تووشبوون بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ و نەخۆشیی ئایدز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-13-11:45:00 - کۆدی بابەت: 472
تووشبوون بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ و نەخۆشیی ئایدز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Human Immunodeficiency Virus) ڤایرۆسێکە کە هێرش دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگریی جەستە و مەترسی و کاریگەریی تووشبوون بە نەخۆشی و تووشبوونی میکرۆبی تر زیاتر دەکات. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئەم تووشبوونە ڤایرۆسییە لەوانەیە گەشە بسەنێت بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو کە پێی دەوترێت نەخۆشیی ‌ئایدز (بە ئینگلیزی: AIDS) واتا کۆنیشانەی نەمانی بەرگریی دەستکەوتوو (بە ئینگلیزی: Acquired Immuno Deficiency syndrome).

لەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و چارەسەر و ڕێنوێنی پزیشکی وەردەگرن، زۆر بە دەگمەن ڤایرۆسەکە پەرەدەسەنێت بۆ ئایدز. 

بەپێی ڕێکخراوی تەندوستیی جیهانی (WHO)، تووشبوونی ڤایرۆسیی HIV حاڵەتێکە کە دەتوانرێت چاودێری بکرێت و زۆر تووشبووی ئەم ڤایرۆسە ژیانێکی درێژ و تەندروستیان هەیە. بەهۆی چارەسەری دژەڕێترۆڤایرۆسییەوە تووشبوونی HIV کەمتر پەرەدەسەنێت بۆ ئایدز. 

لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٦٨٪ـی پێگەیشتووان و ٥٣٪ـی منداڵانی تووشبوو بە ڤایرۆسی HIV لە سەرتاسەری جیهاندا، چارەسەریان بۆ ڤایرۆسەکە وەرگرتووە. 

تووشبوونی ڤایرۆسیی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ چییە؟

تووشبوونی ڤایرۆسیی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Human Immunodeficiency Virus Infection)، تووشبوونە بە ڤایرۆسێک کە هێرش دەکاتە سەر خانەکانی بەرگری کە پێیان دەوترێت (CD4)، کە جۆرێکن لە خڕۆکە سپییەکانی خوێن بە ناوی (T cell).

ئەم ڤایرۆسە ئەم خانانە بەکار دەهێنێت تا خۆی لەبەربگرێتەوە و ژمارەی زیاد ببێت. کاتێک ژمارەی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا زۆر دەبێت، خانەکانی جەستە لەناو دەبات و توانای جەستە کەمدەکاتەوە بۆ شەڕکردن دژی نەخۆشی و تووشبوونە میکرۆبییەکان. ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە و تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان زیاد دەکات. گرنگە بزانرێت کە لەوانەیە کەسێک بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی ڤایرۆسی HIV بووبێت، بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک. 

تووشبوونی ڤایرۆسیی HIV حاڵەتێکە بەدرێژایی ژیان دەمێنێتەوە، بەڵام چارەسەر و هەندێک ستراتیجیی دیاریکراو ڕێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و خراپتربوونی دۆخی نەخۆشەکە دەکەن.

ئایدز چییە؟ 

ئایدز واتا کۆنیشانەی نەمانی بەرگری دەستکەوتوو، کە قۆناغێکی پێشکەوتوو یان کۆتاقۆناغی تووشبوونی ڤایرۆسیی (HIV)ـیە. 

کاتێک ژمارەی خانەکانی CD4 کەمتر دەبێت لە ٢٠٠ خانە لەسەر میلیمەترێک سێجا ئەوکات پزیشکەکان دەتوانن ئایدز دەستنیشان بکەن، هەروەها دەشێت کاتێک کەسێک تایبەتمەندیی تووشبوونی میکرۆبیی هەلپەرست یان هەندێک جۆری شێرپەنجە، یان هەردووکیانی هەبێت دەستنیشان بکرێت.

