بکوژی ئەهریمەنەکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-26-16:42:00 - کۆدی بابەت: 1246
بکوژی ئەهریمەنەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بکوژی ئەهریمەنەکان یان بکوژی ئەهریمەن (بە ئینگلیزی: Kimetsu no Yaiba، بە ژاپۆنی: 鬼滅の刃، بە عەرەبی: قاتل الشياطين) زنجیرە مانگا و ئەنیمییەکی ژاپۆنییە و لەلایەن کۆیۆهارو گۆتۆگییەوە نووسراوە و لەلایەن کۆمپانیای شویشاوە لە کۆواری هەفتانەی شۆنن جەمپ لە نێوان ٢٠١٦/٢/١٥ بۆ ٢٠٢٠/٥/١٨ بڵاوکراوەتەوە. مانگاکە لەلایەن ستۆدیۆی (یوفۆتەیبڵ)ـەوە کراوە بە زنجیرەیەکی ئەنیمیی تەلەڤزیۆنی و لە ٢٠١٩/٤/٦ـەوە یەکەم ئەڵقەی لێ بڵاوکرایەوە.

چیرۆک

چیرۆکەکە باس لە کوڕێکی بچووک بەناوی تانجیرۆ دەکات، کە کەسایەتییەکی ڕاستگۆ و میهرەبانی هەیە و کەسێکی زیرەک و خزمەتکار و بەوەفایە و لەڕێی کۆکردنەوە و فرۆشتنی خەڵووزەوە پارە بۆ خێزانەکەی پەیدا دەکات. دوای ئەوەی ڕۆژێک لەدوای گەڕانەوەی لە کار دەبینێت هەموو خێزانەکەی جگە لە خوشکە بچووکەکەی لەلایەن ئەهریمەنێکەوە کوژراون، تەواوی ژیانی دەگۆڕێت و بەم کارەساتە شۆک دەبێت. لەنێو تەرمی خێزانەکەیدا جەستەی خوشکەکەی بەناوی نێزوکۆ دەدۆزێتەوە و بەپەلە دەیەوێت بیگەیەنێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەپڕ بۆی دەردەکەوێت خوشکەکەی گۆڕاوە بۆ ئەهریمەن. بۆیە بڕیار دەدات بڕواتە ڕیزی بکوژی ئەهریمەنەکان و ببێتە بکوژی ئەهریمەن بۆ پاراستنی خەڵکی لە مەترسی ئەهریمەنەکان و گەڕاندنەوەی خوشکەکەی بۆ مرۆڤ.

دەستەواژە گرنگەکان

ئەهریمەن: جۆرێکی زیندەوەری نەمرن کە پێشتر مرۆڤ بوون و بەهۆی خواردنی خوێن یان هۆکاری ترەوە کراون بە ئەهریمەن، ئەهریمەنەکان خاوەنی هێزی جۆراوجۆرن و تواناکانیان جیاوازە. تەنیا کاتێک دەمرن کە لە ملیان بدرێت و سەریان لێ بکرێتەوە، یان تیشکی خۆریان بەربکەوێت. بۆ ماوەی هەزاران ساڵ دەمێنن و دەتوانن لەکاتی لەدەستدانی پەلەکانیان، دروستی بکەنەوە و برینەکانیان ساڕێژ بکەن. سەرکردەکەیان ناوی موزانە.

ئەهریمەنەکان چەند پلەیەکیان هەیە، هەندێکیان ئاسایین و لەنێو ئاساییەکانیشدا بەهێزی تێدایە. هەر ئەهریمەنێک شێوەکەی و شێوازی هێرشەکانی بەندە بە ژیانی ڕابردوویەوە. لەنێو ئەهریمەنەکان ١٢ پلە هەن کە پێیان دەوترێت مانگەکان، لە شەش مانگی پلەبەرز و شەش مانگی پلەنزم پێک دێن. پلە بەرزەکان خاوەنی هێزێکی زۆر گەورەن و کوشتنیان زۆر ئەستەمە.

