یاسای خزمەتی زانکۆیی

له‌لایه‌ن: - فتحی مستەفا کاخدر - به‌روار: 2020-08-15-23:14:00 - کۆدی بابەت: 367
یاسای خزمەتی زانکۆیی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاسای خزمەتی زانكۆیی ژمارە 23ی ساڵی 2008 هەموار کراو

كاروباری فەرمانبەرانی خزمەتی زانكۆیی بە یاسای خزمەتی زانكۆیی ژمارە 23ی ساڵی 2008 و یاسای مووچەی فەرمانبەران ژمارە 22ی ساڵی 2008 و  یاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە 40ی ساڵی 1988 و یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960 و یاسای رێككاری فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 14ی ساڵی 1991 و یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006 و فەرمانی ژمارە (6)ی ساڵی 2005 هەمواری یاسای خزمەتی زانكۆیی ژمارە 142ی ساڵی 1976، رێک خراوە.

 

ئەوانەى ئەم یاسایەیان لە سەر جێبەجێ دەکرێت

مادەى یەکەم: بڕگە یەکەم

یەکەم: حوکمەکانی ئەم یاسایە لە سەر فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی جێبەجێ دەکرێت.

پێناسەکان

مادەى یەکەم: بڕگە دووەم

وەزارەت: وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی

وەزیر: وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی

دامەزراوە: زانکۆ یان پەیمانگا

زانکۆ: یەکێک لە زانکۆ فەرمییەکانی عێراق.

دەستە: دەستەى فێرکردنی تەکنیکی.

 

مەبەست لە فەرمانبەری خزمەتی زانكۆیی

مادەى یەکەم: بڕگە سێیەم

سێیەم: مەبەست لە فەرمانبەری خزمەتی زانكۆیی هەر فەرمانبەرێك هەڵسێت بە پیادە كردنی وانەبێژی زانکۆیی و توێژینەوەی زانستی و راوێژكاریی زانستی و هونەری یان کار کردن  لە دیوان و دامەزراوەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی و دامەزراوەکانی ئەوانەى مەرجی ئەندامی دەستەى وانەبێژییان هەیە، كە لە یاسای ژمارە 40ی ساڵی 1988 دیاری كراوە یان هەر یاسایەکی تر کە جێگای بگرێتەوە.

 

دەستەی وانەبێژی

دەستەی وانەبێژی لە زانكۆكان و دەستەی پەیمانگە تەكنیكییەكان لەمانە پێك دێت: پرۆفیسۆر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر، مامۆستا، مامۆستای یاریدەدەر.([1])

 

مەرجەكانی دەستەی وانەبێژی

مامۆستای یاریدەدەر

(1. مەرجی ئەوانەى دادەمەزرێن بە مامۆستای یاریدەدەر یان  نازناوی (مامۆستای یاریدەدەر)یان پێ دەدرێت، دەبێت بڕوانامەی ماستەر یان هاوتاکەی بەدەست هێنا بێت.

  1. ئەگەر هاتوو مامۆستای یاریدەدەر پلەى بەرز نەکرایەوە بۆ پایەکی بەرزتر لە ماوەى شەش ساڵ لە رێکەوتی دامەزراندنی، ئەوا دەگوازرێتەوە دەرەوەى وەزارەت.).([2])

مامۆستا

ئەوانەى دادەمەزرێن بە مامۆستا یان  نازناوی (مامۆستا)یان پێ دەدرێت دەبێت یەکێک لەم دوو مەرجەى خوارەوەى هەبێت:

١- (بڕوانامەى دکتۆرای باوەڕ پێکراو یان هاوتا زانستیەکەى) یان (بەرزترین بڕوانامەى زانستی یان هونەری یان تەکنیکی یان پیشەیی بەدەست هێنا بێت لەو پسپۆرییانەى کە بڕوانامەى دکتۆرا یان هاوتا زانستییەکەی تێدا نادرێت بە مەرجێک ماوەی خوێندنی بۆ بەدەست هێنانی ئەم جۆرە بڕوانامانە کەمتر نەبێت لە 3 ساڵ پاش بڕوانامەى بەرایی زانکۆ).

٢- مامۆستای یاریدەدەر بێت لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵات یان دەستەى پەیمانگە تەکنیکییەکان بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە 3 ساڵ و لەو ماوەیەدا بە لایەنی کەم 3 توێژینەوەى بەنرخی پێشکەش کردبێت و هەڵسابێت بە کۆششێکی باشی وانەگوتنەوە.([3])

پرۆفیسۆری یاریدەدەر

مەرجی ئەوانەى دادەمەزرێن بە پرۆفیسۆری یاریدەدەر یان  نازناوی (پرۆفیسۆری یاریدەدەر)یان پێ دەدرێت دەبێت یەکێک لەم دوو مەرجەیان تێدا بێت کە لە مادە 26ى سەرەوە هاتووە و دەبێت پلەى (مامۆستا)ی هەبوو بێت لە یەکێک لە زانکۆکانی وڵات یان دەستەى پەیمانگە تەکنیکییەکان بۆ ماوەیەک کە لە 4 ساڵ کەمتر نەبێت و لەو ماوەیەدا کارا بووبێت لە وانەگوتنەوە و بەلایەنی کەم 3 توێژینەوەى زانستی بەنرخ بڵاوکردبێتەوە.([4])

