سەرپێچی کردنی فەرمانبەر و سزادانی

له‌لایه‌ن: - فتحی مستەفا کاخدر - به‌روار: 2020-08-17-02:26:00 - کۆدی بابەت: 372
سەرپێچی کردنی فەرمانبەر و سزادانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەگەر فەمانبەرێک سەرپێچی ئەرکەکانی وەزیفەکەى کرد یان هەڵسا بە کارێک لە کارە قەدەغە کراوەکان، سزا دەدرێت بە یەکێک لەم سزایانەى کە لەم یاسایەدا هاتووە، ئەمەش کاریگەری نابێت لە سەر ئەوەى کە بەرامبەری وەردەگیرێت لە رێوشوێنەکانی تر بە پێی یاساکان.

سزاکان

ئەو سزایانەى کە دەکرێت بسەپێندرێت بەسەر فەرمانبەر بریتییە لە:

 

یەکەم: سەرنج راكێشان (لفت النظر)

بە ئاگادار کردنەوەى فەرمانبەر دەبێت بە شێوەی نووسراو بەرامبەر بەم سەرپێچییەی کە کردوویەتی و ئاراستە کردنی بۆ باش کردنی هەڵسوکەوتی وەزیفی و کاریگەرییەکانی ئەم سزایەش بریتییە لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوە یان زیادە بۆ ماوەى 3 مانگ.

 

دووەم: ئاگادار كردنەوە (انذار)

بە ئاگادار کردنەوەى فەرمانبەر دەبێت بە شێوەی نووسراو بەو سەرپێچییەی کە کردوویەتی و ئاگادار کردنەوەى لە بەجێ نەهێنانی ئەرکەکانی وەزیفەکەى و کاریگەرییەکانی ئەم سزایەش بریتییە لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوە یان زیادە بۆ ماوەى 6 مانگ.

 

سێیەم: بڕینی مووچە (قطع راتب)

بە بڕینی پشکی رۆژانە دەبێت لە مووچەی فەرمانبەرەکە بۆ ماوەیەک کە لە 10 رۆژ  تێپەڕ نەكات بە فەرمانێكی نووسراو كە تێیدا ئەو سزایەی کە فەرمانبەرەکە ئەنجامی داوە، دیاری كرا بێت کە پێویستی بە سەپاندنی سزاکە کردبێت و کاریگەرییەکانی ئەم سزایەش بریتییە لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوە یان زیادە بۆ ماوەى:

أ- پێنج مانگ لە حاڵەتی بڕینی مووچەكەی لە 5 رۆژ تێپەڕ نەكات.

ب-یەك مانگ بۆ هەر رۆژێك لە رۆژانی بڕینی مووچەکەى لە حاڵەتی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە (5) رۆژ.

 

چوارەم: سەرزەنشتكردن (التوبیخ)

بە ئاگادار کردنەوەى فەرمانبەر دەبێت بە شێوەی نووسراو بەو سەرپێچییەی کە کردوویەتی و ئەو هۆیەکانی کە بووەتە هۆی رەزامەند نەبوون لە هەڵسوکەوتی و داوای لێ دەکرێت کە دوورکەوێتەوە لەم سەرپێچییە و باش کردنی هەڵسوکەوتی وەزیفی و کاریگەرییەکانی ئەم سزایەش بریتییە لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوە یان زیادە بۆ ماوەى یەک ساڵ.

 

پێنجەم: كەمكردنەوەی مووچە (انقاص الراتب)

بە بڕینی بڕێک لە مووچەی فەرمانبەرەکە دەبێت بە رێژەیەک کە لە (10 %)ی مووچەى مانگانەی تێپەڕ نەبێت بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە شەش مانگ و زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و ئەمەش ئەنجام دەدرێت بە فەرمانێکی نووسراو بۆ  هەست کردنی فەرمانبەرەکە بەو کارەى کە کردوویەتی و کاریگەرییەکانی ئەم سزایەش بریتییە لە دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوە یان زیادە بۆ ماوەى دوو ساڵ.

