گرفتەکانی دەرامەتی ئاو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-26-10:20:00 - کۆدی بابەت: 869
گرفتەکانی دەرامەتی ئاو

ناوه‌ڕۆك

گرفتەکانی دەرامەتی ئاو

گرفتەکانی دەرامەتی ئاو بریتین لە پیس بوون و بەفیڕۆچوون.

پیس بوونی دەرامەتی ئاو

زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنەلۆژی و فراوان بوونی چالاکی کشتوکاڵی لە سەدەی بیستدا، وە پەیڕەو نەکردنی ڕێگای گونجاو لە چارەسەر کردنی سەرچاوەکانی پیس بون و نەبونی پلانێکی باش بۆ ئەم گرفتە، بۆتە هۆی پیس بوونی رەگەزەکانی ژینگە، بەتایبەت ئاو و هەوا، وە بەفیڕۆ چوونی دەرامەتە سروشتیەکان.


پیس بوون و بەفیڕۆچوونی دەرامەتە سروشتیەکان یەکێکە لە گرنگترین گرفتە ژینگەییەکانی ئەم سەردەمە، کە بە ڕوونی لە جیهانی پێشکەوتووی پیشەسازی یان وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەدیاردەکەوێت، پیس بوون بریتییە لە کۆبونەوەی ماددەی نامۆ لە پێکهاتەکانی ژینگەدا، کە وایان لێدەکات بۆ بەکارهێنان گونجاو نەبن یان سنوورێک بۆ بەکارهێنانیان دادەنێت، وە پیسکەرەکان بریتین لە ماددەکان یان میکرۆبەکان یان وزە، کە لە ڕێگەی نەخۆشیەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنن.

بوونی هەر پاشماوەیەک لە ناو ئاودا دەبێتە هۆی پیس بونی ئاوەکە و کاریگەری دەبێت لەسەر بوارەکانی بەکارهێنانی، وە پیس بوون دەبێتە هۆی گۆڕانی پلەی گەرمی و تام و بۆن و ڕەنگی ئاوەکان.
پیس بونی ئاو مەترسیەکی زۆر گەورەیە، بەتایبەت لەو ڕوانگەیەوە کە پیس بونەکە لە سنوری هەرێمێکدا نامێنێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکە، وەک کاریگەری پیس بوونی ئاوی ڕوباری فوڕات لە وڵاتی تورکیا لەسەر هەریەک لە وڵاتانی سوریا و عێراق، وە کاریگەری پیس بوونی ئاوی ڕووباری ڕاین لە فەرەنسا لەسەر هەر یەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا، وە کاریگەری سوێربوونی ئاوی ڕوباری کۆلۆرادۆ لە رۆژئاوای ئەمریکا لەسەر وڵاتی مەکسیک.

سەرچاوەکانی پیس بوونی دەرامەتی ئاو

ئاوە پیسەکان بە سەرچاوەیەکی گرنگی پیس بوونی دەرامەتی ئاو دادەنرێن، کە بریتین لەو ئاوانەی لە ئەنجامی چالاکیە جیاوازەکانی مرۆڤەوە پیس بوون و پێکهاتوون لە مادەی ئەندامی و نائەندامی و ڤایرۆس و میکرۆب و تیشک و گەرمی، کە بە شێوەی تواوە یان نیشتوو یا هەڵواسراولە ئاودا هەن، وە لە گرنگترین سەرچاوەکان پیس بوونی ئاو بریتین لە:
  
أ- ئاوی پیسی ماڵان (پیس بوونی ئاو بەهۆی ماڵەوەکانەوە):
لە (٨٠٪) ی ئەو ئاوەی ماڵان بەکاری دێنن دەگۆڕێت بۆ ئاوی پیس، کە ئەم ڕێژەیەش بە بەکتریا و ڤایرۆس و ... هتد پیس بوون

ب-ئاوی پیسی پیشەسازیەکان (پیسبوونی ئاو بەهۆی پیشەسازیەوە):
بریتیە لەو ئاوانەی کە بەهۆی بەکارهێنانی لە چالاکی پیشەسازیدا پیس بوون و پێکهاتەی کیمیاوی زیانبەخشی تێدایە کە شیبونەوەیان گران و قورسە (درەنگ شیدەبنەوە)، وە هەروەها پێکدین لە مادەی هەڵواسراو و نیشتوو و تواوە و ترش، لەگەڵ ئەوەشدا بەگەرمی پیس دەبن.

