سەڵاحەدین محەمەد بەهادین

له‌لایه‌ن: - محمد بهاءالدین - به‌روار: 2021-01-14-23:55:00 - کۆدی بابەت: 1342
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەڵاحەدین محمد بەھادین محەمەد سادق لەدایکبووی 1950، سیاسییەکی ئیسلامییە و دامەزرێنەری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە ساڵی 1994، و لە یەکەم کۆنگرەی ئەو حزبەدا بووەتە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، سەڵاحەدین بەھادین و یەکگرتووی ئیسلامی وێنای میانڕەوی و وەسەتیەتی ئیسلامی دەکەن و بڕوایان بە چەک ھەڵگرتن نییە و ھەمیشە لەگەڵ ئاسایشی نیشتیمانیدان.

زانیاری کەسی

ناو: سەڵاحەدین محمد بەھادین

لەدایکبوون: 1950 شارۆچکەی تەوێڵە - ھەڵەبجە

رەگەزنامە: عێراق

ئایین: موسڵمان-سوننی

منداڵ: حەوت - پێنج کچ و دوو کوڕ.

ژیانی زانستی

بڕوانامە: خانەی مامۆستایان- سلێمانی

پیشە: سیاسی، بانگخواز

پارت: یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

زمان: کوردی، عەرەبی

ژیاننامە

سەڵاحەدین محمد بەھادین لەساڵی 1950 لە شارۆچکەی تەوێڵە-خورماڵ سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە لەدایک دەبێت، خوێندنی سەرەتایی لە خورماڵ دەبێت، خوێندنی ناوەندی و خانەی مامۆستایان لە شاری سلێمانی تەواودەکات، لە ساڵی 1971-1981 کاری مامۆستایەتی دەکات لە گوندی ھانەی قوڵ و شارۆچکەی خورماڵ و دواشوێنی کاری مامۆستایەتی لە گوندی خێڵی حەمە دەبێت، لە ساڵی 1965 پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەی برایانی موسڵمانەوە، بەشداربووە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی نوسەرانی کورد، بەھۆی پەیوەندی نەکردن بە خزمەتی سەربازی بەعسەوە ساڵی 1981 لە پیشەی مامۆستایەتی دوورخراوەتەوە و لە ساڵی 1982 کۆچی کردووە بۆ وڵاتی ئێران و بۆ ماوەی 10ساڵ لەوێ ماوەتەوە، لە ساڵی 1988 بەشداربووە لە کۆنگرەی دامەزراندنی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی رێکخستنەوەی گەنجانی برایانی موسڵمان دەکات لە کوردستان، پێش ڕووخانی بەعس بەشداربووە لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزسیۆن و لە ساڵی 2003 بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی حوکمی عێراق، لە ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کاتی عێراق و ئەندامی دامەزرێنەری کۆڕبەندی جیھانییە بۆ میانەڕەوی.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

لە بەرواری 6/2/1994 لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوفکریانیدا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی ڕاگەیاند، لە یەکەم کۆنگرەی پارتەکەیدا بە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو هەڵدەبژێردرێت و لە کۆنگرەی یەکەمی حیزبەکەی تاوەکو کۆنگرەی شەشەم بە ئەمینداری یەکگرتوو هەڵدەبژێردرێت، لە کۆنگرەی شەشەمی حیزبەکەیدا لەسەر داوای خۆی واز پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەی دەهێنێت، لە کۆنگرەی حەوتەم و هەشتەمی حیزبەکەیدا گەڕایەوە پۆستی ئەمینداری گشتی و لەنێو چەند کاندیدێکدا بە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە.

بەرهەمەکانی

سەڵاحەدین محمد بەهادین لەپاڵ کاری سیاسیدا نوسەرە و خاوەنی دەیان بەرهەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییە بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لەوانە:

  • پەیامەکان، کەلەسێ بەرگ پێکدێ.
  • بێ زمانان دێنە زمان.
  • گەشتێک لەگەڵ مەولانای ڕۆمیدا.
  • کاک ئەحمەدی موفتیزادە زانا و عاریفی مەزن.
  • پەروەردەی خێزان.
  • مامۆستای گەورەی خورماڵ.
  • کەشکۆڵی بیر و دید و سەرنج.
  • سەعید نورسی ڕابەری ڕزگاری ئیمان و قارەمانی مەیدانی و زیندان.
  • دیدار و گفتوگۆ.
  • مقابلات و حوارات.
  • رسائل توجیهیة.
  • محطات سیاسیة.


سەرچاوەکان



1117 بینین