پرۆفیسۆر

ئەوانەى دادەمەزرێن بە پرفیسۆر یان  نازناوی (پرۆفیسۆر)یان پێ دەدرێت دەبێت ئەم دوو مەرجەیان تێدا بێت کە لە مادە 26ى سەرەوە هاتووە و دەبێت بە لایەنی کەم 6 ساڵ تێپەڕ بووبێت لە  پلەى (پرۆفیسۆری یاریدەدەر) و لەمیانەیدا هەڵسابێت بە کۆششێکی نایاب لە وانەگوتنەوە و بە لایەنی کەم 3 توێژینەوەى رەسەنی بڵاو کردبێتەوە.([5])

 

دامەزراندنی پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەدەر لە حوکمەکانی ئەم یاسایە

 

(بەدەر لەو حوکمانەى لە سەرەوە هاتوون دەکرێت هەڵگری بڕوانامەى دکتۆرای باوەڕ پێکراو یان هاوتا زانستییەکەى دابمەزرێت لە زانکۆ بە پلەى پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە یەکێک لەم حاڵەتانەى خوارەوە و بە راسپاردەى ئەنجوومەنی زانکۆ:

1 - ئەگەر هاتوو ماوەى وانەگوتنەوەى هاوشێوەى ماوەکانی هاتوو لە سەرەوە پیادە کردبوو لە زانکۆ عەرەبی و بیانییەکانی باوەڕ پێکراو، کە شایەتحاڵی هەبێت لە سەرکەوتنی لە وانەگوتنەوە و توێژینەوەى زانستی بەنرخ و داهێنەرانەى بڵاو کردبێتەوە.

2 - ئەگەر پیادەى پسپۆری خۆی کرد بوو بۆ ماوەیەک هاوشێوەى ماوەکان پاش بەدەست هێنانی یەکێک لە بڕوانامەکانی هاتوو لە مادەى 26ى ئەم یاسایە و توێژینەوەى زانستی بەنرخ و داهێنەرانەى بڵاو کردبێتەوە.

3 - ئەگەر هاتوو خاوەن بەهرەیەکی زانستی ناوازە بێت .([6])

 

 

ئەندامانی دەستەى وانەبێژی کۆلیژی هونەرە جوانەکان

 

ئەندامانی دەستەى وانەبێژی لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان بەدەر دەکرێن لە مادەەکانی ( 25 و26 و 27 و28) یاسای ژمارە 20ى ساڵی 1988 و بڕیاری ئەنجوومەنی (هەڵوەشاوەى) سەرکردایەتی شۆڕش  ژمارە 340 لە 22/3/1981 و رێنماییەکانی تایبەت بەم بڕیارە جێبەجێ دەکرێت لە سەریان.([7])  ،

 

 

 

ئەرکەکانی فەرمانبەری خزمەتی زانكۆیی

مادەى دووەم:

یەکەم - چاودێری کردنی قوتابیان لە لایەنی هزری و پەروەردەیی بەوەى کە بەرژەوەندی وڵات و میللەت بەجێ بگەیەنێت لە بەرز راگرتنی کۆڵەگەکانی کۆمەڵگەى عێراقی دیموکراتی بەرەو بینا کردنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بەرز کە سەرچاوەی گرتبێت لە رێگاکانی زانستی لە بیرکردنەوە و پیادە کردنی بۆ بەجێ هێنانی ئەم مەبەستانە.

دووەم: هەڵسان بە وانەگوتنەوەى پراکتیکی و تیۆری و مەیدانی و جێبەجێ کردن و راهێنان و تاقیگەکان و کارگەکان و کێڵگەکانى تاقیکردنەوە، و پارێزگاری کردن لە هەبووەکان و چاودێری کردنی دروست بەکار هێنانیان و گوتنەوەى وانەى پراکتیکی و تیۆری، و شیکاری راهێنانەکان و وردبینی کردنی راپۆرتەکانی قوتابیان و سەرپەرشتی کردنی توێژینەوە و تێزەکان.

سێیەم: ئەنجامدانی توێژینەوەى زانستی لە گشت بوارەکان.

چوارەم: بەشداری کردن لە چالاکییەکانی زانکۆیی وەکو وەرزە رۆشنبیرییەکان و رۆژی زانکۆ و پێشانگاکانی کۆلیژ و ئاهەنگەکانی دەرچوون و چالاکییەکانی قوتابیان و ئەوەى داوای لێ دەکرێت کە پێی هەڵسێت لە چالاکییە زانستی و فێرکارییەکان.

پێنجەم: بەشداری کردن لە نووسین و وەرگێڕان و بڵاو کردنەوە.

شەشەم: بەشداری کردن لە ئەنجوومەنەکان و لیژنە هەمیشەیی و کاتییەکان لە ناوەوە و دەرەوەى وەزارەت.

حەفتەم: بەشداری کردن لە پێشخستنی بەشە زانستییەکان لە رووی هزری و پەروەردەیی و زانستی و پێشکەش کردنی دیراسات و توێژینەوە و راپۆرت و پلان و پرۆگرامەکانی خوێندن.

هەشتەم: ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان و چاودێری باش بەڕێوەچوونیان.

نۆیەم: بەشداری کردن لە کۆڕ و کۆنگرەکان و بازنەکانی خوێندن لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق.

دەیەم: هەڵسان بەو دیراسات و توێژینەوانەى کە فەرمانگەکانی حکومەت و کەرتی گشتی و تایبەت پێشنیار دەکەن، لە بواری هاوکاری نێوان دامەزراوەکەى لەگەڵ ئەم لایەنانە.