هەناسەدان: تەکنیکێکی شەڕکردنە و سوود لە هەناسەی مرۆڤ وەردەگرێت، ئەمەش بۆ ڕێکخستنی هێرش و جوڵەی بکوژی ئەهریمەنەکان. هەموو هەناسەدانەکان لە هەناسەدانی خۆرەوە سەرچاوەیان گرتووە. کە بریتین لە:

  • ئاگر: نۆ شێوە
  • ئاو: یازدە شێوە
  • خۆر: سێزدە شێوە
  • دەنگ: پێنج شێوە
  • خۆشەویستی: شەش شێوە
  • گوڵ: حەوت شێوە
  • بروسکە: حەوت جۆر
  • با: نۆ جۆر
  • مێروو: ٤ جۆر
  • مار: پێنج جۆر
  • مانگ: شازدە جۆر
  • بەرد: پێنج جۆر
  • تەم: حەوت جۆر
  • دڕندە: یازدە جۆر

هاشیرا: پلەیەکی بکوژی ئەهریمەنەکانە و کەسانی زۆر بەهێزن، توانایەکی باڵایان لە شەڕکردن هەیە و چاودێری بکوژەکانی تر دەکەن و ڕاهێنانیان پێدەکەن.

کەسایەتییە سەرەکییەکان

کامادۆ تانجیرۆ

ئەو پاڵەوانی چیرۆکەکە و برا گەورەی نێزوکۆیە، خێزانەکەی بە دەستی مۆزان کیبوتسوجی کوژراون و خوشکەکەی نێزوکۆ تاکە ڕزگاربووە، بەڵام بوو بە ئەهریمەن. بۆیە تانجیرۆ بڕیار دەدات بڕواتە ڕیزی بکوژی ئەهریمەنەکان کە کۆمەڵەیەکی دێرینن و دژی ئەهریمەنەکان دەجەنگن. بەهۆی هاشیرایەکەوە بەناوی تۆمیۆکا تانجیرۆ دەنێردرێتە لای هاشیرایەکی دێرین بەناوی ئورکۆداکی ساکونجی کە پێشتر هاشیرای ئاو بووە بۆ ئەوەی ڕاهێنانی پێ بکات. تانجیرۆ خاوەنی هەناسەدانی ئاو و هەناسەدانی خۆرە.

تانجیرۆ خاوەنی دوو گوارەی هانافۆدایە کە لەڕێی خێزانەکەیەوە پێی گەیشتووە نەوە لەدوای نەوە، نیشانەیەکی سوور لەسەر نێوچاوانی هەیە و خاوەنی قژێکی مارۆنییە. کەسێکی باشە و حەزی لە یارمەتیدانی خەڵکییە. خاوەنی بۆنێکی زۆر بەهێز و کەلـلەیەکی زۆر ڕەقە. لەلایەن ناتسوکی هانای کاری دەنگیی بۆ کراوە.

کامادۆ نێزوکۆ

خوشکی تانجیرۆیە، کە لەلایەن مۆزانەوە کراوە بە ئەهریمەن، تاکە کەس بوو لە هێرشەکەی مۆزان بۆ سەر خێزانەکەیان ڕزگاری بووە. کاری دەنگیی لەلایەن ئاکاری کیتۆوە بۆ کراوە.

ئاگاتسوما زێنیتسو

یەکەمین هاوڕێی تانجیرۆیە و لەکاتی ڕۆشتنی بۆ شوێنێک تانجیرۆ چاوی پێی دەکەوێت، نێزوکۆی خۆشدەوێت و هەر کچێک دەبینێت حەزی لێی دەبێت. خاوەنی هەناسەدانی بروسکەیە. خاوەنی بیستنێکی زۆر بەهێزە و کەسێکی ترسنۆک دەردەکەوێت، بەڵام کاتێک دەخەوێت زۆر مەترسیدارە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (هیرۆ شیمۆنۆ)یە.

هاشیبیرا ئینۆسکێ

دووەمین هاوڕێی تانجیرۆیە و زۆر قسەدەکات، کەلـلەی بەرازێک وەک ماسک بەکار دەهێنێت و خاوەنی بیناییەکی زۆر بەهێزە، لە منداڵییەوە لەنێو ئاژەڵان گەورە بووە و دایک و باوکی بەبیرنایەتەوە. حەزی لە کوشتنی ئەهریمەنەکانە و سوود لە هێرشی کێوی دەبینێت. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (یۆشیتسوگۆ ماتسۆکا)یە.

