ئاڤێستا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-14-14:11:00 - کۆدی بابەت: 1327
ئاڤێستا

ناوه‌ڕۆك

ئاڤێستا و مێژووەکەی و چەند سەرنجێک

ئاڤێستا ئەو زمانەیە کە تێکستە پیرۆزەکانی ئاینی مەزدایەسنی (سەردەشتی) پێ نووسراوە، ئەم زمانە دەکرێت بە دوو بەشەوە و دوو ناویان بۆ دانراوە. ئاڤێستای کۆن و ئەوی تریان ئاڤێستای نوێتر. لە ڕاستیدا نازانرێت ئایا ئاڤێستای نوێتر هەر تەواو کەری هەمان زمانە کۆنەکەیە و فۆڕمێکی نوێیەتی یان زاراوەیەکی تری جیاوازی ئەو زمانەیە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تێکستی کەمی ئاڤێستای کۆن ماوە. هەموو تێکستەکانی ئاڤێستای کۆن لە چەند بەشێک پێکهاتوون، ئەو بەشانە بریتین لە حەڤدە شیعری گاتایی کە هەتاوەکو ئەمڕۆ کێشەی تەرجومەکردنیان هەیە، لەگەڵ دوو نوێژی پیرۆز و دابونەریتی گشتی کە لە حەوت بەش پێکهاتبوون. بەشە زۆرەکەی ئاڤێستا ئەو بەشەیە کە زمانی ئاڤێستای نوێتر نووسراوە کە پێکهاتووە لە ٧٢ بەش کە پێی دەگوترێت یەنسا و ئەوی تریان (یەشت) کە دوور و درێژە و بۆ پیرۆزی میسرا و ئەناهیتا نووسراون. دوایەمینیان ڤیدێڤدات کە بریتییە لەو ڕێسایانەی خوای درۆ ڕەت دەکەنەوە.


لێکۆڵەرەکان لەسەر دانانی مێژوویەک بۆ زمانی ئاڤێستا کۆک نین و بۆچوونی جیاوازیان هەیە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی مادی نییە کە ڕادەی کۆنی یان تەمەنی ئاڤێستا بسەلمێنێت. زۆربەی لێکۆڵینەوەکان متمانە دەکەنە سەر شیکردنەوەی زمانەوانی تیۆری تر بۆ دەستنیشانکردنی مێژووەکەی. بە پێچەوانەی هەر یەک لە زمانەکانی هوری و هیتی و سۆمەری، هتد. کە بەڵگەی مێژووی کۆنی مادە لە بەردەستدا هەیە بۆ دەستنیشاکردنی تەمەنیان بە پشتبەستن بەو تێکستانەی کە سەبارەتیان نووسراوە یان ئەوان سەبارەت خۆیان نووسیویانە. هەروەها بە یارمەتی ئەو ئاسەوارانی کە لەو نەتەوانە خۆیانەوە جێماوە دەتوانرێت بە دڵنایی تەمەنی مادەی نووسینەکە و سەردەمەکەشیان دەستنیشان بکرێت.


