سێیەكی یەكەمی سكپڕی لە ئافرەتاندا

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-25-00:32:00 - کۆدی بابەت: 501
سێیەكی یەكەمی سكپڕی لە ئافرەتاندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دوای چەقین بلاستۆ چیكڵدانە دەست دەكات بە گەشە و پەرەسەندن بۆ ئەوەی ڕووخساری كۆرپەلەی مرۆڤ وەربگرێت، ئەو ماوەی گەشە و پەرەسەندنیش نۆ مانگ بەردەوام دەبێت و پێی دەڵێن سكپڕی، سكپڕیش بە سێ قۆناغی یەكساندا دەڕوات، ماوەی هەر یەكەیان سێ مانگە، لە ماوەی هەر یەكەیاندا گۆڕانكاری گرنگ پەیدا دەبێت.

سێیەكی یەكەم

گۆڕانكارییە زۆر گرنگەكانی گەشەی مرۆڤ و پەرەسەندنی، لە ماوەی سێیەكی یەكەمی سكپڕیدا ڕوو دەدەن. كۆرپەلە لە تۆپەڵە خانەكانی ڕووی ناوەوەی بلاستۆ چیكڵدانەوە گەشە دەكات و پەرە دەسێنێت. لە سەرەتای دەست پێكردنیدا، هەموو خانەكانی تۆپەڵەكە لێكچوون. بەڵام دوای ماوەیەكی كەم دووبارە ڕێك دەخرێنەوە، بۆ سێ جۆر لە خانەی جیاواز بوو، كە چینەكانی خانە دروستكەرە یەكەمیەكان پێكدێنن، چینی دەرەوە، چینی ناوەڕاست ، چینی ناوەوە. بەشە جیاوازەكانی لەش لەو چینە خانە دروستكەرە یەكەمییەكانەوە پەیدا دەبن. هەروەها چوار پەردەش دروست دەبن كە بەشداری دەكەن لە گەشەی كۆرپەلە و پەرەسەندنەكەیدا، لە ماوەی سێیەكی یەكەمدا. یەكێك لەو پەردانە ناوی پەردەی سەراوە، كە تورەكەی سەراو پێكدێنێت ، پڕە لە شلەیەك و دەوری كۆرپەلەی گەشەكردووی داوە. ئەو شلەیەی لە تورەكەی سەراودا هەیە دەوری كۆرپەلە دەدات و لە زیان دەیپارێزێت و بە شێداری دەیهێڵێتەوە، پەردەی دووەم تورەكەی زەردێنە پێكدێنێت، تورەكەی زەردێنەش هەرچەندە زەردێنەی تێدا نییە، ئەویش پێكهاتەیەكی گرنگە چونكە خانەكانی یەكەمی خوێنی تێدا پەیدا دەبن. وە لە نزیك تورەكەی زەردێنە پەردەی سێیەم دروست دەبێت پێی دەڵێن ئەلەتۆیس. وە پەردەی چوارەم كۆریۆنە كە دەوری هەموو پەردەكانی دیكە دەدات. لە تەنیشتی كۆریۆندا دەرپەڕیوی لە شێوەی پەنجەی بچووك پەیدا دەبن پێیان دەڵێن گۆچكەكانی كۆریۆنی. ئەوانەش بۆ ناوپۆشی منداڵدان درێژ دەبنەوە. لوولەكانی خوێن كە لە گۆچكەكانی كۆریۆنی دا هەن لە ئەلەنتۆیس پەیدا بوون. هەموو گۆچكەكانی كۆریۆنی و ئەوبەشەی ناوپۆشی منداڵدان كە درێژ دەبێـتەوە بۆ ناویان بە هەردوو كیان پێكهاتەیەكی یەكگرتوو دروست دەكەن، پێی دەڵێن وێڵاش. وێڵاش، ئەو پێكهاتەیەیە كە لە ڕێگەیەوە دایك خۆراك بە كۆرپەلە دەدات بۆیە دەكرێـت خۆراكە ماددەكان و گازەكان و هۆكارەكانی نەخۆشی و دەرمان و مادەیەكی دیكە لە دایكەوە بۆ كۆرقەلە تێپەڕ بن بە وێڵاشدا. بۆیە پێویستە لەسەر ئافرەتان ئەو دەرمانە نا پێویستانە بەكار نەهێنن بە درێژایی ماوەی سكپڕی. ئەو دەرمانانە لەوانەیە ببنە هۆی ئاستەنگی ژیری و جەستەیی توند لە كۆرپەلەدا.

كۆرپەلە بە وێڵاشەوە دەبەسترێت بە هۆی ناوكە پەتكەوە ئەویش خوێنهێنەر و خوێنبەرەكانی تێدایە، كە خوێن دەگوازنەوە لە نێوان كۆرپەلەو وێڵاشدا ، بەڵام خوێنی كۆرپەلە هیچ تێكەڵ بە خوێنی دایك نابێت، ئاڵوگۆڕی ماددەكان وەكو خۆراكە ماددە و پاشەڕۆكان بە وێڵاشدا دەبێت. وێڵاشی گەشەكردوو دەست دەكات بە دەردانی هۆرمۆنێك لە قۆناغی زووی هەفتەی دووەم دوای پیتێندا. پێی دەڵێن هۆرمۆنی كۆریۆنی هاندەری توخمە ڕژێنەكان، ئەم هۆرمۆنەش لە قۆناغی زووی سكپڕیدا هانی تەنی زەرد دەدات بۆ بەردەوام بوون لە دەردانی توخمە هۆرمۆنەكان بەدوایدا ناوپۆشی منداڵدان و كۆرپەلە دەپارێزێت. ئەگەر ئەوە نەبێت تەنی زەرد دەوەستێت لە بەرهەم هێنانی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن  وە كەوتنە سەر خوێن ڕوو دەدات. وێڵاش گەشە دەكات و لە هەمان كاتدا دەست دەكات بە دەردانی بڕێكی زۆر لە پڕۆجیسترۆن و ئیسترۆجین كە هەردووكیان دەست دەگرن بەسەر پاراستنی ناوپۆشی منداڵداندا، وە نەهێشتنی دەرپەڕاندنی هۆرمۆنی هاندەری چیكڵدانە و هۆرمۆنی هاندەری تەنی زەرد و دەرنەپەڕاندنی هێلكە بە درێژایی ماوەی سكپڕی.

لە هەفتەی سێیەمەوە دەماخ و دركە پەتك و بەشەكانی دیكەی دەمارە كۆئەندام دەست بە درروست بوون دەكەن. دڵ دەست بە لێدان دەكات لە ڕۆژی 21ەوە. لە هەفتەی پێنجەمەوە، هەردوو باڵەكان (دەستەكان) دەست بە دروستبوون دەكەن هەروەها دوو قاچ و دوو چاو دوو گوێش دروست دەبن. دوای هەفتەی شەشەم پەنجەكان دروست دەبن و دەماخ دەست بەكاری خۆی دەكات، هەرەوەها كۆرپەلەش دەست دەكات بە جووڵە، بەڵام دایك هەست بە جووڵەكەی ناكات. لە كۆتایی سێیەكی یەكەم درێژی كۆرپەلە نزیكەی 5سم دەبێت. بەڵام هەموو كۆئەندامە ئەندامییەكانی دەستیان بە دروستبوون كردووە.


سەرچاوەکان

52 بینین