ئەگەر تووشبووی ئایدز چارەسەر وەرنەگرێت، ئەوا نەخۆشییەکەی پەرەدەسەنێت و کۆئەندامی بەرگریش بەرەو لەناوچوون دەچێت، هەرچەندە پێشکەوتن لە چارەسەری دژەڕێترۆڤایرۆسی وایکردووە ئەم پەرەسەندنە بۆ ئایدز زۆر کەم ببێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٨ـدا زیاتر لە ١.١ ملیۆن کەس لە ئەمریکادا تووشی ڤایرۆسی (HIV) بووبوون و ٦٫٠٠٠ مردنیش بەهۆی ئایدزەوە تۆمار کرابوون.

هۆکار و ڕێگەی گواستنەوە

ڤایرۆسی HIV لەڕێی شلەکانی جەستە دەگوازرێتەوە کە ڤایرۆسەکەیان تێدایە، کاتێک بەرکەوتنیان دەبێت لەگەڵ بەربەستێکی تێپەڕ یان بۆشاییەک لە شانە شێدارەکانی وەکوو ئەندامەکانی زاوزێ. 

ڤایرۆسەکە بەم ڕێگەیانە دەگوازرێتەوە:

  • خوێن
  • تۆواو
  • شلەی پێش تۆواو
  • شلەی دەردراوی زێ
  • شلەی دەردراوی کۆم
  • شیری مەمک

ڤایرۆسەکە ناتوانێت لەڕێی لیکەوە بگوازرێتەوە، بۆیە بە نموونە کەسێک لەڕێی ماچی ناودەمەوە تووشی ڤایرۆسەکە نابێت. 

هۆکارەکان

  • یەکێک لە باوترین هۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ئەمریکادا بریتییە لە جووتبوون لەڕێی زێ یان کۆمەوە. بۆ ئەوەی گواستنەوە ڕووبدات دەبێت کەسەکە بەربەستی پاراستنی بەکار نەهێنابێت وەکوو کۆندۆم یان پارێزگاری پێش بەرکەوتنی وەرنەگرتبێت (بە ئینگلیزی: PrEP)، کە بریتییە لە چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV لەنێوان ئەو کەسانەی هۆکاری جێی مەترسییان هەیە. 
  • هۆکارێکی باوی تری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بریتییە لە هاوبەشی پێکردنی ئامڕازەکانی دەرزی لێدان بۆ دەرمان وەکوو سرنج.
  • هۆکارێکی تر کە کەمتر باوە، گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە بۆ منداڵی ساوا لە کاتی دووگیانی، کاتی منداڵبوون، یان شیرپێدان لەڕێی مەمکەوە.
  • هەروەها هەلی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەڕێی خوێن بەخشینیشەوە هەیە، بەڵام مەترسییەکەی زۆر کەمە، چونکە خوێن بەخشەرەکە بەتەواوی پشکنینی بۆ دەکرێت.

ڤایرۆسی تێبینی نەکراو یان نەگوازراوە

ڤایرۆسی HIV تەنیا لەڕێی ئەو شلانەوە دەگوازرێتەوە کە بڕێکی دیاریکراوی ڤایرۆسەکەیان تێدایە، ئەگەر کەسێک بڕێکی تێبینی نەکراوی لە ڤایرۆسەکە هەبێت، ئەوا ناگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تر.

پزیشکەکان کاتێک حاڵەتەکە بە تێبینی نەکراو دادەنێن کە بڕی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا زۆر کەم بێت و پشکنینی خوێن نەتوانێت دیاریی بکات. 

بۆ ئەوەی ئاستی تێبینی نەکراوی ڤایرۆسەکە هەبێت، پێویستە کەسەکە بەبەردەوامی چارەسەری کاریگەر وەربگرێت و بەوردی پلانی پێشنیازکراو جێبەجێ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا کەسەکە هەر بە تووشبووی ڤایرۆسەکە دادەنرێت.

