داکشانەوە و هۆکارەکانی

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-31-01:16:00 - کۆدی بابەت: 433
داکشانەوە و هۆکارەکانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

داكشانەوە (دیاردەیەكی ئابوورییە كاتێك ڕوو دەدات كە سەرجەمی خەرجی بۆ كڕینی بەكاربردن و وەبەرهێنان (خواستی هەمووەكی) مەتر بێت لە توانای بەرهەمداری بۆ ئابووری نەتەوەیی).

هۆكارەكانی داكشانەوە

چەند هۆكارێك هەیە بۆ دەركەوتنی ئەم دیاردە ئابوورییە گرنگترینیان ئەمانەیە

هۆكارە سروشتییەكان

مەبەست لە هۆكارە دروست نەكراوەكانە و هیچ ڕامیارییەكی ئابووری میری لە پشتەوە نییە، وەك ئەو داكشانەوەیەی كە لە دەوڵەتێكدا ڕوودەدات بەهۆی ڕوودانی دیاردە سروشتییەكانی وەك بومەلەرزە و لافاو و گەردەلوولە كاولكارەكان كە كاردەكەنە سەر گشت جموجوڵە ئابوورییەكان لەو دەوڵەتەدا.

هۆكارە ئابووریەكان

مەبەست ئەو هۆكارنەیە كە بە هۆی ڕامیارییە ئابوورییەكانەوە پەیدا دەبن كە میری پەیڕەویان دەكات، بۆ نموونە لەكاتی چارەسەری هەڵاوساندا، میری ڕامیارییەكی نەختینەیی تایبەت پەیڕەو دەكات ئەویش كەمكردنەوەی خستنەڕوو  ودەستاو دەستكردنی دراوە، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی متمانە پێدان و قەرزەكانە، ئەگەر میری لەسەر ئەم ڕامیارییە بەردەوام بێت، ئەوا داكشانەوەی لێ دەكەوێتەوە یان ئەگەر میری بڕیاڕبدات دەرامەتە داراییەكان ڕابگرێت كە بڕیاڕیان لەسەر دراوە، ئەمەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی نرخەكان و جێگیركردنی بەهای نەختینەیی بۆ دراوەكە.

هۆكارە ڕامیارییەكان

جێگیرنەبوونی بارودۆخی ڕامیاری یان جەنگ دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی ئاستی گوزەرانی دانیشتوان و كەمبوونەوەی خوستیان ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە كەرتی تایبەتیش بەهۆی خراپی بارودۆخەكەوە بەرهەمهێنانیان كەم دەكەنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی بێكاری و دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئابووری وڵات بەرەو داكشان و بێ بازاڕی بڕوات.

كاریگەری داكشانەوە

داكشانەوە پاڵ بەبەرهەم هێنەكانەوە دەنێت بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانیان و لە كارخستنی بەشێك لە وزەی بەرهەمداریان، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی قەبارەی بەكارخستن و كەمبوونەوەی داهاتە دابەشكراوەكان و سەرەنجام دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی خواستی هەمووەكی و ئاستی چالاكی ئابووریش بەروە خراپبوون دەڕوات تا دەگاتە قۆناغی بێ بازاڕی.

بەرزربوونەوەی تێكڕای بێكاری و نزمبوونەوەی ئاستی بەرهەمی نەتەوە و داهاتی نەتەوەیی.

لەوانەیە سەرهەڵدانی داكشانەوە پاڵ بە سەرمایەی نیشتیمانییەوە بنێت بۆ وەبەرهێنان لە دەرەوە لەجیاتی بەكارخستنی لەناوخۆدا.

چارەسەری داكشانەوە

ئەو ئابوورییەی كە بە دەست داكشانەوەوە دەناڵێنێت(واتە كورتهێنانی قەبارەی خەرجی هەمووەكی لە ئاست بەرهەمی نەتەوەییدا) دۆخێكی ناهەوسەنگە و ئەو جیاوازییەی لە نێوان قەبارەی داهاتی نەتەوە و خەردی نەتەوە دروست دەبێت پێی دەوترێت (كەلێنی داكشانەوە)، ئەگەر وا دابنێین كە داهاتی نەتەوە (250ملیۆن دۆلار) و (خەرجی نەتەوە 240ملیۆن دۆلار)بێت ئەوا ئەو جیاوازییەی كە دەكاتە (10ملیۆن دۆلار) كەلێنی داكشانەوەكە دەنوێنێت.

لە كاتی چارەسەركردنی ئەم دیاردەیەدا پێویستە ئاستی خەرجییەكان بەرز بكرێتەوە تا بگاتە ئستی داهاتی نەتەوە، ئەوەش ئاستی هاوسەنگییەكەیە و دەتوانرێت ئەو زیادەیە لە قەبارەی خەرجییەكاندا بەم ڕێگایانە بهێنرێتەدی

فراوانكردنی خەرجییەكانی میری (خەرجی بەگەڕ – خەرجی وەبەرهێنان)

ئەم فراوانكردنە زیادكردنێك لە قەبارەی خواستی هەمووەكی دەنوێنێت كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی كەلێنی داكشانەوەكە یان نەهێشتنی، چونكە كاتێ میری هەڵدەستێت بە زیادكردنی خەرجییەكان واتە دابەشكردنی داهاتیی نوێیە بەسەر هەندێك بنەمای بەرهەمهێنان واتە زیادكردنی توانای شت كڕینییان، ئەمەش كاردەكاتە سەر بەرزكردنەوەی ئارەزووی بەكاربردن و لەپاشاندا زیادبوونی خەرجكردن بۆ شمەك و كارگوزارییەكان و، ئەمەش قەبارەی خواستی هەمووەكی زیاد دەكات.

كەمكردنەوەی باجەكان

كەمكردنەوەی باجەكان واتە زیادبوونی داهاتی ڕەخساوە بۆ خەرجكردن، چونكە ئەگەر میری ئەم كارە ئەنجامبدات ئەوا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادكردنی توانای شت كڕینی كەسەكان، ئەمەش مانای بەرزكردنەوەی ئاستی ئارەزووی بەكاربردن و زیادبوونی خەرجی بەكارهێنانە، لەمەشەوە كەمكردنەوەی باج یان نەهێشتنی دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی خواستی هەمووەكی، لە پاشاندا بچووكبوونەوەی كەلێنی داكشانەوەكە یان نەمانی.

كەمكردنەوەی نرخی (سوو) لەلایەن بانكی ناوەندییەوە

كاریگەرترین ڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی داكشانەوە، چونكە كەمكردنەوەی نرخی سوو دەبێتە هۆی هاندانی كەرتی تایبەت بۆ قەرزكردن و فراوانكردنی وەبەرهێنان و دامەزراندنی كارگەی نوێ، بەمەش بواری كاركردن بۆ كرێكاران دەڕەخسێت و داهاتی نوێ بەسەر خەڵكدا دابەش دەبێت و خواستی زیاد دەكات و چالاكی ئابووری گەشە دەكات، وەك (ئەمەریكا و وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن و زۆربەی دەوڵەتانی تری جیهان بۆ چارەسەركردنی ئەم (داكشانەوە و بێ بازاڕییەی ئابووری جیهانی گرتەوە لە ساڵانی 2008 پەنایان بردە بەر (كەمكردنەوەی نرخی سوو).


سەرچاوەکان



3465 بینین