خوێن و پێکهاتەکانی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-30-00:57:00 - کۆدی بابەت: 432
خوێن و پێکهاتەکانی

ناوه‌ڕۆك

خوێن

خوێن بەستەرە شانەیەكی شلە. خۆراكە ماددەكان و ئۆكسجین بۆ خانەكان دەگوازێتەوە. دوانۆكسیدی كاربۆن و پاشەڕۆ بۆ دوور لە خانەكان دەگوازێتەوە. هەروەها خوێن گەرمی بۆ ڕووی لەش دەگوازێتەوە، وە ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە بەرگریكردن لە لەش و پاراستنی لە نەخۆشییەكان.

پێكهاتنی خوێن

خوێن لە بەشێكی شل پێكدێت كە پلازمایە (55%ی قەبارەی خوێنە) بەشەكەی دیكەشی خانەكانی خرۆكە سوور و خرۆكە سپی و پەڕەكانی خوێنە (45%ی قەبارەی خوێنە) لەشی مرۆڤی پێگەیشتووی دروست نزیكەی 4 بۆ 5لیتر خوێنی تێدایە.

پلازما

پلازما ناوەندێكی شلی لینج و ڕەنگ زەردە، ئەو 90%ی پێكدێنێت. پلازما ماددەكانی زیندەچالاكی و هۆرۆمن و خۆراكە ماددە و خوێ و پڕۆتینەكانی تێدایە. خۆراكە ماددە تواوەكانی پلازما كە لەلایەن كۆئەندامی هەرسەوە دەمژرێن، كە ڤیتامین و ترشە ئەمینیەكان و گلوكۆز و خوێیە كانزاییەكانی دیكە دەگرێـتەوە، دەگوازرێنەوە بۆ خانەكان، پلازما جۆری جیاواز لە پڕۆتینەكان هەڵدەگرێـت كە لە فرمانیشدا جیاوازن.

هەندێك پڕۆتین بنچینەن بۆ پێكهێنانی خوێن مەیاندن. بەڵام ئەلبۆمین پڕۆتینێكە بەشداری دەكات لە ڕێكخستنی دەڵاندنە پەستانی نێوان پلازما و خانەكانی خوێن هەروەها لە نێوان پلازما و شانەكاندا. پڕۆتینی دیكەش هەن پێیان دەڵێن دژە تەنەكان ، یارمەتی لەش دەدەن بۆ بەرگری لە نەخۆشی.

خڕۆكە سوورەكانی خوێن

خڕۆكە سوورەكانی خوێن ئۆكسجین بۆ خانەكان لە هەموو بەشەكانی لەش دەگوازنەوە. خرۆكەی سوری خوێن لە مۆخی سووری ئێسكدا دروستدەبێت. لە ماوەی ئەو كردارەی كە خرۆكەی سووری تێدا دروست دەبێت، بڕێكی زۆر لەو پڕۆتینە دروست دەبێت كە ئاسنی تێدایە و پێیدەڵێن هیمۆگلۆبین، وە لە خرۆكە سورەكاندا ناووك و ئەندامۆچكەكان وندەبن. هیمۆگلۆبین ئەو بەشەیە كە ئۆكسجین داگوازێتەوە، وە بە پلەیەكی كەمتریش دوانۆكسیدی كاربۆن دەگوازێتەوە. خرۆكەی سووری خوێن ناتوانێت دابەش ببێت چونكە ناوكی تێدانییە و نزیكی 120 ڕۆژ بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