پەرەسەندن بۆ ئایدز

هەلی پەرەسەندنی ڤایرۆسی HIV بۆ نەخۆشیی ئایدز بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت و بەندە لەسەر چەند هۆکارێک کە بریتین لە:

  • تەمەنی کەسەکە
  • توانای جەستە بۆ بەرگریکردن دژی ڤایرۆسەکە
  • بوونی تیمێکی باشی پاراستنی تەندروستی
  • بوونی تووشبوونی میکرۆبیی تر
  • بەرهەڵستیی بۆماوەیی کەسەکە بۆ هەندێک جۆری ڤایرۆسی HIV
  • جۆری ڤایرۆسی HIVـیەکە، کە هەندێکیان بەرهەڵستکاری دەرمانن

بەربڵاویی و کوشندەیی

تا ساڵی ٢٠٢٠ بە نزیکەیی ٣٧.٧ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسی HIV بوونە. کە ٣٦ ملیۆنیان کەسانی پێگەیشتوو بوونە و ١.٧ ملیۆنیشیان منداڵ بوونە لەنێوان کۆرپەی لەدایک نەبوو تا تەمەنی ١٤ ساڵان. نیوەی زیاتری تووشبووانیش (٥٣٪) لە ڕەگەزی مێیینە بوونە.

لەدوای ئەوەی ڕێژەی مردن بەهۆی ئایدزەوە لە لووتکە بوو، مردن بەهۆی ئایدزەوە تا ساڵی ٢٠٠٤ بە ڕێژەی ٦٤٪ و تا ساڵی ٢٠١٠ـش بەڕێژەی ٤٧٪ کەمی کردووە.

لەساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی ٦٨٠٫٠٠٠ کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی پەیوەندیدار بە ئایدزەوە مردوون، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم ڕێژەیە ١.٣ ملیۆن کەس بووە.

نیشانە و قۆناغەکانی تووشبوون بە HIV چین؟

ئەم تووشبوونە بە سێ قۆناغ ڕوودەدات. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، بەپێی کات بەرەوە خراپتر دەڕوات و لەکۆتاییدا ڤایرۆسەکە بەسەر کۆئەندامی بەرگریی جەستەدا زاڵ دەبێت. نیشانەکانی تووشبوونی ڤایرۆسیی HIV بەندن لەسەر قۆناغەکانی تووشبوونەکە.

قۆناغی تووشبوونی کورتخایەن

زۆربەی خەڵک ڕاستەوخۆ پێی نازانن کە تووشی ڤایرۆسی HIV بوونە، هەندێک کەسی تووشبوو بۆ ماوەی چەند مانگ و تەنانەت ساڵیش هیچ نیشانەیەکیان نییە، بۆیەش یەک لەسەر حەوتی کەسانی تووشبوو لە ئەمریکادا پێی نازانن کە تووشبوون. 

٨٠٪ـی تووشبووان دەکرێت لەماوەی دوو بۆ شەش هەفتە دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، نیشانەکانیان لێ دەربکەوێت. ئەم نیشانانە کاتێک ڕوودەدەن کە بەرگریی جەستە دەست بکات بە شەڕکردن، نیشانەکانی ئەم قۆناغە پێیان دەوترێت کۆنیشانەی ڕێترۆڤایرۆسیی کورتخایەن یان تووشبوونی ڤایرۆسیی HIV سەرەتایی. 
نیشانەکان هاوشێوەی تووشبوونە ڤایرۆسییەکانی ترن و زۆرجار لەگەڵ هەڵامەت بەراورد دەکرێن، بە گشتی هەفتەیەک یان دوو هەفتە بەردەوام دەبن و دواتر نامێنن، کە بریتین لە:

  • تا 
  • لەرز
  • بێهێزی
  • شەکەتی
  • سەر ئێشە
  • ئێشی ماسولکە
  • قوڕگ ئێشە
  • هەڵئاوسانی لیمفە گرێیەکان
  • جۆرێک لیری پێست لە جەستە و پەلەکاندا کە خورانی نەبێت
  • بوونی برین لەناو دەم، سورێنچک، کۆم و ئەندامەکانی زاوزێ
  • نیشانە دەمارییەکانی تر

ئەگەر ئەم نیشانانە لە کەسێک هەبێت و لە ماوەی دوو بۆ شەش هەفتە پێشتریش بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبوویەکی ئایدز هەبووبێت، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکات و پشکنینی ئایدز بکات. تەنانەت ئەگەر نیشانەشی نەبێت بەڵام بەرکەوتنی هەبووبێت لەگەڵ تووشبووێکی ئایدز، پێویستە پشکنین بکات، چونکە مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە زۆرە.

