مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-15-10:47:00 - کۆدی بابەت: 1348
مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

پارتی دیموکراتی کوردستان

هەڵبەتە زۆر لە مەڕ ئەو حزبانە نووسراوە، بەڵام بەشی هەرە زۆری لە چوارچێوەی هەڵچوون و بە مەبەست و شەڕەقەڵەم بووە، هەوڵ دراوە ئەو توێژینەوەیە دوور بێ لەو کاریگەریانە و زیاتر بابەتی و زانستیانە دەرگا واڵا بکرێت تا زیاتر گفتوگۆ هەڵگرێ بۆ دەوڵەمەندبوونی.

 ڕەگ  و ڕیشەی

بەپێی ئەدەبیاتی خۆیان، ئەو حزبە زیاتر لە کوردستانی رۆژهەڵات چەکەرەی کردووە ئینجا پەڕیەوە، یەکەم جار (ژ. ک: ژیانەوە کوردستان)، لە ١٦/ئاب.١٩٤٢ دروست بوو لە مهاباد (مێژووی تریشی هەیە)، بە کۆمەڵێک دروشمی ئیسلامی و کوردایەتی وەک: ( ١- ئیسلامەتی ٢- کوردایەتی ٣- مەدەنیەت ٤- ئاشتی)، دوای لەیادی چوار ساڵەی لە ١٦/ئاب/١٩٤٦ بوو بە حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محمد، لە دیوی کوردستانی خواروویش ئەم چالاکی و پێشەکییە سیاسیانە هەبوو تا لە (پارتی دیموکراتی کوردستان) خەمڵی، بەو شێوەیەی خوارەوە:

+ لە ساڵی ١٩٣٩ کۆمەڵێک ڕۆشنبیر لەوانە: (ئیبراهیم ئەحمەد، عەلائەدین سجادی، ڕەفیق حلمی..) جموجۆڵیان بە هەردوو تەوەری نەتەوەیی و فکری هەبووە.
+ ساڵی ١٩٣٨ (حزبی هیوا) دامەزرا بە سەرۆکایەتی (ڕەفیق حلمی)، ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بوو، هەرچەندە خەڵکی مارکسی تیابوو بەڵام تا ڕادەیەک ئەوەش وەک (ژ.ک) پابەند بوو بە کوردایەتی ڕەسەن و بنەمای ئیسلامی، بە خێرایی پەڕیەوە بەشەکانی تری کوردستان.
+ هەندێ گروپی تر پەیدابوون، لەوانە: (حزبی برایی ١٩٣٨)، (حزبی پشتوانی کورد ١٩٣٨)، لقی (کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد)ی ئێرانیش پەڕیەوۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش، لەگەڵ وردە لایەنی تری وەک (ڕێی ڕاست)، (بەرەی ڕزگاری کورد ١٩٤٥)، ... سەریان هەڵدا.
+ لە ساڵی ١٩٤٤ (هیوا) بوو بە دوو لەت، بەشێکیان چوونە ناو حزبی شیوعی عێراق، مارکسییە کوردپەروەرەکانیش (پارتی کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق)یان دامەزراند بە سەرۆکایەتی (ساڵح حەیدەری)، نافع یونس، د. جعفر محمد کریم، نوری شاوەیس، نوری حمدامین، تەها محی الدین معروف).