ج-ئاوی پیسی کشتوکاڵ (پیس بونی ئاو بەهۆی کشتوکاڵەوە)
بریتیە لە ئاوی پیسی کشتوکالی بەهۆی ماددەی ئەندامیەوە کە شیبونەوەی ئاسانە، سەرەڕای ئەو پیس بوونەی کە لە ئەنجامی بەرهەم هێنانی ئالیکی ئاژەڵەوە دروست دەبێت، ئەم هۆکارەش دەبێتە هۆی پیس بوون و ژەهراوی بونوی ئاو، کە ڕێژەیەکی زۆر لە ماددەی ترشە ئەنجامی تێدا کۆدەبێتەوە، وەک (ترش خلیک) و مادەی ئەندامی و پێکهاتە جیاوازەکانی نایترۆجین، کە ئەم ئاوە دەچێتە ناو ئاوەکانی سەر زەوی و پیسی دەکات و لەهەمان کاردا دادەچۆڕێتە ژێر زەوی و دەبێتە هۆی پیس بونی ئاوی ژێر زەوی.

٢-پیس بوون بە نەوت:
نەوت دەبێتە هۆی پیس بونی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، دەرهێنانی نەوت لە وشکانیدا دەبێتە هۆی داچۆڕانی بۆ ئاوی ژێر زەوی و پیسی دەکات، وە لە کاتی گواستنەوەی نەوتدا بەهۆی کەشتیەکانەوە ئاوی دەریاکان پیس دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە هەندێ لە کەشتیەکان لەناو دەریاکاندا توشی گرفت و تێکشکان دەبنەوە، وە  بونی کێڵگە نەوتیە کەناریەکان یان دەریاییەکان دەبێتە هۆی داچۆڕانی نەوت بۆ ناو دەریا و زەریاکان و پیس بوونیان.

٣-پیس بوون بە ئاوی باران:
لە کاتە سەرەتاییەکانی باران بارینی دوای ماوەی وشکیدا، ئاوی بارانەکە بڕێکی زۆر لە پیسکەرەکانی تێدایە، وەک: ئۆکسیدی نایترۆجین و کبریت، ئەمەش دەبێتەهۆی بارینی ترشە باران، بەتایبەت لە ناوچە پیشەسازیەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا.

٤-پیس بون بە پاشماوە ڕەقەکان
کۆبونەوەی پاشماوە ڕەقە جیاوازەکان، بەتایبەتی لە شارە گەورەکاندا، ئەوا لە کاتی باران باریندا دەبێتە هۆی توانەوەی ماددەی ژەهراوی، پاشان ئاوەکە ڕۆدەچێتە ناوەوەی زەوی بە ئاڕاستەی ئاوی ژێر زەوی یان لەبەر ڕۆشتنی بەرەو ئاوی ڕووبارەکان و پیسی دەکات.


 شێوەکانی پیس بوونی ئاو

چەند شێوەیەکی سەرەکی پیس بوونی ئاو هەیە، بریتین لە:

١- پیس بوونی فیزیایی:

لە ئەنجامی کرداری ڕاماڵینەوە لە ناوچەی کانگا و پیشەسازی و کانزاکاندا ڕوودەدات.

٢- پیس بوونی کیمیایی:

لە ئەنجامی بوونی ماددەی ژەهراوی تواوە لە ناو ئاودا دروست دەبێت، وەک: خوێی کبریت و نیترات و فۆسفات و جیوە و قوڕقوشم و هتد.

٣- پیس بوونی تیشکی:

لە ئەنجامی تاقیکردنەوە ئەتۆمیەکان یان تەقینەوەی کانە ئەتۆمیەکان ئاو بە ڕێگەی پیس بوونی تیشکی پیس دەبێت، وەک: ئەوەی کە لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمیرکادا هەیە.

 ٤- پیس بوونی گەرمی:

لە ئەنجامی بەکارهێنانی ئاوی ڕووبار و کەنار دەریاکان بۆ کرداری ساردکرنەوە لە پیشەسازیەکاندا، ئاوەکان گەرم دەبن و ئۆکسجینیان کەمدەکات و زیان دەگەیەنێت بە سامانی ماسی و ڕووەکە ئاویەکان.


سەرچاوەکان



6965 بینین