ئەتەکێتی ئاهەنگی زەماوەند

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-17-01:53:00 - کۆدی بابەت: 475
ئەتەکێتی ئاهەنگی زەماوەند

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئاهەنگی زەماوەند بە گەورەترین و گرنگترین ڕووداوی ماندووكەر دادەنرێت لە ژیانتدا، لە دوای مارەبڕینێكی خێرا، پلاندانان بۆ ئاهەنگی زەماوەند دەست پێ دەكات و ، كۆمەڵێك پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت و ، لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەمەكاندا ئاهەنگەكانی زەماوەندیش گەشەیان كردووە، بنەما باوەكانی هەڵسوكەوت و ئەتەكێتیش بەهەمان شێوە، ئەمەش شپرزییەكی زیاتری بەسەر جەماوەریترین بۆنەی جیهاندا هێناوە.

بۆ بەدەستكەوتنی دیدگایەكی گشتگر لەسەر ئەو خوو ڕەوشتە باوانە، پێویستە سەرەتا لەوە تێبگەین، كە هەڵسوكەوت یان "ئەتەكێت" بەر لە هەموو شتێك بریتییە لە مامەڵەكردن بە شێوەیەكی خۆشگوفتارانە لەگەڵ خەڵكیدا و وایان لێ بكەیت هەست بە ئاسوودەیی بكەن، كاتێكیش پرسیار لەسەر هەڵسوكەوتێك دەكرێت دەبێت هەست و نەستی ئەو كەسانە بە هەند وەربگیرێت كە كاریگەرن بەو هەڵسوكەوتانە.

لە گرنگترین هەڵسوكەوتە باو و پەیوەندیدارەكان بە ئەتەكێتی ئاهەنگەكانی زەماوەندەوە:

  • هەڵسوكەوتی خێزانی.
  • ئەتەكێتی ناردنی داوەت.
  • ئەتەكێتی پێشكەش كردنی خەڵات.
  • ئەتەكێتی پۆشاكی میوان.
  • ئەتەكێتی پێشكەشكردنی خەڵاتی دارایی(پارە).

هەڵسوكەوتی خێزانی

ئەگەر دایك و باوكی بووك و زاوا پێشتر یەكیان نەبینیبێت، وا باوە كە خێزانی زاوا داوەتی خێزانی بووك بكەن و خۆیانیان پێ بناسێنن، بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەیەكی خێزانی یان نانخواردنێك ڕێك دەخرێت، ئەگەر دایك و باوكی زاوا ئەو هەنگاوەیان هەڵنەگرت ئەوا باوكی بووك دەتوانێ دەستپێشخەری بكات و داوەتیان بكات، لە ئێستادا زۆر جەخت لەوە ناكرێتەوە كام لا هەنگاوی یەكەم دەنێت، گرنگ كۆبوونەوەی دوو خێزانەكە و یەكترناسینیانە، خۆ ئەگەر دیدارەكە بەهۆی گەشتكردنەوە مەحاڵ بوو نەتوانرا بكرێت، ئەوا تەنها پەیوەندی تەلەفۆنی و پیرۆزبایی ناردن بەسە.

پێشكەشكردنی دایك و باوكی جیابوەوە

ئەگەر یەكێك لە دوو لایەنە جیابوونەوە (تەڵاق) لە نێوانیاندا هەبوو، ئەوا دایكی (یان باوكی) زاوا، كامیان لێیەوە نزیكتر بوون، پەیوەندی دەكات بە باوكی بووكەوە، ئەگەر كەس بە هەنگاوی یەكەم هەڵنەسا ئەوە دەبێت بووك و زاوا جەخت لەسەر ئەوە بكەنەوە، كە هەریەكەو لەلای خۆیەوە لەگەڵ هەردوو لایەنەكەدا كۆببێتەوەو، هەوڵ بدەن هەمووان بۆ نانخواردنێك یان خواردنەوەی كوپێك قاوە بۆ یەكترناسین بانگهێشت بكەن.