پشکنینی سەرەتایی گرنگە لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: لەم قۆناغەدا ئاستی ڤایرۆسەکە لە خوێن و شلەکانی جەستەدا زۆر بەرزە، ئەمەش وادەکات بەئاسانی بگوازرێتەوە.

دووەم: وەرگرتنی چارەسەر بەزوویی یارمەتی بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگری دەدات و نیشانەکان کەمدەکاتەوە. هەروەها ڕێگری لە پەرەسەندنی ئایدز دەکات.

قۆناغی تووشبوونی درێژخایەن یان بێ نیشانەیی 

دوای ئەوەی کۆئەندامی بەرگریی جەستە شەڕی ڤایرۆسەکە دەدۆڕێنێت، نیشانەکانی هاوشێوەی هەڵامەت نامێنن. بەڵام لەناو جەستەدا شتانێکی زۆر ڕوودەدەن. پزیشکەکان ئەم قۆناغە بە قۆناغی بێ نیشانە، یان تووشبوونی درێژخایەن دەناسێنن، کە دەکرێت کەسی تووشبوو بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەم قۆناغە بمێنێتەوە و هیچ نیشانەیەکیشی لێ دەرنەکەوێت.

ئەو خانانەی خوێن کە پێیان دەوترێت (CD4 T cells) وەڵامدانەوەی کۆئەندامی بەرگری لە جەستەدا ڕێکدەخەن. لەماوەی ئەم قۆناغەدا، ڤایرۆسی HIVـی چارەسەرنەکراو خانەکانی CD4 دەکوژێت و کۆئەندامی بەرگری لەناودەبات. پزیشک دەتوانێت ڕێژەی بوونی ئەو خانانە بزانێت لەڕێی پشکنینی خوێن. ئەگەر چارەسەر وەرنەگیرێت، ژمارەی خانەکانی CD4 کەمدەکات و ئەگەری تووشبوون بە میکرۆبی تر زیاتر دەبێت. تاکە هێمای ئەم قۆناغە بریتییە لە کەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆکەسپییەکانی خوێن.

بە گشتی ئەم قۆناغە ماوەی هەشت بۆ دە ساڵ دەخایەنێت ئەگەر چارەسەر وەرنەگیرێت. زۆربەی خەڵک لەم قۆناغەدا تووشی ئەو نیشانانە نابن کە هەستیان پێ بکرێت یان ببینرێن. بۆیەش لەوانەیە کەسەکە نەزانێت کە تووشی نەخۆشییەکە بووە و دەتوانێت کەسانی تریش تووش بکات.

ئەگەر چارەسەر وەربگیرێت، دەکرێت نەخۆش لەم قۆناغەدا بمێنێتەوە بۆ ماوەی چەندین دەیە. ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکەش بۆ کەسانی تر زۆر کەم یان دەگمەن دەبێت.

قۆناغی کۆتایی 

ئەگەر تووشبووی ڤایرۆسی HIV چارەسەری کاریگەر وەرنەگرێت، ڤایرۆسەکە توانای بەرگریی جەستە لاواز دەکات بۆ شەڕکردن دژی تووشبوونە میکرۆبییەکان و ڕووبەڕووی نەخۆشیی مەترسیداری دەکاتەوە.

نەخۆشیی ئایدز لەم قۆناغەدا سەر هەڵدەدات. کاتێک خانەکانی CD4 بەتووندی کەمدەبنەوە بۆ کەمتر لە ٢٠٠ خانە لە ملیمەترێکی سێجادا، ئەوکات پزیشک دەتوانێت نەخۆشیی ئایدز دەستنیشان بکات، کە هەندێک جار پێی دەوترێت قۆناغی کۆتایی یان سێیەمی تووشبوونی ڤایرۆسیی HIV.

بوونی چەند تووشبوونێکی میکرۆبیی هەلپەرستیش وەکوو بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو، یان مایکۆبەکتریا، دیسانەوە یارمەتی پزیشک دەدەن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ئایدز.