یازدەیەم: پێ راسباردنی بەجێ گەیاندنی ئەرکە کارگێڕییەکان کە وەزارەت یان دامەزراوەى فێرکردنی کە کاری تێدا دەکات.

دوازدەیەم: کار کردن لە مەڵبەندەکان یان نووسینگەکانی راوێژکاری پسپۆری سەر بە وەزارەت یان دامەزراوەکانی فێرکردن.

 سێزدەیەم: ئامادەبوونی زانستی لە دامەزراوەکەى کەمتر نەبێت لە 30 کاتژمێر هەفتانە بۆ بەجێ هێنانی بڕگەکانی سەرەوە لەم مادەیە.

 

پێشکەش کردنی راپۆرتی وەزری لە لایەن ئەندامی دەستەى وانەبێژی

مادەى سێیەم:

پرۆفیسۆر و یاریدەدەری پرۆفیسۆر و مامۆستا پاش هەر وەرزێکی خوێندن راپۆرتێک پێشکەش دەکات تێیدا چالاکی وانەبێژییەکەى و ئەوانەى تەواوی کردووە لە پرۆگرامی خوێندن و ئەو گیروگرفتانەى کە رێگر بوون، ئەو راسپاردانەى پێشنیاریان دەکات بۆ چارەسەر کردنی و توێژینەوەکان و وتارەکانی کە بڵاویان دەکاتەوە و وانە گشتییەکان کە پێشکەشی کردووە و پێشنیارەکانی بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکان و دامەرزاوە فێرکردنەکەی کە کاری تێدا دەکات.

 

وانەگوتنەوە لەلایەن قوتابیانی خوێندنی باڵا

مادەى چوارەم:

یەکەم: ناکرێت بۆ مامۆستای یاریدەدەر بە وانەگوتنەوە بە قوتابیانی خوێندنی باڵا و سەرپەرشتی کردن لە سەر توێژینەوەو نامەکانیان.

دووەم: دەکرێت بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆلیژ لە کاتی پێویست بە راسپاردنی مامۆستا بۆ وانەگوتنەوەو سەرپەرشتی کردنی تەنیا قوتابی ماستەر.

سێیەم: دەکرێت بە بڕیاری ئەنجوومەنی کۆلیژ لە کاتی پێویست بە راسپاردنی مامۆستای یاریدەدەر بۆ وانەگوتنەوەی تیۆری لە خوێندنی بەرایی زانکۆ.

 

دەسەڵاتە گشتییەکانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانسی

مادەى پێنجەم:

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی یان ئەوەى رادەسپێردرێت هەڵدەستێت بەمانەی لای خوارەوە:

یەکەم: دامەزراندن یان دووبارە دامەزراندنی ئەوانەى مەرجەکانی دامەزراندیان هەیە لە خزمەتى زانکۆیی لە سەنتەری وەزارەتەکەى([8]).

 دووەم: رەزامەندی پیشاندان لە سەر گواستنەوەى فەرمانبەرانی وەزارەتەکەى لە فەرمانبەرانی خزمەتى زانکۆیی بۆ میلاکی زانکۆکان و رەزامەندیدان بۆ وازهێنانیان (استقالە) و خانەنشین کردنیان بە پێی یاسا.

سێیەم: رەزامەندی پیشاندان لە سەر گواستنەوەى فەرمانبەرانی وەزارەتەکەى لە فەرمانبەرانی خزمەتى زانکۆیی بۆ دەرەوەى وەزارەتەکەى بە پێی یاسا.

چوارەم: بەدەر لەوانەى خەسڵەتەکانی زانستیان هەیە لە سیستەمی (شیاویی لەش و لار -الجدارة البدنیة)، جگە لەوانەى تووشی نەخۆشییەکی بەردەوام لە جۆری قورس (الحاد) یان درێژخایەن بە راپۆرتی لیژنەى پزیشکی فەرمی.

پێنجەم: پلە بەرز کردنەوە (الترفیع) یان بەرز کردنەوەى (الترقیة) فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی کە دامەزراوە لە ناوەندی وەزارەتەکەى بە پێی یاسا.

 

دەسەڵاتە گشتییەکانی سەرۆکی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر

مادەى شەشەم:

یەکەم: سەرۆکی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر یان ئەوەى رادەسپێردرێت لە سەر راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر هەڵدەستێت بە:

1 - دامەزراندن یان دووبارە دامەزراندنی ئەوانەى مەرجەکانی دامەزراندیان هەیە لە خزمەتى زانکۆیی.

2 - دامەزراندنی فەرمانبەرانی هونەری و کارگێڕی.

دووەم: هەڵسانی سەرۆکی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر یان ئەوەى رادەسپێردرێت بە پلە بەرز کردنەوەى فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی بە پێی یاسا.

سێیەم: هەڵسانی سەرۆکی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر بە بەرز کردنەوەى (ترقیة) فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی بە پێی یاسا.

 

مافەکانی خۆتەرخانکەر (المتفرغ)

مادەى حەفتەم: بڕگەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم

یەکەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی خۆتەرخانکار و خۆتەرخاننەکار شایستەى کرێی وانەکان دەبێت ئەگەر زیاتر بێت لە (رادەی بڕیاردراوی وانەگوتنەوە - النصاب المقرر) و پابەند بێت بە رێنماییەکانی تایبەت بە پەیکەری کار کردن بە رەچاو کردنی پایەکانی زانستی (المراتب العلمیة).

دووەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی بە خۆتەرخانکار دادەندرێت پاش تەواو کردنی (رادەی بڕیاردراوی وانەگوتنەوە - النصاب) بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە لە کاتی دەست بە کار بوونى لەو وەزیفەیەی تێیدا دامەزراوە یان گەڕاوەتەوە و دیاری کردنی (رادەی بڕیار دراوی وانەگوتنەوە ) بە رێنماییەک کە دەردەچێت لە لایەن وەزارەتەوە دەردەچێت کە رەچاوی پایەکانی زانستی بکات.

سێیەم: ناکرێت فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی خۆتەرخانکار بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، هیچ کارێک بکات لە کارەکانی پیشەکەى بۆ حیسابی تایبەتی دەرەوەى بواری کارە زانکۆییەکەى ئەگەر هاتوو هیچ دەقێک نەبێت ناکۆک بێت.

 

 

 دەرماڵەی خۆتەرخانکار فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی

مادەى حەفتەم بڕگەکانی چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەفتەم و هەشتەم و نۆیەم.([9])

چوارەم: پێدانی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی خۆتەرخانکار و خۆتەرخانکاری زانستی بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، دەرماڵەکانی خزمەتى زانکۆیی بە رێژەى (100 %) لە مووچەى مانگانەى([10]) و دەرماڵەکانی (پاداشتى راوێژکاریی هونەری بۆ فەرمانگەکانی حکومەت و تایبەت لە بواری پسپۆرییە زانستییەکەى و نووسین و وەرگێران و بەرهەمهێنانی زانستی و هونەری) لا نادات و رای ناگرێت.

پێنجەم: وەزیر بۆی هەیە لە سەر پێشنیاری ئەنجوومەنی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر، فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی بەدەر بکات لە خۆتەرخانکار بە پێی داواکاری خۆی.

 شەشەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی تەنسیب کراو بۆ دامەزراوەیەکی  فێرکردن بۆ یەکێکی تر شایستەى هەمان دەرماڵەکان و جیاوگەکان دەبێت کە هاوشێوەکانیان وەری دەگرن لەو دامەزراوەی کە بۆی تەنسیب کراوە یان ئەو دامەرزاوەى لێی هاتووە، کامەیان زیاتر بێت.

حەفتەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی ناخۆتەرخانکار بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە ئەوانەى مەرجەکانی ئەندامی دەستەى وانەبێژییان هەیە، شایستەى دەرماڵەکانی خزمەتى زانکۆیی هاتوو لە بڕگە چوارەمی سەرەوە نابێت.

 

بەردەوام بوونی خەرج کردنی دەرماڵەکان لە کاتی شاند کردن و پشووەکان و مۆڵەتەکان

هەشتەم: خەرج کردنی دەرماڵەکانی خزمەتى زانکۆیی بەردەوام دەبێت لە ماوەى پشووەکان و مۆڵەتەکانی ئاسایی و نەخۆشی و مۆڵەتەکانی دانانی کۆرپە و شاند کردنە فەرمییەکان و نیوەى مووچە و نیوەى دەرماڵەکان دەدرێت بەوانەى مۆڵەتەکانی دایکایەتی و مۆڵەتی خوێندنی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق و نێردراوی خوێندن و زەمالەیان هەیە لە دەرەوەی عێراق.

100 % دەرماڵە بۆ ئەندامانی دەستەى وانەبێژی

نۆیەم: وەزیر یان ئەوەى رای دەسپێرێت بۆی هەیە لە سەر راسپاردەی ئەنجوومەنی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر، کە پاڵپشت بێت بە پێویستی راستەقینە، بڕیار دەربکات بە تەرخان کردنی پزیشک یان پزیشکی ددان یان پزیشکی ڤێتێرنەری یان دەرمانساز یان ئەندازیار، کە ئەندامی دەستەى وانەبێژی نین بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و پێدانیان دەرماڵەکان بە رێژەى (100 %) لە دەرماڵەکانی شایستەی ئەوانەى لە هەمان پیشەیە بە پێی یاساکان و سیستەمەکان، کامەیان زیاتر بوو.

 

چەسپاندنی فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی

دەیەم:  فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی کە دادەمەزرێت بۆ یەکەم جار یان خزمەتى دەگوازرێتەوە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت یان کەرتی گشتی بۆ یەکێک لە دامەزراوەکانی وەزارەت، دەبێت لە ماوەى ساڵی خوێندنی یەکەمی کارەکەى، ئەوە پێشکەش بکات کە شیاوییەکەى بسەلمێنێت لە کار کردنی زانستی (ئەکادیمی) بەوەى کە تواناکانی پیشان بدات لە توێژینەوەى زانستی، یان بەشداری کردن لە کرداری وەرگێڕان، یان هەڵسێت بە وانەگوتنەوەى سەرکەوتوو کە ئەنجوومەنی بەش و ئەنجوومەنی کۆلیژ یان پەیمانگە پاڵپشتی بکەن، ئینجا لە وەزیفەکەى دەچەسپێندرێت و بە پێچەوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەرەوەى دامەزراوەکە.

 

تەنسیب کردن بۆ ناو دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی

یازدەیەم: بۆ وەزیر هەیە بە تەنسیب کردنی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی کە حوکمەکانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە بۆ کار کردن لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 3 ساڵ و ماف و جیاوگەکانی پارێزراو دەبێت.