 

شەشەم: هێنانە خوارەوەی پلە (تنزیل درجة)

بە فەرمانێکی نووسراو دەبێت کە فەرمانبەر هەست بکات بەو کارەى کە کردوویەتی و کاریگەرییەکانی ئەم سزایە:

أ- دەربارەى ئەو فەرمانبەرانەى ملکەچی یاساکان یان سیستەمەکان یان بنەماکان یان رێنماییەکانی خزمەتن کە پلە داراییەکان و پلە بەرز کردنەوە وەردەگرن، هێنانە خوارەوەى مووچەى فەرمانبەر راستەوخۆ بۆ کەمترین رادەی پلەى خوار پلەکەى خۆی لەگەڵ پێدانی سەرمووچەى ساڵانەی کە وەریدەگرت لەو پلەیەی کە لێی هاتۆتە خوارەوە (بە پێوەری سەرمووچەى بڕیار دراو لەو پلەیەی کە بۆی دابەزیوە) و دەگەڕێتەوە سەر مووچەى جارانی کە وەری دەگرت پێش هێنانە خوارەوەى پلەکەى پاش بەسەربردنی 3 ساڵ بەسەر رێکەوتی سەپاندنی سزاکە لەگەڵ خولاندنەوەى ماوەى بەسەربردوو لە دوا مووچەى پێش سەپاندنی سزاکە.

ب - دەربارەى ئەو فەرمانبەرانەى ملکەچی یاساکان یان سیستەمەکان یان بنەماکان یان رێنماییەکانی خزمەتن کە بە (سیستەمی زیادە هەر دوو ساڵ جارێک) وەردەگرن، کەم کردنەوەى دوو زیادە لە مووچەى فەرمانبەر و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مووچەیەی کە وەری دەگرت پێش هێنانە خوارەوەى پلەکەى پاش بەسەربردنی 3 ساڵ لە رۆژی سەپاندنی سزاکە لەگەڵ خولاندنەوەى ماوەی بەسەربردراو لە دوا مووچەکەى پێش سەپاندنی سزاکە.

ج- دەربارەى ئەو فەرمانبەرانەى ملکەچی یاساکان یان سیستەمەکان یان بنەماکان یان رێنماییەکانی خزمەتن کە بە سیستەمی زیادەى ساڵانە مووچە وەردەگرن، کەم کردنەوەى 3 زیادەى ساڵانەى لە مووچەى فەرمانبەر لەگەڵ خولاندنەوەى ماوەی بەسەربردراو لە دوا مووچەکەى پێش سەپاندنی سزاکە.

حەفتەم: دەركردن لە كار (الفصل)

بە لادانی فەرمانبەر دەبێت لە وەزیفە بۆ ماوەیەك کە دیاری دەکرێت لە بڕیاری دەرکردنەکە، کە تێیدا هۆیەکانی پێویست بە سەپاندنی سزاكه روون دەکرێتەوە:

أ- ماوەیەك كەمتر نەبێت لە یەك ساڵ و زیاتر نەبێت لە 3 ساڵ ئەگەر فەرمانبەر سزا درا بە (دوو سزا) یان بە دوو جار لە (یەکێک) لەم سزایانەى خوارەوە و دووبارەى کردەوە بۆ سێیەم جار لە ماوەی 5 ساڵدا لە مێژووی سەپاندنی سزای یەکەم کە پێویستی کردووە بە یەکێکیان سزا بدرێت:

 1 - سەرزەنشت کردن - تەوبیخ

2 - كەم كردنەوەی مووچە- انقاص الراتب

3 -  هێنانە خوارەوەی پلە- تنزیل الدرجة

ب- ماوەی مانەوەی لە بەندیخانە ئەگەر حوكم درا بە بەند كردن یان بەند كردن بە هۆی سزای ئابڕوونەبەر لە رۆژی دەرچوونی حوکمەکەی وماوەی راگرتنەکەى دادەندرێت لە نێو ماوەى دەرکردنەکەى و ئەو نیوە مووچەکەى کە بۆی خەرج دەکرا لە ماوەی دەست کێشانەوەکەى (سحب الید) لێی ناسەندرێتەوە.

 

هەشتەم: دوورخستنەوە (العزل)

بە لادانی فەرمانبەر دەبێت لە وەزیفەکەى دەبێت بە شێوەیەکی کۆتایی و ناکرێت دووبارە وەزیفەى پێ بدرێتەوە لە فەرمانگەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتی، ئەوەش بە بڕیارێکی سەبەبکار دەبێت لە لایەن وەزیرەوە لە یەکێک لەم حاڵەتانەى خوارەوە:

أ- ئەگەر سەلماندرا بە ئەنجامدانی کارێکی ترسناک کە مانەوەى لە خزمەت کردنی دەوڵەت دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی.

