساڵی بنەڕەتی یەکەم.

 

مووچەى بنەڕەتی فەرمانبەران لە کاتی دامەزراندنیان بە پێی بڕوانامە

مادەى چوارەم([2])

یەکەم: لەگەڵ رەچاو کردنی حوکمەکانی پەیوەست بە وەسفی وەزیفەکان، هەڵگرانی بڕوانامەکانى هاتوو لە خوارەوە یان هاوتاکانیان، دادەمەزرێن بە مووچەکانی هاتوو بە پێی خشتەى مووچە و سەرمووچەى ساڵانە کە پاشکۆی ئەم یاسایەیە.

  • ئەوانەى هەڵگری هیچ بڕوانامەیەکی خوێندن نین لە پلە/10 پایە1 بە مووچەى 140 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى خوێندنی سەرەتایی لە پلە/10 پایە4 بە مووچەى 152 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى خوێندنی ناوەندی لە پلە/9 پایە1 بە مووچەى 185 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى خوێندنی ئامادەیی بە هەموو لقەکانی لە نێوانیاندا ئامادەییە پیشەییەکان لە پلە/8 پایە1 بە مووچەى 240 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى پەیمانگا کە ماوەی خوێندنی پێویست بۆ وەدەست هێنانی 2 ساڵە پاش خوێندنی ئامادەیی و پەیمانگەى مامۆستایان کە ماوەی خوێندنی پێویست بۆ وەدەست هێنانی 5 ساڵە پاش خوێندنی ناوەندی دادەنرێن لە پلە/8 پایە5 بە مووچەى 260 هەزار دینار.([3])
  • هەڵگرانی بڕوانامەى بەرایی زانکۆ (بەکالۆریۆس) لە پلە/7 پایە1 بە مووچەى 296 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى بەرایی زانکۆ لە دەرمانسازی یان پزیشکی ددان یان پزیشکی ڤێتێرنەری یان ئەندازیاری یان هاوتاکانیان کە ماوەى خوێندنی پێویست بۆ وەدەست هێنانیان لە 5 ساڵ کەمتر نییە پاش خوێندنی ئامادەیی لە پلە/6 پایە1 بە مووچەى 362 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى  ماستەر و هاوتاکەی و کۆلیژی پزیشکی عێراقی یان هاوتاکەى کە ماوەى پێویست بۆ وەدەست هێنانی لە 6 ساڵ کەمتر نەبێت پاش خوێندنی ئامادەیی لە پلە/6 پایە3 بە مووچەى 374 هەزار دینار.
  • هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆرا کە ناتوانرێت بەدەست بهێنرین بە کەمتر لە 3 ساڵ پاش بڕوانامەى بەرایی زانکۆ دادەنرێن لە پلە/5 پایە3 بە مووچەى 443 هەزار دینار.([4])

 

دووەم:  ساڵانی خوێندنی تر لە سەر ئەو بڕوانامانەى بڕگەى یەکەمی ئەم مادەیە  ئەژمار دەکرێت بە شێوەی سەرمووچەى ساڵانە بۆ هەر ساڵێکی خوێندن.

سێیەم([5])

أ- ئەگەر فەرمانبەر بڕوانامەیەکی زانکۆیی بەرایی بەدەست هێنا بوو کە ماوەى خوێندنی پێویست بۆ بەدەست هێنانی (5) ساڵ بێت پاش خوێندنی ئامادەیی هاتوو لە بڕگە (ز) لە بڕگەى یەکەمی ئەم مادەیە و مابێتەوە لە یەکێک لە وەزیفەکانی دەکەوێتە پلەى حەفتەم لە ریزبەندی پلەکان لە رێکەوتی 1/1/2008، دەگوازرێتەوە بۆ پلەى شەشەم و بە مووچەى پایەی یەکەم لەگەڵ ئەژمار کردنی ماوەى خزمەتی وەزیفی کە بەسەری بردووە لە پلەى حەفتەم بۆ مەبەستەکانی سەرمووچە و پلە بەرز کردنەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو پلەی شەشەمی گرتبوو بە هۆی (پلە بەرز کردنەوە) بە پێی ئەم یاسایە ئەوا تەنیا ئەو ماوەى خزمەتی وەزیفی کە بەسەری بردووە لە پلەى حەفتەم  ئەژمار دەکرێت بۆ مەبەستەکانی سەرمووچە و پلە بەرز کردنەوە.

