بنەماکانی پێشوازیکردن لە میوانەکان

له‌لایه‌ن: - كارزان دوكانی - به‌روار: 2020-08-13-02:21:00 - کۆدی بابەت: 350
بنەماکانی پێشوازیکردن لە میوانەکان

ناوه‌ڕۆك

ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكە

  • پێویستە لە سەرەتاوە بەڕوویەكی گەش و خەندە ئامێزەوە پێشوازی لە میوانەكان بكەیت ، چونكە یەكەم وێناكردن باڵ بەسەر ڕێڕەوی دواتری سەردانەكەدا دەكێشێت .
  • كردنەوەی دەرگەی ئاپارتماناكە یان بەخێرهاتنی میوانەكان لە كاتێكدا هێشتا جلی ماڵەوەت لەبەردایە هەڵەیە ، جا پیاو یان ئافرەت بێت جیاوازی نییە .
  • خۆت دەرگای ئاپارتمانەكە بكەرەوە ، چونكە ئەو كارە ئەوە وێنا دەكات لای ئەوان كە چەندە گرنگن لە لای تۆ ئەمەش دڵخۆشیان دەكات .
  • بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی كە چەندە سەر بەرزیت پێیان و خۆشت دەوێن پێویست بە ماچی زۆر ناكات ، تەنها دوو ماچ یان سڵاوكردن بە دەست بەسە .
  • فەرمووی میوانەكان بكە بۆ دانیشتن .
  • پێویستە بە ماوەیەكی باش بەر لە میوانەكان گرنگی بە پاك و خاوێنی گەرماوەكەت بدەیت .
  • ئەگەر تۆ میوان بوویت (پیاو بیت یان ئافرەت) گەرماوەكەت بەكارهێنا ، ئەوا ئاگادار بە بە خاوێنێ بە جێی بهێڵیت .
  • ئەگەر بانگهێشتی ژمارەیەكی زۆر خەڵكت كردبوو دەبێت ڕەچاوی ئەوە بكەیت كە ئەو كەسانە بەیەكەوە هەڵ بكەن وتا ڕادەیەك لە یەكەوە نزیك بن و پێكەوە بگونجێن ، تا لە كاتی میوانیەكەدا دەمەبۆڵە لە نێوانیاندا ڕوونەدات .
  • لە كاتی قسەكردنی ئەوانی دیكەدا بە سەرنجەوە گوێیان لێ بگرە ، هەوڵ مەدە بۆ سەپاندنی بیروڕای خۆت قسە بەوانی تر ببڕیت .
  • پێویست بە گاڵتەبازی لە ڕادەبەدەر ناكات چونكە دەبێـتە هۆی تەنگەتاو كردنی لایەنەكەی تر .
  • ئەو هاوڕێیەت كە هاوسەرگیری نەكردووە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەتدا بانگهێشت مەكە كە هاوسەرگیریان ئەنجام داوە .
  • یەكێك لە بەخشندەییەكانی میوانداری ، پێشكەشكردنی چا یان قاوە و هەندێك شیرینییە ، یان ئێوارە خوانێكی سادە ئەگەر سەردانەكە سەردانێكی ئاسایی بوو .
  • ئەگەر بوویتە هۆی بێزاركردنی كەسێك ، ئەوا دەست بەجێ داوای لێبووردنی لێ بكە .
  • دوای تەواو كردنی نانخواردن بە باشتر دەزانرێت دانیشتنەكە بگوازرێـتەوە بۆ هۆڵی دانیشتن بۆ خواردنەوەی قاوە یان چا .
  • پیاو دەبێت هەستێتە سەرپێ كاتێك خانمێك دێتە پێشەوە بۆ تەوقەكردن "بە دڵنیاییەوە ئەگەر مەحرەم بێت بەڵام جگە لە مەحرەمەكان حەرامە و نابێـ بكرێت" ، هەروەها دەبێـ پیاو هەستێتەوە ئەگەر خانمی ماڵەكە چا یان قاوەی هێنا .
  • پێویستە زیاد لە جۆرێك خواردنەوە و شیرینی دابنرێت تا هەلی ئەوە بسازێنیت بۆ میوان بە خواستی خۆی هەڵبژێرێت لە نێوانیاندا و ، دەكرێـت لە دوای تەواو بوونیان میواندار پرسیار لە میوانەكانی بكاتك ە ئایا خواردنەوەیەكی تر دەخۆنەوە یان نا .
  • هەوڵ مەدە لەبەرچاوی میوانەكانت خۆت لە ئاستێكی بەرزتر لە ئاستی خۆت یان ئەوان پیشان بدەیت ، چونكە ئەمە بە خراپ بەسەر خۆتدا دەشكێتەوە .
  • مەهێڵە منداڵەكەت لە باوەشی یەكێك لە میوانەكان دابنیشێت ، یان دەست بۆ دەم و لوتی ببات ، یان هەرشتێكی تری لەو جۆرە بكات. (هەمان شت بەسەر پشیلەشدا جێبەجێ دەكرێـت.)
  • لە كۆتاییدا.. خەندە و دەنگی نزم دوو كلیلەكەی پەیوەندی چاك و پەسەندن .


سەرچاوەکان



1563 بینین