حەسەن زیرەک

حەسەن زیرەک

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-16-22:43:00 - کۆدی بابەت: 1384
حەسەن زیرەک

ناوه‌ڕۆك

حەسەن زیرەک هونەرمەندی نەتەوەیەکی بندەست

هونەرو بەرهەمەکانی زیرەک، کەسایەتی و بەسەرهاتی ژیانی، دەوری لە جوڵانەوەی فەرهەنگی و سیاسی و ڕۆشنبیری کورددا، بۆ من بوو بە پێناسەیەک بۆ فەرهەنگ و زمان و هونەری نەتەوەیەکی بندەست و هونەرمەند و فەرهەنگسازانی بندەست، ‌‌‌‌ئەم هەست و بۆچوونە لە گەڵم گەورە بوو. ساڵی ١٩٩٥ لە ناوەندی شانۆی کۆچەر لە شاری کۆڵن بڕیارمان دا ٧٥مین ساڵی لە دایک بوونی زیرەک بکەینەوە سەرەتایەک بۆ ڕێزگرتن لە کار و  لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی هونەری مۆسیقای کوردی. لەم فیستیڤاڵەدا گەلێک لێزانو پسپۆڕی بوارەکانی، ئەدابیات، فەرهەنگ، شانۆ، ڕادیۆ و تەلەفیزۆن و شارەزایانی بوواری زانست، بەشداریان کرد کە لە ڕێگای میدیاکانی ئەو سەردەمەوە لە هەموو کوردستان و جیهان دەنگی دایەوە. ناوەندی کۆچەر دەیویست رۆژی ٨ی سەرماوەرزی هەر ساڵێک بکاتە رۆژی ڕۆژی مۆسیقای کوردی. بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەکی درێژخایەن داڕێژرابوو کە ساڵی ١٩٩٤ دەستی پێکردبوو. فیستیڤاڵی زیرەک درێژەی پرۆگرامێک بوو لەگەڵ هونەرمەند مەزهەری خالقی (سەرماوەرزی٩٤) و ڕێزگرتن لە هونەرمەندان ناسڕ ڕەزازی و مەرزیە فەریقی (٢٥ خەرمانان ٩٥). درێژەی ئەم پڕۆژەیە فیستیڤاڵی سەید عەلی ئەسکەندەری کوردستانی، قادر دیلان، محەمەدی ماملێ، خالقی و گەلیکی تر بوو، فیستیڤاڵی زیرەک بۆ ئێمە سەرەتایەک بوو بۆ جیا کردنەوەی دوو هێڵی فەرهەنگ و هونەر. یەکەم هێڵی هەرزان فرۆشانی فەرهەنگ و هونەر وەک کە هەمووشت لە ڕواڵەت و ساکاری خۆیدا دەبینن و دیهێڵنەوە و فەرهەنگ و هونەر وەک کاڵایەکی کەم بایەخ هەرزان فرۆش دەکەن. دووهەم هۆگران و لێزان و پسپۆڕانی بوارەکانی فەرهەنگ و هونەر و زانست، کە بە پەرۆشەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم سامانە نەتەوەییەی کورددا دەکەن.

فیستیڤاڵی زیرەک بۆ من و هاوکارانی من لە ناوەندی شانۆی کۆچەر هیوایەک بوو بۆ بە فەرهەنگ کردنی ڕێزگرتن، سەرەتایەک بوو بۆ بە دازگایکردنی لێکۆڵینەوەکان، کاریک بو بۆ سیمستیماتیزەکردنی بیری هونەری و ئیستاندارد پێبەخشین. بەڵام فەرهەنگی هەژارانەی هونەرمەندان خۆیان، فەرهەنگی (داڕزاندنی فەرهەنگ و هونەر) ی حیزبەکان، و فەرهەنگی دژ بە فەرهەنگی کوردانەی خەڵکەکەمان، بوون بە کەند و کڵۆ و دەرد و ئازار لە ڕێگای کاری ناوەندی شانۆی کۆچەردا. بڵاو کردنەوەی ئەم بابەتانەش لەسەر فیستیڤاڵی زیرەک پاش تێپەڕبوونی دە ساڵ بەم شێوەیە، پەردەیەکە لە ژیانی هونەری خێڵی هونەر. باسکردن لەسەر بەرهەم و کارەکانی ناوەندی شانۆی کۆچەر دەتوانێ ببێتە گەلێک کتێب لە بواری شانۆ، مۆسیقا، ئەدەبیات و ئەدەبیاتی زارەکی، ئارشیوی شانۆ، سیمینار و شانۆ نامەی تەلەفیزۆنی و دەیان سی دی و فیلم کە ئێستا لە ژێرخانێکدا درێژە بە ژیانن دەدەن. لەم کتێبەدا دژی تاڵییەکان کە دەکەوێتە بەرچاوان بەشێک لە باسەکانی سەبارەت بە زیرەک و فیستیڤاڵەکە بڵاو دەکرێتەوە، بەشکم لە داهاتودا سەجەم کارەکە لە تۆی چەند کتێبێکدا بڵاو بکرەتەوە. فیلم و بابەتەکانی تری ئەم فیستیڤاڵە تا ئێستا بڵاو نەکراونەتەوە.

- برایم فەرشی


سەرچاوەکان

325 بینین