نیشانەکانی ئەم قۆناغە (ئایدز)، بریتین لە: 

  • لێڵبینی 
  • کۆکەی وشک
  • ئارەقکردنەوە لە شەو
  • پەڵەی سپی لەسەر زمان و ناودەم
  • کورتبوونەوەی هەناسە (بە ئینگلیزی: Dyspenia)
  • هەڵئاوسانی ڕژێنەکان، کە ماوەی چەند هەفتەیەک دەخایەنن
  • سکچوون، کە دەکرێت درێژخاین بێت
  • تا لەسەرووی ٣٧ پلەی سیلیزی کە چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبێت
  • شەکەتیی بەردەوام
  • کێش دابەزین

کەسی تووشبوو بە ئایدز مەترسیی تووشبوونی بە نەخۆشییە کوشندەکان زۆر بەرزە. ئەم کەسانە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن بە گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژیان دەمێننەوە.

هەرچەندە ئەگەر چارەسەر وەربگیرێت، کەسی تووشبوو بە ئایدز دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەم نەخۆشییە مەترسیدارانە بکات، ڕێگرییان لێ بکات و چارەسەری لێکەوتەکانیان بکات.

کاتێک تووشبووێکی ڤایرۆسی HIV چارەسەری کاریگەر وەردەگرێت، لەوانەیە تووشبوونەکەی هەرگیز پەرەنەسەنێت بۆ قۆناغی ئایدز، هەروەها چارەسەر یارمەتی کۆئەندامی بەرگریی جەستەش دەدات دژی تووشبوونە هەلپەرستەکان.

لێکەوتەکانی ئایدز

ئەگەر چارەسەر وەرنەگیرێت، قۆناغی کۆتایی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV واتا ئایدز توانای لەش بەتەواوی کەمدەکاتەوە بۆ شەڕکردن دژی تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان، وەک شێرپەنجە و لێکەوتەکانی تر. 

تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان 

تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان (بە ئینگلیزی: Apportunistic infections) بریتین لەو تووشبوونە میکرۆبییانەی کە بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو و میکرۆبی ترەوە تووشی جەستە دەبن کاتێک بەرگری جەستە لاوازە، لە نەخۆشیی ئایدزدا ئەم میکرۆبانە لاوازیی بەرگریی جەستە وەک هەلێک دەقۆزنەوە و جەستە تووش دەکەن. 

باوترین جۆری تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان لە ئەمریکادا بریتین لە:

  • تووشبوونی ڤایرۆسیی هێرپس (تامیسکە) (بە ئینگلیزی: Herpes)
  • تووشبوونی بەکتریاییی سالمۆنێلا (گرانەتا) (بە ئینگلیزی: Salmonella)
  • تووشبوونی کەڕووییی کاندیدیا (بە ئینگلیزی: Candidiasis) لە سورێنچک، بۆڕی هەوا و سییەکان.
  • تووشبوونی مشەخۆریی تۆکسۆپلازما (بە ئینگلیزی: Toxoplasmosis) مشەخۆرێکە لە پشیلە و جرجدا بوونی هەیە. 

تووشبوونی میکرۆبیی سییەکان (بە ئینگلیزی: Pneumonia) کە هەوکردنە لە سییەکاندا، بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕوو ڕوودەدات، زۆر جار دەبێتە هۆی هەڵئاوسان لە مێشکیش. باوترین هۆکاری ئەم تووشبوونە هەلپەرستە لە تووشبووانی ئایدزدا بریتییە لە بەکتریای (Streptococcus pneumoniae)، پێکووتەی ئەم بەکتریایە بەردەستە و هەموو تووشبووێکی ڤایرۆسی HIV پێویستە وەری بگرێت.

تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان دەبنە هۆکاری زۆر نەخۆشیی مەترسیدار لە مێشک و سییەکان، هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو دەبنە هۆی دابەزینی کێش. چارەسەری دژەڤایرۆسی و دژەبەکتریا و دژەزیندەییەکانی تر بەردەستن بۆ زۆربەی میکرۆبەکان.

شێرپەنجە

کەسی تووشبوو بە ئایدز مەترسیی تووشبوونی بە هەندێک جۆری شێرپەنجە زۆر دەبێت، وەکوو شێرپەنجەی لیمفە کۆئەندام (بە ئینگلیزی: Lymphoma). 