دامەزراندنی پارتی

سەربردەی ئاسایی لەو دەمە بەو شێوەیە: لە ساڵی ١٩٤٦ لە دایک بوو لە یەکگرتنی هەردوو حزبی ڕزگاری و شۆڕس بە ناوی (پارتی دیموکراتی کورد) لەو ساڵەی کە کۆماری مەهابادیش ڕاگەیەندرا، دامەزرێنەکەی (همزە عبداللە) یە، بەڵام بەپێی ئەدەبیاتی نوێی (پ.د.ک) دەڵێن: ((همزە عبداللە لە ئێران نێردرا، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕاستەقینا مەلا مستەفای بارزانی خۆی بووە)). بەڵام بە مسۆگەر یەکەم جار لە مهاباد (پارتی) دروست بوو ئینجا پەڕیەوە کوردستانی عێراق، ئەوکاتی مەلا مستەفا لە مهاباد بوو.
  ئەگەر بە وردی سەرنج بدەینە سەربردەی دروست بوونی (پ دک) دەبینین هەردوو ڕیوایەتی ئێرانی ودیوی عێراقی بە چاک یەک ناگرنەوە، هەروەها لە بارەی (دامەزرێنەکەشی) بۆیە پێویستە بە وردتر بنکۆڵی بکەین بۆ گەیشتن بە ڕاستی:
١- بەپێی ڕاسی حزبی شیوعی ئەوا بیرۆکەی حزبێکی بەرجوازی لە لای ئەوان هاتووە، بە پێی بەکانێکی (حزبی شیوعی کوردستان) ڕاستەخۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم، بە ناوی- بیان...: اتحدوا لتأسیس حزب رزگاری کورد... فی سبیل تحریر کردستان الکبری، بووە هۆی دروست بوونی حزبی ڕزگاری دواتر بوویتە پارتی.
٢- بەپێی حزبی دیموکراتی ئێران دامەزرێنەرەکەی قازی محمدە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی ١٩٤٢ی (ژ ک) دەگەڕێتەوە.
٣- گوایە فرقەی دیموکراسی ئازەربایجانی زۆر کاریگەری لەسەر ئەو دروست بوونە هەبووە.
٤- لە دیوی ئێراقی ڕەگ و ڕیشاڵی بۆ ساڵانی ١٩٣٨ هیوا و شۆڕش دەگێڕنەوە
کەواتە ڕاستییەکی وون هەیە لەو نێوانە با لێی بکۆڵینەوە
  بەپێی دیکۆمێنتەکانی فڕنسی و بەریتانیا و عوسمانی سەبارەت بە کورد ڕۆژی دامەزراندنی پارتی ناگەڕێتەوە بۆ ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بەڵکو بۆ ناوەڕاستی ساڵی ١٩١٩ و بەو شێوەی خوارەوە:
یەکەم- بروسکەیەکی هاوبەشی ئەو حزبانەی خوارەوەی تێدایە کە لە ڕۆژی ٢٥/٣/١٩٢٠ بۆ (لوید جۆرج) یان ناردوووە:
أ- ئەمین عالی بەدرخان: نائب جمعیة تعالی والترقی.
ب- سلیم بەکر: ئەمین عام حزب الدیمقراطی الکردي.
ح- صبری: رئیس خۆییبوون.
د- باقی: رئیس الجمعیة الدعایة.
ع- نهری معروف: رئیس جمعیة الدعایە.
ک- کمال فوزی بأسم الصحافە الکردیة.

دووەم- دیکۆمێنتەکی بەریتانی کە لە ڕۆژی ٨/١٢/١٩١٩ نووسراوە داوای سەربەخۆی کوردستانیان کردووە، لە ژێرەوە بە ناوی (منەوەر و بازرگان) مۆریان کردووە بە ناوی پارتی دیموکراتی کورد بۆ قومیسێری بەریتانیان ناردووە.
سێیەم- دیکۆمێنتەکی تر بەرواری لەسەر نییە بەڵام هەردووکیان لە ئەستەمبۆڵ نووسراوە لە بارەی مەولەتی یاسایی، دیارە ئەو پارتە مەولەتی یاسایی پێ نەدراوە هەروەک خۆی لە نامەکەی سەروو باسی دەکات و لە دەقی بەڵگە نامەی (چاپەمەنیی تورکیا) ژمارە: ١٨٥ لە ١/ تشرینی دووەم/ ١٩١٩ داوای مەولەت پێدانی ڕەت دەکرێتەوە، لە تورکیەکە بە ناوی '' کورد دمقرات فرقەسی'' و سەرکردەی یەکەمی بە ناوی (ممدوح سلیم). تۆمار کراوە.
چوارەم- لە دیکۆمێنتەکی تر بۆ قومسێری بەریتانی پێشنیار دەکات بۆ بەریتانیا تا کوردستانیش بکەوێتە ژێر ئینتیدابی بەریتانی و مۆری سکرتێری پارتی دیموکراتی لەسەرە بێ ناو مێژوو، بەڵام وا پێدەچێ لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و نزیک ساڵی ١٩٢٠ بێت چونکە سیستەمی ئینتیداب لە دوای دامەزراندنی (عصبة الأمم) بوو بە پێێ مادەی ٢٢ی بەشی یەکەمی (عهد العصبة الأمم)
پێنجەم- ناوی سەرکردایەتی ئەو حزبە بەو ناوانە هاتووە: ممدوح سەلیم بەگ، منەوەر و بازرگان، نەجمەدین بەگ، حسێن بەگ..
شەشەم- ئەو پارتە بە تورکیەکەی (کورد دیموقرات فرقەسی) بوو، کەوتە ئەو تیۆرە دەڵێ ناوی پارتی لە ساڵی ١٩٤٦ لە فرقەی دیموکراتی ئازەربایجانەوە هاتووە هەڵەیە، ڕەنگە پێچەوانەکەی ڕاست بێت و ئەوان لە کوردیان وەرگرتبێت.
حەوتەم- لە هەندێ بەڵگەنامەی بەریتانی و فەرەنسی و کوردیش ناوی ئەو پارتە هاتووە، لە ئەرشیفی وەزارەتی جەنگی فەڕەنسی باس لە دوو نامەی تری ئەو پارتە دەکا کە بۆ بەریتانیایان نووسیە لە ساڵی ١٩٢٠.
هەشتەم- وەک لەو دیکۆمێنتەی خوارەوە هاتووە لە (خاڵی ١٣) باس لە پارتی دەکات لە مانگی (٩)- واتە لە دوای مانگی ئاب هەر بە سەکردایەتی قازی محمد.