 

خۆتەرخان کاری نیمچەیی (جزئی) بۆ ئەوانەى دکتۆرا دەخوێنن

دوازدەیەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی هەڵگری بڕانامەى ماستەر بۆی هەیە خوێندنەکەى تەواو بکات بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەى دکتۆرا لە ناوەوەی عێراق لەگەڵ بەردەوام بوون لە ئەرکەکانی وەزیفەکەى و بە نیمچە خۆتەرخانکاری (التفرغ الجزئی) دادەنرێت بۆ تەواو کردنی خوێندنەکەى و کاتژمێرەکانی کارەکانی دەهێندرێتە خوارەوە بەوەى یارمەتی بدات لە بەردەوام بوون لە خوێندنەکەى لەگەڵ پارێزگاری کردن لە گشت مافەکان و جیاوگەکانی لە ماوەى خوێندنەکەى بە دەرماڵەکانی خۆتەرخانکاری زانکۆییشەوە.

 

چارەسەر کردنی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی لە دەرەوەى وڵات

مادەى هەشتەم:

وەزارەت یان دامەزراوەى فێرکردن خەرجییەکانی چارەسەری فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی لە دەرەوەى عێراق لە ئەستۆ دەگرێت، ئەگەر نەتوانرا لە ناوەوەى عێراق چارەسەر بکرێت، بە پێی راپۆرتێک کە لە لیژنەى پزیشکی فەرمی پسپۆر دەربچێت.

 

 

تەنسیب کردنی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی

مادەى نۆیەم: بڕگە یەکەم

یەکەم: دەکرێت فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی تەنسیب بکرێت بۆ هەر فەرمانگەیەک لە فەرمانگەکانی حکومەت بە پێی یاسا بۆ ماوەى یەک ساڵ و دەتواندرێ بۆ ساڵێکی تریش نوێ بکرێتەوە و لە سەر ئەو فەرمانگەیە کە بۆی تەنسیب کراوە (فەرمانگەى سوودمەند) کە گشت مووچە و دەرماڵەکانی بۆ خەرج بکات لە بودجەى ساڵانەى خۆی.([11])

 

تەرخان کردنی زانستی بۆ دەرەوە و ناوەوەى وڵات

مادەى نۆیەم: بڕگەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم

دووەم: بۆ وەزیر هەیە رەزامەندی بدات لە سەر تەرخان کردنی زانستی بۆ ئەوانەى لە پایەی پرۆفیسۆر یان پرۆفیسۆری یاریدەدەر یان مامۆستا لە ناوەوەى عێراق و لە دەرەوەى لە حاڵەتەکانی کە رێگرییەک هەبێت لە خۆتەرخان کردن لە ناوەوە، بە پێی راسپاردەى ئەنجوومەنی زانکۆ یان دەستە یان سەنتەر بۆ ماوەی یەک ساڵی خوێندن یان یەک وەرزی خوێندن هەر پێنج ساڵ جارێک و لەم ماوەیەدا هەموو مووچە و دەرماڵەکانی خۆتەرخانکاری زانکۆیی بۆ خەرج دەکرێت.

سێهەم: بۆ وەزیر هەیە رەزامەندی بدات لە سەر تەرخان کردنی زانستی بۆ ئەوانەى لە پایەی پرۆفیسۆر یان پرۆفیسۆری یاریدەدەر بۆ  دەرەوەى عێراق، ئەگەر هاتوو دوو ساڵ بەسەر خزمەتی کردەیی تێپەڕ بووبێت لە سەر خۆتەرخانکارەکەى لە ناوەوەی عێراق بە رەچاو کردنی پێویستی راستەقینە بۆ خزمەتەکەى لە ناوەوەى عێراق.

چوارەم: وەزیر رێنمایی پێویست دەردەکات بۆ رێکخستنی کاروباری  پەیوەست بە تەرخان کردنی زانستی.

 

مۆڵەتی ئاسایی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی

مادەى دەیەم: ([12])

یەکەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی شایستەى مۆڵەتی ئاسایی بە مووچەى تەواو دەبێت بۆ ماوەى 15 رۆژ لە هەر ساڵێکی خوێندن و دەکرێت ئەم مۆڵەتانەى بۆ کۆبکرێتەوە بە مەرجێک نابێت فەرمانبەر لە ماوەى یەک ساڵی خوێندن زیاتر لە 30 رۆژ مۆڵەتی پێ بدرێت.

دووەم: مۆڵەتەکانی ئاسایی دەخولێنتەوە بۆ حسابی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی کە شایستەیەتی بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە و یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24 ی ساڵی 1960ى هەموار کراو.

سێیەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی شایستەى مۆڵەتی پشووی ساڵانە دەبێت بۆ ماوەی 60 رۆژ، و بۆ وەزیر یان سەرۆکی زانکۆ یان دەستە هەیە داوای فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی بکاتەوە لە ماوەی پشووی ساڵانە بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک لە ئەرکە فەرمییەکان و قەرەبوو کردنەوەى بە هەمان ماوە لە ماوەى ساڵەکەدا یان ماوەکە بەرامبەر مووچە و دەرماڵەکانی مانگانەى بێت، و دووبارە ئەو فەرمانبەرە راناساپێردرێت لە ماوەى دوو ساڵی دوای یەک، تەنیا بە رەزامەندی خودی فەرمانبەرەکە دەبێت([13]).

