کیندی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-01-20:11:00 - کۆدی بابەت: 1012
کیندی

ناوه‌ڕۆك

کیندی ٨٠٤-٨٧٤ز

ناوی تەواوی ئەبوو یوسفی کوڕی یەعقووبی کیندییە، بە هەوەڵین فەیلەسووفی ئیسلام لە قەڵەم دەدرێت. پێی دەگوترێت کیندی، چونکە ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر خێلی (کیندە).
بە منداڵی دەکەوێتە نێو باوەشی خۆشگوزەرانی، ئاخر ئەوسا باوکی پایەکی بەرزی لە دەسەڵاتی میریی نێو شاری کوفەدا هەبووە، بەڵام زۆری پێ ناچێت باوکی کۆچی دوایی دەکات و ئەو هەتیو دەکەوێت، وەلێ ئەم ڕووداوە بە هیچ شێوەیەک ئەو لەسەر فێربوونی زانست و گەڕان بە دوای زانیاریدا سارد ناکاتەوە.
کیندی زانستەکانی: ئاین، فەلسەفە، لۆژیک، ماتماتیک، فەلەک، کیمیا، فیزیا، نوژداری، جوگرافیا، میکانیکی خوێندوون. زمانەکانی یۆنانی، سریانی، عەرەبیی زانیون. ئەو زمانانە بۆ قوڵبوونەوە لە زانستە جۆر بەجۆرەکان هاوکارییان کردووە. مامۆستاکانی شآیەتی زیرەکی و بلیمەتییان بۆ داوە. هەر بۆیە مەئموون داوای لێ کردووە چەند کتێبێکی بیانی وەربگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی.

ڕەنج و کۆششەکانی

کیندی لە زۆر بواری جیاوازدا کتێبی هەیە، بە نموونە لە زانستی فەلەکدا توێژینەوەیەکی قووڵی کردووە، شوێنی ئەستێرە و هەسارەکانی بەرامبەر بە زەوی دیاری کردووە، خەڵکی لەو دیاردانەی لەسەر زەوی ڕوو دەدەن ئاگادار کردووەتەوە. ئەو لە کتێبەکەیدا باسی دیاردەی هەڵکشان و داکشانی دەریای کردووە، بە ڕەنگێک هەر کەسێک بیخوێنێتەوە دەزانی ئەمە بە شێوەیەکی زنستیی نووسراوە. لە بواری فەلەکدا کیندی نامەیەک و شازدە کتێبی هەیە.
لە بواری فیزیاشدا توێژینەوەیەکی وردی کردووە، تێیدا باسی پەیوەندی نێوان ڕەگی ئاسمان و ڕووناکیی هەڵمی ئاو دەکات، هەروەها ڕەنگی ئاسمان و گەردیلەکانی تەپوتۆزی نێو کەشوهەوا دەخاتە ڕوو، لەو بوارەش دوانزە کتێبی داناون.
لە بواری میکانیکیش توێژینەوەی لە مەڕ گەلێک بیردۆزی ئەم زانستەدا، ئەندازیارانی شآرستانی ئیسلامی سوودێکی زۆریان لێ بینیوە و لە جێبەجێکردنی چەندان پڕۆژەی ئەندازیاریدا پشتیان پێ بەستووە، بە نموونە: پڕۆژەی ئاودێریی نێوان دیجلە و فوڕات ...
لە زانستی کیمیادا زۆر توێژینەوەی کردوون، هەمیشە حەزی لەو توێژینەوانە بووە کە سوودەکەیان ڕاستەوخۆ بۆ خەڵک دەگەڕێتەوە. وشەگەلی (دڵۆپاندن) و (هەڵماندن) و (پاڵاوتەکردن)ـی، بە شێوەیەکی کیمیایی ڕاڤەکردوون.
کیندی باوەڕی وابووە کە زانستی ماتماتیک ڕێڕەوی چوونە نێو خوێندنی فەلسەفە و لۆژیکە، ئاخر ماتماتیک بۆ بیرکردنەوەیەکی ڕاست و مەشق و ڕاهێنان بە ئەقڵ دەکات. لە بواری ماتماتیک پتر لە چل کتێبی نووسیوە.
وێڕای ئەمانەش، کیندی پزیشکێکی دەستڕەنگین بووە، بیست و دوو کتێبی لە بواری زانستی پزیشکیی نووسیون، بە نموونە: (الحمیات)، (نوژداریی رووحانی)، (وجع المعدة والنقرس).. چەند کتێبیکی دیکەشی لەسەر دەرمانسازیی داناون. کتێبێکی لەسەر سیستەمی تەندروستی بە ناوی (الغذاء والدواء) هەیە. هەروەها کتێبێكی دیکەی بە ناوی (الاقرباذین) هەیە. هەروەها چەندان کتێبی تریشی لە بواری مۆسیقا و لۆژیک و فەلسەفەدا هەن.

پێگەی ئەو لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتندا

سەرباری ئەوەی زۆرینەی کتێبەکانی کیندی فەوتان، کە لە ٢٣٠ کتێب ڕەتیان دابوو، بەڵام نێو و شۆرەتی ئەو هەموو دنیای پڕ کرد، خۆرئاوا پێش خۆرهەڵات شایەتی گەورەیی و بلیمەتی ئەو زانایەیان دا. یەک لە خۆرهەڵاتناسەکان دەڵێت: '' کیندی بە یەکێک لەو دوانزە بلیمەت و زانایە هەژمار دەکرێت، کە بە درێژایی مێژوو لەسەر گۆی زەوی هەڵکەوتووم'' .

بە کورتی

  - لە کوفە لەدایک بووە، ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی، لەوێ ژیاوە.
  - بە گوێرەی زۆر لە زانایان ئەو پێش چاخی خۆی کەوتووەتەوە.
  - بە ڕەگ و ڕەچەڵەک عەرەب بووە.


سەرچاوەکان



1189 بینین