گورگ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-13-11:48:00 - کۆدی بابەت: 655
گورگ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گورگ (بە عەرەبی: ذئب، بە ئینگلیزی: wolfگۆشتخۆری کێوین سەر بە دوو خێزانن، گورگی ڕەساسی و سوور، لقێکی تیرەی سەگەکانە کە ڕێوی و گورگ لەخۆ دەگرێت، بە زۆری لە نیوەگۆی باکووری زەوی دەژین، بەشێکی دیکەیان هەیە کە لە ئەسیوبیا دەژی، پێیان دەوترێت چەقەڵ، ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان لە هەلومەرجێکی نایابدا دەگاتە ١٥ ساڵ، گورگەکان لە نشینگەکانی خۆیان ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەیە لە هاوسەنگکردنی سروشتەکەی.

نشینگە

گورگەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا دەژین، وەک:

  • بیابانەکان
  • ناوچە سەوزاییە کراوەکان
  • دارستانەکان
  • ناوچە ساردەکان کە بڕێکی کەم ڕووەکی تێدابێت.

لانەی گورگەکان

گورگەکان خۆیان لانە دروست دەکەن بۆ پاراستن و گەورەکردنی بێچووەکانیان، چونکە بێچووەکان ناتوانن لەگەڵ کۆمەڵەکان گەشت بکەن، بە گشتی لە خاکێکی وشکی نزیک سەرچاوەی ئاوی لانە هەڵدەکەنن، لە لێژاییەک کە ڕووەو باشوور بێت، لانەکانیان دروست دەکەن لە ژێر بەردەکان، لێواری ڕووبارەکان، قەدی درەختە وشکبووەکان یان هەرجێگەیەکی دیکەی سروشتەکەی، هەندێکجار لانەی ئاژەڵەکانی دیکە فراوان دەکەن بۆ ئەوەی تیایدا بژین.

هەستەکان

  • بۆنکردن: ١٠٠ هێندەی هەستی بۆنکردنی مرۆڤ بەهێزە.
  • بینین: لە دووری یەک میلەوە دەتوانن نێچیرەکانیان ببینن.
  • بیستن: دەتوانن ئاڕاستەی گوێیەکانیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگ لە هەموو ئاڕاستەکانەوە ببیستن.

شێوەی دەرەوەی

کێشیان بە گوێرەی جۆر و نشینگەکانیان دەگۆڕێت، هەندێکیان ١٨-٧٩.٥ کگم دەبن، بەڵام ناوەندە کێشی گورگەکان ٢٧-٤٥.٥ کگم دەبێت، ٤٢ ددانیان هەیە کە چواریان کەڵبەن، بۆ ڕاوکردنی نێچیرەکانی بەکاریان دەهێنێت، فەرووی گورگەکان لە دوو چین موو پێکهاتووە، چینی سەرەوەی یارمەتی هێشتنەوەی دەدات بە وشکی، چینی ژێرەوەی جەستەی بە گەرمی دەهێڵێتەوە، کلکیان وەک هۆکاری پەیوەندیکردن بەکار دەهێنن، کە جێگە و بارودۆخی کلکەکەی ئاماژەیە بۆ بابەتێکی دیاریکراو، هەروەها لە بەشی سەرەوەی پشت کلکیان ڕژێنی بۆنکردنیان هەیە، بە هۆیەوە بۆنی ناوچەکە دیاریدەکەن، و قاچەکانی درێژە کە هاوکاری دەکات بۆ خێرا ڕاکردن، پەنجەی پێیەکانیشی لە یەکتر دوورن بۆ ئەوەی هاوکاری ڕۆشتنی بکات بەسەر بەفردا.  

خۆراک

گورگەکان گۆشتخۆرن و بە شێوەیەکی سەرەکی خواردنی شیردەرەکانیان بەلاوە پەسەندە، وەک ئاسک و مامز، لەبەر ئەوەی هەریەک لە نێچیرەکان قەبارەکەیان گەورەترە لە گورگ، بۆیە هەموو گورگەکان بە کۆمەڵ دەژین و پێکەوە ڕاودەکەن، هەروەها کۆمەڵێک ئاژەڵی دیکە دەخۆن، وەک (کەروێشک، مشک، باڵندە، مار و ماسییەکان)، هەروەها جگە لە گۆشت دەکرێت هەریەک لە سەوزە و ڕووەکەکانیش بخۆن بەڵام بە دەگمەن، نشینگەکانیان بە گوێرەی چڕی نێچیرەکانیان دەگۆڕێت.