چوارەم:

أ- فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی خانەنشین کراو شایستەى مووچەکانی بنەڕەتی دەبێت لە ماوەى مۆڵەتی پشووی ساڵانە کە (60) رۆژە سەرباری مۆڵەتەکانی ئاسایی کەڵەکە بوو، بە مەرجێک لە 180 رۆژ تێپەڕ نەکات.

ب- دەکرێت ماوەی مۆڵەتەکانی ئاسایی کەڵەکە بوو ئەژمار بکرێت بە خزمەتى خانەنشینی پەپێی داواکارییەکی نووسراو لە لایەن فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی.

 

تەمەنی خانەنشینی  

مادەى یازدەیەم([14]): بڕگەى یەکەم([15])

یەکەم:

 أ:  فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی ئەوانەى:([16])

1 - هەڵگری نازناوی زانستی (مامۆستای یاریدەدەر) و (مامۆستا)، بەتەواو کردنی تەمەنی (66) ساڵی خانەنشین دەکرێن.

2 - هەڵگری نازناوی زانستی (پرۆفیسۆری یاریدەدەر) و (پرۆفیسۆر)، بە تەواو کردنی تەمەنی (70) ساڵی خانەنشین دەکرێن.

 

درێژکردنەوەى ماوەی خزمەت

ب- بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ یان دەستە هەیە بۆ درێژکردنەوەى خزمەتی مامۆستا و مامۆستای یاریدەدەر ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە 5 ساڵ بە پێی پێویستی بەش یان کۆلیژەکە بە مەرجێک درێژ کردنەوەکە هەر 3 ساڵ جارێک بێت واتە بەشێوەى (3 ساڵ بە 2 ساڵ).

دووەم: بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ یان دەستە هەیە دانانی رۆژی لەدایک بوونی فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی بۆ کۆتایی ساڵی رۆژمێریی (31/12) لە هەمان ساڵ پاش پەسند کردنی لە لایەن وەزیر.

سێیەم: لە سەر ئەنجوومەنی زانکۆیە پاش پەسند کردنی لە لایەن وەزیر کە فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی دووبارە بگەڕێنێتەوە سەر وەزیفە بۆ ئەوانەى کە ساڵانی خانەنشینی یاساییان تەواو نەکردووە کە پلەیان مامۆستا یان مامۆستای یاریدەدەرن و بە پێی پێویستی دامەزراوەى فێرکردنەکە.

 

پارێزگاری کردن لە نازناوی زانستی

مادەی یازدەیەم: بڕگە چوارەم

چوارەم: پارێزگاری کردنی هەڵگرانی نازناوی زانسی هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆرا یان هاوتاکەى لە زانکۆکان و دامەزراوە زانستییە رەسەنەکان لە دەرەوەى عێراق لە نازناوە زانستییەکەى لە کاتی دامەزراندنی لە زانکۆکانی عێراق، و ئەژمار کردنی مووچەى تەواوی هاوتای هاوشێوەکانی لە فەرمانبەرانی خزمەتى زانکۆیی و ئەژمار کردنی ماوەى خزمەتى زانکۆیی کە هەڵگری بڕوانامەى دکتۆرا یان هاوتاکەى بەسەریبردووە لە زانکۆکان و دامەزراوە زانستییە رەسەنەکان لە دەرەوەى عێراق، بۆ مەبەستەکانی خانەنشینی  لە کاتی دامەزراندنی لە زانکۆکانی عێراق بە مەرجێک بە لایەنی کەم 10 ساڵ خزمەتی تیادا بکات.

 

دەرماڵەی نازناوی زانستی

مادەی یازدەیەم: بڕگە پێنجەم

پێنجەم: پێدانی فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی بەردەوام لە توێژینەوەى زانستی بە پێی ڕێککارەکان کە وەزارەت دای دەنێت، دەرماڵەی نازناوی زانستی بەڕێژەى (15 % بۆ مامۆستای یاریدەدەر، 25 % بۆ مامۆستا، 35 % بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر، 50 % بۆ پرۆفیسۆر) لە مووچەى بنەڕەتی.([17])

 

پاداشتێکی دارایی بڕاوە بە بڕی چوار ملیۆن دینار

مادەی یازدەیەم: بڕگە شەشەم

شەشەم: پێدانی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی پاداشتێکی دارایی بڕاوە بە بڕی (4000000) چوار ملیۆن دینار بۆ هەر توێژینەوەیەک کە بڵاو بکرێتەوە لە گۆڤارە جێهانییەکانی خاوەن فاکتەرەکانی رەسەنایەتی Impact Factor کە لە جیهان بە پێوەری هێزی توێژینەوە ناسراوە.

 

50 % دەرماڵەی شوێنی جوگرافی

مادەی یازدەیەم: بڕگە حەفتەم

حەفتەم: بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ هەیە پاش پەسند کردنی لە لایەن وەزیر، بە پێدانی دەرماڵەکانی شوێنی جوگرافی بە رێژەى 50 %ى مووچەى بنەڕەتی بۆ فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی لە هەڵگرانی پلەى دکتۆرا بۆ ئەوانەى ئارەزووی وانەگوتنەوەن لە یەکێک لە زانکۆکان یان دەستەکان یان کۆلیژەکانی تەکنیکی یان لەنوێ دروست بوو بۆ پڕکردنەوەى کەمی میلاکیان بە مەرجێک نابێت ماوەکەى کەمتر بێت لە 5 ساڵی بەردەوام و وەزارەتیش رێنمایی دەردەچوێنێ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بابەتە.