تێکستە ئاڤێستاییەکان هیچ بەڵگەیەکی وا بە دەستەوە نادەن کە کارەکە ئاسان بکەن. هەتاوەکو ئێستا کۆنترین دوو تێکست بریتین لە تێکستێک کە وەک کۆمەڵێک لێکدانەوە سەبارەت بە ئاڤێستا نووسراوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆهەمی زایینی بە ناوی زەند و تێکستێکی نووسراوی ئاڤێستا خۆی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٢٣ـی زاینی کە کەمتر لە حەوت سەد ساڵ دەکات. کەواتە بە هۆی بەڵگەی مادیەوە دڵنیاکراوە کە کۆنترین تێکست سەبارەت بە ئاڤێستا، تەمەنی بۆ سەدەی نۆهەمی زایینی دەگەڕێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تێکستی کۆنتر هەبووە؟ بە دڵنیایی مێژووی ئەو ئاینە کۆنتر بووە بەڵام ناتوانرێت مێژوویەکی ڕوونی بۆ دابنرێت. سەبارەت بە شوێنی نووسینی تێکستەکە ئاڤێستاییەکانیش هەر کێشە هەیە. لە ڕاستیدا لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە هەیە سەبارەت بەوەی کە زەردەشت لە ناوچەیەکی ئازەربایجان هاتبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە دڵنیای بکاتەوە کە ئاڤێستا زمانی کام ناوچە بووە. هەندێک سەرچاوە پێیان وایە کە زمانی ئاڤێستا، زمانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات بووە لە نزیک ئەفغانستانی ئەمڕۆ، لەبەر ئەوەی کە ڕووداوەکانی ئاڤێستا زیاتر باسی ئەو ناوچەیە دەکەن. بەڵام ئەو بۆچوونەش لەسەر هەندێک بنەمای زمانەوانەی ڕەت دەکرێتەوە. دیانکۆنۆف پێێ وایە کە ئاڤێستا لە بنەڕەتدا لە ناوچەی خوارەزمدا سەری هەڵداوە و هەر بە زمانی ئەو ناوچەیەش نووسراوە. ئەوەی مایەی سەرنج ڕاکێشانە، ئاڤێستا ئاماژە بە فارس و مید نەکات و هیچ زانیاریەکیان سەبارەت نادات، کەچی لە سەرچاوە کریستیانەکاندا سەبارەت بە ڕابردووی قەشەکانی هەولێر، هەتاوەکو سەدەی سێهەمی زاینی ئاماژە بە میدەکان دەکرێت. ئەمە ئاشکرای دەکات کە تێکستەکان نە لە ناوچەی میدەکان و نە لە سەردەمی میدەکاندا نووسراون و بەپێی ئەوەی کە میدەکان هەتاوەکو سەدەی سێهەمی زاینی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا باس کراون و مابوون، بۆیە پێی دەچێت کە تەمەنەکی دوای سەدەی سێهەمی زایینی بێت.


مێژووونوسە یۆنان و ڕۆمانە کۆنەکان مێژوویەکی دێرینی زیاتر لە شەش هەزار ساڵیان بۆ زەردەشت داناوە و زۆر لەو مێژووە جیاوازە کە ئەمڕۆ مێژوو نووسانی نوێ باسی لێوە دەکەن و دەیگەڕێننەوە بۆ ساڵی ٦٠٠ پ.ز. دەبینرێت کە دایۆگێنیس دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٦٤٨٠ پ.ز، هیرمۆدۆرس دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٦٢٠٠ پ.ز و پلوتارچ دەیگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ٦٢٠٠ پ.ز .


شەمسەدینی شارەزووری لە کتێبەکەیدا کەمێک باسی سەردەشت دەکات و دەڵێت کە خەڵکی ئازەربایجان بووە و لەگەڵ باوکی هاتووچۆی شاری (حاران) ی کردووە. لەوێ لای فوریسی کوڕی حەکیم کە کابرایەکی زانا بووە و  وەک گەدا ژیاوە، فێری حیکمەت و زانستی ئەستێرەناسی بووە. کە گەڕاوەتەوە زانستی ئەستێرە ناسی بردۆتە ناو خەڵکی ئازەربایجان، بەڵام لەبەر ئەوەی دژایەتی کراوە، ڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵات و چووەتە لای ڕۆستەمی داواران. شەمسەدین جگە لە ناوچەی ''داواران''، ناوی ناوچەیەک بە ڕوونی ناهێنێت کە زەردەشتی بۆ چووە. بەپێی ڕوونکردنەوەی شارەزووری، زەردەشت ڕووی کردوەتە ڕۆژهەڵات. دیارە ئازەربایجانی بەجێهێشتووە و پێ دەچێت ڕووی کردبێتە دەوروبەری خۆراسان و ئەفغآنستانی ئەمڕۆ.


