جوڵاندنی ئێسک بە ماسولکە

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-25-15:27:00 - کۆدی بابەت: 416
جوڵاندنی ئێسک بە ماسولکە

ناوه‌ڕۆك

شێوازی جووڵاندن

پەیكەرە ماسولكە بەیەك جەمسەری ئێسكەوە بەستراوە، وە بەناو جومگەدا تووندكراوە، بە جەمسەری ئێسكێكی دیكەوە بەستراوە. ماسولكەكان بە بەرگە ئێسكەوە بەستراون بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی پەتێكی ڕیشاڵی بەهێز لە بەستەرەشانە كە ناودەبرێت بە ژێ، بۆ نموونە جەمسەری یەكەمی ماسولكەی دوو سەر لە باڵدا بە ئێسكی كەوەرەوە بەستراوە، بەهۆی ژێوە بەڵام جەمسەرەكەی دیكەی ماسولكە، بە ئێسكی دەفەی شانەوە دەبەسترێت، كاتێك ماسوولكەی دووسەر گرژ دەبێت باسك بۆ سەرەوە دەنوشتێتەوە بەڵام ئێسكی دەفەی شان بە جێگیری دەمێنێتەوە. ئەو خاڵەی كە ماسولكە بە ئێسكی جێگیرەوە دەبەستێتەوە كە لەم بارەدا ئێسكی دەفەیە، ناوجەبرێت بە بنەچە.

ئەو خاڵەی كە بە ماسولكە بە ئێسكی جوڵاوەوە دەبەستێتەوە، (لەم بارەدا كەوەرەیە)، ناودەبرێت بە جێبەست. ماسولكەكان ئێسك دەجوڵێنن لە ڕێگەی ڕاكێشانەوە نەك لە ڕێگەی پاڵنانەوە. زۆربەی پەیكەرە ماسولكەكان، بە شێوەی جووتی هاودژ كاردەكەن لەو كاتەی ماسولكەیەك لە جووتێكی دیاریكراودا جەمسەرێك لە جەمسەرەكانی بە ئاڕاستەیەكی دیاریكراو دەجوڵێنێت، ئەوا ماسولكەكەی دیكەی هەمان جووت بە ئاڕاستەی پێچەوانەی دەیجوڵێنێت، بۆ نموونە كاتێك ماسولكەی دووسەر گرژ دەبێت ئانیشك دەچەمێتەوە، كاتێك ماسولكەی سێ سەر گرژ دەبێت باڵ ڕاست دەبێتەوە. ماسولكەی دووسەر ناودەبرێت بە ماسولكەی گرژۆك. واتە ئەو ماسولكەیەی كە جومگە دەنوشتێنێتەوە، بەڵام ماسولكەی سێ سەر ناودەبرێت بە ماسولكەی كشۆك. واتە ئەو ماسولكەیەی كەوا لە جومگەكە دەكات ڕاستببێتەوە. بۆ ڕابوون بە جووڵەیەكی ئاسان پێویستە یەكێك لە ماسولكەكانی جووتەكە گرژببێت و ماسولكە بەرامبەرەكەی خاوببێتەوە.


سەرچاوەکان



3058 بینین