ئایدۆلۆژیای حیزب

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-10-11:34:00 - کۆدی بابەت: 1222
ئایدۆلۆژیای حیزب

ناوه‌ڕۆك

فکرەی حیزب

ئادەمیزاد بەهۆی پەیام بووە ئەندامێکی کۆمەلایەتی، بەڵام لە سەرەتادا لە شێوەی ڕەوەی لێکدابڕاو بووە، بۆیە ئینتیمایەکان لە هەرەچاکیدا کۆمەڵایەتی ڕووت بووە، هەر پەیامی لێ پچڕابێت ئەوا گەڕاوەتەوە سەر ئینتیمایە سروشتیەکەی بەپێی قۆناغی پێشکەوتنی کۆمەڵ. بەگشتی بینا و گەشە کردنی کۆمەڵایەتی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوە و وەرگێڕانی فاکتەر و ئینتیمایە ستوونییەکان بەرەو ئاسۆیی، هەرکاتێ ئەو کۆلەغانەی بینا لاببرێ بە خێرایی لە ئاسۆییەکان دەگەڕیتەوە بۆ ستوونییەکان، واتە فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر پانتایی مێژوویی کۆمەڵیان داگیر کردبوو و زاڵ تریش بوینە.

بۆیە تا ئامرازی هاتوچۆ و بیستن و بینین گەشەی نەکرد ئینتیمایەکانی نەگۆڕان، یەو هەنگاوانەش لە سەرەتای سەدەی (١٩) بەرەبەرە لە ئینتیمای دەڤەری بۆ ئینتیمای جیهانی جووڵا، ئەو تۆپەڵە بەشەریانە تێکەڵ بوون و بوو بە کۆمەڵێک ئەلقەی یەکتربڕ (نەک تەماس) وەک خێڵ و نەتەوە و نەژاد و چین و توێژ و تایفە و ڕەش و سپی و ئایینی جیاجیا و دەستە و کۆمەڵەی فکری لێک جیاجیا و پیشە و پسپۆڕی جیا.. لە یەک کاتدا ئادەمیزادێک ئینتیمای بۆ زینجیرەیەک ئەڵقەی کۆک و ناکۆک بو دروست بوو، لە کاتێکدا کوردێکی هەژار ناکۆکە لەگەڵ عەرەبێک، بەڵام یەکدەگرنەوە دژی دەوڵەمەندێکی کورد و عەرەب، ناکۆکە لەگەڵ ئەمریکیەکی ڕەش لەسەر بنچینەی جوگرافی و نەژادی و ئاینی، بەڵام کۆکن دژی سەرمایەدارەکی هاوبەش، ناکۆکن لەگەڵ تورکێک بەڵام کۆکن لەسەر بنچینەی ئاین.

بەو شێوەیە کورد خۆبەخۆش کۆکن لەسەر کوردایەتی و ناکۆکن لەسەر خێڵەکی و چینایەتی، کۆکن لەسەر ئاین و چاکە و خراپە و دادگەری، بەڵام ناکۆکن لەسەر ئامڕازەکان و ڕێبازەکانی گەیشتن بەو دادگەریە... ئەو دۆخە لە ناو هەموو میلەتێک هەیە، هەر بەو شێوەیەش میللەتێک لەگەڵ میللەتیکی تر و هەموو لەگەڵ هەموو، ئەو ئەلقە کۆک و ناکۆکانە یەکسان نین لە هەر زەمان و زەمینێك، ئەڵقە و ئینتیمایەک گەشتر و سەرەکی ترە لەوانی تر، بۆ نموونە لە کوردستان بە هۆی سستەمی داگیر و دابەشکردنی خاکەکەی ''کوردایەتی''ـیەک ئەلقەیەکی چالاکترە، بۆیە هەست و سۆزی کوردانەکەی لە سەرووی چینایەتی و نەژادی و تا ڕادەیەک خێڵەکی و دەڤەریشە... ، لە ئەفریقاش ڕەش  بەرامبەر سپی، لە ئەورووپا جوو بەرامبەر مەسیحی یان کرێکار بەرامبەر سەرمایەدار، لەگەڵ ڕۆژانە تێکەڵ بوونیان بە یەکتر ئەو هەتە جیایانە زیاتر دەوروژێ.

ئا لێرەدا فکری حزب گەڵاڵە دەبێ... چۆن؟ تا کێشەی خێڵ و بنەماڵە بوو ئەوا پەیوەندییە خزمایەتیەکە ڕوون بوو، پێویستی بە کۆکردنەوە و ناونووسین و ڕێنمایی نەبوو، بەڵام لە نەتەوە و چین و ئاینێکی گشتی (نەک ئاینێکی بە بەرنامە) هیچ پەیوەنی یەکی وا تووندی ڕێکخراو نییە کۆیان بکاتەوە، تەجیهیان بکات، یەک دەنگ و یەک ڕایان بکات، بەو شێوەیە فکرەی حزب وەک پێویستییەکی مێژووی هاتە کایەوە.


سەرچاوەکان



1022 بینین