کەواتە پارتی مێژووی کۆنترە و دامەزراندنەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ١٦ی ئابی ١٩٤٦ و نە لە دیوی ئێران و نە لە دیوی عێراق و دامەزرێنەریشی نە قازی محمدە و نە هەمزە عبداللە یە و نە مەلا مصطفی... بەڵکو لە بە لایەنی کەمەوە لە پێش ساڵی ١٩٢٠ ئەو حزبە هەبووە.
بە هەر حاڵ جگە لە جیاوازی لە بارەی دامەزرێنەر و ڕۆژی دامەزراندنی لە دیوی کوردستانی ئێران و عێراق، ئەوا دامەزراندنی لە سوریاش بۆ مێژووی ١٤/٦/١٩٥٧ دەگەڕێتەوە وەک لە دوای باسی دەکەین زیاتر دەردەکەوێ کە مەلا مستەفا نەک دامەزرێنەرە یاخود نا بەڵکو گومانێکی زۆر هەیە کە ئەو سەرۆکە هەر پارتیش نەبووبێ.

گەشەی ئایدیۆلۆژیای

حزبێکی نەتەوایەتی دیموکراتی بوو، بەڵام زۆربەی سەرکردە دامەزرێنەرەکانی مارکسی بوون وەک ساڵح حەیدەری و ئیبراهیم ئەحمەد، بە گشتی ئەزموونێکی کراوەی هەبوو، گەلێ جار وەک حزبێکی مارکسی خۆیان پێشان دەدا بە تایبەتی لە کۆنگرەی کەرکوکی ١٩٥٣، بەڵام بە کاریگەری مەلا مستەفا دەگەڕایەوە سەر ناسنامەی میللەتی کورد، ئەو حزبە تەواو لەگەڵ بیروڕای مەلا مستەفا هەماهەنگ نەبووە. لە دوای غیابی مەلا مستەفا جارێکی تر لە کۆنگرەی (٩) ساڵی ١٩٧٩ گەڕانەوە سەر ڕێڕەوی مارکسیزم، بۆ ماوەیەکی کەم، وەک تێبینی دەکرێ ئایدیۆلۆژیای ئەو حزبە و بیروڕای مەلا مستەفا لێک جیا بووە، دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراتی بۆ عێراق بووە.