ب- فەرمانبەر کە بڕوانامەى ماستەر یان هاوتاکەى یان کۆلیژی پزیشکی عێراقی یان هاوتاکەى بەدەست هێناوە، کە هاتووە لە بڕگەى (ح) لە بڕگەى یەکەم لەم مادەیە و پێش 1/1/2008 دامەزراوە و تا ئێستاش ماوەتەوە لە یەکێک لە وەزیفەکانی کە دەکەوێتە پلەى شەشەم، مووچەى پایە سێیەمی لەپلە حەفتەمی پێ دەدرێت لەگەڵ پارێزگاریکردن لە ماوەى خزمەتی وەزیفی کە بەسەری بردووە لە پلەى شەشەم بۆ مەبەستەکانی سەرمووچە و پلە بەرز کردنەوە.

ج- فەرمانبەری کە بڕوانامەى دکتۆرا یان هاوتاکەى بەدەستهێناوە و دامەزراوە لە پێش 1/1/2008 و تائێستا یەکێک لە وەزیفەکانی گرتووە لە پلەى پێنجەم، مووچەى پایە سێیەمی ئەم پلەیەی پێ دەدرێت و دووبارە تەسکین دەکرێتەوە لە ژێر رۆشنایی ئەم پلەیە لەگەڵ پارێزگاری کردن لە ماوەى خزمەتی وەزیفی کە بەسەریبردووە بۆ مەبەستەکانی سەرمووچە و پلە بەرز کردنەوە.

د- خێرا کردنی بەرز کردنەوەى ناونیشانی وەزیفی ئەو فەرمانبەرەى کە لە ماوەى خزمەتی وەزیفیدا بڕوانامەیەکی بەرزتر بەدەست دەهێنێت لە بواری پسپۆرییە وەزیفییەکەى کە پیادەى دەکات لە فەرمانگەکەى بە پێدانی ناونیشانێکی وەزیفی بۆ هەردوو ساڵ لە رێکەوتی دەرچوونی (تخرج) تا دەگاتە پلەى ئێستای بە پێی ئەم مەرجانەى خوارەوە:

1 - هەبوونی ناونیشانی وەزیفی لە میلاک کە بسازێت لەگەڵ پەیکەری رێکخشتنی فەرمانگەکە، کە فەرمانبەرەکە تێیدا کار دەکات.

2 - دەبێت فەرمانبەرەکە خولێکی پێشخستن ببڕێت بۆ هەر ناونیشانێکی وەزیفی لە پسپۆی کارەکەى بە مەرجێک ماوەى خولەکە لە 2 هەفتە کەمتر نەبێت.

هـ - لە جێبەجێ کردنی بڕگەکانی (أ، ب، ج، د) هیچ جیاوزییەکی دارایی خەرج ناکرێت.

 

 سەرمووچەى ساڵانە

مادەى پێنجەم

سەرمووچەى ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە 9ى ئەم یاسایە.

 

پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەر

مادەى شەشەم

یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەى فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەى پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی.([6])

 

مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەر

مادەى شەشەم

دووەم: هەبوونی ئەم مەرجانەى کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە:

أ هەبووونی پلەى بەتاڵ یان وەزیفەى بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەى کە تێیدایە لەنێو (ضمن) میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەى.

ب_ تەواوکردنی ماوەى بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەى ژمارە 1. ([7])

ج_ دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆى کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە.

د- سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە  نیاز وایە پلەکەى بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەى سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا.

 

پێکهێنانی لیژنەى پلە بەرز کردنەوە

مادەى حەفتەم([8])

یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکى پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەى لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەى وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ  بینینی داواکارییەکانی پلە بەرز کردنەوە لە ماوەى 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرز کردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ى ئەم یاسایە.