سەرەڕای ئەوە وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، لەبەر ئەوەی لە ئاڤێستادا ئاماژە بە مید و ئەخامەنیە فارسەکان ناکرێت. ئەگەر میدەکان هەتاوەکو سەدەی سێهژەمی زاینی لە ناوچەکەدا مابێتن  ئاڤێستا ئاماژەی پێ نەکردبێتن، ئەوە دڵنیای دەکاتەوە کە ئاڤێستە لەو سەردەمە نوێترە. لە (یەشت) دا ئاماژە بە ''کورد'' کراوە و باسیان دەکات و لە شویەیکدا دەڵێت '' کە پێم گوتیت ئەوان ناویان کورد و کرمان (کارمان) بوو''
هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لە ئارادا نییە کە بیسەلمێنێت ئاینی مەزدا یەسنی (زەردەشتی) ئاینێکی زۆر دێرینە و لە ڕاستیدا ناونەهێنانی مید و ئەخامەنیە فارسەکان و لەبری ئەوە ناو هێنانی ناوی ''کورد'' بە شێوە نوێیەکەی کە ئەویش ناوێکە بەو شێوەی بۆ سەدەکانی زاین دەگەڕێتەوە، ئەوە دڵنیا دەکاتەوە کە ئەم ئاینە لە سەدەکانی زاییندا دەستی پێ کردووە، بۆی زیاتر وا دەردەکەوێت کە تێکستەکان لە دەوروبەری ناوەڕاستی هەزارەی یەکەمی زاینیدا نووسرابێت، واتە تەمەنی لە نێوان ١٥٠٠-١٧٠٠ ساڵ بێت و هێندە دێرین نەبێت کە ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت.


جگە لەوەش لە سەرچاوە ڕۆمانەکاندا خوای مید و ئەخامەنیە فارسەکان بە کۆ (جەمع) ناو دەهێنن، واتە زیاتر لە یەک خوایان هەبووە و پەیڕەوی ئاینی مەزدایەسنی (زەردەشتی) یان نەکردووە. هیرۆدۆت ئاینی ئەخامەنییە فارسەکانی بە فراوانی ڕوونکردوەتەوە و دەڵێت '' هیچ وێنەیەکی خواکانیان نییە، هیچ پەرستگە و شوێنێکی پەرستنیان نییە و پێیان وایە بوونی ئەوانە نیشانە ناژیرییە. پێم وایە ئەوە لەو بۆچوونەوە هاتووە کە ئەوان بڕوایان بەوە نییە کە خوا و مرۆڤ لە هەمان سروشت بن کە ئەوە یۆنانیەکان بڕوایان پێیەتی. بەڵام ئەوان دەچنە سەر بەرزترین شاخ و لەوێ قوربانی بۆ خوای ئاسمان (Jupiter) دەکەن، ئەوەش ئەو ناوەیە کە دەیدەن بە هەموو ئاسمان. بە هەمان شوە قوربانی بۆ ڕۆژ و مانگ دەکەن، بۆ زەوی، بۆ ئاگر، بۆ ئاو و بۆ با. ئەوانە ئەو خوایانەن کە پەرستنیان  لە سەردفەمی کۆنەوە بۆ ماوەتەوە. دوایی تر دەستیان کرد بە پەرستنی Urania کە لە عەرەب و ئاشووریەکانەوە وەریان گرتووە. ئاشووریەکان ئەو خوا مێیە بە Mylitta ناو دەبەن و عەرەبەکان بە ئەللات (اللات) ''  ئەمجا هیرۆدۆت بەردەوام دەبێت و دەڵێت '' بۆ ئەو خوایانە فارسەکان بەم شێوەیەی خوارەوە قوربانی پێشکەش دەکەن: هیچ مێزێک دانانێن، ئاگر ناکەنەوە، هیچ خواردنەوەیەک تێ ناکەن، شمشاڵ لێ نادەن، .... ''


