ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-08-23:16:00 - کۆدی بابەت: 1196
ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا

ناوه‌ڕۆك

ڕۆمان لە ئەدەبی کوردیدا

ڕۆمان واتە چیرۆکی درێژ کە ڕووداوەکانی زۆر چڕ و پڕن، ماوەی ڕووداوەکانی زۆر دوور و درێژن لە هی چیرۆکی کورت و چیرۆکی مامناوەنی، هەروەها ژمارەی کەسەکانیشی زیاترن لە هی چیرۆکی کورت و مامناوەندی، پێویستە ئەوەیش بوترێت کە تا ئێستاش سنووری نێوان ڕۆمان و چیرۆکی درێژ بە وردی دەسنیشان نەکراوە.
ڕۆمان نووسین یەکێکە لە هونەرە ئەدەبییە گرانەکان لە سەدەی حەڤدەهەمدا لە ئەورووپا سەری هەڵداوە بەڵام چەرخی زێڕینی ڕۆمان لە ئەورووپا سەدەی نۆزدەهەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمە، زۆر لە ڕەخنەگران ڕۆمان بە داستانی سەدەی تازە ناودەبەن، نووسینی ڕۆمان لە ناو دەوڵەتانی ڕۆژهەڵات زۆر دواکەوتووە لە چاو گەلانی ڕۆژئاوا... لە کاتێکدا دەیان ڕۆماننوسی ناوداری وەک: تۆڵستۆی، هەمنگوای، بەلزاک، دیستۆفیسکی، گۆرگی...هتد. لە ئەورووپاو لە هەموو جیهان ناوەکانیان دەدرەوشێتەوە، ڕۆمانەکانیان بە بەردەوامی وەردەگێڕن بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان، ئەوا لێرەو و لەوێ تاک و تەرا ڕۆماننوسانی عەرەب و فارس و تورک دەبیسترێت، نووسینی ڕۆمان لە ناو کورد دا زۆر دواکەوتوو ترە لە چاو نەتەوەکانی تری عەرەب و فارس و تورک چونکە ئەو بارودۆخەی کە بۆ نووسەرێکی تورک و عەرەب هەڵکەوتووە هەرگیز بۆ نووسەرێکی کورد هەڵناکەوێت بگرە زۆر جاریش دژایەتی دەکرێت و دەرفەتی چاپ کردنیش بۆ نووسەری کورد زۆر دژوار و ئەستەمە، لێرە بە دواوە زۆر بە کورتی باس لە قۆنا‌غەکانی دەرکەوتن و گەشەسەندنی ڕۆمان دەکەین بە زمانی کوردی:

سەرەتای ڕۆمان نووسین لە ئەدەبی کوردیدا

بۆ یەکەمین جار نووسینی ڕۆمان بە زمانی کوردی لە ناو کوردەکانی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو دەستی پێ کردووە، یەکەمین هەوڵیش لە لایەن نووسەری گەورە ''عەرەبی شەمۆ'' دراوە کە لە ساڵی ١٩٣٥ز ڕۆمانی ''شڤانی کورد'' بە دیالیکتی کرمانجی ژووروو بە پیتی لاتینی نووسیوەتەوە، ئەم ڕۆمانە دواتر کراوە بە ڕووسی و فەڕەنسی و ئەرمەنی... ئینجا دواتر هەر ''عەرەبی شەمۆ'' ڕۆمانەکانی ''کوردی ئەلەگەز'' و ''بەربانگ'' و ئینجا لە ساڵی (١٩٦٦ز) ''قەڵای دمدم'' ـی نووسیەوە دوای ''عەرەبی شەمۆ'' چەند نووسەرێکی کوردی سۆڤیەتی تر دەستیان کردووە بە نووسینی ڕۆمان، لەوانە ''حاجی جوندی'' کە ڕۆمانی ''هەوارێ'' و ''بەهار هات''ـی نووسیییەوە، ''عەلی عەبدولرەحمان'' ڕۆمانەکانی ''خاتێ خانم'' و ''گوندی مێرخاسا''ـی نووسی، ئەم ڕۆمانانە بەشێکی زۆریان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە لەسەر ڕەوتی گەشەسەندنی ڕۆمان لە ناو کوردستاندا چونکە تا درەنگ نەگەیشتوونەتە بەشەکانی کوردستان. نووسەرانی کورد لە ناو بەشەکانی کوردستاندا ئەم ڕۆمانانەیان نەخوێندۆتەوە و چاویان پێ نەکەوتوونە.