ڤایرۆسی هێرپسی کاپۆسی سارکۆما (Kaposi's sarcoma herpesvirus) کە ناسراوە بە ڤایرۆسی هێرپسی مرۆڤ ٨ (بە ئینگلیزی: Human herpesvirus 8) دەبێتە هۆی جۆرە شێرپەنجەیەک بە ناوی سارکۆمای کاپۆسی کە بریتییە لە گەشەکردنی نائاساییی ملوولەکانی خوێن، دەکرێت لە هەر شوێنێکی جەستەدا ڕووبدات.

هەروەها ئەو ژنانەی تووشی ئایدز بوونە پێویستە پشکنینی ڕێکوپێک بۆ شێرپەنجەی ملی منداڵدان بکەن. 

ڕێگریکردن لە لێکەوتەکان 

ڕێگریکردن لە لێکەوتەکانی ڤایرۆسی HIV و ئایدز یارمەتی جۆرێتی و درێژکردنەوەی ژیان دەدەن، ڕێگرییەکانیش بریتین لە: 

  • ڕێکخستنی باری ڤایرۆسی (بە ئینگلیزی: Viral load) بە دەرمان
  • بەکارهێنانی کۆندۆم بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوونە گوازراوە سێکسییەکانی تر
  • وەرگرتنی پێکووتە بۆ تووشبوونە میکرۆبییە هەلپەرستەکان
  • دیاریکردنی هەر هۆکارێکی ژینگەیی وەکوو پشیلەی ماڵی کە دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی
  • دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی مەترسیی پیسبوونیان بە میکرۆب زۆرە
  • نەخواردنەوەی ڕاستەوخۆی ئاو لە ڕووبار و دەریاچە و هاوشێوەکانیان

دەستنیشانکردن 

بەپێی ئامارەکان یەک لەسەر حەوتی تووشبووانی ڤایرۆسی HIV ئاگادار نین لەوەی تووشبوون.

پزیشکەکان پشکنینی بوونی دژەتەنەکانی ڤایرۆسەکە دەکەن لە خوێندا بۆ دەستنیشانکردن، هەروەها کیتی پشکنینی ماڵەوەش بۆ ڤایرۆسەکە بەردەستە. پشکنینەکان دەتوانن لەماوەی دوو هەفتەدا ڤایرۆسەکە دەستنیشان بکەن، ئەو کەسانەی هۆکاری جێی مەترسییان هەیە پێویستە زیاتر پشکنین بکەن.

جۆرەکانی پشکنینی ڤایرۆسی HIV بریتین لە:

  • پشکنینی گەورەکردنی ناوکەترش (NATs): دەتوانێت دوای دە رۆژ لە بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە، دەستنیشانی بکات. 
  • پشکنینی خوێن بۆ دژەتەن یان تەنی بێگانە: دەتوانێت دوای ١٨ ڕۆژ لە بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە، دەستنیشانی بکات. 
  • پشکینەکانی تر: زۆربەی پشکنینە خێراکان و پشکنینە خۆیییەکان، پشکنینی دژەتەنن و دەتوانن دوای ٢١ ڕۆژ لە بەرکەوتنی ڤایرۆسەکە، دژەتەنەکانی دەستنیشان بکەن.

چارەسەر 

چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی HIV نییە، بەڵام چارەسەر دەتوانێت پەرەسەندنی تووشبوونە میرکۆبییەکە بوەستێنێت.

وەرگرتنی چارەسەری دژەڕێترۆڤایرۆسی (بە ئینگلیزی: Antiretroviral treatment) دەتوانێت مەترسیی گواستنەوەی میکرۆبەکە کەمبکاتەوە. هەروەها دەشتوانێت ماوەی ژیان درێژتر بکات و جۆرێتی ژیان باشتر بکات. 

حەبی فریاکەوتنی HIV

بریتییە لە پارێزگاریی دوای بەرکەوتن (بە ئینگلیزی PEP)، هەر کەسێک کە لەوانەیە لەماوەی ٢٧ کاتژمێری ڕابردوودا بەرکەوتنی لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا هەبووبێت، پێویستە لەم بارەیەوە قسە لەگەڵ تیمی چارەسەرکاری پزیشکی بکات. ئەم چارەسەرە دەتوانێت ڕێگری لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بکات، بە تایبەتی ئەگەر کەسێک بەزووترین کات دوای یەکەم بەرکەوتنی وەری بگرێت، کەسەکە بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ ئەم حەبە وەردەگرێت و دواتریش پزیشک پشکنینی بۆ دەکات، لەگەڵ وەرگرتنی ئەم حەبەدا پێویستە ڕێگەکانی تری خۆپارێزیش بەکار بهێنرێن. 