ڕێکخستن و سنووری

کۆنترین حزبی نەتەوایەتیی یە لە نێوان حزبە کوردستانییەکانی ئێستا، زۆر بە خێرایی لقی لە بەشەکانی تری کوردستان کرایەوە هەتا گەیشتە کوردستانی سوریا و لوبنانیش، شێوەی ڕێکخستنی وەک حزبە نوێیەکانی جیهان (هەڕەمیە) و پێک دێتە لە سەرکردە و بنکە، گوێڕایەڵی و ڕێنمایی، ڕێکخستنی توند و دیموکراستی ناوەندی، پەیکەری ڕێکخستنی بەم جۆرەیە: (سەرۆک- م.س. - کۆمیتەی ناوەندی- لق- ناوچە- ڕێکخراو- شانەی سەرەکی- شانە).

ڕەوتی

ئەزموونی حکومەتی مهاباد شکستی هێنا و (پارتی) لەوێ کەوتە ژێرزەمین و مەلا مستەفا بەرەو سۆڤیەت ئاوارە بوو.

کورد لە سەردەمی پادشای عێراق هێشتا شەخسیەتێکی چاکی هەبوو تەنها کیانی سیاسی نەبوو، لە ١٩٥٢ باڵی ئیبراهیم ئەحمەد و باڵی هەمزە عبداللە لە یەک جیابوونەوە، تا ساڵی ١٩٥٩ یەکیان گرتەوە، دوای دیسان همزە عبداللە دەرکرایەوە. 

لە دوای ١٤ی گەلاوێژ لە ٦/١٠/١٩٥٨ بارزانی گەڕایەوە بەغدا و تا ساڵی ١٩٦١ نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک لەگەڵ میری، بەپێی سەرچاوەیەکی دەگمەنی (ئیخوان) ئەوا عبدالکریم قاسم لە پیلان بووە دژ بە بارزانی بۆ تیرۆر کردنی و بەغدای بەجێهێست لە ١٩٥٩.

لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ شۆڕشیان دەست پێکرد بە ڕابەرایەتی مەلا مستەفا، (بەپێی کتێبی لا أصدقاء سوی الجبال) یەکەمجار (پارتی) بەشداری نەکرد بەڵکو بە (رجعی)شی لە قەڵەمدا، دوای هاتە ناو شۆڕش.


لە ٢٨/٩/١٩٦٣ بۆ یەکەم جار لە کوردستان ئیزگەی دەنگی کوردستان کرایەوە وەک ئۆرگانی بوە تەکانێکی مەزن لە ڕای گشتی دروست کردن و هۆشیاری و ڕێنماییش.

لە ساڵی ١٩٦٣ حزبی شیوعی لە لایەن بەعسیەکان ڕاوەدونران و ئەوەی ڕزگاری بوو گەیشتە ناو شۆڕش.

لەبەر نەبوونی ئایدیۆلۆژیایەکی توند و تۆڵ کێشەی فرەتەوژمی و جیایی بیروڕای فراوان هەبوو.

لە دوای (کۆنگرەی ٦) ی قەڵادزە لە ساڵی ١٩٦٤ باڵی (م.س) بە سەرکردایەتی (ئیبراهیم ئەحمەد- جەلال تاڵەبانی) لە دژی باڵی (مەلا مستەفا بارزانی) گوایە (ڕجعی) و (خێڵەکی) لێک جیابوونەوە و سەرەتایی (مەلایی) و (جەلالی) دروست بوو، کە لە راستیدا جۆرێک لە مل ملانێێ نێوان عەلمانی و ئیسلامی بوو، جەلالیەکان چوونە هەمەدام بە پێی ڕای (زۆر تایبەتی مام جەلال) ئەو کێشەیەی ناو مەکتەب سیاسی بە فیتی حزبی شیوعی بوو لە ڕێی (خەت مائیل) ئەندامێکی باڵای پارتی جێبەجێ کرا.

دوای سووتانی (عبدالسلام عارف) دانوستانێک لەگەڵ عبدالرحمن عارف کرا و بەیانی (لامرکزی) لە ٢٩/ حزیران/ ١٩٦٦ دەرچوو بۆ چارەی کێشەی کورد، بەڵام سەرەنجامی نەبوو.

لە شەڕی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیلی ٥ی حوزەیرانی ١٩٦٧ بارزانی شەڕی یەک لایەنانە ڕاگرت.

