ئەتەکێتی ڕێکخستن و جوانیی خوان

له‌لایه‌ن: - كارزان دوكانی - به‌روار: 2020-08-17-20:54:00 - کۆدی بابەت: 373
ئەتەکێتی ڕێکخستن و جوانیی خوان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەختكردنەوە لەسەر دەركەوتنی خوان بە شێوەیەكی جوان و شیاو ، پێویستە خوانەكە بە زیرەكییەوە ڕێك بخرێـت و ، هەر پارچەیەك ئەركێكی تایبەتی خۆی هەبێت ، وەك چۆن جەخت لەوە دەكەینەوە كە نابێت هیچ پارچەیەك كەم و كوڕی هەبێت بە هەمان شێوەش نابێت هیچ پارچەیەكی زیاد لە پێویستی لێ بێت.

كەمێك ڕێكسازی و گرنگی پێدانی جۆرێك لە گەرم و گوڕی و ڕۆمانسییەت بە بەرچایی یان ئێوارە خوانەكەت دەبەخشێـت و ، شێوەیەكی ناوازە بۆ خوانەكەت زیاد دەكات ، چونكە پەیوەندی لە نێوان جۆرەكانی خواردن و شێوەكانی و سروشتی ڕێكخستنی خوان ڕۆڵێكی گەورەی هەیە لە هاوسەنگ ڕاگرتنی خوانەكەدا .

ئامڕازەكانی خوان

بە نیسبەت ڕێكخستنی قاپەكانەوە بنەماكان دەڵێن : لەسەرەتادا ئەو قاپە گەورەیە دادەنرێت كە خوانە سەرەكییەكەی تێدایە و ، دەبێت پان و بەرین بێت و قاپێكی بچوكتری لەسەربێـت بۆ زەڵاتەو خواردنەوە ساردەكان و لە نێویشیدا قاپێكی تری بچووكی لێ بێت بۆ شۆرباكە .

جۆر و شێوازی ئامڕازەكانی خوان ، جیاوازن و هەریەكێكیشیان بەكارهێنانی تایبەتی خۆی هەیە 

  • چەتاڵی كۆكتێل : لەگەڵ كۆكتێلەكانی خواردنە دەریایی و میوەكاندا بەكاردێت و بۆ پێشكەشكردنی زەیتون و جۆرەكانی ترشیاتیش بەكاردێت .
  • چەتاڵی زەڵاتە : بۆ خواردنی زەڵاتەی قارچك و هەویرەمەنی و گۆشتە ساردەكان بەكاردێت .
  • چەتاڵی ماسی : تەنها لە كاتێكدا لەسەر خوانەكە دادەنرێت كە خواردنی ماسی تێدابێت .
  • چەتاڵی ئێوارە خوان : بۆ نان خواردنی ئێوارە ، جگە لە ماسی .
  • چەقۆی ستیك : بۆ لەتكردنی گۆشتەكان .
  • چەقۆی ماسی : لەسەر سفرە دادەنرێـت ، ئەگەر لیستی خواردنەكە ماسی تێدا بێـت.
  • چەقۆی نڤیشك : لەسەر قاپی نڤیشك دادەنرێـت ، بۆ لەتكدرنی نڤیشك و پەنیر .
  • چەقۆی ئێوارە خوان : بۆ لەتكردنی خواردنەكان جگە لە ماسی.
  • كەوچكی شۆربا : بۆ خواردنی شۆربا بەكاردێـت .
  • كەوچكی شیرینی : بۆ خواردنی شیرینی و میوەكان بەكاردێت .
  • كەوچكی خواردنەوەكان : لەگەڵ خواردنەوەی ئایسكرێم و شیرینی بەكاردێت ، كاتێك لە كوپی درێژدا پێشكەش دەكرێن.
  • كەوچكی چا : بۆ چاو قاوە بەكاردێـت .

چەند تێبینییەكی گرنگ

  • مێزی خوانەكە بەسەر مێزێكی گونجاو دابپۆشە ، بە جۆرێك لە هیچ لایەك لە لایەكانی مێزەكە زیاد لە 30 سم شۆڕنەبێتەوە .
  • لە كاتی دانانی چەقۆ و چەتاڵ و كەوچكدا نابێت لێواری دەسكەكانیان لە (2سم) زیار لە لێواری مێزەكەوە دوور بێـت.
  • چەقۆ لە لای ڕاستی قاپەكەوە دابنێ بە جۆرێك ڕووی لایە تیژەكەی لە قاپەكە بێـت .
  • كەوچكیش لە لای ڕاستی قاپەكەوە لە نزیك چەقۆكەوە دادەنرێت ، ژمارەشی بە پێی جۆری خواردنەكە دەگۆڕێت ، ئەوەشیان كە لە سەرەتاوە بەكاردێت دوورترینیان دەبێـت لە قاپەكەوە بەرەو دەرەوە .
  • چەتاڵ لە لای چەپی قاپەكەوە دادەنرێت ، دەبێـ ددانەكانی ڕووەو سەرەوە بن ، بە هەمان شێوە ژمارەكەیان بە پێی جۆری خواردنەكان دەبێـت ، ئەوەشیان كە سەرەتا بەكاردێـت دوورترینیان دەبێت لە قاپەكەوە .
  • قاپە زەڵاتەكە لە لای چەپی چەتاڵەكەوە دادەنرێت .
  • قاپی كەرە و نان (ئەگەر بەكارهێنرا) لەسەرو چەتاڵەكەوە و لە لای چەپی قاپەكەوە دایبنێ و ، چەقۆی كەرەكە لە لای ڕاستی قاپەكە خۆیەوە دادنرێت و ، لا تیژەكەی بە ئاڕاستەی ناوەڕاستی قاپەكە دەبێت.
  • پەرداخی ئاو لە لای ڕاست و لەسەر ڕووی نووكی چەقۆكەوە دابنێ.


سەرچاوەکان



1646 بینین