- ڕۆمانەکان بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو بە ڕێنووسی پیتی لاتینی نووسراون، زمانی نووسینیان زۆر سادە و ڕەوانە.
- بیر و باوەڕی سیاسی ئایدۆلۆژیەتی سۆشیالیزمی سۆڤیەتی پێشوو بەسەر ڕووداوەکان زاڵە.
- شێوەی ڕۆمانەکان گێڕانەوەیە وەکو داستان و چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان چونکە بناغەی نووسینی ڕۆمانەکانی داستان ئەفسانە و حەکایەتی فۆلکلۆری کوردین دوورن لە تەکنیکی تازە و هاوچەرخ.

قۆناغی چەسپاندن

لە کوردستاندا وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا تا ساڵانێکی درەنگی سەدەی بیستەم هیچ ڕۆمانێک بە زمانی کوردی نەنووسراوەتەوە بەڵام دواتر دوو هەوڵی لەبەر چاو و دیار هەن کە دەتوانین بیانکەینە بناغەی بنیادی ڕۆمانی کوردی بە هەر بارێکدا تەماشایان بکەین ناتوانین بە دەست پێشخەرییەکی گەورەیان نەزانین ئەو دوو هەوڵەش هەردوو ڕۆمانی ''پێشمەرگە''ـی رەحیمی قازی و ''ژانی گەل''ـی برایم ئەحمەدن، لە ساڵی ١٩٦٠ز، لە شاری بەغدا ڕۆمانی ''پێشمەرگە''ـی رەحیمی قازی چاپکرا، ڕۆمانەکەش ڕووداوەکانی دەربارەی سەردەمی دامەزراندنی ''کۆماری کوردستان''ـە لە مەهاباد و لە دەورووبەری ساڵی ١٩٤٦ز، نووسەر چونکە خۆی لە ڕووداوەکان بەشداری کردووە و لە ناوجەرگەی ڕووداوەکان بووە بۆیە لە خەباتی ئەو ساڵانەی کورد دەدوێت، ڕووداوەکان تێکەڵ بە چەند کێشەیەکی تر دەکات بە تایبەتی کێشەی جوتیار لەگەڵ دەرەبەگدا پاشان لە ساڵی ١٩٧٢ز، ڕۆمانی ''ژانی گەل''ـی برایم ئەحمەد هەر لە بەغدا چاپ کرا کە نووسەری خۆی دەڵێت لە ساڵی ١٩٥٦ز نووسیویەتییەوە بەڵام لە بەر نەبوونی دەرفەتی گونجاو نەیتوانیوە لە کات و سەردەمی خۆیدا چاپی بکات.

ئەم ڕۆمانە زیاتر لە ڕۆمانی پێشمەرگە دەنگی دایەوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو کاتە کۆمەڵە وتار و لێکۆڵینەوەی لەسەر بڵاو کرایەوە، پێویستیە ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە حەفتاکاندا ڕێک لە ساڵی ١٩٧٦ ڕۆمانی ((قەڵای دمدم))ـی عەرەبی شەمۆ، لە لایەن شوکر مستەفا بە دیالێکتی کرمانجی ژوروو کرایە دیالێکتی کرمانجی خواروو، کە تێیدا نووسەر ڕووداوی مێژوویی و بابەتی فۆلکلۆری لە شێوەی ڕۆمانێکی هاوچەرخی سەرکەوتوو داڕشتووە. زمانی نووسینی ڕۆمنە کوردییەکان لەم قۆناغەدا زمانێکی تۆکمە و کوردییەکی زۆر ڕەوانە کە خوێنەر بۆ خۆی ڕآدەکێشێت. ناوەڕکی ئەم ڕۆمانانە سیما و شەقڵی خەباتی نەتەوایەتییان پۆشی بوو، ڕووداوەکان خۆماڵین و لەناوجەرگەی کۆمەڵی کوردەواری هەڵهێنجراون بەڵام زیاتر کێشەی نەتەوایەتی و خەباتی کورد بۆ سەربەخۆیی زیاتر هەستی پێ دەکرێت. شێوەی نووسین زیاتر لە گێڕانەوە دوورە لە تەکنیکی هاوچەرخ هەروەها دوورە لە تەم و مژ و ئاڵۆزی.