جارێکی تر لە لایەن بەعسیەکان لە ساڵی ١٩٦٨ دەسەڵاتیان گرتەوە دەست و شەڕ لە کوردستان زۆر بە توندی دەستی پێ کردەوە، جەلالیەکانیش گەڕابوونەوە باوەشی عێراق دژی شۆڕش بە ڕەسمی جەنگان.

لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دوای سەرکەوتنی سوپای عێراق دانی نا بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و لەگەڵ مەلا مستەفا ڕێککەوتن بۆ ماوەی (٤) ساڵ.

بارزانی هەمان شەو (لێبوردنێکی گشتی) جاڕدە نەخشەی تێکبەردانی حکومەتی هەڵوەشاند.

لە ١٩٧٠ جەلالیەکان لە کۆنگرەیەکی خیرادا ناویان لە خۆنا (پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان) و چوونە ناو (پ. د. ک) بە هۆی ئەو لێبوردنە.

ئەو فەترەیەی ١٩٧٠- ١٩٧٤ ئیدارەیەکی باش لە کوردستان دروست بوو لە چاو هەڵسوکەوتی حکومەت و جەلالیەکان و نائارامی و دزی و کوشت و بڕ بە یەک جار زۆر کەم بۆوە، کورد یەکپارچە بۆوە.

لەو فەترەیە (پ. د. ک) بووە گەورەترین حیزب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی زیاتر لە سەد هەزار ئەندام بوو، ڕۆژنامەی (التأخي) بەعەرەبی و (برایەتی) بە کوردی لە بەغدا دەردەچوو، بوێرانە بابەتی دەنووسی.

لە کوردستان بوار بە حیزبی شیوعی درابوو کاری سیاسی بە ڕەسمی بکات و دواتر لە بەغداش.

یەکەم خیانەتی حزبی بەعسی عەلمانی لە دژی مەلا مستەفا ئەو پیلانە خۆکوژیە بوو کە چەند پیاوێکی بە دیمەن ئاینی و (هەواڵگری) بە ڕووی مەلا مستەفا تەقینەوە، ئەو وەفدە بەناوی (محسن الحکیم) مرجعی شیعەکان هاتبوون کە ڕێزی تایبەتی لای ملا مستەفا هەبوو، چونکە فتوای حەرام کردنی جەنگی لەگەڵ کورد دابوو، دوای پیلان بوو دژی هەموو لایەک.

حکومەت زوو دەستی بە تەعریب کردن و جم و جۆڵی سەلبی کردەوە.

لە نێوان پیلانەکانی هەمیشەیی عیراق دژی شۆڕشی کورد توانی دوو قۆڵیانە (حزبی شیوعی) هەڵخەلەتێنن، لە ١٧/ ٧/ ١٨٧٣ لە دوای (میثاق العمل الوطني) بەرەیەکی لاوازیان جاڕدا بێ پرسی (پ. د. ک) بە ناوی (الجبهة الوطنیة القومیة المتقدمة).

بەو شێوەیە حزبی شیوعی جارێكی تریش سەنگەری کەوتەوە لای حکومەت، بە هەنجەتی پارێزگاری کردن لە (سلطة الوطنیة) گوایە نەوەک (ئەزمونی شیلی) و (سلڤادۆر ئەلیندی) و (ئینقیلابەکەی بینوشی) لە عێراق دووبارە بێتەوە، چەکیشیان وەرگرت لە حکومەت تەنها لە ناوچەکانی کوردستان نەک لە سەرانسەتی عێراق.

ساڵی ١٩٧٤ حکومەت یەک لایەنانە لەگەڵ حزبی شیوعی و هەندێ خۆفرۆشی کورد یاسایەکیان داڕشت بە ناوی ئۆتۆنۆمی و دوو دەسەڵاتەکەی (تەنفیزی) و (تەشریعی) کە وێنەی نەبووە لە بێدەسەڵاتی لەو جیهانە.

(پ. د. ک) ڕەتی کردەوە حکومەتیش دەستی بە شەڕ کردەوە و ئەو جارە وڵاتانی سۆشیالیستی دۆستی گەلان و یەکێتی سۆڤیەت و حزبی شیوعی عێڕاقیش بە ئاشکرا یارمەتی عێراقیان دا دژی ئیمپیریالیزمی کورد!.