دووەم: فەرمانی پلە بەرز کردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرز کردنەوەکەشى جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەکەى.

مادەى هەشتەم

یەکەم: ئەگەر مووچەى فەرمانبەری پلە بەرز کراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەى بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەى پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەى هاوتا بێت.

دووەم: ئەگەر مووچەى فەرمانبەری پلە بەرز کراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەى کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەى پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.

 

پلە بەرز نەکردنەوەى فەرمانبەر بەهەر هۆیەک بێت

مادەى نۆیەم

یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەى بەرز بکرێتەوە بۆ پلەى دواتر یان پێدانی سەرمووچەى ساڵانەى بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەى مووچەى پلەکەى، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەى ساڵانەى پێ بدرێت لە پلەى دواتری پلەکەى خۆی.

دووەم: فەرمانبەری پایە 11ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەى بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەى پلە باڵاکان (ب) ([9])

 

دەرماڵەکان ([10])

 

 دەرماڵەى پایە

مادەى دەیەم

یەکەم: 30 % مووچەى بنەڕەتی ئەوانەى پایەی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتییان هەیە و لە پەیکەری رێکخستنی فەرمانگەکەى هاتبێت.

دووەم: 25 % مووچەى بنەڕەتی بۆ سەرپەرشتیارانی پسپۆری و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و پەیمانگەکان و فێرکردنی پیشەیی.

سێیەم: 25 % مووچەى بنەڕەتی بۆ ئەوانەى کە پێکهاتەیەک بەڕێوە دەبەن کە لە خوار ئاستی فەرمانگە بێت و لە پەیکەری رێکخستنی فەرمانگەکەى هاتبێت.

چوارەم: 20 % مووچەى بنەڕەتی بۆ ئەوانەى پایەى بەڕێوەبەرانی بەشیان هەیە.

پێنجەم: 15 % مووچەى بنەڕەتی بۆ یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکان و پەیمانگەکان و فێرکردنی پیشەیی و یاریدەدەری بەڕێوەبەرانی پێکهاتەکانی هاتوو لە هەردوو بڕگەى (سێیەم و چوارەم)ى ئەم مادەیە و سەرۆکی هۆبەکان.

دەرماڵەى بڕوانامە

مادەى یازدەیەم([11])

یەکەم: پێدانی دەرماڵەی بڕوانامە بە پێی ئەم رێژانەى  لە خوارەوە هاتوون:

أ- 100 % لە مووچەى بنەڕەتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆرا و هاوتاکەى.

ب- 75 % لە مووچەى بنەڕەتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەى ماستەر و هاوتاکەى.

ج - 55 % لە مووچەى بنەڕەتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەى دبلۆمی باڵا کە ماوەی خوێندنەکەى لە 1 ساڵی خوێندن کەمتر نەبێت پاش خوێندنی زانکۆ.

د- 45 % لە مووچەى بنەڕەتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەى بەرایی زانکۆ (بکالۆریۆس).

هـ - 35 % لە مووچەى بنەڕەتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەى دبلۆمی هونەری و مامۆسایان کە هیچێک لەم بڕوانامانەى بڕگەکانی (أ) و (ب) و (ج) و (د) سەرەوەیان بەدەست نەهێناوە.

و- 25 % لە مووچەى بنەڕەتی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەى دواناوەندی بە گشت لقەکانی (زانستی، وێژەیی) و ئامادەییە پیشەییەکان.

دووەم: پێدانی دەرماڵەى پیشەیی بە رێژەى 15 %ی مووچەى بنەڕەتی کە هەڵگری بڕوانامەکانی هاتوو لە بڕگەى (1)ى ئەم مادەیە نين.

 

 

دەرماڵەى شوێنی جوگرافی

مادەى دوازدەیەم([12])

دەرماڵەى شوێنی جوگرافی دەبەخشرێت بە پێی کە لە خوارەوە هاتووە:

یەکەم: 60000  دینار بۆ ئەوانەى لە شوێنە دوورەدەستەکان کار دەکەن.