کەسایەتییە لاوەکییەکان

ئوبویاشکی کاگایا

زیاتر بە ناسناوی ئۆیاکاتا ساما دەناسرێت، سەرۆکی دەستەی بکوژی ئەهریمەنەکانە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (تۆشیۆکی مۆریکاوا)یە.

تسوگیکونی یۆریچی

یەکەمین بکوژی ئەهریمەنە کە توانیویەتی سوود لە هەناسەدانی خۆر وەربگرێت، هەر لە منداڵییەوە کەسێکی نائاسایی بووە و زۆر بەهێز بووە، برایەکی هەیە بەناوی کۆکوشیبۆ کە بووە بە ئەهریمەن. یۆریچی خاوەنی نیشانەیەکی سووری وەک ئەوەی کامادۆ تانجیرۆیە و بەهێزترین بکوژی ئەهریمەنە لە مێژوودا. چەند سەدەیەک پێش لەدایکبوونی تانجیرۆ مردووە.  

تۆمیۆکا گیۆ

هاشیرای ئاوی دەستەی بکوژی ئەهریمەنەکانە، هەستاوە بە دروستکردنی هەناسەدانی جۆری یازدەیەم. کەسێکە کەم قسە دەکات و هەست دەکات شایەنی پلەی هاشیرا نییە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (تاکاهیرۆ ساکۆرای)یە.

کۆچۆ شینۆبو

هاشیرای مێروو و دەرمانسازی دەستەی بکوژی ئەهریمەنەکانە، جەستەیەکی بچووکی هەیە و ناتوانێت زۆر لە شەڕکردن بەردەوام بێت، بەڵام توانایەکی بێ وێنەی لە دروستکردنی دەرمان و ژەهر هەیە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (ساوری هایامی)یە.

کیۆجیرۆ ڕێنگۆکو

کوڕە گەورەی هاشیرای پێشووی بڵێسە و ئاگرە، خۆیشی نوێترین هاشیرای بڵێسە و ئاگرە. یەکێکە لە هاشیرا زۆر بەهێزەکان و کەسێکی دڵپاکە، دەنگێکی بەرزی هەیە و قسە زۆر دووبارە دەکاتەوە و حەزی بە خواردنە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (ساتۆشی هینۆ)یە.

تۆکیتۆ مویچیرۆ

تەمەنی ١٤ ساڵە و هاشیرای تەمە، لە ڕووی تەمەنەوە بچووکترین هاشیرایە و کەسێکی تووڕە و بێدەنگە. دوای لەدەستدانی خێزانەکەی لەلایەن ئۆیاکاتا ساماوە بەخێو کراوە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (کینگۆ کاوانیشی)یە.

تێنگێن ئوزوی

هاشیرای دەنگە و قۆزترین هاشیرایە و خاوەنی سێ هاوژینە. لە خێزانێکی نینجا گەورە بووە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (کاتسویۆکی کونیشی)یە.

شینازوگاوا سانێمی

هاشیرای با ـیە و برای گەورەی جینیایە. کەسێکی زۆر تووڕەیە و یەکێکە لە بەهێزترین هاشیراکان. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (توموکازۆ سیکی)یە.

کانرۆجی میتسوری

هاشیرای خۆشەویستییە و نۆزدە ساڵە. توانای هەناسەدانی خۆشەویستی بە شەش شێوە بەکار دەهێنێت و لە هەناسەدانی ئاگرەوە وەریگرتووە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (کانا هانازاوا)یە.

ئیگورۆ ئۆبانای

یەکێکە لە هاشیراکان و بە هاشیرای مار دەناسرێت، خاوەنی هەناسەدانی مارە. کەسێکی توند و تووڕە و سەیرە و زۆر متمانە بە خەڵکی ناکات، هەروەها کانرۆجی خۆشدەوێت. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (کینیتشی سوزومورا)یە.

هیمیجیما گیۆمی

یەکێکە لە کەسایەتییە گەورەکانی ئەنیمی و مانگاکە و بەهێزترین هاشیرای سەردەمە، هاشیرای بەردە و ٢٧ ساڵە و نابینایە. کەسێکی زۆر بەڕێزە و حەزی بە دروستکردنی پەیوەندی و ڕاهێنان هەیە. ئەکتەرە دەنگییەکەی لەنێو ئەنیمییەکەدا (توموکازو سوگیتا)یە.

