چۆن زه‌کات ڕێکبخرێت؟

له‌لایه‌ن: - بیلال ئیسماعیل حه‌مه‌ - به‌روار: 2020-08-14-18:49:00 - کۆدی بابەت: 358
چۆن زه‌کات ڕێکبخرێت؟

ناوه‌ڕۆك

زه‌كات چییه‌

زه‌كات یه‌كێكه‌ له ‌پێنج روكنه‌كان‌ی ئیسلام كه‌ فه‌رزن ، فه‌رزبوونیان به ‌به‌ڵگه‌ی ئایه‌ت و فه‌رمووده‌و كۆڕا (ئیجماع)ـە‌.

ئامانجی زه‌كات

زەکات، لە ڕەهەندە ئاینییەکەیەوە، سەرەڕاى ئەوەى ئەرکێکى ئیمانییە، ئامانجی لەناوبردن و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەندەکانە، لە بنەڕەتەوە سیستەمەکە ئامانجی فەراهەمکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، بەم چەشنە دەیەوێت لینکێک لە نێوان هەژارو دەوڵەمەندەکاندا دروست بکات و ئیتر ئەو دوو چینەیش لێکتری نزیک ببنەوە.

شێوازی کۆکردنەوەو بەخشینی زەکات، قسەگەلێکی زۆر هەڵدەگرێت، ئەو شێوازەی کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت، شێوازێک نییە کە بە سیستماتیک بەڕێوە بچێت، بەڵکو لێوانلێوە لە ناڕوونی و بێ سەرووبەرەیی. ئەوەی کە پێویستە بۆ زەکات، ڕێکخستن و دانانی میکانیزمێکە کە ئامانجە کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئابووریيەکانی زەکات بەدی بهێنێت.

پڕۆسەی زەکات و، بڕەکەیشی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا دیاری کراوە کە بڕە پارەیەکە خوداوەند لەسەر دەوڵەمەندەکان فەرزی کردوە بۆ ئەوەی ببەخشرێت بە هەژارەکان. ئەمە بۆخۆی ئامانجێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە کاریگەری لەسەر هەردوو چینەکەی کۆمەڵگا دەبێت.

ئایا ئەو زەکاتەی ئێستا لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەبەخشرێت، ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی پێکاوە؟ یاخود توانیویەتی هەژارى لەناوبەرێت؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر،  تا ئێستا زەکات نەبووە بە هۆکاری لەناوبردنی هەژاری، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، ڕۆڵەکەی تەنها ئارامکەرەوەیەکی کاتییە و، بۆ ماوەیەکی کورت هەژارەکان لێی سودمەند دەبن، لەگەڵ نەمانیدا، هەژارەکان دەچنەوە هەمان بارودۆخی خۆیان.

هۆکاری ناکاریگەری زەکات، نەبوونی دامەزراوەیەکی فەرمی متمانە پێکراوە کە بەو ئەرکە هەستێت. ئەرکی دەزگاکە دەستنیشانکردنی ئەو کەسانە بێت کە پێویستە زەکات بدەن و، زەکاتبەخشەکانیش پارەکانیان بدەن بەو دامەزراوەیە، هەروەها دەستنیشانکردنى ئەوانەى شایستەن زەکات وەرگرن.

دامەزراندنی دەزگایەکی لەم شێوەیە، بۆ ئێستای کۆمەڵگای کوردی هەم ئەستەمە و هەمیش زەروورە. لەو ڕوویەوە ئەستەمە چونکە خەڵکی متمانەیان بە دامەزراوە فەڕمییەکان نەماوە و، خەڵکی هەوڵدەدات پارەی خزمەتگوزاری گشتی نەدات، بەشێکی زۆریش خۆیان دەشارنەوە لە باجدان و، ئەستەمە لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەم توێژە ئەو قەناعەتەیان لا دروست ببێت کە زەکات ڕادەستی ئەو دامەزراوەیە بکەن، لە لایەکی دیکەیشەوە ئەوانەی کە زەکات دەدەن خۆیان ڕاستەوخۆ هەڵدەستن بە بەخشینەوەی. گەر حکومەتیش کارێکی لەو شێوە بکات، بێگومان خەڵکی بەهانایەوە ناچێت چونکە شتێک نەماوە ناوی متمانە بێت. بەڵام دروستکردنی دەزگایەکی لەو شێوەیە گرنگە چونکە پڕۆسەی زەکات دەبێتە شتێکی سیستماتیک و کاریگەریشی دەبێت و نزیک دەبێتەوە لە بەدیهێنانى ئامانجەکانى.

بۆئەوەی زەکات کاریگەری هەبێت و ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، پێویستی بە دامەزراندنی دەزگای سەربەخۆ هەیە، کە هەستێت بە ڕێکخستن و دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی.

میكانیزمه‌ پێویسته‌كانی دابه‌شكردنی زه‌كات 

ئەو میکانیزمانەی کە زەروورن بۆئەوەی زەکات بتوانێت ئامانجەکانی خۆی بهێنێتەدی. بەبۆچونی من گەر ئەم خاڵانە ڕەچاوبکرێت، ئەوا زەکات دەتوانێت نزیک ببێتەوە لە ئامانجەکانی خۆی و، لەڕەهەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەوە سوود بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت.

پێكهاته‌ی ده‌سته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات بۆ هه‌ر‌ شارێك 

1. چەند زانایەکی ئایینی.

2. نوێنەرانی ئەو کەسانەی زەکات دەبەخشن.

3. چەند ئابووریناسێک.

4. چەند ژمێریارێک.

كاره‌كانی ده‌سته‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زه‌كات

1. کۆکردنەوەی زەکات.

2. گەڕان و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە شایستەی ئەوەن زەکاتیان پێببەخشرێت.

3. دابەشکردنى زەکاتەکە.

4. سندوقێک بۆ ئەو بڕە پارە و کاڵا و شمەکانە دیاری بکرێت و، لەلایەن هەمان دامەزراوەوە سەرپەرشتی بکرێت.

5. بە گوێرەى پێوەرە شەرعیەکان لیستێک لە ناوى ئەو کەسانەى ماڵەکەیان پێ دەشێت لە شایستەترینەوە ریزبەندى بکرێت، گرنگى ئەم لیستە لەوەدایە بۆ ساڵانى داهاتو سودى لێوەردەگیرێت، وەک بانکێکى زانیارى هەڵدەگیرێت.

6. ساڵ لە دواى ساڵ هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەى ژمارەى هەژاران کە لە لیستەکەدا هەیە کەم بکرێتەوە، ئەویش لە رێگەى چارەسەرکردنى کێشەى سەرەکییانەوە و رزگارکردنیان لە هەژارى، ئەوەش دەکەوێتە سەر وردى و تواناى ئەو دەستەیەى کارەکە بە ڕێوە دەبەن.

7. دەستەکە بە دواى رێگارە چارەکانى نەهێشتنى هەژاریەوە بن لاى ئەو کەسانەى لەو لیستەدا ناویان هەیە، ئەویش لە رێگەى پەیوەندى کردن بە کەس و دامەزراوە شارەزا و پسپۆڕەکان. 


سەرچاوەکان



1337 بینین