دووەم: (50000)  دينار بۆ ئەوانەى لە شوێنە لادێییەکان کار دەکەن.

سێیەم: (40000)  دينار بۆ ئەوانەى لە ناوەندی ناحیەکان کار دەکەن جگە لە ناحیەکانی دەکەوێتە ناوەندی پارێزگاکان و قەزاکان.

چوارەم: (30000)  دينار بۆ ئەوانەى لە ناوەندی قەزاکان کار دەکەن جگە لە قەزاکانی ناوەندی پارێزگاکان.

پێنجەم: (20000) دينار بۆ ئەوانەى کە لە ناوەندی پارێزگاکان کار دەکەن کە هۆی گوستنەوەى خۆڕاییان نییە.([13])

 

دەرماڵەى ترسناکی

مادەى سێزدەیەم

لە دەسەڵاتی وەزیرە یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەتە بە پێدانی دەرماڵەى ترسناکی پیشەیی لە نێوان (20 % تا 30 %)ی مووچەی بنەڕەتی بە پێی رێنماییەک کە لە وەزارەتی دارایی دەردەچێت([14]) & ([15])

دەرماڵەى خێزان و منداڵ:

مادەى چواردەیەم:([16]) & ([17])

یەکەم:

دەرماڵەى خێزان

أ- فەرمانبەر یان هاوسەرەکەى (کە فەرمانبەر بێت) دەرماڵەى خێزانی پێ دەدرێت بە بڕی (50000) دینار .

ب- فەرمانبەری ئافرەت کە هاوسەرەکەى فەرمانبەر نییە واتە (کاسبە) دەرماڵەى خێزانی هاتوو لە بڕگەى (أ)ی پێ دەدرێت.

ب - فەرمانبەری ئافرەتی بێوەژن یان فەرمانبەری پیاوی بێوەمێرد و فەرمانبەری ئافرەتی تەڵاقدراو  دەرماڵەى خێزانی هاتوو لە بڕگەى (أ)ی پێ دەدرێت.

دووەم: دەرماڵەى منداڵ

دووەم: پێدانی فەرمانبەری هاوسەرگیر (متزوج) دەرماڵەى منداڵ بە بڕی (10000) دینار بۆ هەر منداڵێک تا منداڵی چوارەم (بە منداڵی چوارەمیشەوە)، هەروەها پێدانی ئەم دەرماڵەیە بەو فەرمانبەرە ئافرەتەى کە هاوسەرەکەى کاری تر دەکات (فەرمانبەر نییە).

سێیەم:

أ- فەرمانبەری ئافرەتی بێوەژن یان فەرمانبەری پیاوی بێوەمێرد  دەرماڵەى خێزانی هاتوو لە بڕگەى دووەمی ئەم مادەیەی پێ دەدرێت بە مەرجێک منداڵەکانی مووچەیەکی خانەنشینی وەرنەگرن.

ب- فەرمانبەری ئافرەتی تەڵاقدراو لە کاتی لەباوەش گرتن و بەخێو کردنی منداڵەکانی لە کاتی تەڵاق یان جودابوونەوە بە پێی بڕیارێکی دادوەری بنبڕ، دەرماڵەى منداڵی پێ دەدرێت و ئەم دەرماڵەیە لە مێردەکەى رادەگیرێت ئەگەر هاتوو تێچووی شەرعی بۆ دیاری کرا بێت یان نا.

چوارەم:

أ- خەرج کردنی دەرماڵەکانی هاتوو لە بڕگەى دووەمی ئەم مادەیە بەردەوام دەبێت بۆ کوڕ تا تەمەنی 24 ساڵی تەمەنی ئەگەر هاتوو بەردەوام بوو لە سەر خوێندن و رادەگیرێت لە کاتی تەواو کردنی 18 ساڵی تەمەنی ئەگەر خوێندنی بەجێ هێشت بوو.

ب- خەرج کردنی دەرماڵەکانی هاتوو لە بڕگەى دووەمی ئەم مادەیە بەردەوام دەبێت بۆ کچ ئەگەر هاتوو هاوسەرگیری نەکرد بوو یان فەرمانبەر نەبوو.