دەبینرێت کە هیرۆدۆت لە نزیکی سەدەی پێنجەمی پێش زاییندا بە ڕوونی بیروباوەڕی ئەخامەنیە فارسەکان دەخاتە ڕوو، بەڵام بە هیچ جۆرێک، نە بە ناو و نە بە دابونەریت، باسی ئاینی زەردەشتی نەکردووە. هەروەها دەبینرێت کە ئەخامەنییە فارسەکان چەندین خوایان پەرستووە و هەندێک خوای عەرەب و ئاشووریەکانیشیان وەرگرتووە و پەرستووە. شایانی ئاماژە پێکردنە کە ئاگر کە لە ئاینی مەزدایەسنی (زەردەشتی) دا بە پیرۆز دادەنرێت، بەڵام هەرگیر لە ناو ئەخامەنیە فارسەکاندا بۆ مەبەستی ئاینی بەکارنەهاتووە. تاقە نەریت کە پەیوەندی بە ئاینی مەزدایەسنی (زەردەشتی) یەوە هەبووبێت لەو سەردەمەدا،  بریتیی بووە لە نەناشتنی مردوو لە خاکدا و وازلێهێنانی کە داڵ و گیانلەبەران بیخۆن. هەڵبەت ناتوانرێت تەنها لەسەر بنەمای یەک دابونەریت بگووترێت کە ئەخامەنییە فارسەکان مەزدا یەسنی (سەردەشتی) بوون. بۆ نموونە بەپێی سترابۆ لە میسۆپۆتامیدا لە سەرەتای سەدەی یەکەمی زیانی لە دوای ئەنجامدانی کاری سێکسی پێش ئەوەی کە دەست لە هیچ شتێک بدەن، وسڵیان دەرکردووە، کە ئەوە دابونەریتێکە ئەمڕۆ ئیسلام پەیڕەوی دەکات، بە دڵناییش دەزانرێت کە ئیسلام لە سەدەی یەکەمی زاینیدا نەبووە، واتە لەبەر ئەوەی کە هەندێک لە خەڵکی میزۆپۆتامیا وسڵیان دەرکردووە، ناکرێت بگووترێت ئەو خەڵکە موسڵمان بوون. ڕاستە هیرۆدۆت و زۆر لە مێژوونووسە یۆنانەکان باسی ''نموغ'' دەکەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە موغەکان سەرکردەی ئاینی میدەکان بوون و مانەوەی ناوەکە لە ناو مەزدایەسنی (زەردەشتی)دا هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، ئەو وشەیە ناوێکە کە بۆ سەرکردەی ئاینی بەکارهاتووە. مۆڵتن کە لە کۆمەڵێک وانەدا سەبارەت بە ڕەگی ئاینەکە بە ووردی لە بابەتەکە کۆڵیوەتەوە و گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە موغەکان لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون، بەڵام نەیتوانییوە بە ڕوونی پەیوەندی موغ و ئاینی مەزدایەسنی (زەردەشتی) ڕوون بکاتەوە. لە ڕاستیدا موغەکان لە سەردەمی میدەکان و پێش دەرەکەوتنی ئاینی مەزدایەسنی هەر پیاوی ئاینی بوون و بەکارهێنانی ئەو ناوە لە لایەن مەزدا یەسنی (زەردەشتی) ـەکانەوە هیچ بەڵگەیەک نییە کە موغەکانی سەردەمی میدەکان، مەزدا یەسنی (زەرەدشتی) بووبن.


وەک ئاماژەی پێکرا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانرێت کە ئاینێک نەبووە لە مێژوودا بە ناوی ئاینی زەردەشتیەوە، بەڵکو ئەو ناوە لە لایەن ئەوروپیەکانەوە هێنراوەتە کایەوە. ئەوانەی کە هەڵگری ئەو بیروباوەڕەن بە خۆیان دەڵێن (مەزدا یەسنی) واتە (مەزدا پەرست). واتە ئاینەکە لە کاتێکدا باسی پێغەمبەرێک دەکات بە ناوی زەردەشتەوە، بەڵام مەرج نییە لەبەر ئەوەی کە ئەو ئاینە باسی زەردەشت دەکات مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی دێرین. بۆ نموونە لە قورئانی پیرۆزدا باسی پێغەمبەران ئیبراهیم، موسا، عیسا و چەندین پێغەمبەری دێرینی تر دەکرێت، بەڵام مێژووی ئاینی ئیسلام خۆی نزیکی هەزار و چوار سەد ساڵە و ناوهێنانی ئەو پێغەمبەرانە ئەوە ناگەیەنێت کە مێژووی ئەو پێغەمبەرانەی کە باس کراون.


