ئاشکراکردنی بنی زەریا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-14-23:27:00 - کۆدی بابەت: 692
ئاشکراکردنی بنی زەریا

ناوه‌ڕۆك

ئاشکراکردنی بنی زەریا


لەبەر ئەوەی سێ بەشی زەوی بریتییە لە ئاو، (بنی زەریا) چەند زانیارییەک هەن پێویستە بیانزانین.
ئایا حەز دەکەیت لە بنی زەریا یاری بکەیت؟ بێگومان ئەم کارە تەنها لە خەیاڵدا دەکرێت، هیچ کەس ناتوانێت ئەم کارە بکات، هەر وەک چۆن ناتوانین لەسەر شاخەکانی مانگ پیاسە بکەین یان سواری فڕۆکەیەکی سارووخی بین و لەسەر ئەستێرەی مەریخ پیاسە بکەین.
بێگومان پیاسەکردن لەبنی زەریادا لەناو ئەم لم و بەردە سڕ و خلیسکانە دەکرێت کە دەکەونە ناوچەی هەڵکشان و داکشانەوە، ئەمەش بۆ ماوەیەکی کورت دەکرێت، مەلەوانەکان بۆ کۆکردنەوەی لولووی ئیسفەنج یان گەڕان بەدوای پاشماوەی کەشتییە ژێر ئاو کەوتووەکان و گەنجینە شاراوەکان، دەتوانن چەند مەترێک بچنە ژێر ئاوەوە، ئەم کارە لە ناوچەی ئەفریزی کیشوەری یان نزیک لە کەناری دوورگەکانەوە ئەنجام دەدرێت، لە ڕاستیدا وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد دەریای قووڵ دەکەوێتە دەرەوەی ئەو دوو ناوچەیە، قووڵی نیوەی ئەم ناوچەیە دەگاتە پێنج کیلۆمەتر یان زیاتر، هەروەها قوڵی سێ لەسەر چواری ڕووبەری ئەم ناوچەیە بەلای کەمەوە سێ کیلۆمەترە.
لە سەردەمانێکدا باوەڕ وابوو کە بنی دەریا تەختە لەگەڵ بوونی چەند لێژییەکی کەم، بەڵام زانیارییەکانی ئەمڕۆ پێچەوانەی ئەو باوەڕەن، چونکە سەرەڕای بوونی زنجیرە شاخ و لوتکەی بەتەنها، ئەوا بنی دەریا لە ناوچەکانی تەپۆڵکە بەرز دەبێتەوە و لە ناوچەکانی دۆڵیشدا بەرەو قووڵی لێژ دەبێتەوە، هەندێک لەو باوەڕەدا بوون کە تەپۆڵکەکانی ژێر ئاو ئاماژەن بۆ شوێنی ئەوکیشوەرانەی کە ژێر شەپۆلەکانی دەریا کەوتوون، گریکەکان نموونەی ئەو خەڵکەن کە چیرۆکیان لەبارەی ژێرکەوتنی کیشوەری ئەتڵەنتسی ونبوو دەگێڕایەوە گریکەکان لەو باوەڕبوون کە ئەم کیشوەرە درێژ دەبێتەوە تا ئەوپەڕی زەریای ئەتڵەسی، باوەڕییان وابوو کە کۆمەڵەی دوورگەکانی دەرەوەی کەناری کیشوەرەکان ئەفریقا تەنها بەشێکن لەو کیشوەرە کە ژێر ئاو نەکەوتوون.
لە ژێر ئاوی زەریای هیندی، زنجیرەیەکی دیکە هەیە، لە کەنارەکانی هیندستانەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو کیشوەری جەمسەری باشوور، زانایان لەو باوەڕەدان کە ئەم تەپۆڵکەیە بەشێک بووە لە کیشوەرێکی تری ونبوو، بگرە پێیان وایە کە هیندی باشوورو دوورگەیەکی گەورەی وەک مەدەغشقەر کە دەکەوێتە دەرەوەی کەنارەکانی کیشوەری ئەفریقا بەشێکن لە کیشوەرە ونبووە.
تەپۆڵکەیەکی بەرینی تر هەیە لەژێر زەریای ئارام کە لە کیشوەری جەمسەری باکوورەوە شۆڕ دەبێتەوە تا دەگاتە ئەمریکای ناوەڕاست، لەم بەشەی زەریاش چەندان دوورگەی بەربڵاو هەن، زۆرێک پێیانوایە ئەم دوورگانە شاخی بەرزن لەسەر ڕووی ئەو کیشوەرەی کە بە (موو) ناوی دەبەن بەرزبوونەتەوە، زۆرێک لە زانایان پێیانوایە کە مانگ بەشێک بووە لە زەوی، بنی زەریای ئارام ئەو چاڵە مەزنەیە کە لە ئەنجامی جیابوونەوەی مانگ لە زەوی دروست بووە.
زەریای ئارام تەنها گەورەترین زەریا نییە، بگرە لە هەموو زەریاکانی تر قووڵترە، زەریای ئەتڵەسی قووڵی لە زەریای ئارام کەمترە، چونکە ڕووبەرێکی زۆر گەورەی ئەفریزی کیشوەری هەیە.