 

 دەرماڵەى تایبەت

مادەى پازدەیەم([18])

بۆ ئەنجوومەنی وەزیران هەیە بە پێدانی دەرماڵەی تایبەت کە زیاتر نەبێت لە (50 %)ى مووچەى بنەڕەتی سەرباری دەرماڵەکانی تر کە لە سەرەوە هاتووە بۆ چارەسەر کردنی هەر بارودۆخێک یان بارێکی تایبەت.

 

  200 % ى دەرماڵە

مادەى شازدەیەم

نابێت کۆکراوەی گشت دەرماڵەکان لە 200 % ی مووچەی بنەڕەتی تێپەڕبێت جگە لە دەرماڵەکانی (تایبەت و خێزان و منداڵ)

کاری سەرەڕایی

مادەى حەڤدەیەم

بۆ وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لەلایانەوە هەیە، کە داوا لە فەرمانبەران بکات بۆ کاری سەرەڕایی پاش کاتەکانی کار کردنی ئاسایی (بە مەرجێک لە 3 کاتژمێر زیاتر نەبێت) و پێدانیان کرێی ئەم کاتژمێرە کار کردنانە بە پێی رێنماییەک کە وەزارەتی دارایی و ئابووری دەری دەکات و پێدانی ئەم کرێیەش ئەژمار ناکرێت لە رێژەى بەدەری 200 % کە لە مادەى 16 باس کراوە.([19])

مادەى هەژدەیەم

فەرمانبەرانی وەزارەتەکان و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەوانەى یاساکانی خزمەتی تایبەت دەیانگرێتەوە، بەردەوام دەبن لە سەر وەرگرتنی دەرماڵەکانی کە پێیان دراوە بە پێی ئەم یاسایانە لەگەڵ رەچاو کردنی حوکمەکانی مادە 16ی ئەم یاسایە.

مادەى نۆزدەیەم

 فەرمانبەرانی هەر سێ دەستەى سەرۆکایەتییەکە (ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران) و فەرمانبەرانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ لە سەربازییەکان بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی دەرماڵەکانی کە پێیان دراوە لە شوێنی ئەم دەرماڵانەى لەم یاسایەدا هاتوون تا دەرچوونی یاساکانی تایبەت بە خۆیان.

مادەى بیستەم

هەڵوەشاندنەوەى هەردوو مادەى سێیەم و پێنجەم لە یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ى ساڵی 1960 هەموار کراو.

مادەى بیست و یەکەم

 هەڵوەشاندنەوەى فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانانی کاتی (هەڵوەشاوە) ژمارە 30ى ساڵی 2003.

مادەى بیست و دووەم

وەزیری دارایی هەڵدەستێت بە دەرچوواندنی رێنماییەکانی پێویست بۆ ئاسان کردنی جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە.([20])

مادەى بیستە و سێیەم

ئەم یاسایە بڵاو دەکرێتەوە لە رۆژنامەى فەرمی و جێبەجێ دەکرێت لە 1/1/2008ـەوە.

 

[1] لە 21/8/2013 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە لە یاسای سەرەوە و بەبڕیاری ژمارە (352 ی ساڵی 2013) مووچەی فەرمانبەرانی كۆتاپلەكان زیاد كرد لە پلە 10 تاكو 4ی ریزبەندی پلەی وەزیفی لە سەر مووچەی بنەڕەتی (پلە 10 بە ڕێژەی 114% ، پلە 9 بە ڕێژەی 78%، پلە 8 بە ڕێژەی 54%، پلە 7 بە ڕێژەی 42%، پلە 6 بە ڕێژەی 27%، پلە 5 بە ڕێژەی 14%، پلە 4 بە ڕێژەی 4%) وەكو لە خشتەی نوێی مووچە كە لە پاشتر دیاری كراوە. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كەوا مووچەكانیان كەمە و بە تایبەتی دواپلەكانی ریزبەندی وەزیفی و ئەم بڕیارەش لە 1/1/2014ەوە جێبەجێ دەكرێت بەڵام تا ئێستا لە عێراقیش جێبەجێ نەکراوە لەبەر کورت هێنانی بودجە.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە (366 ی ساڵی 2015) دەستکاری مووچەى بنەڕەتی کردووە کە لە بەشی هەشتەمی ئەم کتێبە باس دەکەین.