ب- ئەکە حوکم درا بە کەتنێک کە دروست بێت لە وەزیفەکەى یان ئەنجامی دابێت بەسیفەتە فەرمییەکەى.

ج- ئەگەر سزا درا بە (دەرکردن- الفصل) و ئینجا گەڕایەوە وەزیفە و هەڵسا بەئەنجام دانی کارێک کە ببێتە دەرکردنی جارێکی تر.

 

ماوەى دواکەوتن لە پلە بەرز کردنەوە

یەکەم: جێبەجێ کردنی ماوەکانی دواکەوتن لە پلە بەرز کردنەوە یان زیادە کە دەکەوێتە سەری بە هۆی سزاکانی هاتوو لە مادە 8 ی ئەم یاسایە، لە رێکەوتنی شایستەى پلە بەرز کردنەوە یان زیادەى فەرمانبەر.

دووەم: ئەگەر فەمانبەر سزا درا بە زیاتر لە سزایەک لە ماوەى یەک پلەى وەزیفی ئەوا توندترین سزا دەرهەقی جێبەجێ دەکرێت دەربارەى دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوە بە پێی ئەوەى لە بڕگەی پێشوو بڕیاری لێ دراوە.

 

 لیژنەى لێکۆڵینەوە و میکانیزمی لێکۆڵینەوە

یەکەم: لە سەر وەزیر یان سەرۆکی فەرمانگەیە بە پێکهێنانی لیژنەى لێکۆڵینەوە لە سەرۆک و دوو ئەندامی خاوەن شارەزایی و بە مەرجێک یەکێکیان بڕوانامەى بەرایی زانکۆی بەدەست هێنا بێت لە یاسا.

دووەم: لیژنە هەڵدەستێت بە لێکۆڵینەوە بە شێوەی نووسراو لەگەڵ فەرمانبەری سەرپێچیکار کە ئیحالەی لیژنە کراوە و بۆ  بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی، لیژنەکە بۆی هەیە بە گوێگرتن و نووسینەوەى وتەکانی فەرمانبەرەکە و شایەتەکان و تێڕامان لە گشت دیکۆمێنت و زانیارییەکان کە بە پێویستی دەبینێت و کۆنووسێک دەنوسێتەوە، کە تێیدا ئەو رێوشوێنانەى گرتوویەتییە بەر و ئەو وتانەى گوێ بیستی بووە لەگەڵ راسپاردەکانی سەبەبکار، یان بە ئەنجام نەدانی لێپرسینەوە لە فەرمانبەر و داخستی لێکۆڵینەوە یان سەپاندنی یەکێک لە سزاکانی هاتوو لەم یاسایە، هەموو ئەمانە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەو لایەنەی کە فەرمانبەرەکەى ئیحالە کردووە.

سێیەم: ئەگەر لیژنەکە بینی کە ئەو کارەی کە فەرمانبەر بە هۆیەوە ئیحالە کراوە، تاوانێک پێک دەهێنێت کە سەری هەڵدابێت لە وەزیفەکەى یان ئەنجامی دابێت بە سیفەتە فەرمییەکەى، دەبێت لیژنەکە راسپاردە بکات بە ئیحالە کردنی بۆ دادگا تایبەتمەندەکان.

چوارەم: بەدەر لە حوکمەکانی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم) لەم مادەیە، بۆ وەزیر یان سەرۆکی فەرمانگە هەیە پاش لێپرسینەوە لە فەرمانبەری سەرپێچیکار، بە سەپاندنی سزایەکی راستەوخۆ بە یەکێک لەم سزایانەى کە هاتووە لە بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم) لە مادەى 8ى ئەم یاسایە.([1]) 

 

 دەسەڵاتەکانی سەپاندنی سزا

یەکەم: بۆ وەزیر هەیە بە سەپاندنی هەر سزایەکی هاتوو لە مادە 8 لەم یاسایە لە سەر فەرمانبەری سەرپێچیکاری حوکمەکانی ئەم یاسایە.

دووەم: بۆ سەرۆکی فەرمانگە یان فەرمانبەری راسپێردراو هەیە بە سەپاندنی یەکێک لەم سزایانەى خوارەوە لە سەر  فەرمانبەری سەرپێچیکاری حوکمەکانی ئەم یاسایە:

أ- سەرنج راکێشان، ب- ئاگادار کردنەوە، ج- بڕینی مووچە بۆ ماوەى لە 5 رۆژ تێپەڕ نەبێت، د- سەرزەنشت کردن

سێیەم: ئەگەر لیژنە راسپاردەى کرد بە سەپاندنی سزای توندتر لەوەى هاتووە لە بڕگە (دووەم) لەم مادەیە، لە سەر سەرۆکی فەرمانگە یان فەرمانبەری راسپێردراو کە رەوانەى وەزیری بکات بۆ تێڕامانی .

