هانیباڵ (٢٠١٣)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-08-24-20:55:00 - کۆدی بابەت: 1325
هانیباڵ (٢٠١٣)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هانیباڵ (بە ئینگلیزی: Hannibal، بە عەرەبی: هانیبال) زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنییە، لە چەشنی درامی، ترسناک، تاوانکارییە. بەرهەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و نمرەی ٨.٥/١٠ـی لە سایتی IMDB تایبەت بە هەڵسەنگاندنی فیلم و زنجیرەکان وەرگرتووە. زنجیرەکە لە سێ وەرز پێکهاتووە، هەر وەرزێک پێکهاتووە لە ١٣ ئەڵقە. بەگشتی ژمارەی ئەڵقەکانی زنجیرەکە ٣٩ ئەڵقەیە و کاتی هەر یەکەیان ٤٣ خولەکە. کاری دەرهێنانی لەلایەن (برایان فولەر) و نووسینی سیناریۆکەی لەلایەن (تۆماس هاریس)ـەوە بۆ کراوە. زنجیرەکە وەرزی یەکەمی لە ساڵی ٢٠١٣ دەستی بە پەخشکردوو و لە ساڵی ٢٠١٥ کۆتایی بە پەخشی وەرزی سێیەمی هات. سەرجەم وەرزەکانی لە کەناڵی NBC پەخش دەکرا. هەروەها سەیرکردنی زنجیرەکە بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ گونجاو نییە.

نواندنکارە سەرەکییەکان

نواندنکار کەسایەتی
مادس میکڵسن هانیباڵ لێکتەر
هیو دانسی ویڵ گراهام 
لۆرێنس فیشبەرن جاک
کارۆلین داڤرناس ئالانا بلووم
هێدییەن پارک بیۆرلی کێتز
جییڵیەن ئەندرسن بێدلا دیومۆریا

کورتە چیرۆک

لێکۆڵەرێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (FBI) بە ناوی (ویڵ گراهام) کار لەسەر دۆسییە تاوانکارییەکانی پەیوەست بە کوشتنەوە دەکات. ڕێگایەکی زۆر تایبەتی بۆ ئاشکراکردنی بکوژەکان هەیە. دوای ئەوەی دەچێتە شوێنی ڕووداوەکە خۆی لە جێگای کەسی بکوژدا دادەنێت و وەک ئەو بیردەکاتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت چۆن ئەم کارەی ئەنجامداوە. دوای ماوەیەک پزیشکێکی دەروونی دەناسێت بە ناوی (هانیباڵ لێکتەر) پێکەوە هاوکاری یەکتر دەبن بۆ دۆزینەوەی بکوژەکان و چارەسەری دەروونی ویڵ گراهام، کە بەهۆی کارەکەیەوە تووشی تێکچوونی دەروونی بووەتەوە. بەڵام هانیباڵ خۆی بکوژێکی زنجیرەیی زیرەکە و دوای کوشتنی مرۆڤەکان گۆشتەکەیان دەخوات، دواتر پەیوەندی نێوان هانیباڵ و ویڵ بەرەو ئاڵۆزی دەچێت.

کەسایەتیی هانیباڵ لێکتەر

هانیباڵ لێکتەر کەسایەتییەکی خەیاڵی کتێبەکەی (تۆماس هاریس)ـە. کە ئەم کەسایەتییە لە ڕۆمانی ترسناکی (ئەژدیهای سوور) لە ساڵی ١٩٨١ ناسێنراوە. کە باس لە پزیشکێکی زیرەک و بکوژ دەکات. بنەماڵەیەکی ناودار و سەرمایەدار هەبوو بەناوی بنەماڵی (لێکتەر) کە باوکەکە بە ناوی (هانیباڵ) فەرماندەیەکی لیتوانی بوو هاوسەرەکەشی ئیتاڵی بوو. کوڕێکیان دەبێت هەر بە هەمان ناوی باوکی ناوی دەنێن (هانیباڵ). هانیباڵ کەسێکی زۆر زیرەک و لێهاتوو بووە و لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا توانیویەتی بە زمانی ئیتاڵی، لیتوانی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، لاتینی قسە بکات. هانیباڵ خوشکێکی بچووکی هەبوو بەناوی (میشا) کە زۆری خۆش دەویست. دواتر بە هۆکاری جەنگ خێزانی لێکتەر ڕادەکەن، بەڵام هەر زوو نازییەکان دەیاندۆزنەوە و خێزانەکە بە بەرچاوی هانیباڵەوە دەکوژن. سەرەتا دایک و باوکی هانیباڵ دەکوژن و خوشەکەکەی زیندانی دەکەن. پاش ئەوەی خواردن کەم دەکات، یەکێک لە نازییەکان بە بەرچاوی هانیباڵەوە خوشکەکەی دەکوژێت و لێی دەنێت و دەیخوات، هەروەها هانیباڵیش ناچار دەکات کە لە گۆشتی خوشکەکەی بخوات.
دوای ئەوەی هانیباڵ لەو شوێنە هەڵدێت، دەخرێتە خانەی بێ سەرپەرشتان و بەهۆی شۆکی ڕووداوەکەوە توانای قسەکردنی نەماوە، هەروەها وەک کەسێکی گۆشەگیر و بێ هێز دەردەکەوێت. بەڵام ڕۆژێک کەسێک لە خانەکە ئازاری منداڵێک دەدات لەو کاتەدا هانیباڵ هێرشی دەکاتە سەر و لێی دەدەدات لە بەرانبەر تۆڵەکردنەوە بۆ منداڵەکە، بەمەش دەردەکەوێت کە کەسێکی بێ هێز نییە. 
پاشان لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا مامی دێت و لە خانەی بێ سەرپەرشتان دەریدەهێنێت و دەیباتەوە ماڵی خۆی. مامۆژنی هانیباڵ ژاپۆنییە، یارمەتی دەدات تاکوو فێری قسەکردن ببێتەوە. بۆیە کاتێک هانیباڵ دەست دەکاتەوە بە قسەکردن زمانی ژاپۆنیش دەزانێت. هەروەها فێری هونەری شەڕکردنیشی دەکات. 

