گونەکان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-15-18:12:00 - کۆدی بابەت: 1153
گونەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گونەکان یان باتوو (بە ئینگلیزی: testes, testicles, بە عەرەبی: الخصية)، دوو ئەندامی شێوە هێلکەیین لە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەدا هەن و دەکەونە ژێر ناوکی نێرینەی مرۆڤەوە لەژێر ئەندامی زاوزێ. ئەم دوو ئەندامە لەناو تورەگەیەک پارێزراون کە پێی دەوترێت (تورەگەی گون)، ئەم تورەگەیە پلەی گەرمی گونەکان ڕێک دەخات و دەیان پارێزێت. گونەکان بەهۆی ئەو پێکهاتەیەی هەیانە، تۆو (سپێرم) بەرهەم دەهێنن و کۆیدەکەنەوە، هەروەها بەشداری لە دروستکردنی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن دەکەن. تێستێسترۆن هۆڕمۆنێکی سەرەکییە لە لەشی نێرینەدا و گرنگە بۆ بنیاتنانی ماسولکەکان، گڕبوونی دەنگ و زیادبوونی مووی جەستە. 

قەبارەی گونەکان

هەر گونێک کێشی ٢٥ گرام، درێژی ٤-٥ سانتیمەتر و پانی ٢-٣ سانتیمەترە. لە زۆر کەسدا قەبارەی گونەکان جیاوازە، بۆ نموونە یەکێکیان لەوەی تریان بچووکتر یان گەورەترە، یان لەوانەیە کەمێک لە خوارتر یان سەروتر بێت، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە ئەگەر جیاوازییەکە زۆر نەبێت. قەبارەی گونەکان پەیوەستە بە ڕێژەی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن لە لەشدا، واتە تاکوو ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە زیاتر بێت قەبارەی گونەکان زیاتر دەبێت. کاتی گەورەبوون و گەشەکردنی گونەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە. بەشێوەیەکی گشتی گونەکان لە تەمەنی ١٢-١٦ ساڵییەوە (قۆناغی هەرزەکاری) دەست بە گەورەبوون دەکەن و لە تەمەنی ١٩-٢٠ ساڵیدا دەگاتە قەبارەی ئاسایی خۆیی. 

بچووکبوونەوەی گونەکان 

لەدوای تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە و لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ڕێژەی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنی تێستێسترۆن کەم دەکات، بەمەش گونەکان بچووک دەبنەوە و قەبارەیان کەم دەکات. ئەم گۆڕانکارییە پێویستی بە ماوەیەکی درێژ هەیە و لەپڕ ڕوونادات لەبەرئەوە کەسەکە بە زوویی هەستی پێناکات. ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە لەبەرئەوەی بەهۆی زیاد بوونی تەمەنەوە ڕوودەدات. 
هەندێک جار گرژبوونی گونەکان ڕوودەدات واتە قەبارەیان بۆ ماوەیەکی کاتی کەم دەکات و دوایی دەگەڕێتەوە شێوە ئاساییەکەی خۆی کە ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە. لە کاتی بەکارهێنانی ئاوی سارد یان لە پلەیەکی گەرمی نزمدا، گونەکان بۆ ماوەیەکی کاتی گرژ دەبن لەڕێگەی میکانیزمێکەوە کە پێی دەوترێت چونەوەیەکی ماسولکەیی (cremasteric retraction)، لە پلەی گەرمی نزمدا ماسولکەکانی دەوری گون گرژدەبن و گونەکان بۆ ناوەوە ڕادەکێشن و لە پلەیەکی گەرمی دەیان هێڵنەوە کە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی سپێرم. وا باشترە لەکاتی هەستکردن بە گۆڕانکاری لە قەبارە و شێوەکەیدا سەردانی پزیشک بکرێت، چونکە هەندێک جار بچووکبوونەوەی گون دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێکی تایبەت وەک ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی سێکسەوە دەگوازرێنەوە یان تووشبوون بە ڤایرۆس

ئەو نەخۆشییانەی تووشی گونەکان دەبن

ئاوبەندی گون

حاڵەتێکە شلەی زیادە لە بۆشایی دەوروبەری گونەکان کۆدەبێتەوە. هەندێک جار لەکاتی لەدایکبوون دەبینرێت و دەکرێت بەهۆی زیانگەیاندن و هەوکردنی گونەکانەوە ڕووبدات. نیشانەکانی بریتییە لە هەڵئاوسانی گونەکان و هەستکردن بە ئازار. 

سوڕانی هێلکە گونەکان

بریتییە لە سوڕانی گونەکان بەمەش دەمارەکان و ئەو لوولە خوێنانەی دەوری گونیان داوە دەگیرێن و ئۆکسجین و خۆراکیان پێ ناگات. نیشانەکانی بریتیین لە:

  • ئازارێکی زۆر
  • هەڵئاوسان
  • زوو زوو میزکردن
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە 

باگونە

بریتییە لە هەڵئاوسانی گونەکان و لەماوەی نزیکەی ٧-١٠ ڕۆژدا نامێنێت، چەند نیشانەیەکی هەیە وەک:

  • هەڵئاوسان
  • هەستکردن بە ئازار
  • تا

کەمبوونەوەی دەردانی هۆڕمۆنی گونەکان

حاڵەتێکە لەش بڕی پێویست لە هۆڕمۆنی تێستێسترۆن دروست ناکات. دەکرێت لە لەدایکبوونەوە ڕووبدات یان بەهۆی هەر شتێک کە کار لە بەرهەمهێنانی ئەم هۆڕمۆنە بکات. نیشانەکان لە هەرزەکاردا نەگۆڕانی دەنگ و گەشەنەکردنی ماسولکەکان دەگرێتەوە، لە گەنجاندا هەڵوەرینی مووی جەستە و گەورەبوونی مەمک دەگرێتەوە. 

شێرپەنجەی گونەکان

واتە گەورەبوونی خانەی شێرپەنجەیی لە گوندا. نیشانەکان بریتیین لە:

  • گرێ
  • کۆبوونەوەی شلەی زیادە
  • ئازاری گون
  • گەورەبوونی مەمک

چەند ڕێنماییەکی گرنگ

  • مانگانە پشکنین بۆ گونەکانت ئەنجام بدە، بۆ ئەم مەبەستە پێویست بە سەردانی پزیشک ناکات بەڵکو خۆت دەتوانیت لە ماڵەوە ئەنجامی بدەیت لەڕێگەی دەست لێدان و گەڕان بەدوای بوونی هەر گرێیەکدا. 
  • پاکڕاگرتن و وشککردنەوەی گونەکان و دەوروبەریان و زوو زوو خۆشۆردن ئەگەری هەوکردن کەم دەکاتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە جلی تەسک و لەبەرکردنی جل و بەرگێکی فراوان
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان.
  • خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسێن وەکوو تەماتە، سپێناخ، پرتەقاڵ, گێزەر، شلیک و ئەڤۆکادۆ.


سەرچاوەکان



4394 بینین