جابری کوڕی حەییان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-31-22:49:00 - کۆدی بابەت: 998
جابری کوڕی حەییان

ناوه‌ڕۆك

جابری کوڕی حەییان ٧٢٠-٨١٣ز

نێوی تەواوی ئەبوو مووسای جابری کوڕی حەییانی کوڕی عەبدوڵڵای ئیزدییە. بۆیە پێی گوتراوە ئیزدی، چونکە لە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر خێڵێکی یەمەنی، کە دوای ڕمانی سەدی (مەئریب) بەرەو کوفە کۆچ دەکەن. جابر، سۆفی و عارفێکی گەورە بووە، خاوەنی چەندان کتێبی زانستییە. خۆرئاوا سوودێکی زۆری لێ وەرگرتووە. وەک سەرچاوەکان ئاماژەی پێ دەکەن، زۆربەی دانراوەکانی فەوتاون، ئەوەی تا ئێستە پارێزگارییان لێ کراوە لە کتێبخانەکانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات ماون هەشتا کتێبە.

  جابر و کیمیاگەری

ئاشکرایە جابر بە دامەزرێنەری بنەماکانی زانستی کیمیا دادەنرێت. بە ڕەنگێک بەرتیلۆ لە بارەیەوە دەڵێت: جابر لە کیمیادا هاوشانی ئەرستۆیە لە لۆژیکدا. ''دەگوترێت پێشتر چەند سەرەداوێکی سادەی زانستی کیمیا هەبوون''. چەند پیشەیەکی سەرەتایی وەک: دەباخکردن (پێستە خۆش کردن) و مۆمیایی و کانزاییکردن هەبوون، بەڵام جابر هات و زانستی کیمیا لەم دووڕیانە ساکارە دەرهێنا و ئاستی بەرز کردەوە. ئەو، چەندان بیرۆکە و بۆچوونی نوێی دەربارەی کیمیا خستنە ڕوو. هەربۆیە جابر لە نێو کیمیاگەرانی کۆندا بە یەکەمی بێ ڕکابەر نێوزەند کراوە.
دیارە کتێبەکانی جابر تەنیا لە بواری کیمیاگەریی نەبوون، لایەنەکانی دیکەی لۆژیک و فەلسەفە و چەندان بەشی دیکەشی گرتووەتەوە، بەڵام کە ناوی جابر دەبرێت ڕاستەوخۆ زانستی کیمیامان بیر دەکەوێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو لە سەردەمی خۆیدا کارێکی هێندە گەورەی بۆ زانستی کیمیا کردووە، کە پێشتر کەس ئەمەی نەکردبوو. ئەو بە باوکی کیمیا ناوی دەرکردووە، زانستی پێوەرەکانی داهێناوە، بۆ هەر سیفەتێک پێوەرێکی دەستنیشان کردووە، هەروەها بۆ هەر سیفەتێکی کانزاییش، پێوەرێکی تایبەتی داناوە.
هێندێک لە داهێناناکانی جابری کوڕی حەییان لە زانستی کیمیادا: لە  بەشێک لە سەرچاوەکاندا هاتووە ئەو یەکەم کەس بووە ئاوی زێڕی بۆ جوانکاری خشک  بەکار هێناوە.
هەروەها یەکەم زانابووە هەردوو ترشەڵۆکی هایدرۆکلۆریک (HCI , HNO3) دۆزیوەتەوە. جۆرە کاخەزێکی دروست کردووە بە ئاگر ناسووتێت. توێژینەوەی دەربارەی جۆری ژەهرەکان کردووە و کاریگەریەکانی دەرخستوون. چەندان داهێنانی دیکەیشی لە بوارە جیاوازەکاندا کردوون.

شێوازی زانستی جابری کوڕی حەییان

ئەو لە شێوازی زانستی خۆیدا پشتی بە تاقیکردنەوە بەستووە، وردبینی و تێبینی کردووە، دواتر ئەنجامگیری تێدا کردووە. دیارە ئەم شێوازە تاکوو ئێستە لە تاقیگەکانی زانستی باو و بەربڵاوە. هەر لەوساوە جابر درکی بەوە کردووە، کە شێوازی زانستی دەبێت پشت بە سیستەم و ڕێکسازی و چەند ڕێسایەکی سروشتی ببەستێت. جابر دەرهەق بە خوێندن و فێربوون، بۆچوونێکی جیاوازی هەیە، پێی وایە هەر قوتابیەک بیەوێت بخوێنێت دەبێت ئامادەیی خۆڕسکی تێدا بێت، چونکە فێربوون لە خۆڕسکی و سروشتەوە پەیدا دەبێت و گەشە دەکات، کەسی زانستخواز دەبێت هەر بە سروشتی خۆی حەز بە زانست بکات.

بەرهەمەکانی

جابری کوڕی حەییان کتێبگەلێکی زۆری نووسیون، بەشێک لە توێژەران ئێژن ٥٠٠ نامەی لە بواری کیمیادا نووسیوە، چەندان کتێبی دیکەی لە بواری نوژداری و ماتماتیک و فەلسەفە و شیعر داناون. بەناوبانگترین کتێبی: (خواص الکبیر) ـە. دەقە ڕاستییەكەی لە مۆزەخانەیەكی بەریتانیا پارێزراوە. هەروەها کتێبگەلی:
(الاسرار) (العنصر) (المنافع) (المیزان) (الأملاح) (اسرار الکیمیاء) (نهایة الاتقان) (اصول الکیمیاء) (علم الهیئة) (الرحمة) (المکتسب) (الخمائر الصغیرة) (صندوق المحکمة) (الملک) (المجردات) (الخالص) (السبعین) (السموم و دفع‌ مضارها) (الکیمیاء الجابریة) داناون.

 بە کورتی

  - لە شاری توس (طوس) لە دایک بووە.
  - دوای سەرکەوتنی شۆڕشی عەباسی، لە بەغدا جێگیر دەبێت، پێوەندییەکی پتەو لەگەڵ خانەوادەی (بەرامکە)ی فارسی دروس دەکات.
  - دوای ئەوەی خەلیفە هەڵوێستی بەرامبەر (بەرامکە)ـکان دەگۆڕێت، جابر ڕوو دەکاتە شاری کوفە و لەوێ بە نهێنی ژیان دەگوزەرێنێ.


سەرچاوەکان



1922 بینین