چوارەم و پێنجەم: ([2]) 

 

سەپاندنی سزا لە سەر پلە تایبەتەکان

مادەى دوازدەیەم: ([3])

یەکەم: لەگەڵ رەچاو کردنی حوکمەکانی مادەى (10) لەم یاسایە، بۆ وەزیر هەیە بە سەپاندنی سزای (سەرنج راکێشان یان ئاگادار کردنەوە یان بڕینی مووچە) بەسەر فەرمانبەری کە لە وەزیفەى بەڕێوەبەری گشتی بە سەرەوە، لە کاتی ئەنجامدانی کارێک کە سەرپێچی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێت.

دووەم: ئەگەر بۆ وەزیر لە ماوەى لێکۆڵینەوە کە ئەو  فەرمانبەرەى حوکمەکانی بڕگە (یەکەم)ی ئەم مادەیە دەیگرێتەوە، کردەوەیەکی ئەنجام داوە کە پێویستی بە سزایەکی توندترە لەوەى کەوا پێی سپێردراوە، لە سەر وەزیرە کە بڕیارەکە بخاتە ڕوو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، کە پێشنیاری سەپاندنی یەکێک لە سزاکانی هاتوو لەم یاسایەی تیادا بێت.

سێیەم: بۆ ئەو فەرمانبەرە هەیە کە حوکمەکانی ئەم مادەیە دەیگرێتەوە تانە لە سزاکانی بدات (کە دەسەپێندرێت لە سەری بە پێی هەردوو برگەى یەکەم و دووەم لەم مادەیە)، بە پێی حوکمەکانی مادەى 15 لەم یاسایە.

 

هەڵوەشاندنەوەى سزاکان

مادەى سێزدەیەم:([4])

یەکەم: بۆ وەزیر هەیە بە هەڵوەشاندنەوەى هەر سزایەکی سەپێندرا بەسەر فەرمانبەر کە هاتووە لە بڕگەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم)([5]) لە مادەى 8ى ئەم یاسایە، لە کاتی هەبوونی ئەم مەرجانەى خوارەوە:

 

أ- تێپەڕینی یەک ساڵ بەسەر سەپاندنی سزاکە.

ب- هەڵسانی بە کارەکانی بە شێوەیەکی نایابتر لە هاوەڵەکانی.

ج- سزا نەدانی بە هیچ سزایەک ئاماژە پێ کراو لە ماوەى کە لە بڕگەى-أ- هاتووە.

دووەم: بڕیاری هەڵوەشاندنەوەى سزاکە دەبێتە هۆی لادانی کاریگەرییەکانی سزاکە ئەگەر هاتوو بەسەر نەچوو بوو.

 

سەپاندنی سزا لە لایەن سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران

مادەى چواردەیەم:([6])

یەکەم: بۆ سەرۆک کۆمار یان ئەوەى رای دەسپێرێت بە سەپاندنی هەر سزایەکی هاتوو لەم یاسایە لە سەر فەرمانبەرانی سەر بە فەرمانگەکەى.

دووەم: بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزیر یان سەرۆکی فەرمانگەى نەبەستراو بە وەزارەت هەیە بە سەپاندنی یەکێک لە سزاکانی هاتوو لە خوارەوە لە سەر فەرمانبەرانی وەزارەتەکەى یان فەرمانگەکەى کە حوکمەکانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.

أ) کەم کردنەوەى مووچە

ب) هێنانە خوارەوەى پلە

ج) دەرکردن

د) دوورخستنەوە

 

تانە لێدان

سێیەم: بۆ فەرمانبەر هەیە بە پێی بڕگەکانی یەکەم و دووەمی ئەم مادەیە تانە لە بڕیاری چەسپاندنی سزاکە بدەن بە پێی حوکمەکانی مادە 15ی ئەم یاسایە.