یەکەمین مرۆڤخۆری هانیباڵى

ڕۆژێک مامۆژنی هانیباڵ دەچێت گۆشت بکڕێت، لەوێدا کەسی گۆشتفرۆش دەیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەری هەر بۆیە هانیباڵیش هێرشی دەکاتە سەر و ئەمەش بۆ مامی باس دەکات. مامی دەچێت تاکوو تۆڵە بکاتەوە بەڵام لەلای گۆشتفرۆشەکەدا جەڵتەی دڵ لێی دەدات و دەمرێت. پاشان هانیباڵ وەک تۆڵەکردنەوەیەک گۆشتفرۆشەکە دەکوژێت و گووپی لێ دەکاتەوە و لێی دەنێت و دەیخوات. ئەمەش یەکەم کەسە کە لەلایەن هنیباڵەوە خوراوە. 
دوای ڕووداوەکە هانیباڵ و مامۆژنی دەچنە پاریس و لەوێ هانیباڵ لە بەشی پزیشکی دەخوێنێت و بڕوانامە بەدەست دەهێنێت. لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ لیتوانیا ئەو شوێنەی خێزانەکەیی لێ کوژراو و لەوێ ئێسکەکانی خوشکەکەی دەدۆزێتەوە و دەینێژێت.

دواتر ئەو نازییانە دەدۆزێتەوە و یەکە یەکە دەیانکوژێت و گووپیان دەخوات. دواتر کە هانیباڵ ئاشکرا دەبێت لەگەڵ بکوژی خوشکەکەیدا دەگیرێن. مامۆژنی زۆر لە هانیباڵ دەترسێت بۆیە دەچێتە پاریس و بۆ هەمیشە لەوێ خۆی دەشارێتەوە. خەڵکی ناڕەزایی دەردەبڕن لەوەی هانیباڵ دادگایی بکرێت، چونکە وەک قوربانییەک دەیبینن.
بۆیە ئازاد دەکرێت و دەچێت بۆ باڵتیمۆر و لەوێ بەشی پزیشکی دەروونی تەواو دەکات. دەبێتە پزیشکێکی دەروونی زۆر ناودار، هەروەها بە میوانداریی و خواردنە خۆشەکانی دەناسرێتەوە کە ڕێکی دەخات. کە زۆرینەی گۆشتەکان گۆشتی مرۆڤە.

چەند ڕاستییەک لەسەر زنجیرەکە

  • تەواوی بڕگەکانی چێشتکردن لە زنجیرەکەدا لەلایەن خودی نواندنکار (مادس میکڵسن) ئەنجام دراوە. 
  • نواندکار هیو دنسی لە ڕۆڵی (ویڵ گراهام) پێشنیاری کرد کە مادس میکڵسن ڕۆڵی (هانیباڵ لێکتەر) ببینێت. ئەم دوو نواندنکارە لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی (پاشا ئارسرو) یەکتریان ناسی بوو و بوبوونە هاوڕێ.
  • سەرەتا نواندکار (دەیڤید تێنت) تێستی ڕۆڵگێڕانی کرد بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی هانیباڵ لێکتەر، بەڵام ڕۆڵەکەی وەرنەگرت. دەرهێنەری زنجیرەکە ئەوەندە کەوتبوویە ژێر کاریگەری ڕۆڵگێڕانەکەیەوە، کە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد هەرچەندە دەیڤید ڕۆڵەکەی وەرنەگرت. بەڵام دەمویست ڕۆڵێکی تری بۆ بنووسم بە ناونیشانی بکوژێک لە زنجیرەیەکی تردا.
  • زنجیرەی هانیباڵ وابڕیاربوو حەوت وەرز بێت. وەرزەکانی تر نوانکارەکانی فیلمی بێدەنگی بەرخەکان (The Silence of the Lambs) ڕۆڵی تێدا بگێڕن، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشەی دارایی و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنی ئەو نواندکارانە، زنجیرەکە لە سێ وەرزدا کۆتایی پێ هێنرا.

خەڵاتەکان

زنجیرەکە براوەی ٢٣ خەڵاتە و پاڵێوراوە بۆ ٤٧ خەڵاتی تر.


سەرچاوەکان



1389 بینین