جومگە

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-22-15:24:00 - کۆدی بابەت: 402
جومگە

ناوه‌ڕۆك

پێناسە

ئەو شوێنەی كە تێیدا دوو ئێسك بەیەكدەگەن ناودەبرێت بە جومگە. لە لەشی مرۆڤدا سێ جۆری سەرەكی لە جومگە هەیە، كە بریتین لە: نەبزێو و جوڵە سنوردار و بزێو.

جومگە نەبزێوەكان

جومگە نەبزێوەكان ڕێگە بە جووڵە نادەن، كە لە كەللەی سەردا هەن، كە ئێسكە پەڕەكان بە توندی بەیەكەوە دەبەستنەوە و ڕێگە بە جووڵەیان نادەن.

جومگە جووڵە سنووردارەكان

جومگە جووڵە سنوردارەكان ڕێگە بە جووڵەیەكی سنوردار دەدەن، بۆ نموونە جومگەی جووڵەی سنوردار، ئێسكەكانی بڕبڕەی پشت لە شوێنی خۆیاندا جێگیر دەكەن، ڕێگە بە چەمانەوە و سوڕانەوەی لەش دەدەن. نێوان بڕبڕەكانی پشت بە خەپلەی كڕكڕاگە شانە لێك جیادەكرێنەوە، جومگەی جووڵە سنوردار لە جەمسەری پەراسووەكانی قەفەزەی سنگیشدا هەن كە دەزووی كڕكڕاگەییە درێژەكانی دە جووتەكەی سەرەوەی پەراسووەكان بە كۆڵەوە دەبەستن.

جومگە بزێوەكان

هەموو جومگەكانی دیكەی لەش بریتین لە جومگەی بزێو. ئەم جومگانەش وا لە لەش دەكەن كە بڕێكی زۆر لە جووڵە ئەنجام بدات. جۆرەكانی جومگەی بزێو ئەم جومگانەن: جومگەی ڕێزەیی، گۆیی، تەوەرەیی، زینی، خلیسك. نموونە بۆ جوومگەی ڕێزەیی جومگەی ئانیشكە كە ڕێگە بە باسك دەدات بۆ سەرەوە و خوارەوە بە شێوەی ڕێزەی دەرگا بجووڵێت. نموونەش بۆ جومگەی گۆیی جومگەی شانە كە دەتوانێـ باڵت بۆ سەرەوە و خوارە و پشتەوە بە سوڕێكی تەواو بسوڕێنێتەوە. وە جومگەی تەوەرەش جومگەی نێوان هەردوو بڕبڕەی سەرەوەی بڕبڕەی پشتن كە ڕێگە بە سووڕانەوەی سەرت دەدات لە لایەكەوە بۆ لایەكی دیكە، و لەرزاندنی سەر بە ئاڕاستەی سەرەوە بۆ نەخێر و خوارەوە بۆ بەڵێ. نموونە بۆ جومگەی زینی ئەو جومگەیە كە لە بنكەی هەر پەنجە گەورەیەكدا هەیە، ڕێگەت پێدەدات پەنجە گەورە بجوڵێنێت و یارمەتیت دەدات بۆ گرتنی شتەكان بە دەستت. وە  نمونەش بۆ جومگەی خلیسك، ئەو جومگانەن كە لە نێوان ئێسكە بچوكەكانی پێیەكانت دا هەن كە ڕێگە بە ئێسكەكان دەدەن بەسەر یەكدا بخلیسكێن.

پێكهاتەی جومگە

زۆرجار جومگەكان وەك جومگەی ئەژنۆ دووچاری بڕێكی زۆر لە پەستان و ئەرك دەبێتەوە. بەڵام پێكهاتەكەی لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێت.

وەك هەموو جومگە بزێوەكان كڕكڕاگە ئەو بەشانەی ئێسك دادەپۆشێت كە لێك دەخشێن، وەڕووی ئێسكەكان لە لێكخشاندن دەپارێزێت. هەروەها شریتی بەستەرە شانەی بەتینیش ئێسكەكانی جومگە دەگرن، كە ناودەبرێن بە بەستەرەكان. بۆ ئەوەی لە شوێنەكانیاندا جێگیریان بكەن. ڕووی جومگەكان دووچاری زۆر پەستان دەبنەوە بە شانەیەك داپۆشراون شلەیەكی لینجی خلیسكێنەر دەردەدات جەمسەرەكانی ئێسك لە لێكخشاندن دەپارێزێت ناودەبرێت بە شلەی جومگەیی. ڕەنگە ئەو زیانانەی كە بە ئەژنۆ دەگات ببنە هۆی هەڵئاوسانی ئەو ناوچەیەی كە شلەی جومگەیی تێدایە.

هەر تێكچوونێك تووشی جومگە ببێت، دەبێتە هۆی هەڵئاوسانی و هەستكردن بە ئازار كەناودەبرێت بە هەوكردنی جومگە، دوو جۆر لە هەوكردنی جومگەیی هەن:

هەوكردنی جومگەی ڕۆماتیدی: كاتێك دەردەكەوێت كە بەرگرییە كۆئەندام دەست دەكات بە پەلاماردانی شانەكانی لەش و جومگەكانیش هەودەكەن و هەڵدەئاوسێن و ڕەق دەبن و تێكدەچن.

هەوكردنی جومگەیی ئێسك: ئەویش نەخۆشییەكی جومگەییە كڕكڕاگەی دادەخورێت و تەنكتر و زبرتر دەبێـت، لە ئەنجامی ئەمەدا ڕووی ئێسكەكان لێك دەخشێن و دەبێتە هۆی هەراسانبوونێكی تووند.


سەرچاوەکان



4767 بینین