ئەهریمەنە ناسراوەکان 

  • کیبوتسوجی موزان: سەرکردەی ئەهریمەنەکان، بەهێزترین ئەهریمەنە و هەزاران ساڵ ژیاوە، تەنیا لە یۆریچی دەترسێت کە توانیویەتی زیانی پێ بگەیەنێت.
  • کۆکوشیبۆ: ئەهریمەنی پلەبەرزی یەکە و خاوەنی هەناسەدانی مانگە و شازدە شێوەی لێ بەکاردەهێنێت.
  • دۆما: ئەهریمەنی پلەبەرزی دووە و چەکێکی هاوشێوەی باوەشێن بەکاردەهێنێت.
  • ئاکازا: ئەهریمەنی پلەبەرزی سێیە و سوود لە دەستەکانی وەردەگرێت بۆ شەڕکردن.
  • هانتێنگۆ: ئەهریمەنی پلەبەرزی چوارە و دەتوانێت بۆ چەندین کەسی تر پارچە ببێت.
  • گیۆکۆ: ئەهریمەنی پلەبەرزی پێنجە و بە کارە هونەرییەکانی شەڕ دەکات.
  • داکی و گیوتارۆ: خوشک و برایەکی پێکەوە بەستراون و ئەهریمەنی پلەبەرزی شەشن.

زانیاری گشتی لەسەر مانگا و ئەنیمییەکە

ئەنیمییەکە بۆ تەمەنی سەرووی ١٧ ساڵە بەهۆی دیمەنی نەشیاو و خوێن. ماوەی هەر ئەڵقەیەک ٢٤ خولەکە و کۆی ئەڵقەکانی ٢٦ دانەیە، لەلایەن کۆمپانیای ufotable کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. جۆری ئەنیمییەکەش (ئەکشن، خەیاڵی، سەرکێشی)ـە. مانگاکە لە سایەی ئەنیمییەکەوە سەرکەوتنی یەکجار گەورەی بەدەست هێناوە و فرۆشی زۆر زیادی کرد و بووە یەکێک لە دیارترین و باشترین و پڕفرۆشترین مانگاکان.

مانگاکە پلەی چواردەیەمی لەلایەن bookstore لە ٢٠١٧ بەدەست هێنا، پلەی نۆزدەیەمی بۆ لیستی باشترین مانگاکانی ٢٠١٨ بەدەستهێناوە بۆ خوێنەرانی ڕەگەزی نێر لەلایەن Kono Manga ga Sugoi. لە ساڵی ٢٠١٩ چووە شەشەم و لە ٢٠١٩ مانگاکە توانی پلەی دەیەم بهێنێت لە باشترین پەرتووکەکانی ساڵ لەلایەن Da Vinci magazine.

یەکێکە لە پڕفرۆشترین مانگاکان کە لە مانگی هەشتی ٢٠٢٠دا ١٠٠ ملیۆن کۆپی لێ فرۆشرا. بەوەش توانی بچێتە هەشتەمین مانگا کە توانی ١٠٠ ملیۆن بفرۆشێت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا، ئەنیمییەکە لە ماڵپەڕی IMDB توانی ڕەیتینگی ٨.٧ بهێنێت لەکۆی زیاتر لە ١٧ هەزار دەنگ و بچێتە ڕیزبەندی ٩٨ـەمین باشترین زنجیرە لە لیستی ٢٥٠ باشترین زنجیرەکانی مێژوو.

سەبارەت بە زنجیرە ئەنیمیەکەش لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن کۆمپانیای Newtype چەندین خەڵاتی بردەوە وەکو باشترین کارەکتەری نێرینە بۆ تانجیرۆ، باشترین کارەکتەری مێینە بۆ نێزوکو، باشترین گۆرانی، باشترین دەرهێنەر، باشترین دیزاینی کارەکتەر، باشترین ڕۆڵگێڕانی دەنگ بۆ Natsuki Hanae وە باشترین ڕۆڵگێڕانی دەنگ بۆ Akari Kitō. لە مانگی دووی ٢٠٢٠ توانی یازدە خەڵات بباتەوە بۆ خەڵاتی باشترین کارەکتەرەکانی ٢٠١٩ لەلایەن Animedia.


سەرچاوەکان



3256 بینین