نزیكەكانت

زۆربەی جار دایك و باوكی زاوا پێیان وایە كە پەیوەندییان بە پلاندانان بۆ ئاهەنگی زەماوەندەوە نییە، بۆ نەهێشتنی ئەوەش خزمەكانی ئایندەت بانگهێشت بكە بۆ گفتوگۆیەكی سەرەتایی، بیرۆكەی خۆتیان دەربارەی شوێن و بەرواری بۆنەكە و قەبارە و شێوازی ئاهەنگی زەماوەندەكە پێ بڵێ، تێبینییەكان لەسەر ئاستی دەستێوەردانی خوازراو وەربگرە و بەپێی ئەوە بیری لێبكەرەوە، لێیان بگەڕەی با سەبارەت بە لایەنی دارایی یان پلاندانان پێشنیازت بدەنێ، بەر لە هەموو شتێك هەوڵ بدە لە كارە گرنگەكان ئاگادار بن، بۆ نموونە:ئایا زەماوەندەكە تێكەڵ بێـت، جۆری شاییەكە كراوە بێت یان نا.

 

ئەتەكێتی بانگهێشتنامە

ئەگەر كەسی بانگهێشتكراو خێزاندار یان دەزگیراندار بوو دەبێت كارتی ناوی ئەو كەسەشی تێدا بێت. لایەك بانگهێشتنامەی نووسرو بۆ هەردوو كەسەكە دەنێرێت، بۆ نموونە: "كاك فڵان و خاتوو فیسار" بەڵام دەبێت بۆ كەسە ڕەبەنەكان بانگهێشتنامەی جیاواز بنێرێت، هەمان شت بۆ ئەوانەش كە لەیەكتر جیابوونەتەوە و پێكەوە ناژین.

بانگهێشتی منداڵان

ئایا منداڵان بانگهێشت بكەین یان نا؟ ئەم مەسەلەیە لەوانەیە بگۆڕدرێت بۆ دۆسیەیەكی زۆر ناشرین بە تایبەت لەگەڵ نزیكەكاندا، بەهەر حاڵ بڕیاڕی كۆتایی خۆت بدە و لەسەر كارتی بانگهێشتنامەكان بینووسە.

 

چەند یاسەیەكی گشتی

  • دەبێت منداڵانی سەرو 18 ساڵ كارتی تایبەت خۆیان بۆ بنێردرێت، بەبێ ڕەچاوكردنی ئەوەی لەگەڵ دایك و باوكیان دەژین یان نا، ئەگەر بانگهێشتنامەیان بۆ نەچێت، ئاشكرایە كە بانگهێشت نەكراون.
  • ئەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوەن و بانگهێشت كراون دەبێت ناوەكانیان لەسەر بانگهێشت نامەكە بنووسرێت، ئەگەر تۆ دەتەوێت هەندێك منداڵ بانگهێشت بكەیت، بەڵام منداڵی ساوا نا، ئەوا دەبێت ناوی منداڵە بانگهێشتكراوەكان بنوسیت.
  • ئەگەر ڕاڕا بوویت لەوەی كە هەندێك لە بانگهێشت كراوان ژمارەی بانگهێشتكراوەكان (لەسەر كارتەكە) دەگۆڕن، ئەوا دەتوانیت ژمارە و ناوەكانیان لەسەر كارتەكە چاپ بكەیت.
  • ئەو میوانانەی داوا دەكەن میوانی تر لەگەڵ خۆیاندا بهێنن دەبێت میوانەكانت ئەوە بزانن كە شتێكی نەشیاوە میوانێك میوانێكی دیكە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، تۆ مافی تەواوت هەیە لەوەدا كە داوای لێبووردن بكەیت و داواكارییەكەی بۆ جێبەجێ نەكەیت، بەهەرحاڵ ئەگەر دەركەوت میوانەكە دەزگیراندارە یان پەیوەندییەكی جددی لەگەڵ كەسێكدا هەیە دەتوانیت داوەتنامەیەكی نووسراو یان زارەكی بۆ ئەو مەسە بنێریت.

 


سەرچاوەکان



2351 بینین