 

 

 

بەشی چوارەم: تانە لێدان لە بڕیارەکانی سەپاندنی سزاکان

مادەى پازدەیەم:([7])

ئەنجوومەن ئەم پسپۆرییانەى دەبێت:([8]) & ([9])

یەکەم: سەیر کردنی ئەو پەڵپانەى (الاعتراض) ئاماژە پێ کراو لە مادەى 8ى ئەم یاسایە، پاش بێدادی لێی (التظلم منها) بە پێی هاتوو لە بڕگە دووەم لەم مادەیە و بۆی هەیە کە بڕیار بدات لە سەر پەسندکردنی بڕیارەکە یان کەم کردنەوەى سزاکە یان هەڵوەشاندنەوەى.

دووەم: پێش پێشکەش کردنی تانە لە لای ئەنجوومەنی رێککاری گشتی لە سەر ئەو بڕیارەى دەرچووە بە سەپاندنی سزاکە، مەرجە (بێدادی:تظلم) لە بڕیارەکە پێشکەش بکرێت بەو لایەنەى کە بڕیارەکەى دەرچوواندووە، لە ماوەى 30 رۆژ لە رێکەوتی پێڕاگەیاندنی فەرمانبەرکە بە بڕیاری سەپاندنی سزاکە و لە سەر لایەنی ئاماژە پێ کراوە کە سەیری (البت) ئەم بێدادیەى بکات لە ماوەى 30 رۆژ لە رێکەوتی پێشکەش کردنی و لە کاتی سەیرنەکردنی و ماوەکەى تەواو بوو، ئەوا بە رەت کردنەوەى بێدادیەکەى دادەنرێت.

سێیەم:  پێشکەش کردنی تانە لە ئەنجوومەنی رێککاری گشتی مەرجە لە ماوەى 30 رۆژ بێت لە رێکەوتی پێ ڕاگەیاندنی فەرمانبەر لە رەت کردنەوەى بێدادیەکەى.

چوارەم:

أ- بڕیاری تانە لێنەدراو لەم ماوەیەی کە هاتووە هەردوو بڕگەى (دووەم و سێیەم)  بە پلەى بنبڕ واتە کۆتایی دادەندرێت.

ب- دەکرێت تانە لە بڕیاری ئەنجوومەنی رێککاری گشتی بدرێت لەلای دەستەى گشتی ئەنجوومەنی شوورای دەوڵەت لە ماوەى 30 رۆژ لە رۆژی پێ ڕاگەیاندنی و بڕیاری دەستەى گشتی دەرچوو لە دەرئەنجامی تانەکە پلەى (بنبڕ) واتە کۆتاییە و پابەندراوە (ملزمة).

پێنجەم: ئەنجوومەنی رێککاری گشتی لە کاتی سەیر کردنی تانەکان رەچاوی یاسای شێوازەکانی دادگایی کردنی سزاکان (قانون اصول المحاکمات الجزائیة) بکات کە بگونجێت لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە و دانیشتەکانیان بە نهێنی بێت.

شەشەم: دەستەى گشتی ئەنجوومەنی شوورای دەوڵەت پسپۆرییەکانی دادگای تەمییز هاتوو لە یاسای شێوازەکانی دادگایی کردنی سزاکان پیادە دەکات لە کاتی سەیر کردنی تانەى پێشکەش کراو لە بڕیارەکانی رێککاری گشتی بەوەى بگونجێت لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە.

حەفتەم:([10])

أ- پارەیەکی بڕاوە بە بڕی (10000) دە هەزار دینار دەبێت فەرمانبەر بیدات لە کاتی پەڵپەکان لە بڕیاری دەرچوو بە سەپاندنی سزای رێککاری لە بەردەم ئەنجوومەنی رێککاری گشتی.

ب- تانە لێدەر (الطاعن) دەبێت پارەیەکی بڕاوە بدات بە بڕی (4000) چوار هەزار دینار لە کاتی تانە لێدان بە شێوەی تەمییزی لە بڕیاری دەرچوو لە داوای هاتوو لە بڕگە (أ)ی سەرەوە.

 

 

دەست کێشانەوە - سحب الید

مادەى شازدەیەم:

ئەگەر فەمانبەرێک راگیرا لە لایەن لایەنێکی تایبەتمەند، لە سەر فەرمانگەکەیەتی دەستی فەرمانبەرەکە بکێشێنێتەوە لە وەزیفە بە درێژایی ماوەی راگرتنەکەى.