لەپاڵ ئەو تەپۆڵکە گەورە سەرەکییانەی کە باسمان کرد، تەپۆڵکەی بچووکتریش هەن، کە پێیان دەوترێت (گوێی ئاو)، گوێی ئاوی کەناری دەرەوەی نیوفاوندلاند زۆر بەناوبانگە، تەنانەت لە خودی نیوفاوندلاند گەورەترە، زۆرێک لە ڕاوچییەکانی ئەورووپا ئەو هەموو ڕێگەیە دەبڕن تەنها لەبەر ئەوەی ڕاوی ماسی لە جۆری (یەکلا) بکەن، کە لە گوێی ئاوی نیوفاوندلاند زۆرە، ناوچەیەکی تری هاوشێوەی نیوفاوندلاند هەیە لە دەریای باکوور (بحر الشمال) بەناوی ڕووباری دۆجر، ئەم ناوچەیە بە جۆری ماسییەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە، هەروەها ئەو ئامێرانەی لە ڕێڕەوی ڕووباری دۆجر کار دەکەن زۆر کەرەستەو چەکی بەردین دەردەهێنن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو شوێنەدا ژیاوە، لەو سەردەمە دوورانەی پێش مێژوو کاتێک جێی ڕێڕەوی ئەو ڕووبارە وشک بووە.
ڕاستە تەپۆڵکەو ئاوە تەنگەکان جێی سەرنجن، بەهەمان شێوە دەبێت ئەو دۆڵە زۆر قووڵانەی کە لە ژێر دەریادا هەن جێی سەرنج و تێڕامان بن، هەروەها دەبێت کەندڕ و کاچەکانیش لەیاد نەکەین، لە ساڵانی ڕابردوو زانایان شوێنی یەکێک لەو کاچانە کەوتن کە دەکەوێتە بنی زەریای ئەتڵەسییەوە، درێژی ئەم کاچە گەیشتە ١٣٠٠ کیلۆ مەتر، بەرزی لا قەدەکانی کە زۆر لێژ بوون چەند سەد مەترێک دەرچوون.
هەروەها لەبنی زەریادا حەوزو کەندڕ و شوێنی زۆر قووڵتر هەن، ڕەنگە زۆرێک لەو باوەڕەدابن کە ئەمانە دووربن لەناو زەریا، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمان نزیکن لە وشکاییەوە، قووڵترین شوێن لە زەریای ئەتڵەسی زۆر لە پۆرتەریکۆوە دوور نییە، قووڵترین شوێنیش لە زەریای هیندی دەکەوێتە نزیک دوورگەی جاوە.
لەبەر ئەوەی کە زەریای ئارام زۆر پان و بەرینە بۆیە تاکو ئەمڕۆ قووڵترین شوێنی دەست نیشان نەکراوە، ئەوانە نەبێت کە مرۆڤ توانیویەتی پێوانەی بکات، بۆ نموونە: یەکێک لە شوێنە قووڵکانی دەکەوێتە کەنارەکانی وڵاتی ژاپۆن، بەڵام کەشتیەکی سەربازی ئەڵمانیا بەناوی (ئیمدن) شوێنێکی قووڵتری دۆزیوەتەوە لە کەنارەکانی میندانا، هەروەها شوێنێکیش هەیە لە وڵاتی فیلیپین کە ئەویش قووڵە، لەم شوێنە پەتی تاقیکردنەوەی قووڵایی تا نزیکەی ١٠٨٠٠ مەتر چووە، بەڵام زۆرێک لەو باوەڕەدان کە ئەم ژمارەیە زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، شوێنێکی قووڵی تر لە زەریای ئارام دەکەوێتە نزیک دوورگەی گوام.
ئاوە تەنگەکانیش بە درێژایی کەناری کیشوەرەکان، شوێنی یان دۆڵی قووڵی تێدا هەیە، ئەو دۆڵانە لەنزیک گوێی ئاوەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە لای ئەفریزە کیشوەرییەکان، لەوێشەوە بەرەو بنی دەریا قووڵ دەبێتەوە، یەکێک لەم دۆڵە قووڵانە دەکەوێتە دەرەوەی مۆنتێری لە کالیفۆڕنیا، لێواری ئەم دۆڵە زۆر لێژتر و بەرزترە لە لێواری دۆڵی گەورەی کلۆرادۆ.
هەندێک ژێر کاچی قووڵیش دۆزراوەتەوە لە دەرەوەی ڕێژگەی ڕووباری هدسۆن و ڕێژگەی ڕووباری کۆنگۆ لە ئەفریقا، هەروەها لە شوێنی تریش، بۆیە دوور نییە بەبێ ئەوەی ئاگامان هەبێت کاتێک بە بەلەم گەشتێک بەکەنارەکاندا ساز بدەین، بەسەر یەکێک لەو شوێنە قووڵانە وزەر بکەین، ڕەنگە ئەو شوێنانە ئەگەر ئاوی بەسەرەوە نەبوایا خەڵکانێکی زۆر لە هەموو قوژبنێکی جیهانەوە بهاتنایا بۆ سەیرکردنی. 
بەڵام ئەوەی تائێستا نەزانراوە ئەوەیە ئەو دۆڵانەی ژێر ئاو چۆن تاشراون؟ هەندێک لە زانایان وای بۆ دەچن کە ڕووبارەکان هۆکاری تاشینی ئەو دۆڵانەبن کاتێک کیشوەرەکان زۆر لە ئاستی ئێستایان بەرزتر بوونە، هەندێکی تر پێیان وایە ئەم تاشینە بەفری سەردەمی بەفرین ئەنجامی داوە هەروەک لە دواییدا بۆمان دەردەکەوێت.


سەرچاوەکان



2102 بینین