مەندڵ و ڕووەکی پۆڵکەی باخچە

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-28-14:31:00 - کۆدی بابەت: 505
مەندڵ و ڕووەکی پۆڵکەی باخچە

ناوه‌ڕۆك

مەندل و پۆلكەی باخچە

مەندل تێبینی حەوت سیفەتی كرد كە ڕووەكی پۆڵكە هەیەتی. وەك ڕەنگی گوڵ بۆ نموونە سیفەتێكە توانای بۆ مانەوەی هەیە. وە هەر سیفەتێك كە مەندل هەڵیبژاردووە دوو ڕوخساری هاودژییان هەیە، ڕووخساریش شێوەیەكی گۆڕاوە لە شێوەكانی سیفەت بە بۆهێل دیاریكراوە ، بۆ نموونە ڕەنگی ئەرخەوانی ڕووخسارێكی ڕەنگی گوڵە. ئەو سیفەتانەی مەندل لێكۆڵینەوەی لەسەر كردوون بریتین لە درێژی ڕووەكەكان هەردوو (ڕوخساری:درێژ یان كورت) شوێنی گوڵ لەسەر قەد (هەردوو ڕووخساری: تەوەرەیی یان لوتكەیی)، وە ڕەنگی كەلووی پۆلكە هەردوو (ڕوخساری: سەوز یان زەرد) و شێوەی كەلوو (هەردوو ڕووخساری: هەڵئاوساو یان كەمەریەكهاتوو) ، و ڕووی تۆو (هەردوو ڕوخساری: لووس یان چرچ) و ڕەنگی تۆو (هەردوو ڕوخساری: ئەرخەوانی یان سپی). مەندل زانینی خۆی لە ئامارزانیدا، بۆ شیكردنەوەی سەرنجەكانی بۆ ئەو حەوت سیفەتە بەكارهێناوە.

مەندل تۆوی ڕووەكەكانی پۆڵكەی كۆكردەوە، وە بە وردی ڕووەكەكان و تۆوەكانی تۆماركرد. لە وەرزی داهاتوودا تۆوەكانی چاندەوە، تێبینی كرد كە زۆرینەی تۆوەكان، كە لە ڕووەكە گوڵ ئەرخەوانییەكان كۆكراونەتەوە گوڵ ئەرخەوانی بوون، بەڵام هەندێك لە تۆوەكان ڕووەكی گوڵ سپییان پەیدا كرد، بەڵام كاتێك تاقیكردنەوەی لەسەر سیفەتی درێژی قەدی ڕووەك ئەنجامدا، تێبینی كرد ڕووەكە قەد درێژە پەیدابووەكان، لە زۆرینەی ئەو تۆوانەوە پەیدا بوون كە لە ڕووەكە قەد درێژەكانەوە كۆكرابوونەوە. بەڵام لە هەندێك لە تۆوەكاندا ڕووەكی قەد كورت پەیدا بوون. مەندل ویستی لێكدانەوە بۆ ئەم ئەنجامانە بدۆزێتەوە.

ڕێگەكانی مەندل بۆ پەڕینی ڕووەكی پۆڵكە

مەندل توانی سەرنجی چۆنیەتی گواستنەوەی ڕووخسارەكان لە وەچەیەكەوە بۆ وەچەی داهاتوو بدات. بە دەستبەسەراگرتنێكی ورد لە چۆنیەتی ڕوودانی پەڕین لە ڕووەكی پۆلكەدا. پەڕینیش كاتێك ڕوودەدات كە دەنكە هەڵاڵە لە زۆربوونە بەشەكانی نێرەی گوڵ پەیدا دەبن، واتە لە پۆرگ بەرهەمدێـت، و دەگوازرێتەوە بۆ كۆسپ كە بەشە زۆربوونەكانی مێیەیە.

پەڕینی خۆیی كاتێك ڕوودەدات كە دەنكە هەڵاڵە لە پۆڕگی گوڵێكەوە بۆ كۆسپی هەمان گوڵ یان بۆ كۆسپی گوڵێكی دیكەی هەمان ڕووەك. بەڵام تێكەڵە پەڕین لە نێوان گوڵەكانی دوو ڕووەكی جیادا دەبێت.

ڕووەكەكانی پۆلكەش ئاسایی لە ڕێی پەڕینی خۆییەوە زۆر دەبن، دەتوانرێت ڕێگە لە پەڕینی خۆیی بگیرێت بە لابردنی پۆرگی گوڵەكانی ڕووەكێكی دیاریكراو. دوای ئەوە دەتوانرێت كرداری تێكەڵە پەڕین ئەنجام بدرێت بە دەستكرد، لە ڕێگەی گواستنەوەی دەنكە هەڵاڵە لە گوڵی ڕووەكێكی دیكەوە بۆ كۆسپی ئەو گوڵەی كە پۆرگەكانی لابراوە، بەڕێگە نەدانی ڕوودانی پەڕینی خۆیی و بەجێهێنانی تێكەڵە پەڕینی دەستكرد، مەندل توانی ڕووەكە باوانە ڕووخسار دیاریكراوەكان هەڵبژێرێت، وە سەرنجیدا كە ئەم ڕووخسارانە لە نەوەكانیاندا دەركەوتنەوە.


سەرچاوەکان



3316 بینین