بەشێک لە سەرکردایەتی پارتی، لەوانە: عزیز عەقراوی، هاشم عەقراوی، ئیسماعیل مەلا عەزیز  لە پێش مانگی ئازاری ١٩٧٤ گەڕانەوە ناو حکومەت، لە نامەیەکی مام جەلال لە ٢٢/ ٦/ ١٩٧٢ بۆ سەرکردایەتی کوردی ناردووە دەڵێ نوری شاوەیس و ساڵح یوسفی و دارا تۆفیق و عەزیز و  هاشم ئیسماعیل لە لایەن حزبی بەعسەوە بە (جناحی تەقەدومی) ناو زەند دەکرێن ئاگاتان لێیان بێت!

دوای یەک ساڵ جەنگ و بەرگری سەدان هەزار خەڵکی ڕەش و ڕووتی ئەو کوردستانە بە پیلانێکی عەلمانیەتی ناوچەکە و  جیهان لە پەراوێزی کۆنگرەی (ئۆپیک) لە جەزائیر لە ٦/ ٣/ ١٩٧٥ (شا و صدام) بە ئامادەبوونی (هواری بومیدیا) و ئەو (عبدالعزیز بوتەفلیقەی ئێستا. ئەوکاتی وەزیری دەرەوە بوو)، بە دەستخۆشی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا- بە تایبەتی هێنری کیسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکی ڕۆڵی باڵانی بینی- دیسان لە هەمان (لانە) بە کوردیان وەداوە.

لە بەرامبەر داڕووخانی شۆڕشی کوردستان، عێراق ئاوو و خاکێکی زۆری کردە دیاری بۆ شای ئێران.

سەرەنجامی ئو شۆڕشەش وەک ئەوانی تا تا سەقفی دیاریکراو گەشەی کرد، ئیتر تیغی فاکتەری ئیقلیمی ملی شۆڕشی بڕیەوە، کە فاکتەرێکی زیاتر دۆزی کوردی ئاڵۆز کردیە ، میلەتانی ژێر دەستە لە دوو فاکتەری ناوەکی- داگیرکاری و دادگەری نەبوونی یاسای دوەلی قەیرانی هەیە، بەڵام کورد لە دوای دابەش بوونی لە ١٩١٦ سی قەیرانی کوشندەی ناوەکی و ئیقلیمی و جیهانی هەبووە تا بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران ئەو فاکتەرە کوشندەیەی ئیقلیمی زۆر سووک کردەوە.

بەو شێوەیە شۆڕشی ئەیلول شکستی هێنا و  (پ.د.ک) جاڕی کۆتایی خۆشی هێناو هیچ حزبێکی نیشتیمانی لە گۆڕەپان نەما، هەدێ لە نائەزانی شۆڕشی ئەیلول بە (ئاشبەتاڵ) یان لە  قەڵەم دا چونکە هێشتا شۆڕش خاوەنی دەیان هەزار پێشمەرگە و پارە و پوول و هێزی لۆجستی و مادی زۆر بوو، بەپێێ ڕوونکردنەوەکەی (لیژنەی ئامادەی پ. د. ک- د محمود عوسمان) ٦٠٠٠٠ پ م و ١٥ ملیۆن فیشەک و ناوچەیەکی فراوانی ئازادیش لەبەر دەستی شۆڕش بووە.

لێرەدا قۆناغی نوێی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان دەست پێ دەکا و بناغەکانی حزبە کوردستانیەکانیش لێرەوە چەکەرە دەکا، ئەوجارە هەر لە ژێر کاریگەر بیری نەتەوەیی ئاودار بە ئاین نەما، زیاتر بە دینامیکێکی ئایدیۆلۆژی چەپی و عەلمانییە هاتە مەیدان، بۆیە لێرەوە پێویستمان بە توێژینەوەی مەدرەسە فیکریەکانە کە چەندە کاریگەرییان هەیە لەسەر شێوازی حیزبایەتی و ڕەوتیان و هەڵوێست و ڕەفتاریان، هەتا چارەنووسیشیان، کە لە دەرفەتێکی فراوانتر باسی دەکەین، ئیتر نۆرەی یەکێتی نیشتیمانی و سەرکردایەتی کاتی ... دێت.


سەرچاوەکان



3614 بینین