هۆکارەکانی تێکدانی مێژووی ئەو ئاینە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەشێکی زۆری تیۆریەکان سەبارەت بە زەردەشت و ئاینی مەزدایەسنی (زەردەشتی) لەگەڵ داڕشتنی ئەفسانەی ئاریەکاندا دانراوە (بڕوانە کێشەکانی مێژووی کورد و کوردستان). بە ئاشکرا زۆر  ڕووی مێژووی ئەو ئاینە مۆرکی ڕوانگەی سیاسی سەدەکانی حەڤدە و هەژدەی ئەوروپای پێوە دیارە و زەردەشت لە ئەوروپادا هێندە گەورە کراوە، دەبینرێت کە لەو سەردەمەدا و لە ژێر ئەو کاریگەرییە سیاسیەدا، زۆر فەیلەسوف و هونەرمەندە  ئەوروپیەکان، بە تایبەتی ئەڵمانەکان، زەردەشتیان دەخستە شاکارەکانیانەوە و بابەتەکەیان لە بابەتێکی مێژوویی و ئەکادیمیەوە کردبووە بەبەتێکی ڕۆژانەی سیاسی. هەر لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا نیتشەی فەیلەسوفی ئەڵمانی کتێبە بەناوبانگەکەی نووسی بە ناونیشانی '' زەردەشت بەو شێوەیە قسەی کرد'' و هەر لە ژێر هەمان ناونیشاندا ڕیشارد شتراوس ی مۆسیقا دانەر سەمفۆنیایەکی مۆسیقای دانا. بەو جۆرە ئەو ئاینە زۆر رووی مێژوویی لەدەست داوە و چەند سەد ساڵێکە لە ئەوروپا کراوەتە جۆرێک لەئەفسانە. جا لەبەر ئەو هۆکارانە ئەمڕۆ ئەم ئاینە مێژووەکەی زۆر ڕوون نییە، چونکە مێژووەکەی زیاتر لەسەر بناغەی تیۆریەکی ئەفسانەیی و ڕوانگەی سیاسی سەدەکانی حەڤدە و هەژدە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.


دیارە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لەسەر مێژووی ئەم ئاینە، پێویست بە لێکۆڵینەوەی نوێ دەکات هەتاوەکو بتوانرێت لە تەپ و تۆزی بیروباوەڕی سەدەکانی ڕابردووی ئەوروپا ڕزگار بکرێت و خوێندنەوەیەکی هاوچەرخی دروست و دوور لە ویست و پێویستی سیاسی سەردەمی بۆ بکرێت. بە دڵنیایی ئەو ئاینەی کە ئەمڕۆ پێێ دەگوترێت ئاینی سەردەشتی ڕابردوویەکی مێژوویی هەیە، هیچ بەڵگەیەکیش لە بەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت کە ئەخامەنیە فارسەکان و میدەکان و مەزدا یەسنی (زەردەشتی) بون و بەڵگەیەکی ڕوونیش نییە کە نیشانی بدات لە ڕابردووتا کورد پەیڕەویئەو ئاینە تایبەتەی کردبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئاینی کورد هەر تەواو کەری ئاینی هوری، هیتی، ئیلامی، مانی، لوڤی، کاسی، و سۆمەریەکان بووە. بەڵام بە دڵنیایی وەک شەمسەدین و مەسعودی و زۆربەی مێژوونوسەکان دووبارەی دەکەنەوە، زەردەشت خەڵکی ئازەربایجان بووە و فەیلەسوف و زانا بووە. لەبەر ئەوەی وەک لە زمانی مید و مانیەکاندا دەردەکەوێت کە ئازەربایجان  لە ڕابردوودا بە زاراوەیەکی کوردی قسەیان کردووە و زەردەشتیش بەو زاراوەیە قسەی کردووە، بۆیە دەتوانرێت بگووترێت کە زەردەشت بە زاراوەیەکی کوردی قسەی کردووە.