مادەى حەڤدەیەم:

یەکەم: بۆ وەزیر یان سەرۆکی فەرمانگە هەیە دەست کێشانەوەى فەرمانبەر بکات بۆ ماوەى تێپەڕ نەبێت لە 60 رۆژ ئەگەر بینی مانەوەى لە وەزیفە زیان بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت یان کاریگەری دەکاتە سەر بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوە لەو ماوەیەی کە لە پێناویدا ئیحالەى لێکۆڵینەوە کراوە و دووبارە دەگەڕێندرێتەوە هەمان وەزیفەکەى پاش تەواو بوونی ماوەى ئاماژە پێ کراو تەنیا ئەگەر قەدەغە کراوییەک هەبوو، ئەوا تەنسیب دەکرێت بۆ وەزیفەیەکی تر.

دووەم: بۆ لیژنە هەیە راسپاردەى دەست کێشانەوەی فەرمانبەر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە دەر بکات.

 

نیوە مووچە لە ماوەى دەست کێشانەوە

مادەى هەژدەیەم:

فەرمانبەری دەست کێشاوە نیوەى مووچەکانی پێ دەدرێت لە ماوەى دەست کێشانەوەکەى.

مادەی نۆزدەیەم:

یەکەم: ئەگەر فەرمانبەرە دەست کێشاوەکە  دەرکرا یان دوور خرایەوە، ئەوا هیچ شتێکی پێ نادرێت لە مووچە راگیراوەکەى بە بێ رەچاو کردنی ئەوەى کە دەرکردنەکەى یان دوور خستنەوەکەى پاڵپشت بێت بەم یاسایە یان هەر یاسایەکی تر.

دووەم: ئەگەر فەرمانبەری سزا دراو بە دەست کێشانەوە، سزا درا بە سزای کەم کردنەوەى مووچە یان هێنانە خوارەوەى پلە، سزاکە جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی دەست کێشانەوەکەى و نیوەی مووچە ماوەکانی (الباقیة) پێ دەدرێت.

سێیەم: ئەگەر ئەنجامی لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردن یەکلایی بووەوە بە بێتاوانی فەرمانبەر یان ئازاد کردنی یان سزادانی بە غەیری سزاکانی هاتوو لە بڕگەى (دووەم)ی ئەم مادەیە، نیوە مووچە راگیراوەکانی پێ دەدرێتەوە.

چوارەم: ئەگەر فەرمانبەری دەست کێشاوە کۆچی دوایی کرد پێش بڕیاری کۆتایی لە لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردن، ئەوا نیوە مووچە راگیراوەکانی دەدرێتەوە ئەو کەسانەى کە مافی وەرگرتنی مافەکانی خانەنشینی هەیە بە پێی حوکمەکانی یاسای خانەنشینی و لە حاڵەتی نەبوونیان ئەوا دەچێت بۆ میراتگرەکانیان.

 

حوکمە گشتی و کۆتاییەکان

یەک سزا بۆ یەک کردەوە

مادەی بیستەم:

 نابێت زیاتر لە یەک سزا بسەپێندرێت بە پێی ئەم یاسایە لە سەر یەک کردەوە.

سوپاس و پێزانین و کاریگەرییەکانی

مادەى بیست و یەکەم:

یەکەم: ئەگەر فەرمانبەر سوپاسنامەى ئاراستە کرا لە لایەن سەرۆکایەتی یان ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزیر یان کەسی راسپێر دراو و سزا نەدرا بێت یان سزا درابێت و کاریگەری سزاکەى بەسەر چووبێت، یەک مانگ پێشخستنی پێ دەدرێت بۆ هەر سوپاسنامەیەک کە ئاراستەى دەکرێت و بە مەرجێک ماوەى پێشخستنەکە لە 3 مانگ تێپەڕ نەبێت لە یەک ساڵ.

دووەم: ئەگەر فەرمانبەر سزا درابوو ئەوا سوپاسنامەیەک سزای سەرنج راکێشان هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەگەر دوو سوپاسنامەى بەدەست هێنا ئەوا سزای ئاگادار کردنەوەی سەپێندراو هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەگەر زیاتر لە 3 سوپاسنامەى بەدەست هێنا و سزا درابوو بە سزایەکی توندتر لە سزای ئاگادار کردنەوە ئەوا ماوەی دواکەوتنی پلە بەرز کردنەوەى یەک مانگ کەم دەکرێتەوە بۆ هەر سوپاسنامەیەک و بە مەرجێک لە 3  مانگ تێپەڕ نەکات لە ساڵێکدا.