[2] بە پێی مادە1 بڕگە یەکەم لە  یاسای ژمارە 103 ى ساڵی 2012 هەموار کرایەوە، کە لە ژمارەى 426 لە 31/12/2012ى رۆژنامەى وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.

 

[3] پاش تەواو کردنی یەک ساڵی خزمەت ناونیشانەکەى دەگۆڕدرێت.

 

[4] بە پێی مادە1 بڕگە یەکەم لە  یاسای ژمارە 103 ى ساڵی 2012 هەموار کرایەوە ، کە لە ژمارەى 426 لە 31/12/2012ى رۆژنامەى وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.

 

[5] ئەم بڕگەیە زیاد کرا مادەى1 بڕگەی دووەم لە بە پێی یاسای ژمارە 103 ى ساڵی 2012.

 

[6] تکایە بڕوانە رێنمایی دارایی ژمارە 2ى ساڵی 2011 سەبارەت بە پلە بەرز کردنەوەى ئەوانەى کە تازە دادەمەزرێن. و هەروەها بە پێویستی دەزانین کەوا سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکەن

 www.mof.krg.org

[7]  1 - لە پلەكانی (2 و 3 و 4 و 5) بریتییە لە تەواو كردنی ماوەی یاسایی كە  (5) ساڵ بەسەر دوا رێکەوتی پلە بەرز کردنەوەى پێشووی تێپەڕیبێت..

2 - لە پلەكانی (6 و 7 و 8 و 9 و 10) بریتییە لە تەواو كردنی ماوەی یاسایی كە  (4) ساڵ بەسەر دوا رێکەوتی پلە بەرز کردنەوەى پێشووی تێپەڕیبێت..

3 - گۆڕینی مووچە و ناونیشانی فەرمانبەران لە پلە 2 بۆ پلە 1 بەپێى  نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری ژمارە 284 لە 18/1/2015 ڕێکخراوە. بەم شێوەیەى خوارەوە:

1 - دیاری کردنی مەرجەکانی گۆڕینی ناونیشان بۆ (شارەزا، راوێژکاری یاسایی و دارایی و کارگێڕی و هونەری ... هتد) بەم شێوەیەی خوارەوە:

دەرچووی کۆلیژ بێت بە سەرەوە، 17 ساڵ خزمەتی وەزیفی کردەیی هەبێت، 5 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت لە پلە (2). هەبوونی پلەى بەتاڵ لەمیلاکی پەسندکراو، توێژینەوەیەک پێشکەش بکات بە لیژنەکە لەبواری پسپۆری خۆیدا =

=کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە پەسند کرابێت و لەگەڵ بڕوانامەى خوێندنی و شوێنی کار کردنی بگونجێت، 10 ساڵ بەسەر بڕوانامەى کۆلیژی تێپەڕبوو بێت کە بەدەستی هێناوە.

2 - دیاری کردنی مەرجەکانی گۆڕینی ناونیشان بۆ (یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی):

 دەرچووی کۆلیژ بێت بە سەرەوە، 17 ساڵ خزمەتی وەزیفی کردەیی هەبێت، 5 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت لە پلە (2). هەبوونی پلەى بەتاڵ لە میلاکی پەسند کراو، گۆڕینی ناونیشانی بە دانان بێت نەوەک بە هەڵسان، لە هەیکەلی رێکخستن هەبێت.

3 - دیاری کردنی مەرجەکانی گۆڕینی ناونیشان بۆ (بەڕێوەبەری جێبەجێکار): دەرچووی پەیمانگا بەرەو بەسەرەوە، 17 ساڵ خزمەتی وەزیفی کردەیی هەبێت بۆ دەرچووی کۆلیژ و 20 ساڵ خزمەتی وەزیفی کردەیی هەبێت بۆ دەرچووانی پەیمانگا،، 5 ساڵ خزمەتی وەزیفی هەبێت لە پلە (2). هەبوونی پلەى بەتاڵ لە میلاکی پەسندکراو، لێپرسراوی فەرمانگەیەکی سەربەخۆ بێت یاخود لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتییەک بێت لە پەیکەری رێکخستن هەبێت.