ڕەوشتەکانی

گورگەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین کە ژیانکردنیان بە کۆمەڵە، دەکرێت کۆمەڵەکە لە ئەنجامی زۆربوونی هەمان خێزانەوە بێت، یان کۆمەڵەی جیاوازبن کە یەک گورگ سەرکردایەتی دەکات و ناودەبرێت بە "ئەلفا"، کۆمەڵەکە پێکهاتووە لە نێرینە و مێینەی زۆر لەگەڵ بێچووی بچووکتر لە یەک ساڵ، بە گشتی سەرکردەکە بەرواری گەشتکردن و ڕاوکردن دیاریدەکات، هەروەها لە دوای ڕاوکردن یەکەم جار سەرکردەکە دەیخوات.

یەکگرتن و زۆربوون

تەمەنی پێگەیشتنی گورگەکان لە ساڵی دووەم و سێیەمەوە دەستپێدەکات، یەکگرتنیان لە بازنەی کۆمەڵەکانیاندا دەبێت، بە گشتی ڕێژەی یەکگرتنیش لە مانگەکانی دوو و سێدا زۆرترە، هەروەها دەوترێت بە درێژایی تەمەنیان توانای زۆربوونیان هەیە، ماوەی سکپڕی ٦٣ ڕۆژ دەخایەنێت، لە هەر لەدایکبوونێکدا ١-٦ بێچوو لەدایکدەبن، بێچووەکانیش کەڕ و نابینان، لەماوەی سێ هەفتەی یەکەمی تەمەنیان پێویستیان بە شیر پێدانە هەموو ٤ بۆ ٦ کاتژمێرێک.

پەیوەندیکردن

جگە لە بۆنکردن و میزکردن، زمانی جەستە باوترین ڕێگەی پەیوەندیکردنە لە نێو گورگەکاندا، کە هاوکارییان دەکات بۆ ژیانکردنێکی گونجاو لە کۆمەڵەکەدا، واتە کەمکردنەوەی دوژمنایەتی نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵەکە، هەروەها بۆ دەربڕینی هەستەکانیشیان بەکاریدەهێنن، یاخود لە هەبوونی مەترسی، لە نێوانیشیدا کاردانەوەی ڕوخساریان لە هەمووی دیارترە، چەند دەنگێکی جیاوازیشیان هەیە بۆ پەیوەندیکردن، بەم شێوەیە:

  • وەڕین: بۆ ئاگادارکردنەوە و بانگکردنی گورگەکانی دیکە کاتێک لە مەترسیدایە.
  • لوورە: بۆ کۆکردنەوەی ئەندامەکانی کۆمەڵەکەیە.
  • ناڵە: دەنگێکی تایبەتە بە مێینەکان بۆ سۆزدارییە.
  • نەڕە: ئاماژەیە بۆ دوژمنایەتی گورگێک بەرامبەر بە دانەیەکی دیکە.

جۆرە سەرەکی و بەناوبانگەکانی گورگ

  • گورگی خۆڵەمێشی: ئەم جۆرە مەمکدارە لە دوای مرۆڤەکانەوە دووەم بڵاوترینی بونەوەرەکانە، مێینەکەی ساڵانە تەنها یەکجار زۆربوون ئەنجام دەدات و بێچووی دەبێت و کاتەکەشی بە گوێرەی نشینگەکەی دەگۆڕێت، ئەم گورگە لە بنەڕەتدا لە ناوچەکانی نیوەگۆی باکووری زەوی هەبووە و دواتر بۆ ناوچەکانی باکووریش ڕۆشتووە.
  • گورگی سوور: چەندین ڕەنگی هەیە وەک زەرد و ڕەش و سوور، درێژییەکەی لە نێوان ١٠٥-١٢٥ سم دەبێت جگە لە کلکی کە درێژییەکەی بە جیا لە نێوان ٣٣-٤٣ سم دەبێت و کێشی لە نێوان ٢٠-٣٧ کگم ە، هەروەها باوەڕ وایە کە ئەم گورگە لە ئەنجامی یەکگرتنی گورگی خۆڵەمێشی و گورگی کێوی دروستبووە.
  • گورگی ڕۆژهەڵاتی: بە نەوەیەکی گورگی خۆڵەمێشی دادەنرێت و بە شێوەیەکی بەرچاو لە قەبارە و درێژی و کێشیدا هاوشێوەیەتی، هەروەها هاوشێوەی گورگی سوور باوەڕ وایە کە لە ئەنجامی یەکگرتنی گورگی خۆڵەمێشی و گورگی کێوی دروستبووە.
  • گورگی خۆڵەمێشی مەکسیکی: لە دەگمەنترین جۆرەکانی گورگە خۆڵەمێشییەکانە و ژمارەکەی زۆر کەمە، بە شێوەیەکی ڕێژەیی قەبارەکەی بچووکە و کێشی بە نزیکەیی لە نێوان ٢٣-٣٦ کگم دەبێت و درێژییەکەی ١.٥-٢ م دەبێت، هەروەها توانایەکی گەورەیان هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ نشینگەکاندا و بە گشتی لە مەکسیک دەژین.


سەرچاوەکان



3927 بینین