پەیوەندی زمانی ئاڤێستا و زمانی کوردی

وەک لە فەرهەنگی وشە ئاڤێستاییەکاندا دەردەکەوێت، پەیوەندییەکی پتەوی شەکاری و ڕێزمانی لە نێوان زمانی ئاڤێستا  و زمانی کوردیدا هەیە. هەندێک لە وشەکان  تەنها لە زمانی کوردی، ئاڤێستا و میدیدا هەن و هەندێکی تریان تەنها لە سۆمەری و کوردی و ئاڤێستادا هەن و هەندیکیان لە ناو زۆربەی زمانە هیندۆئەورووپیەکاندا دووبارە دەبنەوە. بۆ نموونە وشەی dru لە زمانی ئاڤێستادا بە مانای (داری دەستی) دەدات و لە کوردیدا دەبێتە (دار) و لە زمانی سۆمەریدا دەبێتە dur. وشەی atar ی ئاڤێستا کە مانای (ئاگر) دەدات، لە زمانی کوردیدا بە شێوەی ئاتەر/ئاگر/ئایر/گڕ/نادر دەبینرێت، لە زمانی هوریدا دەبێتە tari و بە میدی دەبێتە atr و لە سۆمەتیدا دەبێتە gir، کە هەموویان لە زاراوە کوردییەکاندا ماون و هاوشێوەیان لە هەموو زمانە کۆنە ناسامییەکان میسۆپۆتامیادا هەبووە.
هەندێک جار وشە ئاڤێستاییەکان لە ناو زمانە زاگرۆس (ئێران)یە زیندووەکاندا بە تەنها لە زمانی کوردیدا ماون. بۆ نموونە وشەی (پەراسوو)ـی کوردی لە سمانی ئاڤێستادا دەبێتە peresu و بە زمانی میدی دەبێتە prsu. یان وشەی (سەگ) کە لە ئاڤێستادا بە شێوەکانی span, spa دەنووسرێت. لە کوردیدا بە شێوەی (سپڵؤت، سپەر) هەیە بو بە زمانی میدی دەبێتە spa. هەندێک جار وشە ئاڤێستاییەاکن زۆر کەم لە کوردیدا گۆڕاون. وشەی pereno-manghaی ئاڤێستا مانای (پڕ مانگ)ی کوردی دەدات، واتە (مانگ پڕە). یاخود وشەی pouru-mahrka کە مانای (پڕ مەرگە)ی کوردی دەدات، بە نزیکی وەک خۆی ماوە. جاری وا هەیە پاشگرە کوردیەکان لەگەڵ ئاڤێستادا وەک یەکن، بۆ نموونە چیای Hara Berezaitiی کە لە ئاڤێستادا باس کراوە، (لە کوردیدا (هەرە بەرزایەتی) مانای (ئەوپەڕی بەرزی) دەدات و وشەکان هەمان مانایان ماوە و پاشگری (ایەتی) لە کوردی و ئاڤێستادا وەک خۆیەتی. وشەی وەک taxma لە زمانی ئاڤێستا و میدیدا مانای (ئازا) دەدات و لە کوردیدا (مانای تۆکمە) مانای (بەهێز) دەدات. وشەکان هەندێک جار لە هەموو زمانە کۆنەکاندا هاوبەشن. بۆ نمونە وشەی tap کە مانای گەرمی دەدات، ئەم وشەیە لە کوردیدا بە شێوەی (تاو، تاڤ) دەردەکەوێت و لە زمانی هۆری و سۆمەریشدا دیسان هەر بە شێوەی tab دەردەکەوێت.

بە گشتی زمانی ئاڤێستا وەک زاراوەیەکی کوردی خۆی نیشان دەدا و زۆر نزیکی لەگەڵ زمانی میدی تێدا دەردەکەوێت و هەندێک لە وشەکانیان بە تەواوی یەکن. بە دڵنایی ئاڤێستای پەلێکە لە زمانی کوردی و لەو زمانەدا وا دەردەکەوێت کە ناوچەکەی کەوتبێتە ڕۆژهەڵاتی دووری کوردستان و ناوچەیەکی میدی بووبێت. زمانی ئاڤێستا لە ڕابردووی دێریندا زنجیرەیەکی نەپچڕاوی زاراوە کوردیە کۆنەکان بووە کە لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە کوردستان هەندێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دوایی لەناوچووە.


سەرچاوەکان



3690 بینین