[8] بە پێی مادە2 لە  یاسای ژمارە 103 ى ساڵی 2012 هەموار کرایەوە ، کە لە ژمارەى 426 لە 31/12/2012ى رۆژنامەى وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.

 

[9] ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەرێك پلەی بەرز بكرێتەوە بۆ پلەیەكی بەرزتر، بە هەر هۆیەك بێت یان بە هۆی بڕوانامەكەی بێت ئەوا بە سەرمووچەی ساڵانەی پێ دەدرێت و بە سەرمووچە مووچەی دەچێتە پلەیەكی بەرزتر بەڵام ناونیشنی ناگۆڕدرێت.

نموونە: فەرمانبەرێك خزمەتی زۆری هەیەو  بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی دبلۆم یان بكالۆریۆس پلەی بەرزنابێتەوە=

= بۆ پلە 1ی وەزیفی و لە پلەی 2 مەرتەبە 5 دایە، كەوا پێویستە پلەی بەرز ببێتەوە بەڵام بە هۆی بڕوانامە ناتوانرێت پلەكەی بەرز بكرێتەوە لەو حاڵەتەدا بە سەرمووچەی ساڵانە مووچەی دەڕوات واتە (پلە 2، مەرتەبە/6، 7، 8، 9 ، 10، 11، 12، 13...هتد) • لە خشتەی ژمارە 1 لە هەموو پلەكان تەنیا تا 11 مەرتەبە هەیە كەواتە مەبەست لە 12 و 13.. هتد )چیە؟

مەبەستە مووچەكەی دەچێتە مووچەی پلە 1 مەرتەبە 1 واتە تەنیا مووچەكەی دەبێتە پلە یەك بەڵام ناونیشانەكەی ناچێتە پلە 1 و هەر لە پلە 2 دەمێنێتەوە واتە (پلە 2 مەرتەبە 13، 14، 15، هتد).

 

[10]  تکایە بڕوانە رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بکرێت ژمارە 8ى ساڵی 2009 .

 

[11]  تکایە بڕوانە رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بکرێت ژمارە 19ى ساڵی 2010 تایبەت بە بڕوانامە..

 

[12]  تکایە بڕوانە رێنمایی دارایی ژمارە 10ى ساڵی 2012 ..

 

[13]  واتە ئەو فەرمانبەرانەى بە ئۆتۆمبیلی فەرمانگەکانیان هاتووچۆ دەکەن ئەم دەرماڵەیەیان بۆ خەرج ناکرێت.

 

[14] لە هەرێمی کوردستان بە چەندین رێنمایی کە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دەرچووە بە خەرج کردنی دەرماڵەى ترسناکی لەبەر زۆرى رێنماییەکان بەپێویستی دەزانین کەوا سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکەن www.mof.krg.org

 

[15] لە هەرێمی کوردستان ئەم دەسەڵاتە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە نەک وەزیر و سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت.

 

[16] تکایە بڕوانە رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە 40 و 49ى ساڵس 2008.

[17] ئەم مادەیە بە پێی مادە 3 لە یاسای ژمارە 103ى ساڵی 2012  هەمواری یەکەمی  یاسای ژمارە 22ى ساڵی 2008 هەموار کراوەتەوە.

 

[18]  لە هەرێمی کوردستان بە چەندین رێنمایی کە لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دەرچووە بە خەرج کردنی دەرماڵەى ترسناکی لەبەر زۆرى رێنماییەکان بە پێویستی دەزانین سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکەن:

 www.mof.krg.org

[19]  تکایە بڕوانە رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ژمارە 4ى ساڵی 2009 تایبەت بەکاری سەرەڕایی.

 

[20] تکایە بڕوانە رێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ژمارە 21ى ساڵس 2008 .

 


سەرچاوەکان



6989 بینین