دەرمانەکانی دژەڕێترۆڤایروسی

ئەم دەرمانانە بۆ چارەسەرکردنی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بەکاردێن کە شەڕ دژی ڤایرۆسەکە دەکەن و بڵاوبوونەوەی کەمدەکەنەوە. خەڵک بە گشتی تێکەڵەی دەرمان بەکار دەهێنن کە پێیان دەوترێت چارەسەریی زۆر چالاکی دژەڕێترۆڤایرۆسی، یان چارەسەری تێکەڵەی دژەڕێترۆڤایرۆسی. 

جۆرەکانی دەرمانی دژەڕێترۆڤایرۆسی بریتین لە: 

ڕێگرەکانی پڕۆتیەیس (بە ئینگلیزی: Protease inhibitors): ئەم دەرمانانە ڕێگری لە ئەنزیمی پڕۆتیەیس دەکەن لەوەی پڕۆتین شیبکاتەوە و بەمەش ڕێگری لە ڤایرۆسەکە دەکەن لەوەی خۆی لەبەربگرێتەوە. وەکوو:

  • تێکەڵەی ئەتازاناڤیر و کۆبیسیستات بەناوی ئیڤۆتاز (Evotaz)
  • تێکەڵەی لۆپیناڤیر و ڕیترۆناڤیر بەناوی کالیترا (Kaletra)
  • تێکەڵەی دوڕاناڤیر و کۆبیسیستات بە ناوی پرێزکۆبیکس (Prezcobix)

ڕێگرەکانی ئینتێگرەیس (بە ئینگلیزی: Integrase inhibitors): ئەم دەرمانانە ڕێگری لە ئەنزیمی ئینتێگرەیس دەکەن و بەمەش ڕێگری لە ڤایرۆسەکە دەکەن کە خانەکانی T تووش بکات. ئەمانە زۆرجار بە یەکەمین باشترین هەڵبژاردەی چارەسەر دادەنرێن. وەکوو:

  • ئێڵڤیتێگراڤیر
  • دۆلوتێگراڤیر
  • ڕالتێگراڤیر

ڕێگرەکانی لەبەرگرەوەی پێچەوانەی نیوکلیۆساید و نیوکلیۆتایدەکان (بە ئینگلیزی: NRTIs یان neukes): ئەم دەرمانانەش ڕێگری لە لەبەرگرتنەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن. وەکوو:

  • ئەباکاڤیر
  • تێکەڵەی لامیڤیودین و زایدۆڤیودین بە ناوی کۆمبیڤیر (Combivir)
  • ئێمتریسایتیبین 
  • تینافۆڤیر دیسۆپرۆکسڵ

ڕێگرەکانی لەبەرگرەوەی پێچەوانەی نانیوکلیۆساید (بە ئینگلیزی: NNRTIs): ئەم دەرمانانەش بەهەمان شێوە ڕێگری لە لەبەرگرتنەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن.

دژمنی هاووەرگری کیمۆکاین (بە ئینگلیزی: Chemokine coreceptor antagonist): ئەم دەرمانانەش ڕێگری لە چوونەوەژوورەوەی ڤایرۆسەکە دەکەن. بەڵام کەمتر بەکار دەهێنرێن بەهۆی بوونی چارەسەری کاریگەرتر.

ڕێگرەکانی چوونەژوورەوە (بە ئینگلیزی: Entry inhibitors): ئەم دەرمانانە ڕێگری لە ڤایرۆسەکە دەکەن کە بچێتە ناو خانەکانی T. بەبێ گەیشتنە ناو ئەم خانانە، ڤایرۆسەکە ناتوانێت خۆی لەبەربگرێتەوە. ئەم جۆرە دەرمانانەش زۆر باو نین لە ئەمریکادا.