خرۆكە سپییەكانی خوێن

خرۆكە سپییەكان بەشداری دەكەن لە بەرگریكردن لە لەش دژ بەنەخۆشی، ئەمانە لە مۆخی سووری ئێسكدا دروستدەبن، بەڵام هەردەبێ بگوازرێنەوە بۆ لیمفە گرێكان، یان هەردوو ئاڵووەكان، یان سایمۆسەڕژێن، یان سپڵ، بۆ تەواوكردنی گەشەیان. خرۆكەی سپی خوێن قەبارەی لە خرۆكەی سووری خوێن گەورەترە، بەڵام ژمارەی كەمترە. لە هەر 1ملم سێجای خوێنی ئاسایی نزیكەی چوار ملیۆن خرۆكە و سوور و 7000 خرۆكەی سپی هەیە. ئەگەر چی خرۆكە سوورەكان هەمەجۆر نین بەڵام خرۆكەی سپی هەیە. ئەگەرچی خرۆكە سپییەكان هەمەجۆر نین بەڵام خرۆكەی سپی خوێن بەهەمەجۆری جیادەكرێـنەوە. ئەوان دەتوانن لەڕێی كونەكانی دیواری لوولەكانی خوێن بچن بۆ شلەی نێوان خانەكان، بەمەش هەلیان بۆ دەڕەخسێت بگەنە شوێنی تووشبوون و بەشداری بكەن لە تێكشكاندنی وردبینە زیندەوەرە پەلاماردەرەكان.

هەندێك خرۆكەی سپی دەتوانن ماوەیەكی درێژ كە دەگاتە چەند ساڵێك بژین. لە جۆرەكانی خرۆكەی سپیش هەڵلوشێنەرە خانەیە وردبینە زیندەوەرە  پەلاماردەرەكان قووت دەدات. جۆرێكی دیكەی خرۆكە سپییەكان، دژەتەنەكان دروست دەكەن. دژەتەنەكانیش پڕۆتینن و بەشداری دەكەن لە تێكشكاندنی ماددە بێگانەكان كە دەچنە لەشەوە و دەبنە هۆی نەخۆشییەكانی بەكتیریا و ڤایرۆسی. لە كاتی تووشبووندا ژمارەی خرۆكە سپییەكان زۆر دەبن لەوانەشە دوو هێندببن.

 

پەڕەكانی خوێن

پەڕەكانی خوێن خانەی تەواو نین. بەڵكو بەشێكن لە خانە زۆر گەورەكان كە لەمۆخی ئێسكدا دروستدەبن، بێناوكن، پەڕەكانی خوێن لە نێوان 7 تا 12 ڕۆژ دەژین. لەوانەیە لە 1ملم سێجای خوێندا نزیكەی نیو ملیۆن پەڕەی خوێن هەبێت. پەڕەكانی خوێن پێوییستن بۆ خوێن مەیاندن. خوێنی مەییو تۆپەڵێك لە ڕیشاڵی تێكئاڵاون خانەی خوێنیان تێكەڵبووە و دەبنە هۆی ون نەبوونی بڕێكی زۆری خوێن لە برینەكان.

كاتێك لوولەیەكی خوێن دەدڕێت، پەڕەكانی خوێن لە شوێنی دڕانەكە كەڵەكە دەبن و پێكەوە دەنوسێن دەمانەوەیەكی بچووك دروست دەكەن لوولە خوێنەكە تەسك دەبێتەوە و خوێن بەربوونیش لەناوچەكەدا سست دەبێتەوە. ئەو كاتە زنجیرەیەك لە كارلێكردنی كیمایی دەستپێدەكات و دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی پڕۆتینێك پێی دەڵێن فایبرین. گەردەكانی فایبرین لە زنجیرەی درێژ و لیق پێك دێن. ئەو زنجیرانەش تۆڕێك پێكدێنن كە خڕۆكە سوورەكان گلدەدەنەوە، وە تۆپەڵی فایبرین و خرۆكە سورەكان ڕەقدەبن تا ببنە مەییو یان قەتماغە خوێن بەربوونەكە دەوەستێنن.

نەخۆشی خوێنبەربوون كەموكوڕییە كە هۆیەكەی كەمی پڕۆتینێك یا زیاترە كە بۆ خوێنمەیین پێویستن. كاتێك كەسێكی تووشبوو بە نەخۆشی خوێن بەربوون شوێنێكی بریندار دەبێت خوێنبەربوونەكەی ماوەیەكی درێژتر دەخایەنێت لەوەی كە لە كەسێكی ساغدا ڕوودەدات. برینە گەورەكان یان ناوەكییەكان هەڕەشە لە ژیان دەكەن. ئێستا كەسانی تووشبوو بەخوێن بەربوون چارەسەر دەكرێن بە پێدانی پڕۆتینەكانی خوێن مەیاندن كە ئەوان نییانە.

 


سەرچاوەکان



7351 بینین