میكانیزمی پەرچەپێدانەوەی هۆرمۆنەكان

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-23-18:42:00 - کۆدی بابەت: 496
میكانیزمی پەرچەپێدانەوەی هۆرمۆنەكان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوسەنگی ناوەكی، بەوە دەناسرێـت، كە ژینگەیەكی ناوەكی جێگیرە، كوێرە ڕژێنە كۆئەندام، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پارێزگاریكردنی هاوسەنگی ناوەكی، چونكە هۆرمۆنەكان، چالاكی خانە و شانە و ئەندامەكان لە هەموو بەشەكانی لەشدا ڕێكدەخەن، بۆ پارێزگاریكردنی هاوسەنگی ناوەكی، میكانیزمی پەرچەپێدانەوە دەست دەگرێـتە سەر دەردانی هۆرمۆنەكان. لەو میكانیزمانەدا دوا هەنگاو كۆنترۆڵی زنجیرە ڕووداوەكانی هەنگاوی یەكەم دەكات، لەوانەیە میكانیزمی پەرچەپێدانەوە، نەرێنی یان ئەرێنی بێت.  لەگەڵ ئەوەشدا پەرچەپێدانی نەرێنی زۆرتر باوە لە ڕێكخستنی هۆرمۆنیدا.

پەرچەپێدانی نەرێنی

لە پەرچەپێدانەوەی نەرێنیدا  هەنگاوی كۆتایی لە زنجیرە ڕووداوەكان هاندەری یەكەمی زنجیرەكە دەوەستێنێت، كاتێك خەستی هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن كەم دەكات، ژێر لانك وریا دەبێـتەوە و هۆرمۆنێك دەردەدات پێی دەڵێن هۆرمۆنی دەرپەڕاندنی هاندەری ثایرۆیدە ڕژێن ئەو هۆرمۆنە TRH دەڕوات بۆ پلی پێشەوەی ژێر مێشكە ڕژێن و هانیدەدات بۆ دەردانی TSH لە خوێندا. TSH سایرۆیدە ڕژێن هاندەدات، بۆ دەردانی هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن. كاتێك خەستی هۆرۆمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن زۆر دەبن، هەردوو ئەڵقە پەرچە پێدانەوە نەرێنییە سەرەكییەكان كار دەكەن. لە ئەڵقەی یەكەم هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن كار دەكەنە سەر ژێر لانكب ۆ وەستاندنی دەردانی TRH. لە ئەڵقەی دووەم، هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن كار دەكەنە سەر پلی پێشەوەی ژێر مێشكە ڕژێن بۆ وەستاندنی دەردانی TSH. لە ئەنجامدا خەستی هۆرمۆنەكانی ثایرۆید، لە خوێندا كەمدەبنەوە. كارلێكەكانی ئەو میكانیزمانە یارمەتی هێشتنەوەی خەستی هۆرمۆنەكانی ثایرۆیدە ڕژێن دەدەن، كە تا ڕادەیەك بە جێگیری بمێنێتەوە.

 

پەرچەپێدانەوەی ئەرێنی

كاتێك ڕێكخستنی هۆرمۆنەكان لە ڕێی پەرچە پێدانەوەی ئەرێنییەوە، بەجێدێت، دەردانی هۆرۆمنی یەكەمی هانی دەردانی یان بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەكان یان ماددەكانی دیكە دەدات. ئەمەش دەبێتە هۆی هاندان، بۆ دەردانی هۆرمۆنی یەكەمی زیاتر. بۆ نموونە زیادبوونی خەستی ئیسترۆجین، هانی لە ناكاو دەردانی هۆرمۆنی هاندەری تەنی زەرد دەدات، پێش هێلكە دانان.

هاودژە هۆرمۆنەكان

ژمارەیەك لە هۆرمۆنەكان پێكەوە كاردەكەن، بە جووتە بۆ ڕێكخستنی خەستی ماددە شلۆقەكان. ئەم هۆرمۆنانە ناودەبرێن بە هاودژە هۆرمۆنەكان چونكە كارەكانیان كاریگەری پێچەوانەی هەیە. گلوكاگۆن و ئەنسۆلین، دوو نمونەی هاودژە هۆرمۆنەكانن. كە خەستییە دیاریكراوەكەی گلوكۆز لە خوێندا دەپارێزن. كاتێك خەستی گلوكۆز لە خوێندا بەرزبێت، وەك دوای خواردنی ژەمێكی خۆراك. ئەنسۆلین دەبێـتە هۆی گواستنەوەی گلكۆز لە خوێنەوە بۆ خانەكانی لەش، بۆ كۆكردنەوەی یان یەكسەر بەكارهێنانی. پێچەوانەی ئەمە ڕوو دەدات كاتێك خەستی گلوكۆز لە خوێندا نزم بێت. وەك لە نێوان ژەمەكانی خواردندا، گلوكاگۆن دەرپەڕاندنی گلوكۆز لە خوێندا زیاد دەكات، لە شوێنەكانی كۆكردنەوەیدا لە جگەر یان لە هەر شوێنێكی دیكە. ئەنسۆلین و گلوكاگۆن پێكەوە پارێزگاری خەستی گلوكۆز لە خوێندا دابین دەكەن. كالسیتۆنین و هۆرمۆنی پارا ثایرۆید دوو نمونەی دیكەن لەسەر هاودژە هۆرمۆن.


سەرچاوەکان

66 بینین