 

دووبارە دامەزراندنەوەى پلە تایبەتەکان

مادەیە یازدەیەم: بڕگە هەشتەم

هەشتەم: بۆ ئەنجوومەنی زانکۆ هەیە بە دووبارە دامەزراندنەوەى وەزیرەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامانی کۆمەڵەى نیشتیمانی و خاوەن پلە تایبەتییەکان لە هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆرا.

مادەیە یازدەیەم: بڕگە نۆیەم:

نۆیەم: ئەژمار کردنی خزمەتی وەزیرەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامانی کۆمەڵەى نیشتیمانی و خاوەن پلە تایبەتییەکان لە هەڵگرانی بڕوانامەى دکتۆرا ئەوانەى خزمەتیان هەیە لە دامەزراوە فێرکارییەکان لە ناوەوە و دەرەوەى عێراق کە باوەڕ پێکراو  بێت، بۆ مەبەستەکانی خانەنشینی.

 

 خانەنشینی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی

مادەی دوازدەیەم:([18]) & ([19])

یەکەم: فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی یان منداڵ و کچەکانی شایستەى مووچەیەکی خانەنشینی دەبێت کە یەکسان بێت لەگەل هاوشێوەکەى کە وەری دەگرێت لە مووچەى تەواو و دەرماڵەکانی خزمەتى زانکۆیی لە کاتی ئیحالە کردنی بۆ خانەنشینی لە یەکێک لەم حاڵەتانەى خوارەوە:

أ - ئەگەر ئیحالەى خانەنشینی کرا بە هۆی تەواو کردنی ساڵی یاسایی([20]) و خزمەتی زانکۆیی هەبێت کەمتر نەبێت لە 10 ساڵ.

ب - ئەگەر ئیحالەى خانەنشینی کرا بە هۆیەکانی تەندروستی، بە هۆی پەککەوتنی لە بەجێ هێنانی ئەرکەکانی بە راپۆرتێک لە لایەن لیژنەى تەندروستی فەرمی پسپۆر بە بێ گوێدانە ماوەی خزمەتەکەی و تەمەنەکەى..

ج - ئەگەر ئیحالەى خانەشینی کرا لە سەر داوای خۆی و خزمەتی زانکۆییەکەى لە 20 ساڵ کەمتر نەبێت.

د - ئەگەر کۆچی دوایی کرد لە کاتی خزمەتدا.

دووەم: خزمەتی هەڵگرانی بڕوانامەى بەکالۆریۆس کە دامەزراون لە میلاکی زانکۆکان و دەستەکان و سەنتەری وەزارەت، ئەژمار دەکرێت بە خزمەتی زانکۆیی بۆ مەبەستی خانەنشینی لە سەرەتای دامەزراندنی پاش بەدەست هێنانی بڕوانامەى ماستەر یان دکتۆرا، بە مەرجێک پاش بەدەست هێنانی بڕوانامەکە بەلایەنی کەم 10 خزمەت بکات و پێش گەیشتنی بە تەمەنی یاسایی خانەنشینی کە خزمەتەکەى کەمتر نەبێت لە 25 ساڵ.

سێیەم: فەرمانبەری خزمەتی زانکۆیی ئیحالە کراو بۆ خانەنشینی بە هۆی تەواو کردنی تەمەنی یاسایی یان ئەوانەى ئیحالە دەکرێن بە هۆیەکانی نەخۆشی بە راپۆرتێک لە لایەن لیژنەى پزیشکی پسپۆر یان کۆچی دوایی کردن لە کاتی خزمەت، پاداشتێکی پێ دەدرێت کە یەکسان بێت بەوەى کە وەری دەگرت لە مووچە و دەرماڵەکان بۆ ماوەى 6 مانگ لە رێکەوتی ئیحالە کردنی بۆ خانەنشینی.

چوارەم: حوکمی بەندی یەکەم و دووەمی ئەم مادەیە پیادە دەکرێت لە سەر ئەو فەرمانبەرانەى خزمەتی زانکۆیی کە ئیحالە کراون، پێش جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە و لە رێکەوتی 1/1/2014ەوە.

 

پابەندییەکانی فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی

مادەی سێزدەیەم:

فەرمانبەری خزمەتى زانکۆیی پابەند دەبێت بە یاساکان و سیستەمەکان و رێنماییەکانی دەرچوو بەوەى پێویست دەکات بە داب و نەریتی زانکۆیی و دوور کەوتنەوە لە هەموو شتێک کە زیان بە ئەرکەکانی وەزیفە زانستیی و پەروەردەیی و کارگێرییەکەى بگەیەنێت کە لەم یاسایەدا هاتووە.

 

 دەرماڵەى فەرمانبەری هونەری و کارگێڕی

مادەی چواردەیەم:([21])

یەکەم: پێدانی دەرماڵەی بە فەرمانبەرانی هونەری کە کار دەکەن لە وەزارەت و دامەزراوەکانی بە رێژەى 100 % لە مووچەکەى.

دووەم: پێدانی دەرماڵەى خزمەتى زانکۆیی بە فەرمانبەرانی بەڕێوەبردن کە پێویست  بە هەبوونیان دەکات هاوشانی فەرمانبەرانی خزمەتى زانکۆیی بە رێژەى 75 % مووچەکەى.