 

لێپرسینەوە لە فەرمانبەری کۆتا بەخزمەت هاتوو یان گواستراوە

مادەى بیست و دووەم: ([11])

فەرمانبەری خواستراو یان راژە گواستراوە، رێگرنابێت  لە لێپرسینەوەی بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە.

مادەی بیست و سێیەم:

بێتاوانی فەرمانبەر یان ئازاد کردنی لە سەر ئەو کردەوەى کە لە پێناویدا ئیحالەى دادگا تایبەتمەندەکان کراوە بێبەری ناکرێت لە سەپاندنی یەکێک لەم سزایانەى هاتوو لەم یاسایە.

مادەى بیست و چوارەم:([12])

ئەگەر بۆ (وەزیر یان سەرۆکی فەرمانگە یان فەرمانبەری راسپێدراو لە لایەن وەزیر یان ئەنجوومەنی رێککاری گشتی) دەرکەوت کە کردەوەى  فەرمانبەرەکە کە پێی ئیحالە کراوە بۆ لێکۆڵینەوە یان لە پێکهاتەکانی تاوانبار کردن، تاوانێک بێت و دروست بوو بێت لە وەزیفەکەى یان ئەنجامی دابێت بە سیفەتە فەرمییەکەى دەبێت ئیحالەى دادگا تایبەتمەندەکان بکرێت.

مادەی بیست و پێنجەم:

 یاسای رێککاری فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 69 ی ساڵی 1936ى هەموار کراو هەڵدەوەشێتەوە و کار بە هیچ دەقێک ناکرێت رێگربێت لە بەردەم حوکمەکانی ئەم یاسایە.

مادەی بیست و شەشەم:

ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت پاش تێپەڕ بوونی 90 رۆژ لە رێکەوتی بڵاو بوونەوەى لە رۆژنامەى فەرمی.([13])

 

پەراوێزەكان

[1]() واتە وەزیر یان سەرۆکی فەرمانگە دەتوانێت سزای (سەرنج راكێشان، ئاگادار كردنەوە، برینی مووچە) بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەسەر فەرمانبەر بسەپێنێت بەبێ لیژنەى لێکۆڵینەوە پاش لێپرسینەوە لە فەرمانبەرەکە بەو سەرپێچییەی کە کردوویەتی.

 

[2]() هەردوو بڕگەى چوارەم و پێنجەم لە مادە 11 بە پێی مادە 4 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەڵوەشایەوە.

 

[3]() ئەم مادەیە بە پێی مادە 5 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەموار کرایەوەوو ئەمەى سەرەوە شوێنی گرتەوە.

 

[4]() ئەم مادەیە بە پێی مادە 6 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەڵوەشایەوە و ئەمەى سەرەوە شوێنی گرتنەوە.

 

[5]() واتە سزاکانی (سەنج راکێشان، ئاگادار کردنەوە، بڕینی مووچە، سەرزەنشتکردن)

 

[6]() ئەم مادەیە بە پێی مادە 7 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەڵوەشایەوە و ئەمەى سەرەوە شوێنی گرتەوە.

 

[7]() ئەم مادەیە بە پێی مادە 8 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەڵوەشایەوە و ئەمەى سەرەوە شوێنی گرتنەوە.

 

[8]()  واتە ئەنجوومەنی رێککاری گشتی

 

[9]() ئێستا لە هەرێمی کوردستان لیژنەی رێککاری فەرمانبەران لە ئەنجوومەنی شووراى هەرێمی کوردستان پسپۆرییەکانی ئەنجوومەنی رێککاری گشتی پیادە دەکات.

 

[10]() ئەم بڕگەیە بە پێی یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2012 یاسای هەمواری یاسای رێککاری فەرمانبەران زیاد کرا .

 

[11]() ئەم مادەیە بە پێی مادە 9 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەڵوەشایەوە و ئەمەى سەرەوە شوێنی گرتنەوە.

 

[12]() ئەم مادەیە بە پێی مادە 10 لە یاسای ژمارە 5ى ساڵی 2008ى هەمواری یەکەمی یاسای رێککاری فەرمانبەرانی میری و کەرتی گشتی هەڵوەشایەوە و ئەمەى سەرەوە شوێنی گرتنەوە.

 

[13]()  لە ژمارە 3356  لە 3/6/1991 رۆژنامەى وەقایعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.

 


سەرچاوەکان



7263 بینین