قۆناغی گەشەسەندن

ئەم قۆناغە لە ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم دەست پێ دەکات کە دوو دیاردەی ئاشکرا دەبینرێت:

١) ژمارەی ڕۆمانی خۆماڵی نووسراو بە زمانی کوردی زیاتر دەبینرێت لە چاو قۆناغەکانی پێشوو.
٢) هەروەها ژمارەی ڕۆمانی وەرگیراو لە زمانی بێگانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ئەم دوو دیاردەیە لەم سەردەمەدا دوو دیاردەی دڵخۆکەر بوون بۆ ئەوەی ببنە ڕێگا خۆشکەر بۆ گەشەسەندنی ڕۆمان لە زمانی کوردی، چونکە پێشتر ژمارەی ڕۆمان بە زمانی کوردی لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین. بۆ نموونە ''حسێن عارف'' لە ساڵی هەشتا هەردوو ڕۆمانی ''شار'' و ''ئەندێشەی مرۆڤێک'' ـی چاپ کردن، ''عەزیزی مەلا ڕەش''ـیش ''کوێخا سێوێ'' و ''غەوارە''، خەسرەو جاف ''کۆردەرە'' و ''هیچ'' ـی چاپ کرد، عەبدوڵڵا سەراج ''هەڵکشان بەرەو لووتکە''ـی چاپ کرد، دکتۆری نافیع ئاکرەیی ''بوهژین''ـی چاپکرد. لە شاخیش دوور لە سانسۆری حکومەت ''محەمەد موکری'' ڕۆمانەکانی ''سەگوڕە'' و ''تۆڵە'' و ''هەرەس''ـی بە دوو بەرگ چاپ کرد، ''حەمە کەریم عارف''ـیش ''کۆچی سوور''ـی چاپ کرد. لە ئەورووپاش بە تایبەتی لە سوید هەندێک ڕۆمان بە زمانی کوردی چاپکران لەوانە ''مرنا کاڵەکی ڕەند'' و ''هاوار دێجلەیێ'' محەمەد ئۆزۆن بە دیالێکتی کرمانجی ژوروو.
دیارە ڕووداوەی سیاسی و باسی خەباتی ڕەوای کورد، ژیانی پێشمەرگایەتی نێو شاخ و داخی کوردستان بووە هەوێنی چاو هەڵهێنانی ئەم بەرهەمە تازانە. زمانی ڕۆمانەکانیش پارا تر و پوخت تر و چڕتر کراونەتەوە ئەمە لە پاڵ دیاردەی بایەخ دان بە شێوەزاری ناوچەیی جوتیاران لەم ڕۆمانانەدا هەروەها باس لە کێشەی گوند نشینەکان دەکەن وەکو ڕۆمانەکانی عەزیزی مەلا ڕەش. ئەگەر چی لەم قۆناغەشدا شێوازی گێڕانەوە بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبینرێت، هەست بەوەش دەکرێت کە ڕۆمان نووسەکان بایەخیان بە تەکنیکی نوێ و مۆنۆلۆج داوە، سەرکەوتووانەش بە کاریان هێناون.
دەبێت ئەوەش بزانینی کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێش بکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بە خۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینیبێت.
لە پاڵ ئەم ڕۆمانە کوردییانەدا کۆمەڵێک ڕۆماننوسی کورد هەن کە بە زمانی بێگانە ڕۆمان دەنووسن بە ڕەچەڵەکیش کوردن و ناوبانگی جیهانییان هەیە وەک ''یەشار کەمال'' کە بە تورکی دەنووسێت و هەندێک لە ڕۆمانەکانی کراون بە کوردی وەک ''ئەفسانەی چیای ئاگری'' و ''حەمەدۆک'' بە چواری بەرگ ''کاریتە'' و هی تر... (سەلیم بەرەکات) بە عەرەبی دەنووسێت کە کوردێکی سوریایە وەک ڕۆمانەکانی ''پەڕ'' و ''دڵشاد'' کە کراون بە کوردی یان (ئیبراهیمی یونسی) کە بە فارسی دەنووسێت کە ڕۆمانی ''دایکم دوو جار گریا'' کراوە بە کوردی ئەم ڕۆمانەی دەربارەی کارەساتی ئەنفالکردنی گەلی کوردە لە لایەن ڕژێمی بەعسی دڕندە، هەروەها، (عەبدولمەجید لوتفی) کە ئەویش بە زمانی عەرەبی ڕۆمانی دەنووسیەوە وەک ڕۆمانی ''پێشبینی لێزانە قەرەجەکان'' کە کراوە بە کوردی لە لایەن شوکر موستەفا.
ئەگەر چی ئەم ڕۆمانانە لە ڕووی زمانەوە بە کوردی دانانرێن بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەشێکی زۆریان باسی ژیان و خەباتی ڕەوای گەلی کورد دەکەن.


سەرچاوەکان



12214 بینین