دەرماڵەى پایە (منصب)

مادەی پازدەیەم:([22])

1 -  پێدانی دەرماڵەی پایە بە شێوەی بڕاوەى مانگانە  بە یاریدەدەرانی راگرەکان و سەرۆکی بەشە زانستییەکان لە زانکۆکان و پەیمانگەکان بە بڕی 250000 دوو سەد و پەنجا هەزار دینار.

2 -  پێدانی دەرماڵەی پایە بە شێوەی بڕاوەى مانگانە  بە بڕیاردەرانی بەشە زانستییەکان  بەبڕی 150000  سەد و پەنجا هەزار دینار.

3 - پێدانی دەرماڵەی پایە بە شێوەی بڕاوەى مانگانە  بە سەرۆکی بەشە کارگێڕییەکان لە سەنتەری وەزارەت و زانکۆکان و پەیمانگەکان بە بڕی 100000 سەد هەزار دینار.

 

هەماهەنگی کردن لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و  وەزارەتەکان و لایەنەکانی تری نەبەستراو بە وەزارەت

مادەی شازدەیەم:

هەماهەنگی کردن لە نێوان دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی و وەزارەتەکان و لایەنەکانی تری نەبەستراو بە وەزارەت کە لە خوارەوە هاتووە:

یەکەم: راسپاردنی هەندێک لە وانەبێژان یان توێژەران لە دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی بە ئەنجامدانی توێژینەوەکان و تاقی کردنەوەکان و هەڵسان بە چالاکییەکانی پەیوەند بە پسپۆرییەکانی وەزارەتەکان و لایەنەکانی تری نەبەستراو بە وەزارەت بە مەبەستی پێشخستنی لایەنە بەرهەمهێنەکان و خزمەتگوزارییەکان تێیدا بەرامبەر کرێیەک کە هەردوو لا لە سەری رێک دەکەون و رێژەیەک زیاتر نەبێت لە 80 % ی ئەم کرێیە تەرخاندەکرێت بۆ ئەوانەى بەشدارییان تێدا کردووە و رێژەکەی تریش واتە 20 % تەرخان دەکرێت بۆ زانکۆکە یان کۆلیژەکە یان دەستەکە یان پەیمانگەکە بە پێی رێنماییەک کە لە لایەن وەزیرەوە دەردەچێت.

دووەم: سوود وەرگرتن لە میلاکاتی زانستی و هونەری کە لە وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت هەن  بۆ هەڵسان بە وانەگوتنەوەى تیۆری و زانستی و پیادە کردن و مەیدانی و راهێنان و سەرپەرشتی کردنی نامەکانی خوێندنی باڵا بەرامبەر کرێیەک یان پاداشتێک کە بە رێنماییەک دیاری دەکرێت لە لایەن وەزیرەوە دەردەچێت.

 

بەدەر کردنی دەرماڵەکانی هاتوو لەم یاسایە

مادەى حەڤدەیەم:

دەرماڵەکانی هاتوو لەم یاسایە بەدەر دەکرێن لە بەرزترین رادەى مووچە و دەرماڵەکانی هاتوو لە هەر یاسایەکی تر.

 

جێبەجێ کردنی یاساکانی تری پەیوەند بە خزمەتى زانکۆیی

مادەی هەژدەیەم:

یەکەم: جێبەجێ کردنی حوکمەکانی یاسای خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی ژمارە 40ى ساڵی 1988 و یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ى ساڵی 1960 و یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی ژمارە 14ى ساڵی 1991 و یاسای یەکگرتووی خانەنشین ژمارە 27ى ساڵی 2006 و فەرمانی ژمارە 6ى ساڵی 2005 هەمواری یاسای خزمەتى زانکۆیی ژمارە 142ى ساڵی 1976، ئەگەر هاتوو هیچ دەقێکی تایبەت نەهاتبوو لەم یاسایە.

دووەم: جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە رێگر نابێت بەرامبەر ئەوانەى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە سوودمەند بن بە هەر یاسایەکی تر.

مادەى نۆزدەیەم:

لە سەر وەزیری تایبەتمەندە کە رێنمایی پێویست دەربچوێنێ بۆ ئاسان کردنی جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە.

مادەى بیستەم:

 یاسای خزمەتى زانکۆیی ژمارە 142ى ساڵی 1976 و هەموارەکانی هەڵدەوەشێتەوە و ئەو سیستەم و رێنماییانەى کە بە هۆیەوە دەرچوونە دەمێننەوە وەکو خۆی تاکو  هەڵوەشاندەوەى یان شوێنگرەوەیان دەردەچێت.

مادەی بیست و یەکەم:

لە وەقایعی عێراقی بڵاو دەکرێتەوەو کاری پێ دەکرێت لە رێکەوتی 1/1/2008([23])

 

تێبینییەکی گرنگ: هەر ماف و ئەرکێک لە یاسای خزمەتى شارستانی ژمارە 24ى ساڵی 1960دا هاتووە فەرمانبەرانی خزمەتى زانکۆییش دەگرێتەوە ئەگەر دەقێکی روون لە یاسای ژمارە 23ى ساڵی 2008 نەهاتبێت. هەروەها هەمان خشتەى مووچە و سەرمووچەی پاشکۆی یاسای مووچەى فەرمانبەران ژمارە 22ى ساڵی 2008 بەسەر فەرمانبەری خزمەتى زانکۆییشدا جێبەجێ دەکرێت.

 


سەرچاوەکان



4617 بینین