زۆربەی خەڵک سوود لە دەرمانە تێکەڵەکان وەردەگرن، دیاریکردنی تێکەڵەی دەرمانی گونجاویش بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت. 

چارەسەری دەرمانی دژەڕێترۆڤایرۆسی بەدرێژایی ژیان دەبێت وەربگیرێت. هەروەها باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەم دەرمانانە بریتین لە:

  • دڵتێکچوون
  • شەکەتی
  • سکچوون
  • سەر ئێشە
  • لیری پێست

ڕێگریکردن 

ئەم ستراتیجییانە ڕێگری لە تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV دەکەن:

  • بەکارهێنانی بەربەستی پاراستن لەکاتی سێکسدا، وەکوو کۆندۆم هەروەها پارێزگاریی پێش بەرکەوتن (PrEP)ـیش بەردەستە و چەند دەرمانێک بۆ ڕێگریکردنی پێش وەختە پێشنیاز کراون لەلایەن ئێف دی ئەیەوە، وەکوو ئێمتریسایتیبین لەگەڵ تێکەڵەی ئێمتریسایتیبین و تینافۆڤیر دیسۆپڕۆکسڵ. 
  • دووگیانبوون، چونکە دووگیانبوونی دایکی تووشبوو، ڤایرۆسەکە تووشی کۆرپەکەش دەکات، هەروەها دوای لەدایکبوونیش ڤایرۆسەکە لەڕێی شیرپێدانی مەمکەوە دەگوازرێتەوە. 
  • بەکارهێنانی ڕێگەی پارێزراوی دەرزی لێدان.
  • دوورکەوتنەوە لە بەرکەوتنی شلە و دەردراوەکانی جەستە.
  • ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتن لە نەخۆشییەکە و هۆکارەکانی تووشبوونی.

ژیان لەگەڵ ڤایرۆسی HIVـدا 

زۆر کەسی تووشبووی HIV ژیانێکی درێژ و ڕێکوپێکیان هەیە، هەروەها بەهۆی لەناوچوونی کۆئەندامی بەرگریی جەستەوە، گرنگە کە کەسی تووشبوو ئەم ستراتیجییانە پەیڕەو بکات.

  • وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام
  • باشترکردنی تەندروستیی تەواوی جەستە
  • لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ پزیشک
  • پاڵپشتیکردنی تەندروستیی دەروونی

پوختە

تووشبوون بە ڤایرۆسی نەمانی بەرگری لە مرۆڤ (HIV) تووشبوونێکی ڤایرۆسییە و کۆئەندامی بەرگریی جەستە لاواز دەکات. بەهۆی پێشکەوتن لە چارەسەرەکاندا، کەسی تووشبوو، بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری دژەڕێترۆڤایرۆسی دەتوانێت ژیانێکی درێژ و ڕێکوپێک لەگەڵ HIVـدا بەسەر ببات.

هەندێک جار ڤایرۆسەکە بۆ ماوەی چەندین ساڵ هیچ نیشانەیەک دروست ناکات، یان هەندێک نیشانەی سووکی دەبێت کە بەهەڵە لەگەڵ هەڵامەت تێکەڵ دەکرێن. 

ئەگەر ئاستی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا زۆر کەم بوو کە نەتوانرێت لەڕێی پشکنینەوە تێبینی بکرێت، ئەوا کەسەکە باری ڤایرۆسیی تێبینی نەکراوی هەیە (بە ئینگلیزی: Undetectable viral load). لەم حاڵەتەدا کەسی تووشبوو ناتوانێت ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە بۆ کەسێکی تر. بۆ گەیشتن بەم حاڵەتەش پێویستە کەسی تووشبوو چارەسەری دژەڕێترۆڤایرۆسی بەبەردەوامی وەربگرێت.

ئەگەر کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە چارەسەر وەرنەگرێت (بەزۆری لەبەر ئەوەی ئاگاداری تووشبوونەکەی نییە)، ئەوا تووشبوونە ڤایرۆسییەکە پەرەدەسەنێت بۆ ئایدز.

کەسی تووشبوو بە ئایدز لە مەترسی دایە بۆ تووشبوون بە میکرۆب و نەخۆشیی کوشندەی تر.


سەرچاوەکان



8395 بینین