ئەلێکساندەر فلیمینگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-08-23:47:00 - کۆدی بابەت: 1199
ئەلێکساندەر فلیمینگ

ناوه‌ڕۆك

ئەلکساندەر فلیمینگ ١٨٨١-١٩٥٥ز

فلیمینگ لە سەرەتای ژیانی کارمەندێکی ئاسایی بووە، بەڵام دوای ئەوەی بڕێک پارەوپوول پێکەوە دەنێت، براکەی بۆ خوێندنی زانستی پزیشکی هانی دەدات. لە ساڵی ١٩٠٢ز، دەچێتە قوتابخانەی پزیشکیی (ماری) لە لەندەن. جگە لەو ساڵانەی جەنگی یەکەمی جیھانی تێیدا قەوما، ھەموو ژیانی زانستیی خۆی لەو قوتابخانەیە دەباتە سەر. لە وەختی جەنگی یەکەمی جیھانی. ھەموو ھەوڵە پزیشکییەکانی بۆ چارەسەری بریندار و بەرژەوەندیی جەنگەکە دەخاتە گەڕ. 

فلیمینگ لە ساڵی ١٩٢٨ز، بۆ یەکەم جار (پەنسلین)ی دۆزییەوە، بەمەیش ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لە چنگی مەرگ ڕزگاربوو. ھەرچەندە تا تێپەڕینی دەساڵ (پەنسلین) ھیچ سوودێکی وای نەبووە، بەڵام دواتر تیمێکی دیکەی پزیشکی پەرەی پێ دەدات و وای لێ دەکات سوودی لێ وەربگیرێت، وەلێ گەورەیی و فەزلەکە ھەر بۆ فلیمینگ دەگەڕێتەوە.

بایەخدان بە زانستی بەکتریا

فلیمینگ لە کاتی جەنگدا درکی بەوە کرد کە پێویستە دەرمانێک بدۆزرێتەوە ئەو خەڵکانە ڕزگار بکرێن کە برینەکەیان پیس بووە. دوای ئەوەی جەنگەکە کۆتایی ھات، فلیمینگ بە وردی بە دوای سەرچاوە سروشتییەکانی نێو تەنی مرۆڤدا گەڕا، تاکوو لە کوشتنی بەكتریادا ھاوکاری بکەن. ئەو لە توێژینەوەکەی زیاتر تەرکیزی خستە سەر لیک و و ئەسرین. لە ساڵی ١٩٢٢ز، فلیمینگ توانی ئەنزیمێک بەرھەم بێنێت بە نێوی (لیسۆزیم)، ئەو ئەنزیمە لە جەستەی مرۆڤەوە بەرھەم دێت. بەڵام فلیمینگ ئەو کات نەیتوانی بە شێوەیەکی تەواو بە کاری بێنێت. 
فلیمینگ لە ساڵی ١٩٢٩ز، دژە بەکتریای بە نێوی (پەنسلین) دۆزیەوە، بەڵام ھیچ بایەخێکی وای پێ نەدرا، ئەو ھەرچەندە دەیگوت دەبێت (پەنسلین) لە زانستی پزیشکیدا بەکار بێت، بەڵام توانای ڕوونکردنەوەیەکی تەواوی نەبوو، ھەر بۆیە وەک باسمان کرد، بۆ ماوەی دە ساڵ ھیچ سودێکی لێ وەرنەگیرا. 
لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٠ز، دوو پزیشکی بەریتانی، بە نێوی (ھاوارد فلۆری و ئایرنست تشین)، بە ڕێکەوت نامەکەی فلیمینگیان خوێندەوە، بۆیان دەرکەوت کە ئەو شتێکی زۆر گرنگی دۆزیوەتەوە. ھەمان تاقیکردنەوەی ئەویان پاتە کردەوە، ئەو ماددەیان بەسەر گیاندارانی کارگەدا ئەزموون کرد. لە ساڵی ١٩٤١ز، پەنسلین بۆ نەخۆشەکان بەکار ھات، دەرکەوت ئەو دەرمانە یەکجار گرنگە و پێویستە بایەخی زۆر زیاتری پێ بدرێت.
پەنسلین یەکەم جار بۆ بریندارەکانی جەنگی جیھانی دووەمی، وەک چارەسەرێک وەکار دەھات. لە ساڵی ١٩٤٤ز، کەوتە دەستی ھاوڵاتیانی بەریتانیا و ئەمریکا، دوای کۆتای ھاتنی جەنگ، پەنسلین بۆ خزمەتی ھەموو کەسێک خرایە ڕوو.
پەنسلین لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە چەندان مەبەستی پزیشکی جۆراوجۆر وەخۆ دەگرێت. بۆ چارەسەری (زوھری) و (سەیلان) و ھەوکردنی جومگە و سییەکان و ژەھراویبونی خوێن و نەخۆشییەکانی ئێسک و .... بەکار دێت. زۆر بەکار ھێنانی پەنسلین ھیچ مەترسییەک دروست ناکات، ئەوانەی حەساسییان لە بەکارھێنانی پەنسلین ھەیە زۆر کەمن.
بەشێک لە مێژوو نوسان ڕۆڵی ئەو پزیشکانەی پەرەیان بە پەنسلین داوە و تاقیکردنەوەیان کە بارەیەوە کردوە. لە ھیی دۆزەرەوەکەی بە کەمتر نابینن. بەڵام گەر فلیمینگ نەبوایە ئەستەم بوو پەنسلین بدۆزرێتەوە. بۆیە ئێمە ھەموومان دەبێ خۆمان بە قەرزاری ئەو پیاوە مەزنە بزانین.

پوختەیەک لە ژیانی

 • لە ئیسکۆتلەندا لە دایک بووە. 
 • فلیمینگ لە ژیانی خێزانی زۆر بەختەوەر بووە، تەنیا تاقە کوڕێکی ھەبووە.
 • بە ھاوبەشی لەگەڵ (فلۆری و وتشن) ساڵی ١٩٤٥ز، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە.


سەرچاوەکان



956 بینین